ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

شەڕێکی دەروونی نوێ!

حوکمڕانانی ئەو دەوڵەتانەی کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، هەموو شێوازەکانی توندوتیژییان دژ بە گەلی کوردستان بەکارهێناوە، و هاوکات پلان و مانۆڕی هەمەجۆریان بۆ نانەوەی دووبەرەکی نێوان لایەنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ئەنجامداوە، و هەڵبەتە سوودیان لە ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەو حزبانە وەرگرتووە، و تەنانەت لە دۆسێکانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، دەردەکەویت کە چۆن چالاکی سیخوڕەکانی ئەو ڕژێمانە بۆ نانەوەی پێکدادانی چەکداری و شەڕی ناوخۆ پلانڕێژییان هەبووە و ئاراستە کراون.

ماوەیەکی زۆر دوژمنان و نەیارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان پێیان وابوو بە تێکدانی پەیوەندی نێوان حزب و لایەنەکانی ئەو بزووتنەوەیە، مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی کۆتایی دێَت و تاکی کوردستانی وەرس دەبێت. ئەم ڕێگایە لە ساڵانی ڕابردوودا بە زەقی پەیڕەو کرا، بەڵام نەزۆک بوو، مەرام و نیازی دوژمنانی مەسەلەی نیشتمانی گەلی کوردستانی بە ئەنجام نەگەیشت. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە و تا ئێستا ناکۆکی و ململانێی ـ بە قۆناغی جیاواز ـ نێوان پارتی و یەکێتی دروست بووە و لە نێو ئەم ململانێیەدا شەڕی ناوخۆ ڕوویدا، و حزب و لایەنی سیاسی دیکە تێوەگلان، و هەڵبەتە ئەم ڕووداوانەش کارتێکردنی نێگەتیڤانەی لە سەر دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان هەبووە، بەڵام مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی کۆتایی پێنەهات، و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەوابوونی ئەم مەسەلەیە لە نێو ویژدان و باوەڕ و دەروونی تاکی کوردستانی جێنشین و سەقامگیر بوو، و توندوتیژی دژ بە گەلەکەمان نەک تەنیا ورەی تاکی کوردستانی نەڕووخاند، بەڵکو ورە و باوەڕی بە تێکۆشان قوڵتر کردەوە.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا نەیارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بە گرتنەبەری ئەزموونی حوکمڕانە شۆڤینستەکانی پێشتریان و سوودوەرگرتن لێی، ئەوەیان بۆ ڕوون بۆتەوە کە بە ناکۆکی و ململانێی پارتی و یەکێتی و لایەنی دیکەش کە خۆی لەسەر ئەو ململانێیە پۆلێن بکات، مەسەلەی نیشتمانی کوردستان تەواو نابێت، بۆیە ستراتیج و ڕێبازی خۆیان بۆ بوارێکی کاریگەری دیکە گۆڕی، ئەویش کارکردنە لە سەر تاکی کوردستانی لە ڕێگای بەرپاکردنی شەڕێکی دەروونی دژی بەو مەبەستەی باوەڕی بە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی نەمێنێت.

مەبەست لەم شەڕە دەروونییە ئەوەیە کە ئەو مەسەلانەی پەیوەندییان بە تەعریب و گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جێبەجێنەکردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق و سوتاندنی بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و سەروەری خاکی کوردستان، و قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستان، و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، جێگای بایەخی تاک لە هەرێمی کوردستان نەبێت، و مەسەلەی کوردستان لە تەنیا خاڵێکدا کۆبکرێتەوە، ئەویش ناردنی مووچەیە و تەنانەت لە نێو بودجەدا کە بواری نەک خەرجی بەکاربردن، بەڵکو خەرجی وەبەرهێنانیش دەگرێتەوە، تەنیا فۆکسی تاکی کوردستانی لە سەر مووچە بێت.

