ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا
ئەم ڕستەیەی سەرەوە لە چیرۆکێ (جلوبەرگی ئیمپڕاتۆردا) هاتووە. ئەم چیرۆکە بەناوبانگە کە بە دەیان زمان بڵاوکراوەتەوە لە نوسینی هانس کریستیان ئەندرسنە کە چیرۆک نووسێکی بەناوبانگی دانمارکە و بەرهەمەکانی بە نزیکەی 150 زمان بڵاوکراوەتەوە و بەشی هەرەزۆری چیرۆکەکانی بۆ منداڵان نوسیوە.
نوسەر لە چیرۆکی جلوبەرگی ئیمپڕاتۆردا باس لە ئیمپڕاتۆرێک دەکات کە تەنها بایەخ بە جلوبەرگ دەدات و داهاتی دەوڵەت بۆ کڕینی جلوبەرگ و خۆنواندن پێوەی لە بەردەم خەڵکدا خەرج دەکات. رۆژێکیان دوو بازرگانی ساختەچی دەچنە بن کلێشەی ئیمپڕاتۆرەوە و پێی دەڵێن کە ئەوان دەتوانن جلوبەرگێکی ئەفسوناویی نایابی بۆ بدوورن کە تەنها خەڵکی بلیمەت و ئەوانەی کە شایەنی ئەوەن لە پلەوپایەی دەوڵەتدا بمێننەوە، دەیبینن، و خەڵکی گیل و گەمژە و نەفام ئەو جلوبەرگە نابینن.
ئیمپڕاتۆر بەم پێشنیازە قایل دەبێت، و دوای چەند رۆژێک هەردوو بازرگان خۆیان بە درووست کردنی ئەو جلوبەرگە خەیاڵییە خەریک دەکەن، و دوواتر لە کۆشکی ئیمبڕاتۆر و لە بەردەم وەزیر و دەستوپەیوەند، هەردوو بازرگان ئیمپڕاتۆر ڕووت دەکەنەوە و بە شێوەی نمایشکردن گوایە جلوبەرگی نوێ کە بوونی نەبوو لەبەری ئیمپڕاتۆر دەکەن. ئیمپڕاتۆر بە ڕووتی نمایشی خۆی دەکات و وەزیر و دەستوپەیوەند بۆ ئەوەی سیفەتی گێلی و نەفامی نەدرێتە پاڵیان و بەو مەبەستەی لە کارەکانیان بمێننەوە، بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن: چەند جوان و نایابە جلەبەرگی ئیمپڕاتۆری گەورە و فریادڕەس.
ئیمپڕاتۆر وەک خوەکانی پێشتر و ئەو نەریتەی کە لە بابوباپیران بۆی ماوتەوە دەبوایە بە جلوبەرگی نوێوە نمایشی خۆی لە بەردەم جەماوەردا بکات، و یان بەو جلوبەرگەوە سەردانی توێژەکانی خەڵک بکات، بۆیە بڕیاردرا فیستڤاڵێکی جەماوەری گەورە ساز بکرێت و تیایدا ئیمپراتۆر بە جلوبەرگی نوێوە بەشداربێت.
کاتێک کەژاوەی ئیمپڕاتۆری ڕووت لەگەڵ دەستوپەیوەندەکانی لەبەردەم جەماوەردا نمایشی خۆیان دەکەن، ئاپوڕای خەڵک بە دەنگی بەرز ستایشی ئیمپڕاتۆر و جلوبەرگە نوێکەی دەکەن، و لە گەڵ موسیقای فەرمی و تەپڵی سەربازی ئامادەبووان دەیانوت چەند جوانە جلوبەرگی نوێی ئیمپڕاتۆر. لە چرکەیەکدا کە دەنگەکان کەم بوونەوە، منداڵێک لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی بە دەنگی بەرز هاواری کرد: بەڵام ئمپڕاتۆر ڕووتە و هیچ جلوبەرگی لەبەردا نییە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سەدان حوکمڕان و ئیمپڕاتۆر هەبوون کە لە نمایشەکاندا خۆیان بە فریادڕەس و قارەمان دادەنا، و لە غافڵی مێژوودا هەڵتۆقین و بە هۆی قوڵبوونی قەیران و نەهامەتییەکان و هاوکات لەگەڵ پڕوپاگندە و دەستتێوەردانەکان و ئاڵۆزی ململانییەکان و نەبوونی هاوسەنگی، و بە هۆی نەهامەتی خەڵک بە ناچاری ستایشی جلوبەرگەکانیانی کردوە. بەڵام ئەمە کۆتایی چیرۆکی حوکمڕانی نییە. ئەوەتا لە نێو ئەو هەرا و جەنجاڵی و پڕۆپاگندەیەدا منداڵێک دەڵی ئیمپڕاتۆر ڕووتە و هیچی لەبەردا نییە.
