ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

‎کولتوور بە “شادەماری سەرەکی کۆمەڵگە” دادەنرێت. سەرلەبەری لقە-دەمارەکان لەو شادەمارە سەرەکییە خوێن وەردەگرن. لێرەدا مەبەست لە گرێدانەوەی هاوبەندی خوێن لەگەڵ ڕەسەنایەتیدا کە پەیوەندیدارە بە ئەسڵ و نەسەب و ڕەچەڵەکەوە زیاتر بۆ گوزارشتکردن لەو واتا و دەلالەتەیە کە کولتورێک بە کولتورێکی ڕەسەن دادەنێت، لەولاوە کولتورێکی تر بە ناڕەسەن و پاشکەوتە و ئاسیمیلاسە ناوزەند دەکات، هەرچەندە ڕەسەنایەتی و پاکژی و سەربەخۆیی کۆمەڵگەش وابەستەیە بە کولتورێکی دەوڵەمەند و بەهێزەوە، سەرباری پەیوەندیداری بە ئایین و سیاسەت و ئایدۆلۆژیاوە، بەڵام لە کانیاوی زمان، فەرهەنگ، فۆلکلۆر، جۆری خواردن، بۆنە و نەریت و ڕێوڕەسمە میللی و نەتەوەیی و ناوچەیی و خێزانییەکانەوە هەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت.

‎کولتوری هەر میللەتێک پێویستی بە “پاراستن و دەستپێوەگرتن” هەیە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا بەهۆی کارتێکەری فاکتەرەکانی بەجیهانییبوونەوە تەوژمێکی بەرفراوانی کولتورە هەژمونخواز و باڵادەستەکان لە پێشڕەویدایە و ئەگەر بەریان پێ نەگیرێت ئەوا مەترسی خۆسەپاندنیان بەسەر کولتوری هێرش بۆکراودا ئەگەرێکی حەتمی و چاوەڕوانکراوە. زیندووترین نموونەی ئەم دیاردەیە کولتوری کۆمەڵگەی کوردییە لەبەردەم تەوژمی کولتوری وڵاتانی سەردەست و بیانیدا وەک شاڵاوی ئێستای کولتورەکانی تورک و فارس و عەرەب و ڕۆژئاوا.

‎لەکاتێکدا “هیچ کولتورێک لە کولتورێکی دیکە باڵاتر، بەرزتر، چاکتر، گونجاوتر و، جوانتر نییە”، بەڵام هەر کولتورێک بەرهەمی کۆی خوخدە و کەڵکەڵە، حەز و ویست، دۆزینەوە و داهێنان، خۆشی و ناخۆشی، هزر و باوەڕەکانی گروپێک یان چەند گروپێکی دیاریکراوە، کە بەهۆی زمان و نووسین و چالاکی کۆمەڵایەتی هەمەجۆرەوە لە پڕۆسەیەکی دوورودرێژ و دیرۆکیدا لەدایک دەبێت و گەشە دەکات، کە لە دەرئەنجامدا لە فۆرم و قاڵبەکانی هونەر، میوزیک و گۆرانی، پەند و قسەی نەستەق و حیکایەت، جلوبەرگ و خواردن، شانۆ و هەڵپەڕکێ و سەما، بۆنە و ڕووداوە هاوبەشەکان، ژانرەکانی ئەدەب،،،تاد بەدیاردەکەوێت و خۆی نمایش دەکات. ئیتر لێرەوەیە بەهای کولتورێکی سەربەخۆ و جودا لە کولتورەکانی دی لەدایک دەبێت، کە پاراستن و دەستپێوەگرتن و بەرەوپێشبردنی دەبێتە ئەرک و بەرپرسیارییەتی هەمووان، نەک حیزب و گروپ و تاقمێکی دیاریکراو. ئەم بەرپرسیارییەتیەش ئەركێکی جڤاکییە، لەگەڵ درێژەدان بە ڕەوتی مێژوو، هاوکات ویست و پێداگریی لەسەر مانەوە و بەردەوامی.

