ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی کۆتایی

 *سیماکانی گۆڕان و پێشکەوتنی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگه جیهانییەکاندا:

وشەی ڕۆشنبیر، ئەوە دەگەیەنێت کە ڕۆشنبیر دەکاتە ئەو کەسەی کۆمەڵگەی خۆی بەوردی دەخاتە بەرپرسینەوە، بەچاوی ڕەخنە و ڕەتکردنەوەی بەردەوام، کەواتە هانی گۆڕانکاری دەدات، ئەوەیە واتا مێژووییەکەی ڕۆشنبیر.

لەسەر ڕۆڵی ڕۆشنبیر گرامشی دەڵێت: (هەر دەستەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر زەوی خاوەن دەسەڵات لە جیهانی بەرهەمهێنانی ئابووریدا، دەکاتە چینێکی کۆمەڵایەتی، بەشێوەیەکی ئۆرگانی و لەگەڵ خۆیدا توێژێک یان زیاتر لەگەڵ ڕۆشنبیران دروست دەکات، کە ناسنامە و هۆشیاری زانینی ڕۆڵی تایبەتی خۆی پێدەبەخشێت).

ئەوەش نەک لە هەر بواری ئابووری، بەڵکو لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیش هەروا دەبێت. خاوەنی پرۆژەی سەرمایەداری، لەگەڵ خۆیدا تەکنیکاری پیشەسازی و زانای ئابووری سیاسی و ڕێکخەری ڕۆشنبیرییەکی نوێ، و مافی خۆی دروست دەکات).

لەئەوروپا و لە سیستەمی فیوداڵیدا، لەگەڵ وەبەرهێنانەوەی ئەوەی کە ئەگەر ڕۆشنبیر پەیوەست بوو بە چینە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بەشێوەیەکی ئۆرگانی، ئەوا ڕۆڵی خۆیان بەڕێکی دەگێڕن لە دروستبوونی چینی کۆمەڵایەتیدا. نموونەی توێژە ڕۆشنبیرە ئۆرگانییەکەی ئەوکات کە پەیوەست بوو بە چینی دەسەڵات، کەنیسە بوو لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا، کە گرامشی بە دەستەی ڕۆشنبیر بەستراو بە ئەریستۆکراسی عەقاری ناویان دەبات. لەم قۆناغەدا توێژە ڕۆشنبیرەکە بەبێ ڕتووش دیاردەکەوێت، چونکە ئینتیمای بۆ دەستەیەکی دیاریکراوی ئەوکات، دەگونجان لەگەڵ سیستەمی ڕۆشنبیریدا.

چونکە لەگەرمەی دەسەڵاتی فیوداڵیدا کەنیسە هەموو ڕۆڵە ڕۆشنبیرییەکانی مۆنۆپۆڵ کردبوو. هەروا دەسەڵاتێکی حکومداری سیاسی هەبوو، بەمجۆرە ببووە یەکێک لەو کۆڵەگانەی کە سیستەمی فیوداڵی شانی دابوەبەر و بە بۆنەیەوە نەدەڕما، بەڵکو مەعریفەی بڵاودەکردەوە، هەرچەندە سادەش بوو. هەروا خۆی وەک ناوەندی هەموو ژیانی هونەری و ڕۆشنبیری نیشان دەدا. لەبەرانبەردا، کەنیسە خاوەن عەقارات بوو، دەسەڵات و ئیمتیازاتی لە هی ئەرستۆکراسەکان کەمتر نەبوو. لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە کەنیسە نوێنەری ئایدیۆلۆژی فیوداڵەکان بوو. هەربۆیەش بۆرژواکان لە یەکەم سەرهەڵدانی خۆیاندا کەوتنە بەرەنگاریکردنی کەنیسە تا ڕووە ئایدیۆلۆژییەکەی فیوداڵی بڕوخێنن.

لەگەڵ ئاماژە بەوەی کە خەسڵەتی توێژە ڕۆشنبیرییەکان، نەک هەر بەتەنیا بەپێی چینەکان دەگۆڕێت، بەڵکو بەپێی چەرخ و وڵاتیش دەگۆڕێت، هەروا شێوازی دەرکەوتنی ئەو توێژە جۆراوجۆرە، کە ڕەنگە هەندێکیان لەسەر دەستی چینەکان خۆیان دروست دەبن و هەندێکیشیان سەربەخۆ دەردەکەون، لەوانەیە هەندێکیان بەرهەمی کۆمەڵە ڕۆشنبیرییە کۆنەکان بن. هەندێک جاریش بیرۆکراسەکان یان کەسایەتی دیاری خاوەن پلەی سەربازی لە سوپا ئەو ڕۆڵە ڕۆشنبیرییە دەگێڕن.