هەڵبەتە مووچەی تاک و مسۆگەرکردنی ژیانی پڕ کەرامەت بۆی، و فەراهەم کردنی هەلی کار مافە و ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەبێ بۆ هەر هاووڵاتییەک مسۆگەر بکرێت، کەچی ئەم مافە بۆتە دۆسێیەکی ململانێی سیاسی لەو کاتەوەی کە ڕژێمی بەعس لە دوای ڕاپەرینی 1991وە ئیدارەکانی کشاندەوە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی نەنارد، تا گەیشتە حوکمڕانی مالکی و عەبادی کە شایستەی داراییان بۆ خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دەنارد کەچی بۆ هەرێمی کوردستان کە سەنگەری بەرگری دژ بە داعش بوو، ئەو شایستە داراییەیان بڕی، و ئەو ڕەوشە گەیشتە کۆتاییەکانی حوکمی عادل عەبدولمەهدی و ئێستاش لە سەردەمی کازمی بەردەوامە و هاوکاتە لەگەڵ شەڕێکی دەروونی دژ بە تاکی کوردستانی، و کار بۆ ئەوەش دەکرێت کە کازمی بە فریادڕەسی ئەم قۆناغەی عێراق و کوردستان بخرێتە ڕوو، دوور لە باسکردنی ناوەڕۆکی قەیرانی دەوڵەت و شکستهێنانی لە عێراقدا، و بۆ ئەم مەبەستەش کازمی و دەوروبەرەکەی بانگەشەی سیاسەتی پان عیراقیزم دەکەن و لەوەش دەچی هەندێ سیاسەتمەداری کوردیش ئەمجارەیان بە بەرگی پان عیراقیزم ئەسپی خۆیان تاودەن، و هەندێکیش ناڕەزایی خەڵک و داواکارییە ڕەواکانیان بۆ دابینکردنی مووچە و ژیانی پڕ کەرامەت بە هەل بزانن تاکو بە دەنگی نەشاز هاوارکەن: مستەفا کازمی تۆ بۆ ئێمە لازمی!

پێشتر دوژمنانی گەلی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان سیاسەتی پان ئێرانیزم، و تۆرانیزم، و پشتینی عەرەبییان بەکارهێنابوو، بەڵام لە کۆتاییدا سەری نەگرت، بەڵام ئەوەی لە سیاسەتی ئێستای پان عیراقیزم بەدی دەکرێت، سوودوەرگرتنی سەرجەم دوژمنانی گەلەکەمانە، لە قەیرانی ئابووری و سیاسی ناوخۆیی لە کوردستاندا بەو مەبەستەی کە ئابڵوقەی پێکهاتە دەستورییەکی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی عێراقدا بدەن و سنورێک بۆ دەسەڵاتەکانی ئەم هەرێمە دابنێن کە تا ئێستا بە قوربانی و موقاوەمەتی کوردستانیان پارێزراوە، نەک ئەو دەستورەی کە پانزە ساڵە لە عێراقدا جێبەجێ نابێت. 

لایەنەکانی بەرپاکردن و بەرێوەبردنی شەڕی دەروونی دژ بە تاکی کوردستانی بریتین لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هێزە حوکمڕانەکان تیایدا و میلشیا سەربازییەکان و دەوڵەتی قوڵ لە عێراقدا و بە جۆرێکیش کاریان کردووە کە لە ڕوانگەی سەقامگیرکردنی عەقڵیەتی پیرۆزی دەوڵەتی عێراق لە نێو کۆمەڵگای عێراقی شەڕی دەروونی دژ بە تاکی کوردستانی بکرێت. حوکمڕانانی ئێران و تورکیا لە ڕێگای دەستێوەردان و داگیرکردنی خاک و بۆردمان کردن و بڵاوکردنەوەی گیانی بێهودەیی بەشێکن لەم شەڕە دەروونییە. 

ئەوەی کە پێویستە ئاماژەی پی بکرێت سیاسەت و ڕێبازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە هەلومەرجێکی وای دروستکردووە نەیارانی گەلی کوردستان سوود لە دژواری ڕەوشی ئابووری و گوزەرانی خەڵکی کوردستان وەرگرن، و بتوانن هێزێک بە بەرگی سیاسی و بە بەرگی عەشیرەتگەری دروست بکەن، و لە کۆتایشدا حکوومەتی کوردستان تەنیا لە گۆشەی داوای بەشی مووچەی فەرمانبەران ئابلۆقە بدەن.

ئەوەی جێگای سەرنجە حکوومەتی کوردستان تا ئێستا نەخشەیەکی ڕوونی جەماوەری بۆ بەربەچدانەوەی ئەم شەڕە دەروونییەی نییە، لە کاتێکدا پێویست دەکات بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژی و بە پشتبەستن بە خەڵکی کوردستان لایەنەکانی ئەم شەڕە و دەسکەلا و بابەتەکانی دەستنیشان بکرێت، و وەڵامی پڕوپاگەندەی نەیارانی گەلی کوردستان بدرێتەوە. ئەم ئاراستەیە بە وەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و چاکسازی ڕاستەقینە، و گۆڕینی سیاسەتی ئابووری و ڕاگرتنی بەتایبەتکردنی ڕەها، و فراوانکردنی سەرچاوەکانی داهاتی گشتی، و مسۆگەرکردنی ئازادییەکان و پشتبەستن بە سەربەخۆیی ئابووری و چاوەڕێنەکردنی دەستی بەغدا بۆ دابینکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان دێتە دی. گەلەکەمان جگە لە پشتبەستن بە خۆی و ڕێگای بەرەنگاربوونەوە کارتی دیکەی بە دەستەوە نییە. 

  • 1