‎وێڕای ئەوە، “لەمپەڕ و بەربەستی سەرەکی لەبەردەم گەشەسەندنی کولتوردا بریتییە لە هێشتنەوەی کولتور لە قاڵب و چوارچێوەیەکی بەرتەسک و ڕەنگڕێژکراودا” لەژێر پاساوی پاراستنی کولتوردا. فاکتەر و بزوێنەری هەرە گرنگ لێرەدا بەدیاریکراوی لە ئایین، مێنتەڵێتی خێڵ و عەشیرەتگەریی، کولتوری حزبی سیاسی خۆسەپێن، ڕەگەزی نێر و پاتریارکییەتدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم حاڵەتەش زیاتر لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرهەڵستی لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت بەهۆی بەریەککەوتن و ناکۆکی توند لەسەر بەها و بەرژەوەندییەکان. دەتوانین نموونەی ئەم جۆرە ململانێیانە ببینین کاتێک داکۆکی لە مافی ئافرەتان دەکرێت یان بەها کۆنەکان دەکەونە بەردەم هێرش یاخود ناکۆکی نێوان دوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستان -یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان- گەرم دەبێت. بەتایبەت لەو ساتانەدا کە لە بەرئەنجامی ئەم ململانێیانەوە دیدگا و دونیابینی نوێ سەرهەڵدەدات و، زەمینەی هاتنە ئارای نەریت و بەها و توخمی کولتوریی نوێ دەردەکەوێت.

‎لەگەڵ ئەوەشدا، نابێ ئەوە فەرامۆشکەین کە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی کولتور سەرەڕای ئەوەی “پڕۆسەیەکی ناوەکی و خودییە”، واتا لە خودی توخم و ڕەگەزە ناوخۆییەکانی کولتورەکەوە هەڵدەقوڵێت، “بەڵام لە هیچ کولتورێکدا ئەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییانە بەدینایەت ئەگەر لە پەیوەندی و کارلێکدا نەبێت لەگەڵ کولتوری دەرەکی و بێگانەدا” (ئێمە چاو لە وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دەکەین و دەڵێین بۆ ئێمەش وەک ئەوان نەبین). هەرچەندە لێرەدا ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و بیرکردنەوەی قووڵ و داهێنەرانە بزوێنەری سەرەکییە لە پاڵنان بەرەو ئاڕاستەی پێشکەوتن و نوێبوونەوە و گەشەسەندنی کولتوردا.

‎لەم سۆنگەیەوە چۆنیەتی پەیوەندیکردن بە کولتوری بیانی و بێگانەوە مەسەلەیەکی هەستیارە. لێرەدا بەپێی سروشتی ئەو پەیوەندییە دەتوانرێت حوکم لەسەر جۆری پەیوەندییەکە بدرێت، بۆیە زیرەکی و دانایی کۆمەڵگەیەک لەوێدا دەردەکەوێت لەو پەیوەندییەدا لایەنە جوان و ئەرێنییەکانی کولتوری ئەوانی دی بخاتە خزمەتی کولتورەکەی خۆیەوە و، بەشێوەیەکی هونەری و وەستایانە لەڕێگەی چالاکی و ناوەند و کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە سەرمایە و بەها کولتورییەکەی خۆشی بەوان بناسێنێت.

‎ئەمە بە مانای بانگەشەکردن نییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە یەک جۆر کولتوری هەبێت و لەژێر سایەی کولتورێکی دیاریکراو و تاک فۆڕمدا بێت، بەڵکو “لەناو هەر کولتورێکی گشتی و سەرەکیدا وردە-کولتور و کولتوری لۆکاڵی و ناوچەیی و لقە-کولتورمان (sub-culture) هەیە”، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستاندا کولتوری مەسیحییەکان، کاکەییەکان، ئێزیدییەکان،،،تاد هەیە. ئەمە شتێکی ئاساییە و هیچ دژایەتییەکیشی لەگەڵ کولتوری سەرەکیدا نییە. بەهۆی هەڵکەوتە و پێکهاتەی هەمەڕەنگی کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە هەرێمی کوردستان بەدیدەکرێت، بۆ نموونە خێزان، چین و توێژی جیاواز، خێڵ و عەشیرەت، نەتەوە، گروپێکی دیاریکراو، کۆمەڵە خەڵکانێک کە پابەندی ڕێباز، قوتابخانە، ئاین، یان ئایدۆلۆژیایەکن، یاخود بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، ئەمانە بەها و نەریت و شێوە ژیان و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و هێما و ئاماژە و سروشی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ مەترسی یان زیانێکی بۆ کولتورە گشتییەکە نییە، بگرە ئەمانە زۆرجار باوەڕیان بە کولتورە سەرەکییەکەش هەیە و هەمان نەریتەکانی کولتورە سەرەکییەکە لە پاڵ کولتورە تایبەتی و دیاریکراوەکەی خۆیاندا لە ژیانیاندا ڕەنگدەداتەوە. زۆرجار ئەوانەی هەڵگری بەهای وردە-کولتورن ئەوانەن وەک زۆرینە سەرلەبەری کولتورەکە پەسەند ناکەن، بەڵکو بەشێکی قبوڵ دەکەن و بڕوایان پێی هەیە. واتا دیدگا و تێڕوانینی سەربەخۆ و ئازادانەی خۆیان هەیە. هەرچەندە ئەمە نەبووەتە مایەی ئەوەی ئێمە گلەییمان لە کولتورەکەمان نەبێت بەڵکو لەم ساڵانەی دواییدا هەست بە بۆشایی و کەلێنێکی گەورەی کولتوریی دەکرێت، هەمووان نەفرەت لە خۆیان و کۆمەڵگە و کولتور و حوکمڕانییەت دەکەن. ئەگەر تەنها سەرنج لەسەر کولتور چڕبکەینەوە ئەمە زیاتر بەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە کولتورییە مادییەی کۆمەڵگەیە کە خۆی لە هاتنەناوەوەی ئەنتەرنێت، موبایل، سەتەلایت، ئۆتۆمبێل، کەلوپەل و ئامڕاز و ئامێرە بێشومارەکاندا دەبینێتەوە، کە سەدان خۆزگە و ئاوات و حەسرەت و ئارەزوو لە مرۆڤدا چێ دەکەن، بەجۆرێک دەستڕاگەیشتن بە زۆربەیان لای زۆرینەی کۆمەڵگە وەک خەون و خەیاڵ دەمێنێتەوە.