بۆ نموونە لە فەرەنسا، توێژی ڕۆشنبیری بۆرژوایی پیشەسازی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە یاساییەکان، پزیشکەکان، پارێزەران، مامۆستایان، و پاشان ئەندازیاران بە دەرکەوتن و لەگەڵ پێگەیشتنی بۆرژوای فەرەنسی و داڕزانی سیستەمی فیوداڵی و تا دەگاتە شۆڕشی پیشەسازی لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا ڕۆڵیان هەبووە. لەوانە ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی، و پێشکەوتنەکانی بە نموونە بۆ بەکارهێنانی کۆمەڵە ڕۆشنبیرییە کۆنەکان و ڕەنگە لە ڕەگەزی ڕۆشنبیریش نەبووبن دێنینەوە. لەوانە پایەدارانی سوپا و ئەرستۆکراسەکان کە زۆربەی هەرە زۆری ئەرکە ڕۆشنبیرییەکانیان گرتە ئەستۆی خۆیان.

لەبەر ئەوەی جگەلە چینی خاوەن دەسەڵات، کەسی تر دەرفەتی دروستکردنی توێژی ڕۆشنبیری تایبەت بەخۆی نەبوو، چونکە هەموو دەزگا فەرمییەکان و زانکۆکان و قوتابخانەکان بەدەست چینی دەسەڵاتدار بوون، دەبووایە بۆ جێگرەوەی ئەوانە چینی تازە پەنا بۆ ڕۆشنبیرە تایبەتەکانی خۆی ببات. هەربۆیەش نەک هەر بۆرژواکان بەڵکو پرۆلیتاریاش لەکاتی سیستەمی سەرمایەداریدا کەوتنە دامەزراندنی حزب و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی بۆ پێکهێنانی توێژە ڕۆشنبیرییەکەی خۆی. کە ڕەنگە چەند کەسانێک لە چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە بۆ خۆی ڕابکێشێت تا بنەما چینایەتییەکانی خۆی دادەسەپێنێت. کە ئەوەش هاوکاربوو لە دروستبوونی توێژێکی ڕۆشنبیری وا کە بتوانێت پرۆلیتاریاش ڕێکبخات و کاریگەری لەسەر بواری فیکری گشتی ئەوکات هەبێت.

ئەو توێژە ڕۆشنبیرە تەقلیدییانەی لەدوای فیوداڵیدا دەرکەوتن، بەڕووکەش نەبێت لە بۆرژواکان دانەبڕابوون، بەڵکو ئەوان پێش بۆرژوای پیشەسازی هەر هەبوون. بەڵام لەگەڵ چینی بۆرژوادا دەرکەوتن و لەگەڵ ئەواندا پەرەیانسەند. بۆیە ئەوان بە پاشماوەی سیستەمی فیوداڵی هەژمار ناکرێن، چونکە ئەوان لەگەڵ سەرهەڵدانی چینی کۆمەڵایەتی نوێدا دەرکەوتن و لەژێر دەسەڵاتی سیستەمی کۆندا کاری خۆیان دەکرد.

زانراوە کەوا هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی-ئابووری پێشکەوتوو، بەپێوەرەکانی پێشکەوتن لە بواری شێوازی بەرهەمهێناندا، دەتوانیت کاریگەری لەسەر هەموو پێکهاتە گشتییەکانی کۆمەڵایەتی-ئابووری لەناو کۆمەڵگا و دەرەوەشی هەبێت. ئەوەبوو سەرمایەداری بە هەموو هێزە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی خۆیەوە توانی دەست بەسەر هەموو کایەکانی کۆمەڵگادا بگرێت و خۆی بسەپێنێت و توێژە ڕۆشنبیرەکانی خۆی دروست بکات.

