ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەساڵی خوێندنی 1966—1967 ژمارەیەكی زۆر قوتابی لە خانەی مامۆستایان لە هەولێر وەرگیران و، پۆلێكیش لە قوتابیانی دەرچووی ئامادەیی بۆ پەیمانگای مامۆستایان وەرگیران و لەخانەی مامۆستایان دەوامیان دەكرد، لەریزی قوتابییە وەرگیراوەكاندا ژماریەكی بەرچاو و دیار قوتابی ئەندامی حزبی شیوعیمان و ئەندامانی یەكێتی گشتی بوون، هەروا ژمارەیەكیش لە دۆست و لایەنگرانی حزب لە رێزی قوتابیە وەرگراوەكان دابوون، لەوانەی یادم مابن ئەو هاوڕێیانە بوون( عەباس رەسول رەواندزی ساڵی 1963 وازی لە خوێندن هێنابوو، چووبووە ریزی پێشمەرگەكانی حزب، لە ساڵی 1966 گەڕایەوە و خانەی مامۆستایان و خوێندنی تەواوكرد، هاوڕێ ناصح حمدامین كۆچەر و، مەغدید حاجی، هاشم حسێن، محمد عبداللە، موفق، نەجات، عصام عەلی حسین كەسرە، شێرزاد مام سعید، نەوزاد حیدر ئەلعتار، صلاح عبداللە) بوون، لەساڵی خوێندنی پێشتر40 چل قوتابی وەرگیرابوون، ژمارەیەك ئەندامی حزب بوون، وەكو هاوڕێ (چەتۆ شێخە، خالید بەكر ئەیوب، سابیر كەریم عەلی و صباح هەمزە و بەندە) بووین، جگە لە شیوعییەكان ژماریەكی بەرچاوی ئەندامانی پارتی لاباڵی مەكتەبی سیاسی(جەلالی) وەرگیرابوون، وەكو بەڕێزان( عەبدڵڵا پەشێوی شاعیر و جەمیل رەنجبەر و هیتر) هەروا لا باڵی پارتی(مەلایی)ژمارەیەكی بەرچاو هەبوون، وەكو بەڕێزان( سەعد عەبدوڵڵا و كاروان ئاكرەیی و سەردار و رێبوار و مستەفا پەشێوی شاعیر و محمد ئەحمد و .. هتد)بەشی هەرە زۆری قوتابیان ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی – مەلایی و لا باڵی مەكتەبی سیاسی(جەلالی) و شیوعی بوون و، یەكێتی گشتی قوتابیان و یەكێتی قوتابیانی كوردستان چالاكی و رۆڵی دیارییان هەبوو، رۆژانە دەنگ و باسی و بیروڕای فیكری و سیاسی پەخش دەكرا، چالاكی لا باڵی مەكتەبی سیاسی(جەلالی) ئاشكرابوو، ئەندامەكانییان دیارو ناسراو بوون، بەڵام دۆست و لایەنگرانییان لە ریزی قوتبییان كەم و سنوردار بوو، خۆشەویست نەبوون، لەبەر ئەوەی هاوكارو پشتیوانی حكومەتی عێراق بوون و، شەڕییا لە دژی پێشمەرگەو شۆڕشی كوردستان دەكرد... بە پێویستی دەزانم كە ئاماژە بەوە بكەم كە ژمارەیەك مامۆستای بەتواناو خاوەن بیروڕای پێشكەوتنخوازو كەسایەتی بەهێز وانەییان دەووتەوە، وەكو مامۆستا(مەجید ئاسنگەر كە بەرێوەبەربوو، خدر مەولود جێگری بەرێوەبەر و محسین محمد حەمرا و ناسر یوسف و بەدرخان سندی و فۆاد جەمال) بوون ئەو مامۆستا بەڕێزانە رۆڵییان لە پەروەردەكردن و راهێنانی قوتابیان كاریگەرو دیارو بەرچاوبوو.

