ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دووکەڵی ئاگری فرۆشتنی کەرتی کارەبای حکومی بە کۆمپانیاکانی حزب لە قەزای سۆران بەرزبۆوە. ژمارەیەک چالاکی شیوعی هاتنە سەرشەقام و گوتیان نا بۆ فرۆشتنی کارەبای گشتی بە کەرتی تایبەت. ئەو کارەی حکوومەت پێویستە لە هەموو کوردستانەوە ڕەتبکرێتەوە و کاری چالاکە شیوعییەکانیش پێویستە پشتگیری بکرێت و فراوان بکرێت بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. دەزانن بۆ؟ فەرموو با پێکەوە بیربکەینەوە:

یەکەم: سەیری ئەو مەنتیقە بکە؛ حکوومەت دوو کۆمپانیای حزبی یەکێکیان لە ژێر نفوزی ناوچەی زەردی جاران، ئەوی دیکە لەژێر نفوزی ناوچەی سەوزی جاران بە فەرمانی حکومەتی زەرد و سەوز ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی توێژینەوەیەک بکات بۆ گواستنەوەی کارەبای کەرتی گشتی بەکەرتی تایبەت، کە بێگومان ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە بیگوازنەوە و لەنێوان خۆیاندا دابەشی بکەن یان پێکەوە بە هاوبەشی کۆمپانیایەکی تایبەتی یان چەند کۆمپانیایەکی هاوبەشی بۆ دابمەزرێنن و بیخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە و بەپێی گرێبەستێک کە کەمتر نەبێت لە چارەکە سەدەیەک!

دووەم: کە کارەبا درا بە کەرتی تایبەت ئیدی شتێک نامێنێت بەناوی کارەبای نیشتمانی، شتێکیش نامێنێت بەناوی کارەبای موەلیدە، ئەوەی هەیە کارەبای کەرتی تایبەتە و یەک سەرچاوە دەبێت، هیچ کێبڕکێیەک بوونی نابێت، تەنانەت بۆی هەیە هێنانی ئامێری موەلیدەش یاساغ بکرێت! ئیدی نرخی کارەبا لەبەردەستی ئەو کۆمپانیایانەی حزبدا دەبێت، کە چەندین ساڵە هاووڵاتییانی هەرێم دەزانن ویژدانیان چییە لە قۆرخکاری و نرخ زۆری و بێکوالێتی، ئەوەتا باشترین نموونەش بواری ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن و جگەرە و...هتد.

سێیەم: هەزاران فەرمانبەر و ئەندازیار و شارەزا و کرێکار لە کەرتی کارەبا کار دەکەن، ژێرخانی بواری کارەبا بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت و لە شەوڕۆژێکدا دەخرێنە بەردەستی کۆمپانیا تایبەتییەکانی حزب و ژیانی هەزاران فەرمانبەری ئەو کەرتەش دەخرێتە ژێر هەڕەشەی لەدەستدانی وەزیفەوە!

چوارەم: حکوومەت پارەی نەوت فرۆشتن دەبات، پارەی گومرک و هەموو داهاتەکانی ناوخۆ دەبات، هەموو هاوکارییەکان دەبات، کە کارەبا بداتە کەرتی تایبەت و نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئینتەرنێت و تەلەفۆن و مۆبایل و خاوێنکردنەوە و ڕێگاوبان هەمووی بدات بەکەرتی تایبەت، هیچ خزمەتگوزارییەک نەکات، هێزی ئەمنی و هێزی سەربازی حزبی بن و سوپای یەکگرتووت نەبێت و نەتوانرێت خاک بپارێزێت ئیدی ئەو پارەیە چی لێدەکات کە نەتوانێت کارەبای گشتی چاک بکاتەوە.

پێنجەم: فرۆشتنی کارەبای گشتی بەشێکە لە سیاسەتێکی ناڕەوای جیهانی کە وردە وردە بەشەکانی دیکەش دەفرۆشێت، کە لایەنگرانی ئەو بیرە ناڕەوایە دەیانەوێت وڵات دابەش بکەن بەسەر چەند کەرتێک و هەر کەرتێک لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕێوەببردرێت کە ئامانجیان قازانجە نەک خزمەتکردن و بەرەوپێشبردن، لە هەرێمی کوردستاندا زەمینەی جێبەجێکردنی وەها سیاسەتێک لەئارادا نییە نە لەئاستی هەبوونی کۆمپانیای پیشەگەر نە لەئاستی ئابووریی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان، وڵاتانی هاوشێوەی هەرێم بە نموونە میسر لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەدا خەڵکەکەی هەژارتر و برسیتر بووە.

چارە چییە؟ حکوومەت دەتوانێت کارەبای نیشتمانی چاکتر بکات؟ بەڵی دەتوانێت. لەمێژووی عێراقدا کارەبا نیشتمانی بووە و بەردەوامیش بە 24 کاتژمێر هەبووە. تۆبڵێی کۆمپانیای حزبەکان باشتربن، لە حکوومەتی حزبەکان؟!

  • 1