ئەگەر تۆزێک بەسەر چەرخەکاندا بازبدەین و باسی دوای شەڕە جیهانییەکانی سەدەی بیستەم بکەین. دەکرێت چالاکییەکانی سەرمایەداران لەڕووی ڕۆشنبیرییەوە بەم خاڵانە دیاربکەین؛

-سیمای ڕۆشنبیری سەرمایەداری لەدوای ئەو شەرە جیهانییانە کزی و ناچالاکییان پێوە دیاربوو، چونکە ئاراستەی جیهانی بەرەو سەربەخۆیی گەلان لەژێر دەستی ئیمپریالیزم و خۆناساندنی گەلان بوو، بۆ ڕزگاریخوازی نیشتمانی. هەروا دروستبوونی دوو جەمسەری لە ئاستی ئایدۆلۆژی و بۆچوونی جیهانی لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی جاران، وای کرد کە هەریەکە و بەجۆرێک بە دوای کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بگەڕێن و ڕۆڵی زیاتریان پێبدەن بۆ ڕیسواکردنی لایەنەکەی دیکە. هەرچەندە ڕەنگە شەڕەکەی نێوانیان ڕوویەکی ڕۆشنبیریشی لەپاڵ شەڕە عەسکەری و موخابەراتییەکانی زیاتر کاریان بۆ کرابێت و توانستیان بۆ تەرخان کرابێت. لەوسایەیەشدا زۆر پیشێلکاری لە دژی گەلان بۆ سەربەخۆیی و دیموکراسی ئەنجامدران و زۆر قەتلوعامی خەڵکی و بەتایبەتی ڕۆشنبیرانی گەلان ئەنجام درا. بۆ نموونە گەلانی ئەمریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریقیا.

-ئەوە لەکاتی دوو جەمسەریدا، بابزانین لەکاتی (سیستەمی نوێی جیهانیدا) چی کرا. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە لەکاتی دوو جەمسەریدا ململانێکە لەنێوان دوو ئایدیۆلۆژیای سەرەکی بوو، بەڵام دوای نەمانی دووجەمسەری و سیستەمی نوێی جیهانی چەندین ئایدیۆلۆژیا کەوتنە بەرچاو. لەوانە و بەشێوەیەکی سەرەکی (ئایدیۆلۆژیای بازاڕ) و دەرهاوێشتەکانی. هەروا پاشماوەکانی ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی و تایفەگەری و ئایینی، جگەلە چەند ئایدیۆلۆژیایەک کە کار بۆ ڕەشکردنەوەی هەندێک گەلی خاوەن ڕەگەز و نیشتمان، هەروەک گەلانی بێکیانی سیاسی دیاریکراو دەکرد.

-هەر لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و کوتلەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، یەکسەر لەلایەن دەستە ڕۆشنبیرییە سەرمایەدارەکانەوە دەستکرا بە کارکردن بۆ ناساندنی دیموکراسیەت وەک چەمکێکی نوێی ناسیاسی، بەڵکو کرا بە چەمکێکی ئابووری بە پلەی نایاب، بە هەموو ئاژانس و دەستەکانی نێودەوڵەتی وەک (بانکی بازرگانی جیهانی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و زۆری دیکە) و هەروا دەزگا و ڕێکخراوە بەناو ناحکوومییەکانی سەرمایەداری لەشێوەی ڕێکخراوە ئەنتەرناسیۆنالەکانی (هاوکاری جیهانی و هۆشیارکردنەوەی گەلانی دواکەوتوو و خاوەن پێداویستی و تووشبووی شەڕە ناوخۆییەکان و زۆری دیکەش) کەوتنە کارکردن بۆ جەختکردنی ئابووری و مەرجی پێشینەیی بەرانبەر هاوکارییەکانیان، بۆ تایبەتکردنی(خصخصة) هەموو ئەو دەزگا و خزمەتگوزارییانەی لەلایەن حکوومەتەکانەوە ئیدارە دەدران. لەلایەکی دیکەش، بەهۆشیارکردنەوەی گەلانی ئەم وڵاتانە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بەوەی کە واتای سەرەکی و دروستی دیموکراسیەت لەهەر کۆمەڵگەیەک، دەکاتە ئەوەی گرنگی بەکەرتی تایبەت بدرێت و کەرتی حکومی و گشتی نەمێنێت و بۆ ئەم کارەش  پارەیەکی باشیشی بۆ تەرخان کرا. کە ئەوەش بەزەقی هەستی پێدەکرا لەلایەن خۆمان لە دوای شەڕە کاولکارییەکانی سەدام و داگیرکارییەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە.

