ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچە بچکۆلانەکەی ، ئێستا ئاوەرەی سلێمانیش بووە! باوکی کچە حەوت ساڵانەکەی هەولێر لەترسی هەڕەشەی ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر کچەکەی ،ڕایکردووە بۆ سلێمانی .! باوکی لاڤان کچە حەوت ساڵانەکەی هەولێر کە دەستدرێژی کراوەتە سەر و دادگا تۆمەتبارەکانی ئازادکرد،لەبەر ئەوەی بکەرانی تاوان ئەندامی حیزبی دەسەڵاتن ، لە ترسا خۆی و کچەکەی لەئێستادا هاتۆتە شاری سلێمانی ، باوکی ئەو کچە دەڵێت لەترسی هەڕەشەی ئەو کەسانە و لەبەر گیانی خۆی و کچەکەی پەنای بۆ شاری سلێمانی هێناوە.!

ئەگەر چاوێک بەو ڕابردووی ،بەناو حکومەتی هەرێمدا بخشێنیەوە لە ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ ،،دەبینین پەیوەندی نـێوان حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگە و هاونیشتیمانی کورد لەم هەرێمەدا، پەیوەندییەکی پـڕ لە کێشە و گرفت و سیخناخ بە نەبوونی بـڕوا و متمانەی هاونشتیمانیانی کوردە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و سیاسی و دەسەڵاتدارنی.

حکومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە تێکشکێنەری کەسێتی و ژیانی تاکەکان و ڕووبەری پێکهاتەی کۆمەڵایەتی گروپە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆی بووە،هەمیشە دژی ئەو هاونیشتیمانیانە بووە کە لەدەرەوەی بازنەی پارتەکەی بووە،حکومەتی هەرێم ئەوەندەی ئامڕازێک بووە بۆ چەپاندنی هاوڵاتی کورد ئەوەندە هۆیەک نەبووە بۆ پاراستنیان،ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی شەرعییەتی سیاسی ئەو پێکهاتەی کە حکومەتی هەرێم هەیەتی و نەبوونی سیستەمی نوێنەرایەتی کە تەعبیر لە خواستی هەموو کۆمەڵگە بکات، هەر لە ڕاپەرینەوە و لە دامەزاندنی حکومەتی هەرێمەوە کێشەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکەبوون.

هاوکات نەبوونی دیموکراسی و سیستەمی پارلەمان و حکومەت یەکێکن لەو گرفت و بەربەستانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان و ڕووبەری سیاسی داگیرکردووە،چونکە ئەو پەڕلەمان و سیستەمە بەناو دیموکراسیە "درۆیینەیە" بۆیە حکومەت و دادگا هیچ کاتێک پێکهاتەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن نەبووە کە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەکانەوە کار بکات، ئەم تێکەڵ کردنەی حیزب و خێڵ و دەوڵەت ، دەرئەنجامی ترسناکی سیاسی و کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی لێکەوتۆتەوە،نمونەی زیندوش ئەو کچۆڵە حەوت ساڵانەی چەند مانگی ڕابردوو کە لە هەولێر دەستدرێژی سێکسی کرایە سەری ،حکومەت و دەسەڵاتی کوردی خۆی لێنەبان کرد ، و بەدەم پرسە بەسوێکەی ئەو کیژۆلە پەپولەوە نەچوو ، چونکە خێزانی ئەو قوربانیە لەدەرەوەی بازنەی حیزبی دەسەڵاتە لە هەولێر !

دەسەڵاتی کوردی لە ئەم هەرێمە لە ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ ئەگەر بە ووردی سەیری ئەوشتە بکەیت کە ناوی حکومەتی هەرێمە! لە دەزگایەک بۆ داپڵۆسین و چەوسانەووە هیچی تر نەووە، داپڵۆسین و چەوسانەووە بەهەموو شێوەکانیەوە وەک فیزیکی جەستەیی و ئابووری و دەروونی ...هتد،تازەترین نمونەش زیندانی کردنی چالاکوانانی دهۆک و زاخۆ و خۆپیشاندەرانی ڕانیە و کیژۆڵە" لاڤان" ی پەپولەیە!

بۆ ئەوەی لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بگەیت،دەبێت لەو کێشانە بگەیت کە حکومەت و دەسەڵاتی کوردی تێدا دروستبووە،و پاشان لەو پەیوەندییە ئاڵۆزە بگەیت کە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا هەیە،کێشەی سەرەکی ئەم پێکهاتەیەی دەسەڵات نەیتوانیوە ببێت بە دەزگایەک کە خاوەنی شەرعییەتی سیاسی و دەستووریی باوەڕپێکراو بێت لەلایەن تەواوی کۆمەڵگەوە و شکۆکەشی لە سەرووی شکۆی حیزب و عەشیرەت و بنەماڵەوە بێت،فۆڕمێکی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی هەیە، کە ئەندازیاری عەقڵ بچوک سیاسەتی بۆ دادەڕێژێ ، کە تەنها ئەو گروپە دەبینێت کە هاوئاوازیەتی .

کاتێ دەبینی هێزی دەسەڵاتدار لە ڕاپەڕینەوە تا هەنوکە دنیابینی خۆی ڕاستەوخۆ گوێزاوەتەوە بۆناو داموو دەزگای حکومەتی بەناو هەرێم ! ،ئەم دنیابینیە تەنها سیاسی نین،بەڵکو دنیابینی ئابووری و کولتووری و هتد...،لە هەرێمدا دەسەڵات و حکومەت هیچ کاتێک پێکهاتەیەکی بێلایەن نەبوون،بۆیە هێزی سەر کورسی دەسەڵات بەرامبەر نەیارە سیاسیەکانیان یان ئەوانەی لە بازنەی حزبەکەیاندا نین ، ئەگەر قوربانیش بن وەک ئەو کچۆڵە حەوت ساڵانە ،بەتاوانی ئەوەی خێزانەکەی لە بازنەی هێزی دەسەڵات بەدەست نیە ، نە حکومەت نە حیزب نەدادگا بە دەمیەوە ناچێ و شەکواکەی ناخوێنێتەوە!

دەزگای دادوەری و حکومەت لە هەرێمدا پێکهاتەیەکی بێلایەن نەبووە ، لەسەرووی پەیوەندییە حیزبی و ناوچەیی و بنەماڵەوە کار بکات،مێژووی ئەم تێکهەڵکێشانی حیزب و حکومەت و بنەماڵە ،ناشیرینترین لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی دەسەڵاتی کوردی پێکدەهێنن،ئەم کولتوورە سیاسیە تا هەنووکە بەردەوامە ، تا ئەم دنیابینیە سیاسیە دەسەڵاتداربێت، تا شکۆی بەناو سەرۆکەکان ،بنەماڵە،خێڵ،حیزب،لەسەرووی شکۆی دادگاو هاونیشتیمانی و پارلەمان و حکومەتەوە بـێت، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و ئازادی خوازەکان شوێنیان زیندانە، کچۆڵە لاڤانەکانی هەولێر دەبێ ئاوارەی سلێمانی بن ، کیژۆڵە لاڤانەکانی سلێمانیش دەبێ ئاوەرەی هەولێر بن! 

ئێرە حکومەتی هەرێمی کوردستانە ....

  • 1