ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دووەم

مەكتەبی هەرێمی كوردستان دوپاتی لەسەر مەكتەبی مەحەلی كردۆتەوە كە دەبێت بێنە دەرەوە، لەگەڵ هاوڕێ ئارام رێكەوتین كە لە 1/6/1985 بچینە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێیانی لێژنەی قەزای دەوروبەر و مەخمور بین، شەوی 1/6/1985 لە ماڵی هاوڕێ محمد مولود كە لەگەڕەكی صەداماوە بوو ماینەوە و، بۆ بەیانی كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ ئاوو هەوا تەواو گەرم بوو، بەپیادە و بەلارێدا بەرەو گوندی مامزاوە بەرێكەوتین، ئێستاكە ئەم گوندە گەڕەكێكە لە شاری هەولێر... لەم كاتەدا كە بەدووری 700م 800م لە رۆژئاوای بازگەی رێگای مەخمور دەرۆیشتین و، هەریەكەو دەمانچەیەكی چواردەخۆمان پێبوو سوارمان كردبوو، هەر لە كاتی رۆیشتن هەستم كرد( تەقینەرەكەی، كوتكەكە)ی دەمانچەكەم لە شوێنی خۆی ترازا، بەڵام گوللەی دەمانچە نەتەقی، دەستم خستە سەر تەقێنەرەكە و لەسەر دەرزیلەكەی دەمانچەكەم بەرزكردەوە بۆ شوێنی خۆم بردەوە، هاوڕێ ئارام ووتی ئەوە چی یە ؟ ووتم تەقێنەرەكەی دەمانچەكەم لەشوێنی ترازاو دەبوو گوللەكە بتەقێ و لەوانەبوو گوللەكە بەڕانم بكەوێت و تووشی گرفت بووینایە، بەڵام باشە بەرێكەوت كراسەكەم كەوتۆتە نێوان كوتكەكەو دەرزیلەكەی دەمانچەكە و گوللەكە نەتەقیووە، هاوڕێ ئارام پێكەنی و ووتی چۆنە ئەم جارە بەخت یارمان بوو، لەگەڵ هاوڕێ ئارام گەیشتینە گوندی مامزاوەو یەكسەر بۆ ماڵی هاوڕێ محمد بابەكر چووین، هاوڕێ محمد لە ساڵانی حەفتاكان ئەندامی لێژنەی قەزای مەخمور بوو، ماڵەكەی لە مامزاوە بەردەوام كراوەبوو لەبەردەم هاورێیان و حەوانەوەیان، هەروا هاوڕێ محمد سیارەیەكی هەبوو، زۆرجار بۆ كاری حزبی بەكارمان دەهێناو، ناوە ناوەش پۆستەی حزبی بەسیارەكەی دەگوازستەوە، ئێمە لەمامزاوە ژوانمان لەگەڵ هاوڕێ سالار هەبوو، لەماڵی هاوڕێ محمد بابەكر ماینەوە، دوای نوێژی شێوان لەماڵ دەرچووین و لەكات و شوێنی دیاریكراو و لەگەڵ هاوڕێیان سالار و هاشم و مام وسو یەكمانگرتەوە، بەخۆشی و گەرم و گوڕی یەكترمان لەباوەش گرت و دڵخۆشی خۆمان بە دیداریان دەربڕی، ماوەیەكی درێژبوو لە یەكتر دابڕابووین، ئیتر من و هاوڕێ ئارام بوینە پێشمەرگەی ئەوان و هەرچییەكییان پێشنیار بكردایە دەبوو جێ بەجێ بكەین، هاوڕێ سالار ووتی ئەم شەولێرە دەمێنینەوە و، ماڵی رێك و پێكمان هەیە، لەبەر ئەوەی هەندێ كارمان هەیە جێ بەجێیان دەكەین، چووینە شوێنی مانەوەمان و ماڵی هاوڕێیەكی حزبمان بوو، نەمان پرسی كێ یەو ناوی چی یە، چونكە ئەوكات كاری حزبی وا ئەنجامدەدرا، هەموو كارو كردەوەیەك نهێنی بوو، خانەوادەیەكی رێك وپێك و دڵسۆزو میواندروست بوون، بەروو خۆشییەوە پێشوازییان لێكردین، شەو لەلایان ماینەوە و بەیانی هاوڕێی خاوەن ماڵ بۆ كارەكەی رۆیشت و ئەوانەی تر كە كارییان نەبوو لە ماڵ مانەوە، ئێمەش هەر پێنجمان لە ژوورێكی تایبەت بووین و رۆژی 2/4/1985 مان بەرێ كرد، ئێوارە هاوڕێ سالار ووتی، هەوڵدەدەین شەو بەسیارەیەك تاكو نزیك گوندی هێلەوە بچین، بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ دەشتی دروست بكەین و خۆمان رادەستی ئەوان بكەین، دیارە دەبوو هەروابێت، چونكە ئەوان لەو ناوچەیە بەرپرس بوون، لەكاتی دیاریكراو، شەو گەیشتینە ماڵی هاوڕێ دەشتی كەلە گوندی هێلەوەبوو، پێشوازی لێكردین و شاد و دڵخۆش بوو بە كەیشتمان بۆ لایان بەبێ گیروگرفت، دوای پێشودان هاوڕێ دەشتی ووتی بارودۆخەكەی ناوچەكەمان نالەبارو و خراپە بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی زۆر تێدایەو، بەبێ گیروگرفت و بە ئاشكرا رۆژانە لەم گوندانە دەسوڕێنەوە، دۆست و لایەنگری زۆریشیان هەیە و یارمەتییان دەدەن و چاودێری دۆست و لایەنگرانی ئێمە دەكەنو، هەر جوولەیەك بكرێت لەگوندەكان ئاگاداری بەرپرسەكەنییان دەكەن، بۆیە دەبێت تەواو وریابن و بەرۆژ دەرنەچین، پیاوانی فەرمانگەی ئەمن و بەعسیش بوونیان لە ناوچەكە هەیە، بەردەوام بوو، ووتی ئەم شەو لێرە دەبین و سبەی شەو هاوڕێیان م. گۆران و كاروان كادیریش دێن و ئینجا بڕیار دەدەین چ بكەین و چۆن بژین؟ تارێگای گەڕانەوەمان بۆ ناوچەی بارزان بۆ رێكدەخرێت...

