ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەو کاولستانەی ناومان ناوە نیشتمان هەموو شتێک پێدەڵێت: بمرە!، چونکە بۆ مشەخۆر و ماستاوچی و حەنچەکان بەهەشتە و خۆشی و لەزەتەکانی بێ کۆتایین، بۆ بەشەکەی دیکەی کە ئێمەین دۆزەخێکە نە سەری هەیە و نە بن!.

خەمەکانی ئەو کاولستانە لە سایەی حکوومەتی کوردییەوە چین و چۆن ڕێنمایمان دەکەن بۆ مردن.

* کارەبا... هەر خەونە و قەد چاک نابێ و نابینین و خارە ئەدیسۆن هەی بابانت کۆربی ئەتوو لۆ ئەو دنیایەت ڕووناک کردەوە ئەمە لۆ خۆمان عاشقی لەمپا و فانووس بووین.. ئێ دەبا بمرین ڕووناکی و کارەبامان لۆچبوو لە 24 سەعات 5 سەعات کارەبامان هەیه و هەر مانگە و 100 هەزار دەدەین ئێ دە بمرە...

* نەوت... 100 کێلگەی نەوتیمان هەیە و دڵۆپێکیشمان بەر ناکەوێ.. عەزیز ئێ دە بمرە!.

* مووچە... ڕۆژمێر و ساڵی لێ تێکداوین و ساڵی لە 12 مانگەوە کردووە بە 9 مانگ و لەسەر پشتی کیسڵەوەش بەلەنجە و لار دێ... کازم لە بەغدا بغەزرێ سەنتێک نابینی!، (عەمر کورت) دە بمرە!.

* تیڤیەکان..سەر دێڕی یەکەم و کۆتا هەواڵی تیڤیەکان چین، لە دۆکان دوو گەنج خنکان، له پێکدانێکی هاتووچۆدا خانەوادەیەک بە تەواوی گیانیان لەدەستدا، منداڵێکی 6 ساڵان دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر، تۆپبارانی سنوورەکانی کوردستان بەردەوامە، حەشدی شەعبی هەڕەشە لە کورد دەکات، داعش گەیشتە مەلا عەبدوڵا، کچە ئێزیدیەکی شنگال بەهۆی ئەتکردنیەوە لەلایەن داعش خۆی کوشت، مەلای مزگەوتی گەوره تیرۆرست دەرچوو!... ئێ چیت پێدەڵێم: مەردبە و خۆت نەجات بدە و بمرە!.

*  پەرلەمان.. خوێندنەوەی یەکەم بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی جگەرە و کەمەربەندی ئۆتۆمبێل کرا، بەروار بۆ ڕێککەوت گۆڕدرا، مووچەی کەم ئەندام بڕا و ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتار دەکڕێ و سبەی دەخرێتە دەنگدانەوە، سۆران عومەر و تاقمەکەی نەوەی نوێ لە پڕۆژەی چاکسازی هیچیان پێ نیە، بۆ موزایدەکردن هۆڵی پەرلەمانمان جێهێشت!..

کوڕە ده بمره دەنگدەردە بمرە!.

* باج... باجی ئۆتۆمبێل و خانوو تا دێ بەبێ هۆکار لە زیادبوونە و کامێرایەکی هاتووچۆش هەیە پشتی سەری کەچەڵ دەگرێ و بە پۆستکارت لە فایلی شوفێر دادەنرێت و دەبڕۆ مووچەکەت ببەخشەوە هاتووچۆ و لەوێشدا بمرە!.

*  گۆڕستان.. مەترێ عەرزی قەبر بە 300 هەزارە لە گۆڕستانی (کەس - نەزان)، ئەوەش داهێنانی شارەوانی حکوومەتەکەی کوردستانەو صین و یابان لە کێون وەرن لێرە فێرە کەسابەت بن... ئێجا چم گۆ دە بمرە هەی هەش بەسەر بمرە! .