هەروا بانگەشە دەکرا کە سەرکەوتنی سیستەمی نوێی جیهانی، لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیایە، و هەموو ئەوانەی لەپێشتر هەبوون ئایدیۆلۆژیایی بوون، بەڵام لەم سیستەمەدا ئەوا سەرمایەداری سەرکەوتووە بەسەر سۆسیالیزم و بۆتە زەمانی زانست و سەرکەوتنی سەرمایەداری ئەمریکی. کەواتە ئابووری بازاڕ سەرکەوتووە، ئەوەش واتای ڕاست و دروستی دیموکراسیەتە و هەر ڕژێمێک و حزبێک و کۆمەڵە و ڕێکخراوێک لەگەڵیدا نەبێت، دەبێتە ستەمکار و دژە مرۆڤایەتی. وێنە و تابلۆکە وای لێهات کە گوایە سەرمایەداری ئایدیۆلۆژیا نییە و وجودێکی سروشتی و مەوزوعییانەیە.

هەروا جیهانی نوێ بۆتە بازاڕێکی گەورە و تەنیا کاڵا و کێبڕكێی ئابووری تێدایە و قازانج و هێز و کۆنترۆڵکاری موقەدەس کراوە و جێگەی برایەتی و یەکسانی مرۆڤایەتی تێدا نەماوە.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بکەین بەوەی کە کەلتوور بووەتە ڕۆشنبیری بازاڕ و بیروبۆچوونەکان بوونەتە کاڵا و، نیشتمان و مێژوونووسینیش وەک هەر کاڵایەک کڕین و فرۆشتنیان لەسەرە. کەواتە دوو بابەت هەیە دەبێت هەموو ڕۆشنبیرەکان ملکەچی بن، یەکیان بەرگریکردن لە سەرمایەدارە سەرکەوتووەکە و، دووەمیان گوێڕایەڵی بۆ مەرجەکانی. کە ئەوەش کراونەتە مەرجی بەجیهانیبوون و تێکەڵبوون لەگەڵ جیهانی گەورە، نەوەک دژایەتیکردنی.

*             *                *     

لەبیرمان نەچێت لەدوای ئەوە دەستکرا بەجیهانیکردنی سەرمایەداری ئەمریکی.

شاردراوەش نییە کە ڕۆشنبیرانی خزمەتکاری سەرمایەداری جیهانی و بەتایبەتی ئەمریکی دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی بۆچوونی وا کە دەرفەت نەمێنێت جارێکی دیکە باسی ململانێی چینایەتی بکرێت، چ لەئاستی ناوخۆیی وڵاتان یان لەئاستی جیهانی. بۆیە نووسینەکانی لەجۆری (پێکدادانی شارستانیەتەکان) و (کۆتایی مێژوو) چەندینی دیکە، بە ملیۆنان دانەیان لێ چاپ کراو بۆ زۆربەی هەرە زۆری زمانەکانی جیهان وەرگێڕانیان بۆ ئەنجام درا، هەموو ئەوانە کارکردن بوون بۆخزمەتی ئەم بۆچوونە.

تا کار گەیشتە ئەوەی لەڕووی پیلانی عەسکەری و سیاسی حکوومەتەکانی سەرمایەداری جیهانی کاربکرێت بۆ دروستکردنی چەندین شەڕی ناوخۆ لە وڵاتانی دواکەوتوو، هەروا بەجیهانی کردنی ئەم کردەوە تیرۆرستییانەی پێشتر لەئاستی وڵاتاندا بوو، بۆ ئەوەی بۆچوونی ڕۆشنبیرەکانیان بسەلمێنن لەپێکدادانی شارستانییەتەکاندا. بەڵام ڕووە دروستەکەی بەجیهانکردن لەڕووی ڕۆشنبیرییەوە، دەکاتە هەوڵێکی بێوچانی قووتدان و بزرکردن و لە ڕیشە دەرهێنانی ئەوانی دیکە، لەبەرئەوەی ئەوان لاواز و دواکەوتوون لەڕووی کەلتوورییەوە.

لەبیرمان بێت کە جیهانی کەلتووری و ڕاگەیاندن لەمڕۆدا، دوو سیفەتی قازانج و مۆنۆپۆڵکردنیان بەخۆوە گرتووە، لەهەموو جیهاندا، بەتایبەتیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئەمرۆ لەجیهاندا زیاتر لە (٥٠٠) سەتەلایت بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە. بەڵام بواری ڕۆژنامەگەری چەند ئیمپراتۆریەت و کۆمپانیای یەکگرتوویان هەیە، بۆ بەرهەمهێنانی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار، لەسەر بنەمای ئەوەی کە کاڵای پڕ داهاتی ئابووریین. نەوەک خاوەن بەهای کەلتووری و ئەفراندن بن. هەرواش لە بواری سینەمایی و بەرهەمهێنانی بوارە هونەرییەکانی دیکە.

