ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

وەکو ئاشکرایە، شۆڕشی پیشەسازی لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩ دا لە ئینگلتەراوە سەری هەڵدا. هەر زوو زۆربەی زۆری ووڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکاشی گرتەوە. ئەمە وای کرد کە زۆربەی پێویستیەکانی مرۆڤ بە شیوەیەکی پیشەسازی ئۆتۆماتیك بەرهەمبهێنرێت. لە سەرەتادا خەڵکێکی زۆر دێهاتەکانیان جێ هێشت و بوون بە کرێکاری کۆمپانیای گەورە و بچوك کەپیتالیزمی تایبەت ( private ).

کەپیتالیزم بە بێ بازاڕ ناژی، کەپیتالیستەکان هەمیش پێویستیان بە کڕینی کەرەسەی خام هەیە بە نرخێکی کەم و بە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا. زۆربەی زۆری ووڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم جۆرە سیستەمەیان گرتەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی باری ئابووریان.

هەر بۆیە ئەو ووڵاتانە کەوتنە خۆیان بۆ پاڵپشتی کردنی کۆمپانیا گەورەکانیان و گەڕان بە شوێن بازاڕی نوێدا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم پلانی ئەو ووڵاتانە بوو بۆ دابەشکردنی خاکی زۆربەی گەلانی جیهان و دەستبەسەراگرتنی کەرەسە خامەکانیان و پێکهێنانی بازاڕی نوێ بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان. 

ئەو ووڵاتانە بوون بە ئیمپریالیست و کەوتنە داگیرکردن و دابەشکردنی خاکی گەلان، ئەنجامی ئەو سیاسەتە تا ئێستا کاریگەرە لە کوردستاندا، ئینگلتەرا و فەرەنسا بەتایبەت، لەبەر بەرژەوەندی خۆیان کوردستانیان بەیەکجاری لە ساڵی ١٩٢٣ دابەشکرد. 

ئەو چەتەگەریەی کە دوێنێ ئەو ووڵاتانە ئەنجامیاندابوو ئەمڕۆ بۆتە هۆی هەژاری و کۆیلەیەتی و ماڵوێرانی بۆ زۆر گەلانی تر.

ووڵاتە کەپیتالیستەکان، بەخۆشی بێت یان بە جەنگ، کۆڵ نادەن لە دۆزینەوە و داگیرکردنی بازاڕی ووڵاتانی تر! جا ئیتر بە بیانووی بە دیموکراسی کردن بێت یان پشتگیری کردن لە مافی مرۆڤ، ئەوان بە خۆیان و سوپاکانیانەوە دەگەنە سەر خاکی گەلێک یان ووڵاتێک و دەستی بەسەرا دەگرن.

ئەفغانستان

ئەو ڕاستیە بە ئاشکرا کەوتەڕوولە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کاتێک لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨/١٩٧٩ یەکێتی سۆڤێت هێزی سوپایی نارد بۆ پشتگیریکردن لە حوکمەتە نوێیەکەی ئەفغانستان، کە حوکمەتێکی سۆشیالیستی ڕاستەقینە بوو و لە ماوەیەکی کەما زۆر چاکسازی ئەنجامدا بە تایبەت لە بواری یەکسانی نێوان ژن و پێاوادا. ئەمەریکا و ئەوروپا بە بیانوی پاراستنی مافی مرۆڤ و سەربەستی ووڵاتی ئەفغانستانەوە و دەستگرتنیان بەسەر ئەو ناوچانەدا، لەهەمان کاتدا بۆ نزیك کردنەوەی هێزە سەربازیەکانیان لە سنوورەکانی یەکێتی سۆڤێت، ساڵی ١٩٧٩کارتەری سەرەك کۆماری ئەو کاتەی ئەمەریکا لە ڕێگای (sia) و بەیارمەتی دەزگای سیخوڕی پاکستان چەند گروپێکی چەکداریان دروست کرد دژ بە یەکێتی سۆڤێت. لەوانە تالیبانەکان (کۆمەڵیکی توند ڕەوی ئیسلامی) کە توانیان خۆیان بسەپێنن و ببنە گرنگترین هێزی چەکداری ئەفغانستان. 

هەموو ڕووداوەکانی ئەفغانستان ئەزانین و تا ئێستاش ئەمەریکا و ئەوروپا (بەگشتی ناتۆ) هێشتا هەر لەو ناوچەیەن. ئەو ناوچەیە ڕووی لە دواکەوتن کردووە وبۆتە بازاڕێکی باش بۆ بەرژەوەندیەکانی کەپیتالیزمی ڕۆژئاوا.

نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە بین لادین بەرهەمی ئەو سیاسەتەی ووڵاتانی ناتۆ بوو، ئەلقاعیدە لەو ماوەیەدا لەوێ سەری هەڵدا و پشتگیری کرا، ئەمڕۆ داعشی لێ کەوتۆتەوە کە زۆر هاوڵاتی کوردی کوشت و زۆر لە ناوچەکانی کوردستانی وێران کردوە. 