بەیانی هەر لەماڵی هاوڕێ دەشتی بووین، دوای نوێژی شێوان لەماڵ دەرچووین و لەنێوان گوندی گرد عازەبان و هێلەوە لە كات و شوێنی دیاركراو لەگەڵ هاوڕێ م. گۆران و كاروان كادیر یەكترمان گرتەوە ئەوان كە بەرپرسی ناوچەی دەشتی هەولێر بوون، شەو چووینە گوندی كرد غازەبان و بەسەر دوو ماڵی هاوڕێیان دابەش بووین، ناوی هاوڕێی خاوەن ماڵمان نەدەزانی و شەو درەنگ بوو یەكسەر خەوتین، بەیانی لەگەڵ مەلا بانگدان هاوڕێ دەشتی بەدوامان هات و لەگوند دەرچووین، هاوڕێ دەشتی ئاگاداری كردین كە دەچینە زوورگ نزیك كانی چارداغ و لەكەندەكان خۆمان دەشارینەوە، بەرەو شوێنی مەبەست بەڕێكەوتین و لەكاتێكی گونجاو گەیشتینە كەندەكە و شوێنی خۆمان گرت، زەوی كەندەكە هەموو بەردە زورگ و چەگل و قوم بوو، تا دەوروبەری كاتژمێر یازدەی بەیانی رۆژگەرم بوو، تەواو بەردەكان و چەگل و قومەكە گەرم داهات و، بەرگەگرتنی ئەو گەرمییە زۆر سەخت و دژواربوو، ئاوی مەتارەكانمان بەرەو كۆتایی بوو، هاوڕێیان هەموومان ئاراممان نەماو، زەوییەكە هەندەگەرم داهات توانای دانیشتمان نەبوو، هاوڕێ دەشتی پێشنیاری كرد كە بچینە سەركانی چارداغ باشترە لەبەر ئەوەی ئاوی هەیە و كاتەكەش بەرەو كاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ دەچێت و، ئاو و هەوا زۆر گەرمە هاتوچۆی خەڵك نی یە، هاوڕێ دەشتی بەرەو كانی چارداغ رۆیشت و ئێمە لەدواوەی بووین و، لەدوورەوە كۆریتێكی لە پوش دروستكراو لەنزیك كانی یەكە دەركەوت، هاوڕێ دەشتی ووتی هی راوچی سوسكەیە، ئەگەر لەناو كۆریتە بێت، بۆ ئێمە دەبێتە گیروگرفت و نابێ رێگای بدەین بروات، لەكۆریتەكە نزیك بوونەوە، لە هیكرا پیاوێك لەناو كۆریتەكە دەرچووە دەرەوە بەر لەوەی ئێمە سڵاوی لێبكەین، پیاوەكە ووتی یاخوا بەخێر نەیەن، راوەكەم لێ تێكچوو، ئێستاكە كاتی ئەوە بوو سوسكە بۆ ئاو خواردنەوە بێتە سەر كانی، ئەوە ئێوەیان دیت تازە نایەن، كابرا لە دەوروبەری كانییەكە داوی دانابۆوە، ئێمە گوێمان بەقسەی كابرا نەداو هاوڕێ دەشتی دڵیدایەوە و، باسی تینویەتی خۆمانی بۆ دەكردو، ئێمە هەندێ ئاومان خواردەوەو هەندێ ئاوامان بەدەم و رووماندا كرد و تۆزێك ئارام بووینەوە، هاوڕێ دەشتی بەكابرای ووت خەم مەخۆ، ئێمە پێشمەرگەی شیوعین و پارەی سوسكەكانت بۆ دەژمێرین، نابێت تۆ زەرەر بكەیت، كابرا ووتی زۆر سوپاستان دەكەم من خەم بۆ پارە ناخۆم، بەڵام كەراوەكەم لێتێكچوو بەرچاوم رەش بوو، لەوانەیە لەبەر توڕەییم قسەی خراپم كردبێت، ئێوە تووڕەمەبن، ئیتر هاوڕێ دەشتی لەگەڵ كابرای راوچی رێكەوت و نانی نیوەڕۆمان بەیەكەوە خوارد. بە دەوربەری كاتژمێر چواری ئێوارە هاوڕێ دەشتی بەكابرای راوچی ووت كەی دەرۆیتەوە بۆ شار، كابرا پێكەنی و ووتی ئێوە راوەكەتان تێكدام و سەرتان خۆش، تازە برۆم و نەڕۆم بۆمن وەكو یەكە... ئێوە ساغ بن و من قوربانی ئێوەبم... چاوەڕوانی سیارە دەكەم، بەدوامدا دێت... ئێمە هێدی هێدی لەكانی چارداغ دووركەوتینەوە، هاوڕێ م.گۆران و دەشتی و كاروان كادیر سەرپێی دیدارێكیان سازداو، پاشان ئاگادارییان كردین كە ئەوان هەندێ ئەركی حزبییان هەیە و دەبێت ئەنجامی بدەن، بۆیە ئەم شەوو بەیانیش لێكدرادەبڕێین. 

  • 1