لێرەدا ناکرێت ملکەچی ئەوروپا بۆ کەلتووری ئەمریکا، بە حەتمی بزانین، چونکە ئەمریکا واهەڵسوکەوت دەکات کە خۆی ڕۆشنبیری-ناوەندە و دەکرێت هەموو ئەوانی دیکە پەیڕەوکەری بن. بەڵکو ئەوروپییەکان هەست بەبوونی جیاوازی زۆر دەکەن لە نێوان کەلتووری تەقلیدی خۆیان و کەلتووری ئەمریکی. هەرچەندە لاوانی ئەوروپا بەشێوەیەکی قووڵ چوونەتە ناو ئەم کەلتوورەوە. هەرچەندە هەماهەنگییەکی ئەوروپی -ئەمریکی لەگۆڕێدا هەیە، لە بوارەکانی سیاسی و عەسکەری و ئابووری. بەڵام ئەوە ڕێگر نابێت لە پێش ئەوەی جیاوازی و دژبەیەکی لەبواری کەلتووریدا هەبێت. بەتایبەت سەبارەت بە چەمکی کەلتوور لە جیهانی هاوچەرخدا. ئەوروپییەکان هەوڵ دەدەن هێزی مۆراڵی و شتی دیکە بخەنە ناو چەمکی کەلتوورییەوە، بە پێچەوانەی ئەمریکییەکان کە کەلتوورەکەیان پاڵپشتە بە مەسەلەی پارە و قازانج و سیستەمی بازاڕی ئازاد. چونکە ئەوان وەک تۆڕێکی بەرژەوەندی مادی و بزاڤی بازاڕەکانی پارە و ئابووری سەیری جیهان دەکەن، ئەوەش جیاوازییەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەقەدەر ئەوەی جیاوازییەکی کەلتوورییە.

هەستکردن و هەستیاری بەو جیاوازییە زیاتر لە وڵاتی ژاپۆندا بەرچاو دەکەوێت، چونکە هەر لەدوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە، کەلتووری ئەمریکی مێشکی لاوانی ئەوێی داگیرکردووە و خەڵکە بە تەمەنەکانیش هەست دەکەن زۆرینەی ئەم توێژانە دوورکەوتوونەتەوە لە کەلتووری ڕەسەنی خۆیان.

بەڵام لەبەرئەوەی هۆکارە سیاسی و ئابوورییەکان، و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بواری مادی و ئابووری دەبنە هۆکاری دروستبوونی ململانێ لەنێوان میللەتاندا، بۆیە ئەو ململانێی کەلتورییە لە مێژووی ململانێی نێوان گەلان و میللەتان دەبێتە لاوەکی.

       *             *                *     

با باسێکی ڕواڵەتی ئەو خەباتەی گەلانی ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتینی دژی ئیمپریالیزمی سەرمایەداری بکەین، کاتێک هەموو هەوڵەکانی بۆ ناساندنی ئەم خەباتە بەململانێی شارستانیەتەکان و کەلتوورەکان تەرخان دەکرێت. کە ئەوەش هەوڵێکە بۆ بزرکردنی ململانێی سەرەکی کە دەکاتە ململانێی دژی پاشکۆیەتی و لە پێناو سەربەخۆییە.

لەلایەکی دیکەوە دووپاتی ئەوە دەکرێتەوە کەوا کەلتووری ڕۆژهەڵات ڕۆحییە و کەلتووری ڕۆژئاوایی زانستییە. بە کردارییش دەرکەوتووە کە تێڕوانینی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵات و ئەفریقیا و بەڵکو ئەمریکای لاتینیش، وەک وڵاتانی پڕ لەشتی نامۆ و دنیای سیحر و فانتازیا و غەیبە. ئەوەش لە هونەر و ئەدەبیاتیاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت، بە تایبەتی لە ئەدەب و هونەری ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەمی ڕۆژئاوایی زۆر لەم نموونانە بەرچاو دەکەون. لەوەشدا هەر دیسان مەبەستیان کەمکردنەوەی ئاستی کەلتووری و زانستییانە و خۆ بە زانست و باڵا زانینە.

 

  • 1