ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حاڵەتەکانی پەلاماردان و دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکان، بەردەوام لە نەخۆشخانە حکومییەکانی ئێمە دووبارە دەبنەوە و هەموو جارێکیش وەزیری تەندروستی، داوای لێکۆڵینەوە و سزادانی کەسەکان دەکات. بەبێ ئەوەی جارێک گوێ لە خاوەن مردووەکە، یاخود ئەو کەسە بگیرێت کە ئازیزێکی لە دەستداوە و کەوتۆتە کاردانەوەیەکی دەروونی لەو شێوەیە. چونکە دەبێ وەزیری تەندروستی کە بەردەوام باس لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەکات، ئەو ڕاستییە بزانێت کە هەموو پزیشکان، فریشتە نین و هەمووان وەک یەک نەخۆش نالاوێننەوە. بەڵکو هەیانە، بەوپەڕی کەمتەرخەمی و گوێ پێ نەدانەوە، دەڕوانێتە نەخۆش و هیچ بەلایەوە گرنگ نییە لە مردن ڕزگاری بکات. بێگومان هیچ کەسێکیش هەست بە خەم و ئازاری کەسێکی تر ناکات، ئەگەر خۆی هەمان خەم و ئازاری نەبێت. بۆچی ئەو کەسەی پەلاماری پزیشک دەدات، لە ناو نەخۆشخانە و لە میانەی نەخۆشکەوتنی ئازیزێکی ئەو کارە دەکات؟ بۆ لە سەر شەقام و لە کات و ساتی تر، هیچ هەڵوێست و ڕق و قینەیەکی بەرانبەر بە پزیشکەکە نییە؟ ڕەنگە ئەم وەڵامە پێویستی بە هەڵوەستەکردن نەبێت، چونکە دەبێ بزانین هەموو کاردانەوەیەک، دەرەنجامی کارێکە بە دیوێکی ئەرێنی یاخود نەرێنی. لە ڕاستیدا مرۆڤ کە نەخۆش دەکەوێت، دەکەوێتە بارێکی دەروونی و ڕۆحی جیاوازەوە کە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە دڵنەواییکردن و تەماشاکردنیەتی بە چاوێکی سۆز و ژیاندۆستانە. لەو ساتانەدا، نەخۆش کەسێکە داماو، بێدەسەڵات، غەریب و لە چاوەڕوانی فریادڕەسێکە، کەمێک لە ئازارەکانی کەم بکاتەوە. بۆیە نەخۆش هەر تەنیا پێویستی بە چارەسەری فیزیکی و داودەرمان نییە، بەڵکو لەوە زیاتر پێویستی بەلاواندنەوە و سۆز و میهرەبانییە. جێگەی داخە لە نەخۆشخانەکانی ئێمە بەگشتی و لای بەشێکی هەرە زۆری پزیشکان، ئەو بایەخدانە دەروونییە نییە و نەخۆش وەک هەر کەسێکی دیکەی ئاسایی و ساغ دەبینرێت. ڕەنگە پزیشک نەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی کەسە نزیکەکانی هەموو نەخۆشێک، بەڵام دەتوانێت بە ڕەفتار و مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستانەوە، ئەو هەستە لای نەخۆش دروست بکات، کە لە خەمی ژیان و تەندروستی ئەودایە و هاوسۆز و هاوخەمییەتی و لە جێگەی باوک و برا و کەسوکارەکەیەتی. چونکە هەموومان دەزانین، چارەسەری هەموو نەخۆشییەک، هەر تەنیا پەیوەست نییە بە جۆری ئەو چارەسەرییە فیزیکییەی پێی دەدرێت، بەڵکو ئارامکردنەوەی دەروونی و پاڵپشتی ڕۆحی و جەستەییشی پێویستە. بەڵام ئایا ئەوە لە نەخۆشخانە حکومییەکانی ئێمە و لای پزیشکانی ئێمە هەیە؟ بەبڕوای من نەخێر. دەکرێ بڵێین بەشێکی زۆر لە پزیشکانی ئێمە، دوو کارەکتەر و دوو ڕەفتاری جیاوازییان هەیە لەگەڵ نەخۆش، کە لە نۆڕینگەی تایبەتی خۆیاندا سەردانییان دەکەی، هەست بە کرانەوە و گوێگرتن و هاوسۆزییەکی زۆر دەکەیت وەک نەخۆشێک، بەڵام هەمان ئەو پزیشکە، ئەو هەستەی نییە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا کاتێ دەیبینیت. لێرەوەش وەڵامەکەی دیارە و پێویست بە شرۆڤەکردن ناکات. ڕەنگە پاساو ئەوە بێت، کە ڕۆژانە بە هەزاران نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و پزیشکان ناتوانن هەمان ئەو ڕەفتارانە بنوێنن، وەک ئەوەی لە نۆرینگەی تایبەتی