ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەپێی هەواڵە فەرمیەكان، ڕێكارە كارگێڕی و تەكنیكییەكانی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت، تەواوكراوەو ئێستا لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆئەوەی ئەم كەرتەش بدرێت بە كەرتی تایبەت. وەك سەرۆكی حكومەتیش رایگەیاند: ئەوان خاوەنی سیستەمێكی سۆسیالیستی یا كۆمۆنیستی نین تا گرنگی بە كەرتی گشتی لە پێناو بەرژوەەندی گشتی بدەن، لێرەدا ئەو بەروونی شوناسی ئیتلافی حكومران و دەسەڵاتی باسكرد كە ئەم دەسەڵات و حكومەتە هی خەڵكی هەژارو كرێكارو فرمانبەرنیە، بەڵكو حكومەتی پاسەوانی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاو سەرمایەدارەكانە نەك زۆرینەی خەڵك، پێشتریش سێكتەرەكانی تەندروستی و خوێندن و ئاو و بەشێك لە كارەكانی وەزارەتی داد و پشكنینی ئوتومبێل و خزمەتگوزارییەكانی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خۆشاك و پارك و شوێنی یاری هتد .. لە كەرتی گشتییەوە درا بە كەرتی تایبەت، واتە ئەم بڕیارە درێژكراوەی كارەكانی تری حكومەتە كە هەمووی هەڵگری یەك دیدگای بەرێوەبردنە . گواستنەوەی ئەم كەرتانە بە رووی دەرەوە لە ژێر ناونیشانی (بەرژەوەندی گشتی و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانە) بەڵام لە ناوەوەو لە جەوهەری پرۆژەكەدا بۆ بەرژەوەندی كەمینەی دەسەڵاتدارو سەرمایەدارەكان لەومۆدێلەی كوردستان ناتوانین ناوی بازاری ئازادیشی لێ‌ بنێین چونكە تەماحی ئەوان ئەوێشی داگیركردووە . 

بەتایبەتكردن (الخصخصە،Privatization ) چەندین جۆری هەیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت بریتییە لە بەتایبەتیكردنی رەها، واتە گواستنەوەی موڵكی گشتی و حكومەت بۆ كەرتی تایبەت لە زۆربەی زۆری كەرتەكان هەنگاو بەهەنگاو تا دەچێتە قۆناغی بە تایبەتیكردنی رەها.ئەمە لە كاتێكدا لە ناوەندە سەرمایەدارەگەورەكان خزمەتگوزارییە گرنگەكان هێشتا لە لای كەرتی گشتییە. 

ئەم گواستنەوەیە جەوهەری ئابوری و سیاسی هەیە كە پێی دەگوترێت سیاساتی ئایدۆلۆژیای (نیولیبرالیزم ) لەماوەی دەسەڵاتی (ریگان و تاتشر ) فەرزكراو چووە بواری كرداری و دواتر رۆژ لە دوای رۆژ بەشێكی زۆری وڵاتانی رۆژئاوای گرتەوە، كۆی ئەم گواستنەوەیە پرۆسەیەكە بە فەرمانی زلهێزە سەرمایەدارەكان و سەرپەرەشتی راستەوخۆی سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی بە هاوكاری راستەوخۆی دەسەڵاتی ناوەخۆ ئەنجام دەدرێت وەك لای خۆمان كە شوناسێكی بۆرژوازی مشەخۆری پاشكۆی وەرگرتووە.

لێكەوتەكانی لە دوای گۆرینی پەیكەری ئابوری لە ئاستی جیهانی ناوەخۆش بریتی بوو لە كەم كردنەوە یا نەمانی بیمە كۆمەڵایەتییەكان و خزمەتگوزارییەكانی تەندورستی و خوێندن هتد... نەمانی رۆڵی حكومەت لە بەر پرسیارەتی كۆمەڵایەتی و فەرزكردنی باج و رسومات لەسەر هەموو خزمەتگوزارییەك كە پێشوو بەخۆرایی یا نرخی رەمزی بوو، سەرەنجام بەرزبونەوەی رێژەی بێكاری و هەژاری و دابەزینی داهاتی تاك و ناوەندی تەمەنیشی لێ‌ كەوتەوە . 

ئەم پرۆژەیە لەگەڵ خۆیدا رووبەرووی رەتكردنەوەیەكی جەماوەری بەرفراوان بوو لەسەر ئاستی ناوەخۆ و جیهانی، بەتایبەتی لە ئەمریكای لاتین پارتە چەپە و كۆمۆنیستەكان بە هاوكاری سەندیكاو رێكخراوە جەماوەرییەكان راستەوخۆ رووبەووی دەسەڵاتداران بوونەوە. 

لە هەرێمی كوردستان دژ بە تایبەتیكردنی موڵكی گشتی و پاڵپشتینەكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەتایبەتی لە سێكتەری تەندروستی و خوێندن و كارەبا و هتد ... دەیبنیین لە ئاستێكی فراوانی جەماوەری نارەزایەتی دروست بووە، ئەم نارەزایەتییەكۆمەڵایەتییە لە ئاستی هاشتاك و خۆپیشاندانی ئەلیكترۆنی نامێنێتەوە بەڵكو بۆ سەر جادەو رووبەروو بونەوەی دەستەویەخە دەچێت . لایەنە چەپ و كۆمۆنیست و دیموكرات و ئازادیخزازەكان بۆ ئەم تێكۆشانە جەماوەرییە دەستیان بە ئامادەكاریكردووە، ئەوە كارێكی ئێجگار گرنگە و پێویستە لە ئاستێكی فراوان و بە بەشداری هەموو هێزە كۆمۆنیست و چەپەكان و چین و توێژەكان بێت دوور لە عقلیەتی بەرتەسكی حزبی مامڵەی لەتەكدا بكرێت، بەڵام لەوەش گرنتر نابێت تەنیا لە ئاستی رەتكردنەوەی ئەم بڕیارە قەتیس بێت چونكە دواتر هەر خۆی دەبێتە هۆكاری بەرهەمهێنانەوەی دۆخی فەرزكراو، ئەزمونی تێكۆشانی جەماوەری و كۆمۆنیستەكان پێمان دەڵێت هاوكات لەگەڵ رووبەرووبونەوەدا، لە هەكبەكەماندا خستنەرووی پرۆژەیەكی فكری ئابوری سیاسی لە چوارچێوەیەكی رێكخراودا بۆ هێنانەدی دوونایەكی باشتر پێویستەو دەبێت وەك بەدیل بخرێتەروو.

  • 1