لیبیا

قەزافی ئایدیۆلۆجیەکی سۆشیالیستی هەبوو، هەر لە سەرەتاوە کەوتە گەشەپێدانی ئەو بیر وباوەڕە. هەر زوو بنکە سەربازیەکانی ئەمەریکا و ئینگلتەرای لە لیبیا کردە دەرەوە. ئیتالیەکانی دەرکرد کە کە لیبیایان داگیرکردبوو (ئیتالیەکان لە کۆتایی ساڵانی بیستی سەدەی پێشوودا لیبیایان داگیر کردبوو. لە ساڵی ١٩٣١ دا عومەر موختاریان لە سێدارەدا کە سەرۆکی جووڵانەوەیەک بوو دژ بە ئیتلیە داگیرکەرەکان. ئیتالیەکان ڕێگاخۆشکەریان دەکرد بۆ نیشتەجێکردنی هاوڵاتیەکانیان لە لیبیا، لە ساڵی ١٩٣٩ دا ژمارەی ئیتالیەکان لە لیبیا گەیشتبووە ٪١٣ ی کۆی دانیشتوانی لیبیا).

قەزافی بێجگە لە کڕین و فرۆشتن لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژئاوادا لە بواری دژە تیرۆری ئیسلامیشدا هاوکاری دەکردن. هەروەها پێش ئەوەی فەرەنسا پەلاماری لیبیا بدات ، قەزافی نزیکی پێنج ملیۆن ئێورۆی خەڵاتی سارکۆزی کردبوو بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خۆهەڵبژاردنەکەی!

فەرەنسا نزیکەی ١٤ ووڵاتی ئەفریقایی چاودێری دەکات و کاریگەرە لەسەریان، ئەو ووڵاتانە پارەیەک بەکاردەهێنن کە بە cfa ناسراوە (فرانکی فەرەنسی ووڵاتە داگیرکراوەکانی لەلایەن فەرنساوە). لە ٪٨٠ سامانی ئەو ووڵاتانە ئەچێتە سەر حسابێکی وەزارەتی دارایی فەرەنسا لە پاریس.

قەزافی ئەیویست ئەو چەوساندنەوەیە کۆتایی پێ بهێنێت و لەگەڵ ئەو ووڵاتە ئەفریقاییانەدا ڕێکەوتبوو کە پارەیەکی نوێ پێک بهێنن و هیچی تر ناڕاستەوخۆ ژێردەستی فەرەنسا نەبن. ئەمە هۆی سەرەکی لێدانی قەزافی بوو. ئەزانین چۆن کۆتاییش بە قەزافی و حوکمەتەکەی هێنرا. 

بەهەمان شێوەکان سەرەوە، عیراق و سوریا بوونەتە گۆڕەپانی چەتەگەرێتی، ڕیگایان بە تورکیا داوە کە بەشێکی کوردستانی سوریا داگیر بکات، پاش ئەوەی کوردەکان شەڕی داعشیان بۆ ووڵاتانی ڕۆژئاوا کرد.

کۆمپانیا کەپیتالیستەکان هەمیش هەوڵ ئەدەن کە بە نرخێکی کەم بەرهەمێکی زۆر پەیدا بکەن، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی دوورخستنەوەی کرێکار ئەدەن و لە شوێنیان تەکنۆلۆجیا دائەنێن، ئەوەندەی تەکنەلۆجیا شوێنی کرێکار بگرێتەوە ئەوندەش هەژاری نوێ دروست ئەبێت. کۆمپانیا گەورە کەپیتالیستەکان کارگەکانیان دەبەنە ووڵاتانی هەژار و لەوێ بە موچەیەکی کۆیلەیەتی بەرهەمەکانیان گەشە پێ ئەدەن و هەوڵی چاودێری کردنی بازاڕەکان ئەدەن. تەنانەت لە هەندێ ووڵاتی وەکو ئیتالیاشدا کۆیلەێتی بە ئاشکرا دەبینرێت. پیاوە پێست ڕەشەکان لەبەر هەژاری ووڵاتەکانیان جێ دێڵن و دەچنە ئتالیا بۆ کۆکردنەوەی تەماتە و میوەهات لە وەرزی هاویندا، لەوێ دەبن بە کۆیلەی نوێی ئیتالی بەبێ هیچ مافێك.

ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنی ئامێرە تەکنۆلۆجیەکانەوە لە چەند ووڵاتێکی تردا وەکو چین، هندستان و ڕووسیا، ترس کەوتۆتە ووڵاتە کەپیتالیستەکانی ڕۆژئاواوە، چونکە ناتوانن وەکو جاران هەموو بازاڕەکانی جیهان چاودێری بکەن و بەرهەمەکانیانی لێ بفرۆشن. چین خەریکە لە زۆر بواری وەکو کۆمونیکاسیۆنی دا (comunication) دەبێتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە گەورە بازاڕەکانی جیهاندا. وەکو ئاشکرایە بەتایبەت ئەمەریکا کەوتۆتە شەڕی گومرگیەوە لەگەڵ چیندا، تا چەند ئەو شەڕە تەنها گومرگی ئەبێت و تەشەنە ناکات؟ 

شوێنی ژیانی کرێکاری ڕنینی میوە و تەماتە لە خواروی ئیتالیا

٦/٩/٢٠٢٠


  • 1