خۆیان دەیکەن، بەڵام ئەمە زۆر نالۆژیکییە، چونکە ئەرکی یەکەم و کۆتایی پزیشک خزمەتکردن و چاودێریکردن و دواجاریش چارەسەرکردنی نەخۆشە. وەک چۆن هەموو توێژەکانی تریش، هەریەکەیان بەپێی ئەو ئەرکەی بۆیان دیاریکراوە، کار دەکەن. بۆیە نەبوونی ئەو هاوسۆزیی و میهرەبانی و کەمتەرخەمیکردن لە پاراستن و گرنگی پێنەدانی گیانی نەخۆشێک، یەکێکە لەو هۆکارانەی وا لە کەسوکاری نەخۆشەکە دەکات بکەوێتە کاردانەوەی دەروونی و هێرش بکاتە سەر پزیشکان. بۆنموونە: ئێستا لە ناوەندە تەندروستییەکانی ئێمەدا، فۆبیایەکی گەورە لای خەڵکی دروستکراوە، لە پەراوێزی نەخۆشی کۆرۆناوە. ئەمە لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتەکانی دیکەی دنیا، کە ئەو نەخۆشییەیان بە قورسی تێدا بڵاوبووەوە، ژیان ئاسایی بۆتەوە. ئەم فۆبیایە، هەستێکی لای هەموومان دروستکردووە، کە لە بەر کۆرۆنا و تا ئەو نەخۆشانە هەبن، ئەوان لە پێشینەن. ئەم فۆبیایەی تەندروستی لای خەڵکی ئێمەی دروست کردووە، زێدەگۆییەکی زۆری تێدایە و بڕوام وایە مەبەستدارە. ناکرێ زیندووەکان بکەینە قوربانی کەسانێک کە لە سەرەمەرگدان. یاخود چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کە بەهۆی نەخۆشێکمەوە لە فریاکەوتنی خۆرهەڵات بووم، تەنیا شەش چارپا، بۆ چاودێری نەخۆشانی چڕ هەبوو. کە دەبووایە چاوەڕوان بکەیت تاکو یەکێکییان گیان لە دەست دەدات، ئەوکات نەخۆشێکی دیکە ببردرێتە شوێنی ئەو کە پێویستی بە چاودێری چڕ هەبێت. لەکوێی ئەم دنیایەدا، نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن، بێ چارپای چاودێری چڕە و دەبێ چاوەڕوان بیت تا نەخۆشێک دەمرێت، ئەوسات نەخۆشێکی دیکە بچێتە شوێنی ئەو؟ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا، چاوەڕوانی چی لە کەسوکاری نەخۆش دەکەیت؟ ڕق و پەلاماردانی پزیشکان، یاخود گوڵ بارانکردنییان؟ هەموو کەسێک توانای ئەوەی نییە نەخۆشەکەی بباتە نەخۆشخانە تایبەتییەکان. بۆیە ئەرکی وەزارەتی تەندروستییە هەموو پێداویستییەک بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکات. چەند مانگێکە ئامێری ئێم ئای ئار، لە هەردوو نەخۆشخانەی ئاشتی و منداڵان لە سۆران لە کارکەوتووە. مەگەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستی چییە، هەر تەنیا باسکردنی حیکایەتی کۆرۆنایە؟ هەر تەنیا ترساندنی خەڵکە؟ یان دابینکردنی پێداویستی؟ دەبێ هەموو کات وا بڕوانینە کایەی تەندروستی، کە ئامێر و پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی، زۆر لە داواکاریی و پێداویستی خەڵکی زیاتر بێت. دەبێ گریمانەی ئەوە دابنێین، کە هەمووان تووشی پەتایەک دەبن و هەمووان پێویستییان بە چاودێرییە. نەک نەخۆشخانەیەک ئەگەر چەند نەخۆشێکی کۆرۆنای هەبوو، ئەوا شوێن بۆ نەخۆشەکانی تر نەمێنێتەوە. خاڵێکی دیکە هەر پەیوەست بە دۆخی نەخۆشخانەکان کە بە پێویستی دەزانم باسی بکەم ئەوەیە، کە بەداخەوە نەخۆشخانە حکومییەکانی ئێمە، پڕکراون لە دکتۆری موقیم. هەمووشمان دەزانین، جیاوازییەکی یەکجار گەورە لە ڕووی زانیاریی تەندروستییەوە، لە نێوان پزیشکێکی پسپۆڕ و موقیم هەیە. چونکە موقیمەکان، وەک ڕاهێنەرێکن کە لە سەرەتای فێربوونی پیشەیەک دابن. ئەوانیش زانیارییەکی کەمییان هەیە و دەبێ بە مۆبایل و مەسنجەر و نامە لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ ڕاوێژ بکەن و پرسیار بکەن، ئەوکات بڕیار لە بارەی جۆری