*  تەندروستی.. لەو پیرە هەولێرەی 50 بنکەی تەندروستی هەیە و دەنکێک حەبی (پاراستۆل) و دەرزیەکی موسەکینی تێدانیە و سەدان ملیۆن دۆلاریش لۆ ئەو کەرتەی خەرج کراوە و عەقڵیشیان نەگری بە دەرزیەک 30 کەست لۆ کۆر دەکەن.. دەوا و دەرمانیشت نیە مار وێران ئێ دە بمرە!

* پەروەردە... سیستەمی سویدیە و لەو زستانەدا یەک سۆپای نەوتی نیە منداڵ لەسەرمان تەزیە و هەوکەش لەگەڵدابی تەختە ڕەشکردنەوە و ساحە خاۆێنکردنەوە عایدی قوتابیە! و تەخەرویجیش بکەی قوربان دامەزراندن بۆ تۆ نیە ..چم گۆ دە بە گوێم بکە لۆ خۆت بمرە هەر زۆر ئیعتیادیە..

* وەزارەتێک هەیە ناوی ڕۆشنبیرییە، نە کەناڵ و نە ڕادیۆ و نە گۆڤار و ڕۆژنامەی هەیه و فیستیڤاڵیش دەکات و هۆڵێکی سینەمایی و شانۆیشی نیە و ئیحتیادیە گوڵم بمرە و گوێش مەدێ مادام حکوومەت لە خۆشبەختیە!.

تێبینی: ئەو شوێنە ناڵێم کە وێنەم لێی گرتووە، چونکە ئەوێ بەهەشتی ڕووی زەمینە لە سایەی حکوومەتی وڵاتەکەی..

* وەزارەتێک هەیە ناوی گواستنەوەو گەیاندنە... نە میترۆ و نە تڕامی هەیە، تەنانەت جاران پاسێک هەبوو بۆ 60 مەتری و 100 مەتری ئێستا عەرەبانەیەکیش نیە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتی و فڕۆکەخانەیەکیشی هەیە ناونراوە هەولێری نێودەوڵەتی زستان و هاوین دڵۆپە دەکات و عەیب و شورەی حاویەی زبڵ دانراوە بۆ پڕکردنی ئاوی باران بۆ ئەوەی نەچێتە جانتای خەڵکەوە... کو لۆت نەمرم پیرە هەولێر..

* کشتوکاڵ.... سێوەکەی ئێرانیە و خیارەکەی تام ساردی تورکیە و شێلمیشی هەر هاوردەی ئێرانە و دەنکێک پاقڵەش لەو وڵاتە شین نابێ و پەتاتەیەکی قوڕاوییمان هەیە و کەس لێمان ناکڕێ... عەرزە زراعیەکانیشمان لەبەر مەزرەعەی سوڵتانەکان تا دێ لە ناودەچن... مارەباب چت وەبەر مایە دە بمرە!.

*  پیشەسازی... جاران کارگەی مافوور و جگەرە و ڕستن و چنین هەبوو، ئێستا هەموو کورد، پێڵاوێکی لاستیکی مارادۆنا و مەسینەیەکیشی پێ دروست ناکرێ.... چاو قەیم دە ملت بشکێنە و بمرە!.

* کلتوور و فیلم و دراما.. لەسەردەمی ڕژێم دا تاکە کەناڵێک هەبوو مەودای پەخشی کوردی بریتی بوو لە چەند گۆرانیەکی ڕەسەنی تاهیر تۆفیق و عەلی مەردان و شەماڵ سائیب و چەند ناوێکی جوان، جگە لە چەند کورتە فیلمێکی عەلیە فەندی و جەنابی موفەتیشی ئەحمەد سالار و حاجی یادگارەکەی سەلام کۆیی و هەبوو نەبوو، کە تا ئەمڕۆش زیندوون، کەچی ئێستا سەدان ملیۆن دۆلار خەرج دەکرێ و تەنیا گوێت لە بەرهەمە سەقەتەکانی لۆکە زاهیر و سەباح پەرۆش دەبێت .

مەنەلۆجە سەقەتەکانی کەناڵەکانیش وایان کردووە ڕقت لە هونەری کوردی ببێتەوە.. لۆیە یان بمرە یان جڕتێکی تیژ بۆ ئەو هونەرەش لێدا و بە زوڕناوە بمرە.

 

  • 1