ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کۆمەڵێک پرسیار بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان 

سەبارەت بە گواستنەوەی کارەبای گشتی بۆ کەرتی تایبەت

ئامادەکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتیان خزمەتگوزارییەکی گشتی و ئەرک و بەرپرسیاری دەوڵەتە کە بۆ هاووڵاتیان ئامادەی بکات. لەم بوارەشدا هەر هاووڵاتییەک توانای دارایی هەبێت خەرجییەکەی دەدات و لەهەمان کاتدا پێویستە دەوڵەت ڕادەی نزمی پێداویستییەکانی خاوەن کەم دەرامەتەکان بۆ خزمەتگوزاریی کارەبا بە پشتگیری دارایی دابین بکات بە جۆرێک بە هۆی کەم دەرامەتی هیچ هاووڵاتییەک بێبەش نەبێت.

کارێکی ئاسایی حکومەتی هەرێم لە گەڵ زیادبوونی داواکاری بۆ ئەم خزمەتگوزارییە بە هۆی زیادبوونی چالاکی ئابوری و زیادبوونی ژمارەی باڵاخانە و دانیشتوانی شارەکان و پێداویستی ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکە و گوندەکان، نەخشە و پلان و پرۆژەی نوێی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبای هەبێت کە لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابووردووە لە شارەکانی کوردستان دابین کراوە و هەر لە سەرەتاوە ئەرکی کەرتی گشتی بووە. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ژێرخانی ماددی و توانای مرۆیی پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە فراوانبووە بە جۆرێک کە دەکرێ بڵێن نەک تەنها پێداویستی رۆژانەی ژیانی خەڵکە بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا پلەی گەرما بە جۆرێکە ئاستەنگی بۆ ژیانی تاکەکەس درووست کردوە، بەڵکو ئامرازی پێویستی چالاکی ئابوری و بازرگانی و پیشەزاری هەمەجۆر و خزمەنگوزارییەکان بووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا داراییەکی بێسنوور بۆ دابینکردنی کارەبا خەرج کراوە کە زۆر لە چاودێران ئەو خەرجییە دەخەنە خانەی گەندەڵی یان خراپی لە بەرێوەبردن تا ئەو ڕادەیەی کە گومان یان قەناعەت لای خەڵکانێک درووست دەبێت کە مەبەست لەم کەمتەرخەمییە ئەوەیە بە ڕای گشتی و جەماەر بووترێ کەرتی گشتی ناتوانێ خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ خەڵک دابین بکات و دەبێ بدرێ بە کەرتی تایبەت. هەڵبەتە ئەم ئاراستەیەی حکومەت لە گەڵ سیاسەتی ئابوری حکومەت دەگونجێت بەتایبەتی دەمێکە بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای بەتایبەتکردتی کەرتی کارەبا کردوە و دەیانەوێ نموونەی بەتایبەتکردن وەک مۆدێلێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو گشتاندنی بۆ بکەن.

خزمەتگوزاری کارەبا بریتیە لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن و وەرگرتنی خەرجییەکەی، و هەڵبەتە حکومەتی هەرێم چەندین ساڵە بە پێی ڕێنماییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵتی بەشی بەرهەمهێنانی بە کەرتی تابەت داوە لەو ڕەوشێکدا کە پێشبڕکی نێوان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت نییە، و بەم جۆرەش بواری کارەبا لە لۆجیکی ئیحتکارکردنی دەوڵەت بۆ ئیحتکارکردنی تەنها کۆمپانیایەکی دیاریکراودەگوێزرێتەوە.

بیانوی حکومەت بۆ گواستنەوی کارەبا بۆ کرتی تایبەت لەوەدایە کە کەرتی گشتی ناتوانێ کارەبای بەردوام دابین بکات لە کاتێکدا تا ئێستا خودی حکومەت فیۆڵی پێویست بۆ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر دابین دەکات، و لە باشترین حاڵەتدا کە قۆناغی دابەشکردن بۆە کەرتی تایبەت دەدات ئەوا 70% فەرمانبەر و کارگەرانی وەزارەتی کارەبا بۆ کەرتی تایبەت دەگوێزێتەوە و کەرتی تایبەت بەو ژمارەیە توانای وەرگرتن و کۆکردنەوەی کرێی کارەبای لە هاووڵاتیان هەیە کەچی حکومەت بە 100% کارگەرانی وەزارەت پێی وایە خەرجیکەی بۆ کۆناکرێتەوە!

بریاری پێدانی کارەبای گشتی بە کەرتی تایبەت لە لایەن حکومەتەوە دراوە و مەبەستی حکومەتیش قایلبوون و خۆگونجاندنە لە گەڵ مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەو مەبەستەی کە بەشی هەبێت لەو قەرزی کە بە دەوڵەتی عێراق دەدرێت و رێگای وەرگرتنی ئەم قەرزەش کارەساتێکی ئابورییە بۆ نەوەی داهاتوو، لە کاتێکدا دەبوایە بریاری وا گرنگ لە پەرلەماندا وەرگیرایە. هەنگاوەکانی گواستنەوە جاری کۆتای نەهاتووە چونکە کۆمپانیای کەرتی تایبەت کە لە نێو خەڵکیدا باسی دوو کۆمپانیا دەکرێ یەکێکیان لە هولێر و ئەوی تریان لە سلیمانییە مەرجی ئەوەیان هەیە کە حکومەت پێوەری زیرک دا بنێت ئنجا کەرتی دابەشکردن وەردەگرن و بەم مانایەش حکومەت لە سەر سفرە و قابلەمەیەکی زێرین ئەم بوارە پێشکەشی کەرتی تایبەت دەکات، و خۆی لە بەرپرساری ساڵانی ڕابردوو قورتار دەکات سەبارەت بەو خەرجییەی لەو بوارەدا بەکارهاتووە و ئەو خزمەتگوزارییە بە پێی پێویست بۆ جەماوەر دابین نەکردوە.

پرسارێکی دیکە هەیە کە پێویستە لە حکومەتی بکەین ئەویش ئایا کەرتی تایبەت هێندە گەمژەیە کە پرۆژەیەک زەرە و خەسارەتی تێدایە و لە بەر خاتری حکومەت وەریدەگرێت؟

لە هەموو جیهاندا پرۆژەکانی وەبەرهێنانی لە بواری کارەبا قازانجدەکات و ئەم قازانجەش داهاتێکە بۆ بودجەی گشتی و هەنگاوێکە بۆ فرەبوونی سەرچاوەکانی داهات و پشتنەبستن بە ئابوری بەرخۆر و داهاتی نەوت، کەچی حکومەتی هەرێم ئەو قازانجە بێشکەش بە کەرتی تایبەت دەکات و لەوانەشە تەنها بیانووی ئەوە بێت کە ئەم حکومەتە سوشیالیستی نییە!

ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین دەسبەجێ پێدانی کارەبای گشتی بە کەرتی تایبەت ڕابگیرێت و بیر لە بەکارهێنانی وزەی مرۆیی تێکڕای وەزارەتەکانی حکومەت بکرێتەوە کە لەلایەکەوە چارەیەک بۆ سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی هێزی کار و مرۆیی حکومەت دەبێت و لە لایەکی دیکەوە کەموکوڕییەکانی وەزارەتی کارەبا چارەسەر دەبێت و داهاتێکی دیکە دەبێتە سەرچاوەی دارایی حکومەت.

 

  • 1