ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حەمە شێت وەک نەریتی خۆی لە ساڵی 1970دا ڕۆژانە دەهاتە چوارڕیانی نیشتمان و لەشوێنی دیاریکراوی دادەنیشت و، خەریکی چێشتلێنان دەبوو، تەدارەکی چێشتلێنانی لەدەوروبەری خۆی بڵاودەکردەوە، ئینجا بە چەکوچێکی گەورە خەریکی جادە چاڵکردن دەبوو، ئاگای لە کەس نەدەما و بەردەوام بە چەکوچەکەی لەجادەکەی دەدا، خەڵک لەدەوری کۆدەبوونەوە و، دەیانپرسی؛ (ئەرێ کاکە حەمە ئەوە لۆ ئەو جادەیە تێک دەدەیت و قۆرتی لێ دروست دەکەی؟) کاکە حەمەی وریا و قسەزان هاواری دەکرد و دەگریا و دەیگوت؛ (ئەی هاوار، ئەی هاوار ئەنگۆ نازانن لەو جێگایەی من دانیشتووم نەفت هەیە، دەمەوێت نەفت دەربێنم و بیفرۆشم، هەموو دەوڵەتان نەفت دەردێنن و دەیفرۆشن، ئەمنیش دەبی نەفت دەربێنم، بەڵام نەفت فرۆشتن زەحمەتە بە من ناکرێ و بۆڕی بۆ گواستنەوە دەوێت، ئێ نەفت خۆ کا و جۆ نییە لە جوار و تێڕکەی بکەم و بە وراغان بیگوازمەوە، ئەی هاوار، خەڵکینە نەفت لێرە هەیە ، نەفت هەیە.)

حەمە شێت بەر لە پەنجا ساڵ باسی دەرهێنانی نەفتی دەکرد و خەڵک بە قسەکانی پێدەکەنین.

ئێستاکە قسەکانی کاکە حەمەی شێت بووەتە ڕاستی و حکوومەتی کوردان نەفت دەردێنێ و لە بازاڕەکانی جیهان نەفت دەفرۆشێت، هەنگاوێکی گەلێک چاک و بەجێیە، بەڵام لەم کارە باش و گرنگەدا ئەوەی نەرێنی و نابەجێیە، ئەوەیە هەر لە دۆزینەوەی نەفتەوە تا دەگاتە دەرهێنانی و گواستنەوە و بە بازاڕکردنی و هەموو کارەکانی تری پەیوەند بە پرسی نەفت حکوومەتی کوردستان ئەنجامی نادات، بەڵکو لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت و برابەشن لەگەڵ حکوومەت و نیوەی داهاتی نەفت بۆ خۆیان دەبەن، نیوەکەی تری بەشە داهاتی حکوومەت نادیارە و دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت و شتێکی وا بۆ خزمەتگوزاری و مووچەی فەرمانبەران و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان نامێنێتەوە. سەرباری ئەوەش حکوومەتی کوردستان کە ئەرکی پاراستنی بۆڕی گواستنەوەی نەفتەکەیە لە کوردستانەوە تا سنوری تورکیا، سەد حەیف و مخابن حکوومەتی کوردستان ناتوانێت بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەفت بپارێزێ و چاودێری بکات، هەر لەهەولێرەوە تا دەگاتە دهۆک لەچەند جێگا بۆڕییەکان کونکراون و نەفت بەئاشکرا دەبردرێ و بەتەنکەران دەگوازرێتەوە، کەچی حکوومەتی کوردستان نازانێت ئەوانەی ئەم کارە دەکەن کێن! چۆن بڕوا بەو بۆچوونە بکەین؟ حکوومەتی کوردستان و دامودەزگاکانی ئاسایشی کوردستان ئەگەر تیرۆرستێک لە سووریا یان لە ناوچەیەکی دەرەوەی کوردستان بەرەو کوردستان بێت دەزانن و بەر لە ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی دەگیرن و ڕۆڵەکانی کوردستان بە ئارامی و ئاسودەیی دەژین و بارودۆخی کوردستان لەرووی ئاسایشەوە گەلێک باش و پێشکەوتووە، ئەی باشە حکوومەت بۆچی ئاگاداری بەتاڵانبردنی نەفت نییە؟ ئەگەر کاکە حەمەی شێت و وریا و قسەزان ئێستا لەژیاندا بووایە چ ناوێکی لەم بارودۆخەی حکوومەتی کوردستان دەنا؟

دڵنیام لەوەی کە کاکە حەمەی شێت هاواری بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەی دەکرد و دەیگوت: بڕوا مەکەن کە حکوومەت نازانێت، باش دەزانن نەفتبەرەکان کێن، بەڵام ئەگەر دز و خاوەن ماڵ یەکبن گای لە کولانکە ئاودیو دەکەن.

ڕۆحت شاد کاکە حەمەی شێت وریا و قسەزان

  • 1