دەتوانین بڵێین دیارترین دەرهاویشتەی ئەم دیاردەیە بریتییە لە گۆڕینی سروشت و نەریت و چالاکی و پەیوەندییەکانی تاکەکان، هەروەکو چۆن چینێکی خواپێداو دروست بوونە کە هەموو شتێکیان لە وانی تر جیاوازە وەک جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، خواردن، بۆنەکان، پەیوەندییەکان، ئەو شوێنانەی سەردانی دەکەن و،،،تاد. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە زیاتر ڕەهەندێکی ڕووکەش و ڕواڵەتیی هەیە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا حاڵەتی جۆراوجۆری نەگونجاوی و ناتەبایی هێناوەتەکایەوە چونکە دەبینین لەڕووی هزری و عەقڵییەوە بەها و نۆڕمە باوەکان کەوتونەتە بەردەم شەپۆلی دووبارە خۆنوێکردنەوەوە بەم ئامڕاز و کەرەستە نوێیانە. کەوایە ئەم دیاردەی کەلێنە کولتورییە هەوێنی گۆڕانکاری لەسەرخۆیە لە کولتوری مەعنەوی و هزریی کۆمەڵگەدا لە داهاتوودا. ئەمە ئەگەر جێی مەترسی و نیگەرانیش بێت لە دوور مەودادا، بەڵام ڕەوتێکی گەشە و بەرەوپێشچوونی کولتورییە و لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕوودەدات چونکە پەیوەندی بە شەپۆلی داهێنان و دۆزینەوە و بەرهەمە نوێیەکانەوە هەیە، کە لە سەدەی بیست و یەکدا خێراییەکی سەرسوڕهێنەری هەیە.

‎ئەم گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونانە دەرگیرە لەگەڵ “نەوەی نوێ و چینی لاوان و گەنجاندا”، بەوپێیەی خودان ڕوانین و دونیابینی سەردەمەکەی خۆیانن. زانراوە ئەگەر نەوەی نوێ بەقووڵی لە کولتور و مێژووی کۆمەڵگەکەی تێنەگەیشتبێت ئەوا ناتوانێت بەرهەمی پێویست و بەنرخ بۆ دواڕۆژ و داهاتوو سەربار بخات. نهێنی گرنگیدانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیش بەم چینە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو پۆتانسەڵ و ماتە-وزە و ئامادەییە گونجاوە کە لە ناخ و قووڵایی ڕۆح و بوونیاندا خۆی مەڵاسداوە. لەکاتێکدا ڕۆڵی نەوەی کۆنیش -سەرباری کەمتەرخەمی و نەبانی و دەستەپاچەییان بەنسبەت هەرێمی کوردستانەوە- ئەگەر واوەتر نەبێ ئەوا بارتەقا و هاوتای لاوان و نەوەی نوێیە چونکە ئەمانیش ئەرکی قورسی گواستنەوە و بارهێنان و پەروەردەکردنیان لەئەستۆیە. بەجۆرێک لێرەوەیە کولتور هەناسە وەردەگرێت و درێژە بە ڕێپێوان و بزاوت

  • 1