ئەم چیرۆکەی ھانس کریستیان ئەندرسن سەردانەکانی کازمی و خۆنمایشکردنی و بەشداریکردنی لە هەندێ کۆنفرانس و چاوپێکەوتنی رۆژنامەگەری خستەوە بیرم، و ئەگەر بە وردیش بیرکەینەوە هەردوو بازرگانەکەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە 2003 وە جلوبەرگی ئەفسوناوی بۆ سەرجەم ئیمپراتۆرەکان درووست دەکەن.
لە 2003 وە کە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس ڕووخا و گوایە پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێ درووست بووە، ئایا هەر دووای چەند سالێکی کەم ئەم پرۆسەیە ماوە؟!
ئەمە پرسیارێکی گرنگە بۆ لایەنە کوردستانییەکان چونکە مشروعیەتی بوون لە گەڵ دەوڵەتی عێراقدا لە ڕوانگەی ئەو پرۆسە سیاسییە بووە کە چەندین جار بەرپرسانی کوردستان باسیان لە پرنسیپی هەماهەنگی و هاوسەنگی و شەرکەتیان کردوە، کەچی سەرجەم حوکمرانانی عێڕاق لەمەڕ ئەو پرنسیپانە گوێی خۆیان داخستەوە.
جگە لەو پرسیارەی سەرەوە کۆمەلێک بابەتی دیکە دێتە پێشەوە لە سەرووی هەموویانەوە بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و گۆڕانکاری دیموگرافی بە جۆرێک خەڵکی کەرکوک هاواریان لێهەڵساوە، و هاوکات بابەتی ماددەی 140ی دەستور و ئەنجومەنی ئیتحادی و قەرەبووکردنەوەی خیزانی قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و چەکی کیمیایی بەکارهاتوو لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
ئەو بابەتانە لە گەڵ سەرجەم حوکمڕانانی عێراق دووبارە بۆتەوە، و ئەو حوکمڕانانەش لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان نوێنەری نەتەوەی بەهەژمون و سەردەست بوونە ئەوا لە هەمان کاتدا بەرامبەر خەڵکی عێراقیش نموونەیەکی ئێجگار خراپ بوونە کە لە سایەی حوکمڕانی ئەواندا گەندەڵی و تاڵان و نەبوونی خزمەتگوزاری و برسێتی و هەژاری و زیادبوونی دەسەڵاتی بۆرژوای مشەخۆر و زیادبوونی دیاردەی تیرۆر و ڕشەکوژی، بەردەوام زیادیکردوە.
لە عێراقدا تا ئێستا حوکمی میلیشیا و بکوژانی چالاکەوانانی مەدەنی و بەشداربووی خۆپیشاندان و ڕفاندنییان و کوشتنی ژنان و دیاردەی تاوان، بەردەوامە. بەرپەچدانەوەی حوکمڕانانی عیراقیش گوتاری ڕۆژنامەگەری و ئاخافتنی کۆنفرانسەکان و بەشداریکردن لە پرسەی چەند قوربانییەکی تیرۆری دەستی میلیشیاکانی تێنەپەڕاندووە.
شێوازی حوکمرانی لە عێراقدا بۆتە ئەو زنجیرە تەلفزیۆنانەی کە هەردەم تەواو بوونی نییە، و تەنانەت داڕشتنی سیناریۆکەی لە یەکتر دەچن چونکە کاتێک ئەکتەرێک بە هەر هۆکارێک توانای نامێنێت، یەکێکی دیکە هەمان ڕۆڵی ئەو دەبینێت.
لە کابینەی پێشتری حکومەتی بەغدا کاتێک عادیل عبد المهدی کرایە سەرۆک وەزیران و هەموو فراکسیۆن و لایەنەکان پشتگیریان دەکرد، سەبارەت بەو کابینەیە وتارێکم بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی " لەدارێکی خواروخێچ چاوەڕێی سێبەرێکی ڕاست و درووست ناکرێت" نوسی.
ئێستاش هاتنی ئەم کابینە نوێیەی عێراق چیرۆکەکەی (هانس کریستیان ئەندرسن)م دێنێتەوە بیر

  • 1