ئەندامانی حزبمان لەو سەردەمەدا چالاك و بوێر و ئازاو چاونەترس بوون، رێنماییەكانی حزب بۆ ئەندامانی بەمەبەستی هاندان بوو بۆ نواندنی چالاكی جۆراوجۆر لەناوجەماوەرو توند تۆڵكردنی پەیوەندی ئەندامانی حزب لەگەڵ خەڵكدا بوو، بڕیاری حزب بۆ ئەندامان دەبوو هەر هەندامێك دوو دۆستی پیتاكدەری هەبێت و، هەوڵی پیداكردنی دۆست بۆ حزب بدەن و، ئامادەو پەروەردەیان بۆ پاڵاوتن بۆ حزب بكەن، هەروا دەبوو ئەندامانی حزب رۆژنامەی و بڵاوكراوەكانی حزب بە فراوانی لەناو جەماوەر بڵاوبكاتەوەو، تێبینی و راو و بۆچونەكانی جەماوەر بۆ رێكخراوەكانی حزب بگوازێتەوە، جگە لەوەی خوێندنەوە و خۆ رۆشنبیركردن ئەركی ئەندامانی حزب بوو لە كۆبوونەوەكانی حزبیدا بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەندامدا دەكرا، ئەو ئەركانەی سەرەوە ئەركی تەواوی ئەندامانی حزب بوو، هیچ ئەندامێكی لێ بەدەر نەدەكرا، بە كورتی حزب دژی دوورە پەرێزی و گۆشەگیری ئەندامانی لە جەماوەر بوو، كەسی وا هەبووە بۆ ئەندامیەتیی حزب پالێوراو بەڵام نەیتوانیوە ئەركەكانی ئەندامی حزب جێ بەجێ بكات و، شایستەی شەڕەفی ئەندامێتی حزب نەبوووە و وازی هێناوە، قوتابیانی ئەندام لە حزب و ئەندامانی یەكێتی گشتی قوتابیان بەر لەدەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، بەرنامەی كارییان دادەڕشتوو خۆیان ئامادە دەكرد بۆ پێشوازی لە قوتابیان و دروستكردنی پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ زۆرترین ژمارەی قوتابیان بەمەبەسی راكێشانیان بۆ ناو ریزی یەكێتی گشتی قوتابیان و پاشان بۆ ناو حزب، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبوو ئەندامی حزب چالاك و بزێو بێت و، لەوانەكان زیرەك و رەوشت بەرزبێت، لەناو مەڵبەندەكانی خوێندن ئەندامی حزب دەبوو لە پێشەوەی قوتابییان بێت بۆ نواندنی چالاكییەكان، بەندەش وەكو تەواوی هاوڕێیانی حزب بەردەوام لە هەوڵو كۆشش دابووم بەمەبەستی پەیداكردن و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ قوتابیاندا و لەپێناوی گەیاندنی بیروڕا حزب بە زۆرترین ژمارەی قوتابیان، لەسەرەتای خوێندنی ساڵی 1966-1967 لەخانەی مامۆستایان و پۆلەكەی پەیمانگای مامۆستایان ژمارەیەك دۆستایەت و پەیوەندی و برادەرایەتیم لەگەڵ ژماریەك قوتابی دروست كرد، یاریزانی تۆپی پێی بووم، و ئارەزووی زۆری وەرزشم هەبوو، بەهۆیەوە دۆستایەتیم لەگەڵ ئەو قوتابیانە پێكهێنا كە ئارەزووی وەرزشییان هەبوو بایەخم پێدەدان، یەكێك لەم قوتابیانە كاكە – نەوزد حیدر العتار بوو، كە لاوێكی تازە پێگەیشت بوو، حەز و ئارەزووی زۆری بۆ بواری وەرزش هەبوو، هەرزوو دۆستایەتی و برادەرایەتم لەگەڵدا گرێدا و رۆژانە لە قوتابخانە یاری تۆپی پێمان دەكرد، پاشان هێدی هێدی پەیوەندییەكەمان پەرەسەند و زۆرجار ئێواران بەیەكەوە بۆ یاریگای هەولێر دەچووین كە ئێستاكە بەناوی- یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری –یە، هەندێ جار باسی سیاسەت و شەڕی نێوان پێشمەرگەو هێزەكانی حكومەت و دەكرد، داستانی هەندرێن كە پێشمەرگەكانی حزبمان تۆماریان كرد ووت و وێژمان دەكردو زیاتر دەچوینە ناو باسەكان و هەندێ جار باسی رار بۆچوونی حزبیشم بۆ دەكرد، پاشان ووت و وێژەكانی نێوانمان فراوان بوو، باسی شەڕی ڤێتنمام و رۆڵی سۆڤییەت و دەوڵەتانی سۆسالیستیمان دەكرد، تا پەیوەندیمان گەیشتە ئاستی تەژی متمانەو زۆربەی كات كاكە- نەوزاد- دەهاتە لام یا من سەردام لەدووكانی باوكی دا دەكردو، بڵاوكراوەو رۆژنامەی رێگای كوردستان و – گریق شعب-م بۆ دەبرد، هەندێجار بەیەكەوە دەچوینە سەردانی هاوڕێی نووسەروو رۆژنامەنووس- عەبدوڵڵا گۆران كە دوكانێكی ئوتۆی دەستی بووین، بەیەكەوە لەلێژنەیەكی حزبی ئەندام بوون، رۆژێكیان لەبەهاری 1967 بەیەكەوە لەگەڵ كاك- نەوزاد- بەرەو ماڵیان دەچووین، لەرێگا باس هەرباسی حزبی شیوعی عێراق و هەڵوێستەكانی بوو، قسەكانمان درێژەی كێشاو، كاكە- نەوزاد- بەبێ پێشەكی ووتی، تۆناتوانی من بكەیتە شیوعی، بەسەرسوڕمانیەوە سەیرێكی كاكە- نەوزاد-م كردو ووتم، نازانم بۆچی لەم كاتە ئەم قسەیەت كرد؟