چارەسەری نەخۆشێک دەدەن. لە زۆر کاتیشدا، تا ئەو بێنەوبەردەیە تەواو دەبێت، نەخۆش دەمرێت و کەسوکارەکەشی بەهۆی لە دەستدانییەوە، دەکەونە کاردانەوە. ناکرێت وەزارەتی تەندروستی، پزیشکی موقیم وەک پزیشکی هەموو جۆرە نەخۆشییەک و هەموو جۆرە حاڵەتێکی لە ناکاو ببینیت، چونکە زانستی پزیشکی، لە سەر بنەمای تایبەتمەندی پۆلێن کراوە. بەپێی ئەو تایبەتمەندییانە، نەخۆش دەبینرێت و چارەسەرەی بۆ دەکرێت بۆیە دەبێ هەمیشە پزیشکی پسپۆڕ و ڕاوێژکار لە نەخۆشخانەکاندا هەبن و هەموو کاتێکیش هەموو نەخۆشخانەیەک، وەک ناوەندێکی ئێمێرجنسی ببینین. ناکرێت نەخۆشێک کە نۆرەی مێشک لێیداوە، لە سۆرانەوە ڕەوانەی هەولێر بکرێت، لە کاتێکدا ئەم جۆرە نەخۆشییە، بە خولەک کاریگەریەتی لەسەر مان و نەمانی نەخۆشەکە هەیە. بۆ دەبێت نەخۆشخانەیەکی گەورە و جوان و سەرنجڕاکێشی وەک ئاشتی هەبێت، کە لە دوورەوە دەیبینیت، وا هەست دەکەیت چارەسەری هەموو جۆرە نەخۆشییەکی لێ دەکرێت، بەڵام بۆ حاڵەتی فریاکەوتن و مەترسیداری تەنانەت زۆر ئاساییش، نەخۆش ڕەوانەی هەولێر بکات؟ بەبێ ئەوەی کەس گرەنتی ئەوە بکات کە تا دەگاتە هەولێر دەمرێت یاخود نا؟ ئایا نەخۆشان پێویستییان بە باڵەخانەی جوان هەیە، یان پێداویستی پزیشکی؟ کە نەخۆشخانەیەک هەبوو، دەبێ ستاف و پێداویستی لۆجستی و دەیان هۆڵی نەشتەرگەریی و دەیان بەشی فریاکەوتنی دەستبەجێ و مەترسیدار و دەیان ئەمبۆڵانسی ئامادەی تێدا بێت. ئەم شێوازە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، مۆدێلێکی بەسەرچووە لەجیهاندا، کە تەنیا نەخۆشخانەیەکی گەورە، بە کۆمەڵێک پێداویستی سەرەتاییەوە هەبێت. ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتوو و بگرە دواکەوتووەکانیشدا، نەخۆشخانەکان وەک ناوەندێکی ئێمێرجنسی بیست و چوار کاتژمێری کراوە  دەبینرێن. نەک شوێنی چارەسەری سەرەتایی و فریاگوزاری ئاسایی خێرا. چونکە ئەرکی نەخۆشخانە و پزیشکان، تا ئەوپەڕی هەوڵدانە بۆ ڕزگارکردنی گیانی نەخۆشێک لە مەرگ. ئەرکی پزیشکان ململانێکردنە لەگەڵ کات، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا، زۆرترین مەترسی بە خێرایەکی کەم، لە سەر گیانی نەخۆشەکە کەم بکەنەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی کە کەمترین پێداویستی چارەسەری لە شێوەی حەب و دەرمان و دەرزی، لە نەخۆشخانە حکومییەکان هەیە. دەبێ نەخۆش کاتێ ڕەچەتەی چارەسەرییەکانی لای پزیشک دێنێتەوە، بڕوا و لە نۆڕینگەکانی دەرەوە چارەسەرەکان بکرێت. کە ئەمەش کەموکورتییەکی دیکەی کەرتی تەندروستییە لە ناو ئێمەدا. سەرنج بدەن، بە هەزاران دەرمانحانە و نۆڕینگەی پزیشکی لەو هەرێمەی ئێمەدا هەیە و  هەمووشیان جمەیان دێت لە خەڵک. ئەمە نیشانەی چییە؟ نیشانەی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویستە لە ناوەندە تەندروستییەکاندا. نەخۆشێک و کەسوکارەکەی، کە هەزاران کێماسی لەو شێوەیە دەبینن، ئەوکات ڕق و تووڕەیی خۆیان بەو دەزگایە و بەداخەوە فەرمانبەرەکانی دەڕێژن. ئەمە ڕەوایەتیدان نییە بەو حاڵەتانە، کە هەموو جۆرە پێشێلکارییەک بەرانبەر پزیشکان دوورە لە ئاکاری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی. بەڵام ئەمە ڕاستییەکە، کە هاووڵاتییان تووڕەیی خۆیان لەو هەموو کەموکورتییانەی سێکتەری تەندروستی و نەبوونی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزاریی و سەرکەوتوو، بەوان دەڕێژن.

 

  • 1