ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
لەم ماوەیەدا كەسایەتی مستەفاكازمی بۆتە جێگای گرنگی پێدان و سەرنجی زۆر میدیاكان و خەڵك، بە جۆرێك وەك فریادرەس و ڕزگاركەر نیشاندەدرێ!
لە هەلومەرجی قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری تازە، لە زۆر پنت و ناوەندی سەرمایەداری جیهانی لە رێگای بە كەسایەتی كردنی كێشەكان و گۆرینی فیگەرەكانی، هەوڵی لابردنی تەركیزی ڕای گشتی دەدەن لەسەر سیستەمە پیرو پەككەوتەكە.
دیوێكی تری دیمەنەكەی كازمی و هاوشێوەكانی پەنابردنە بۆ دیاردەی پۆپۆلیزم كە لە ڕابردوو چەند هێزێكی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات بەكاریان هێنا، كاریگەری مەترسیەكانی هێشتا بەردەوامە لەسەر بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكان لە بڵاوبونەوەی بێ هودەیی لە ئەنجامدانی تێكۆشانی جەماوەری بۆ گۆرانكاری.
لەم ساتەوەختەدا جارێكی تر ئەم دیاردەیە لە رێگای سەرۆك و میدیای پۆپۆلیستەوە خەریكی تەلقیندانی خەڵكن بەوەی سەرۆكی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوی ناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەك فریادرەس و ڕزگاركەر نیشاندەدرێن كە خاڵی جەوهەری و هاوبەشی ئەوان تەنیا ڕازیكردنی خەڵكە بۆ گەیشتن یا مانەوە لە دەسەڵات وەك ئەوانی پێشوو بەبێ هیچ پرۆژەیەكی لە ناوەرۆكدا جیاواز بۆ گۆرانكاری لە سیستەمی سیاسی و ئابوری لە خزمەتی كرێكاران و خەڵكی كوردستان و عیراق. هەڵتۆقینی كازمی بەشێكە لە پرۆژەی گۆرانكاری شكلی و بە كەسایەتیكردنی كێشەكان بۆ ئیحتیواكردنی نارەزایەتی و راپەرینەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراق بەكارهێنراو كە ئامانج لێی مانەوەی سیستەم ونەبینینی قەیرانی بونیادی دەوڵەتدارییە لە عێراق.
لە بارەی تەوقیتی هاتنەكەشی لە ئێستادا، بە شێكە لە پرۆژە و خولياى بە مەركەزیكردن(ناوەندێتی) لە عێراق و رێكلامی پێش وەختەی هەڵبژادنەكانی عێراق و تەنانەت هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاش كە لەم رۆژانەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرقاڵی دروستكردنی لیستێكی هەڵبژادنە و چەندین كەسایەتی و ناوەندی راگەیاندیش لە هەرێم بونەتە بەشێك لە پرۆژەكەی.
لەم دۆخەدا هیچ ڕوانگەیەكی چارەسەری لای حوكومڕانانی عێراق و كوردستان نیە، تەنانەت ئامادە نین دان بە شوناسی قەیرانەكەشدا بنێن، ئەوان دۆخەكە وەك قەیرانێكی دارایی بۆ دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەیگێرنەوە كە مەبەست لێی بۆ خۆدەربازكردنە لە بەرپرسیارەتی شكستییەكانیان و درێژەپێدانی سیاساتی ئابوری نیولیبرالیزم و بەرخۆری. ئەوەی باسیشی دەكرێت لە بارەی چاكسازی هیچ نییە جگە لە دروستكردنی ژینگەیەك بۆ نەهێشتنی رۆڵی كۆمەڵایەتی حكومەت بۆ هاوڵاتیان و فەرمانبەران و بێكاران لە پێناو تەسلیمبونی زیاتر بە رەچەتەكانی بانك و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
ئەوەی جێگای نیگەرانی و پرسیارە ئەو پێشوازیكردن و پەنابردنەی بەشێك لە خەڵكی كوردستانە بۆ كازمی وەك كاردانەوەیەك دژی دەسەڵاتدارانی هەرێم؟ كەئەمەش ئەنجامی غیابی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی كارایە لە كۆكردنەوە و بەخشینی هیوایەك بە زۆرینەی هاوڵاتیانی پەراوێزخراو كە هیچ متمانەیەكیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەماوە .
  • 1