بەڵام دەڵێم تۆ بەبێ ئەوەی بزانی هەموو بیروڕاكاتن و هەڵوێستەكانت شیوعییانەیەو تۆش شیوعیت، بەڵام تۆ شیوعییەكی سەربەخۆی و ئەندامی حزبی شیوعی نیت، جیاوازی من و تۆ ئەو ئەوەیە، من لە حزبێكی تێكۆشەر ئەندامم و لەگەڵ تەواوی تێكۆشەرانی حزب تێدەكۆشم لە پێناوی گەل و نیشتمان، بەڵام تۆ بەتەنیا كۆشش دەكەیت و دەتەوێ بگەیتە ئەو ئامانجەی كە بڕوات پێیان هەیە، بەڵام بەتەنیا مەحاڵە بگەیتە ئامانجەكانت، بەردەوام بووم ووتم راستر وایە بڵێت، تۆ ناتوانی من بكەیتە ئەندامی حزبی شیوعی.. گرنگ ئەوەیە ئێستاكە هەوڵ دەدەی بیێتە ئەندام لە حزبە تێكۆشەرەكەی من بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواوی تێكۆشەرانی حزب هەوڵ و كۆششت یەك بخەیت لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجەكانمان..ووت و وێژەكەمان كۆتایی هاتوو، كاكە- نەوزاد- پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیان فراوان بوو، بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی لاوانی دێموكراتی عێراق لقی هەولێر كە بریتیی بوو لە( محسین نەجاڕو قائید ئەحمەد و دكتۆر هاشم بیلال و هەروەها لەگەڵ هاوڕێ – منعم ئەلعتار- سكرتێری یەكێتی گشتی قوتابیان لەپارێزگای هەولێر و هەندێ هاوڕێیانی لە ئەندامی حزب وەكو( شێرزاد مام سەعیدو، جەوهەر تاهیر و عەبدلواحد و عەبدلحمید و ئیدریش شێخو) و ژماریەكی زۆریش لە وەرزشوانی ناسی و پەیوەندی فراوانی لەگەڵ دروست كردن، تاوای لێهات، بووە كەسێكی دیارو ناسراو لەبواری بزاڤی لاوانی شیوعی و وەرزش و یەكێك بوو لە بەرپرسانی یەكێتی تۆپی دەستی لە هەولێر، هەروا ئەندامێكی چالاك و گورج و گۆڵی یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق / لقی هەولێر، لە یەكەمین كۆنفرانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بۆ ئەندامێتی سكرتارێتی یەكێتی لاوان هەڵبژێردراو، لێپرسراوێتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق/ لقی هەولێر، لە گەڕەكەكانی شۆڕش، سێتاقان، سەیداوە و ئیسكان و جمهوری و ئازادی و كوران، خرایە ئەستۆ و لێهاتوانە ئەركەكانی هەڵدەسوڕاند، سەرباری ئەوەی ئەندامێكی وریا و چلاكی حزب بوو، وەك سەركردەیەكی لاوانی هەولێر و كوردستان دەركەوتوو، بایەخی زۆری بە خۆرۆشنبیركردن دەداو، تواناو لێهاتوویی و نیشانەكانی سەركردەیەكی كاریگەری لێبەدی دەكرا، بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا گەلێك بەرپرسیارێتی لە حزبدا لە ئەسۆ بگرێت، بەڵام داخی گرام كاكە- نەوازد- كەم ژیاو تەمەنی زۆر كورتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا زوو وەك سەركردەیەكی بزاڤی لاوانی بەتوانا و دیار و ناسراو هەڵكەوت، هەروا لەبواری وەرزشیشدا لێهاتوو بوو، ئەولاوە شیوعی و ئازاو نەترسە و جەماوەرییە بە هۆی نەشتەرگەری رێیخەلە كویرە گیانی لەدەستداو، تەواوی لاوانی هەولێر و وەرزشوانانی خەمناك كرد و، بەرێرەوەیەكی جەماوەری گەورە بۆ سەرگڵكۆی چووینە و بەناوی لاوانەوە لەسەر گڵكۆكەی ووتارێكم پێشكەش كرد.

روحت شاد مامۆستا نەوزاد حیدر ئەلعتار- تاكو ئێستاكە لە زۆر دانیشتن و لەگەڵ هاوڕێكانت یادت دەكەمەوە...

  • 1