ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەگەر بڵێین کە تورکیای ئەردۆغان هاوکاری چەتەکانی داعشی کردووە لە ڕووی ئابووری و سەربازیەوە لە سەرەتای داگیرکردنی ناوچەکانی سوریادا تا شکستهێنانیان، بێ شك بوختان نیە! تورکیا یارمەتیەکانی و کڕین و فرۆشتنی پێترۆڵی  (نەوت) لەگەڵ داعشدا بە ئاشکرا دەکرد، بێگومان ئەمەریکا و ئەوروپا ئاگاداری ئەو کارە بوون،

لە ساڵێ ٢٠١٥ دا ڕوسیا قافلەیەک تانکەری پێترۆلی داعشان بۆمباران کرد کە بەرەو تورکیا دەڕۆشتن، بەوە ئەچێت کوڕەکەی ئەردۆغانیش دەستی لەم کڕین و فرۆشتنەیا هەبێت!

هەر لەسەرەتای داگیرکردنی خاکی کوردستان و سوریا لەلایەن داعشەوە چاوپۆشیەکی سەرسوڕهێنەر لە کردەوەکانی سوپای تورکیا دەکرا لە لایەن ووڵاتانی ڕۆژئاواوە. سوپای تورکی هەر لە ساڵانی ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨ وە بە فەرمی پەلاماری زۆر ناوچەی کوردستانی سوریای دا، بە چەکی قورس کوشتارێکی زۆری لە پێشمەرگە کوردەکان کرد بێ ئەوەی هیچ ووڵاتێکی ڕۆژئاوا بێتە دەنگ بەکردار، هەموو بەیەک دەنگ ووتیان " ئیتر چەك و تەقەمەنی بە ووڵاتی تورکیا نافرۆشین"! ئەو بڕێارە وەکو نوکتەیەک وایە کە کەس پێکەنینی پێ نایەت....

ئینگلتەرا لە ساڵی ٢٠١٧ دا بایی ٦٦٠ ملیۆن ئێورۆ چەکی بە تورکیا فرۆشتووە. چەکی بە تورکیا فرۆشتووە. فەرەنسا لە ساڵی ٢٠١٨دا بایی ٤٥،١ ملیۆن ئێورۆ چەکی بە تورکیا فرۆشتووە. هەروەها ئەڵمانیا بایی ٢٤٣ ملیۆن ئێورۆ چەکی بە تورکیا فرۆشتووە.  لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا ئیتالیا بایی ٨٩٠ ملیۆن ئێورۆ چەکی بە تورکیا فرۆشتووە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا بایی  ٣٦٢،٣ ملیۆن ئێورۆ. ئەم کڕین و فرۆشتنانە هەمووی پاش دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریا بەتایبەت دێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی ئابووری نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بایی ١٥٣،٤ ملیار ئێورۆ بووە. فرۆشتنی کەلوپەلی جیاواز لە یەکێتی ئەوروپاوە بە تورکیا بایی ٧٧،٣ ملیار ئێورۆ بوو، بە پێچەوانەوە، واتە تورکیا بایی ٧٦،١ ملیار ئێورۆ کەلوپەلی بە یەکێتی ئەوروپا فرۆشتووە، بە گشتی، لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە ٪٤٢ ی هەموو ئالوگۆڕە ئابووریەکانی تورکیا لەگەڵ ئەوروپادا بووە.

لە ساڵی ١٩٢٣ دا ئەو ووڵاتانەی کە جنگی جیهانی یەکەمیان بردەوە، بە تایبەت ئینگلتەرا و فەرەنسا، تورکیای نوێیان لەسەر پاشماوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دروست کرد بۆ بەرژەوەندی خۆیان (ئەوروپا). ووڵاتی تورکیایان وەکو سەنگەر و قەڵغانی هێڵی پێشەوەی کەپیتالیزم بەکار دەهێنا دژ بە بڵاوبوونەوەی کۆمونیزمی سۆڤێێتی کە ئەو کاتە لە سەرەتای تەشەنەکردنیا بوو، هەروەها تورکیا وەکو بنکەیەکی سەربازی وابوو بۆ بۆ ئەو ووڵاتانە بۆ کونترۆڵکردنی هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شەڕی داعش باشترین تاقیکردنەوە بوو بۆ زانینی هەڵوێستی ووڵاتانی ڕۆژئاوا دەربارەی کێشە و سەربەستی گەلی کورد، دەرکەوت چۆن کۆتایی هات..

ئەوروپا و ئەمەریکا هەرگیز دەستبەرداری تورکیا نابن لەبەر خاتری ئێمەی کورد، ئەوان دەڕواننە بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیان، هەمیشەش وایان کردووە.  بە داخەوە، هەر لەسەدەکانی پێشووەوە، ساویلکەیی و نەفامی و زۆر جاریش خۆفرۆشی میوانی ئێمەی کورد بووە، هەتا ئێستاش کڵۆڵی ئەو دەردەی خۆمانین.

 

١٧/٩/٢٠٢

  • 1