ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە یەکێك لە ووتارەکانیا، فرانچێسکۆ ئەلبێرۆنی ڕۆشنبیری ئیتالی لە ڕۆڵی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا وورددەبێتەوە و دەڵێ؛

کۆمپانیا دەگاتە پلەی سەرکەوتنی کاتێك دەستەی بەڕێوەبەرایەتیەکەی تەبا بن وهەمان ئامانجیان هەبێت، و هەریەکێك لەوان بەرژەوەندی کۆمپانیاکە بخاتە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە هەموو بگەنە ئامانجەکانی کۆمپانیاکەیان، بۆیە هەریەکێك لەوان هەموو هەوڵێك ئەدات کە ڕێگای نوێ و چاکسازی لە کارەکانیدا بکات. خاوەن یان سەرۆك یان  پێشەوای ئەو کۆمپانیایە ئەبێت دەستەیەکی هاوشێوە ڕێكبخات بۆ ئەوەی کۆمپانیاکەی سەرکەوتووبێت. ئەبێت هەموو هەوڵێکی بخاتە کار بۆ ئەوەی پرۆسەی خۆپەرستی و بەخیلی ڕکەبەرایەتی نەکەوێتە ناو بەڕێوەبەرەکانیەوە.

گیانی گشتخوازی ئەبێت سیاسەت و ڕێگای سەرەکی دەستەی بەڕێوەبەری هەر کۆمپانیا و دەزگایەك بێت، ئەبێت لە ناخیانەوە هەستیان بۆ ئەو مەبەستە بجوڵێت. کۆمپانیایەك تەواو لاواز ئەبێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت گەرکەسێکی خۆپەرست و دەستپیس و نالەبار ببێتە سەرۆکی، کە بە هیچ شێوەیەك گرنگی نادات بە بەرهەم و ژیان و کاری کرێکارەکانی. کە تەنها بیر لە دەسەڵاتی تایبەتی خۆی ئەکاتەوە، کە پلەی کاری گرنگ دەدات بە خزم و کەسانی بێ توانای خۆی تەنها بۆ ئەوەی بن پێی خۆی بەهێز بکات.

گەر ئەم بۆچوونەی ئەلبێرۆنی کە ڕاستیە، و بە هەمان شێوە بیخەینە جیهانی بەڕێوەبردنی سیاسیەتی دەستەیەك یان ووڵاتێك، جا چەند گەورە بێت یان بچووك، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆر جیاواز نیە لەگەڵ بەڕێوەبردنی کۆمپانیانەکی گەورەدا.

گەلێکی بەهۆش دەستەیەك کەسانی سیاسی ڕاسگۆ، دەست پاك و بەتوانا هەڵدەبژێرێت بۆ بەڕیوەبردنی ووڵاتەکەیان، ڕابەرێکی هوشیارهەڵدەبژێرن کە داهاتویان بپارێزێت، کەکێشەکانیان چارەسەربکات، کە دادوەری و یەکسانی بکاتە پایەی ژیانیان، گەلێك کە بتوانێت ئەو ئامانجانەی بهێنێتە دی، گەلێکی ژیر و بەختەوەرە.

زۆر نموونە هەیە کە ئەم ڕاستیانە ئەسەلمێنن، یەکێك لەوانەی کە هەموومان دەیزانین، مێژووی نوێی عێراقە، لەوکاتەوە کە سەدام حسێن بە شەڕ وپیاوکوشتن دەستی بەسەرا گرت، لە جیاتی ئەوەی کە ژیرانە بیر بکاتەوە بۆ پێکهێنانی ووڵاتێکی پێشکەوتوو لە هەموو ڕوویەکەوە، ئەو، تەنها بیری لە پتەوکردنی جێ پێی خۆی دەکردەوە. هەموو پلە بەرزەکانی کاری ووڵاتی دابووە دەست پیاو و خزمەکانی خۆی، ئەو وای ئەزانی کە پارە ئەتوانێت هەموو شتێک بەرهەم بهێنێت، ئەمە تەنها تا ڕادەیەك ڕاستە. ووڵاتانی ڕۆژئاوا وایان لە سەدام گەیاندبوو کە ئەو ڕابەرێکی زۆر شارەزا و گەورەیە، باوەڕیان پێکردبوو کە مێژوو ئاواتەخوازە ناوی ئەو پاڵەوانە عەرەبیە تۆمار بکات. لەتەك ئەوانیشەوە هەندێ سەرۆکی ووڵاتە عەرەبیەکان ئامادەی کوڕنۆش بردن بوون بۆ سەدام تەنها بۆ ئەوەی یارمەتی ئابوریان بدات. سەدام لەبەرئەوەی تەنها بیری لە خۆی ئەکردەوە، نەك لە دواڕۆژی گەلی عێراق،شەڕێکی سەختی دژی ئێرانی دراوسێی هەڵگیرساند بە پشتی ووڵاتانی کەپیتالیستی ڕۆژئاوا.

عێراق و ئێران (بە دەست دوو دەستەی سیاسی دواکەوتوو و نەفامەوە بوو)، خەسارەتێکی زۆریان لێ کەوت لە ڕووی ئابوریەوە بە تایبەت، تەنها ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەو شەڕەدا سەرکەوتوو بوون کە ئەو دوو ووڵاتەیان کردبوو بە بازاڕێکی بەهێز بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان، بە تایبەتی چەك و تەقەمەنە. سیاسەتمەدارانی عێراق و ئێران تێ نەدەگەیشتن کە ووڵاتانی ڕۆژئاوا لاوازیان دەکەن و بەکاریان دەهێنن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان!

وەکو بینیمان، هەردوو گەلانی ئەو دوو ووڵاتە تووشی کارەساتی زۆر کوشندە بوون بەهۆی بڕیارە بێکەڵکەکانی سیاسەتمەدارانیانەوە، کە ساویلکە و نەفام بوون. ئێمەی کوردیش تووشی ماڵوێرانیەکی زۆربووین وەکو ئەزانین. هەتا ئێستاش کێشەکانی عێراق کە بەرهەمی ئەو سیاسەتە بوون لە خراپیدان و هیچی باشی لێ چاوەڕوان ناکرێت، ئەزانین سەدام خۆشی چۆن کۆتایی هات.

لە مێژووی نوێدا سەرۆك و دەستەی بەڕێوەبەری هۆشدار و دڵسۆز هەیە کە داهاتووی گەلەکانیان دەخەنە پێش هەموو شتێکەوە.

لە ساڵی ١٩٩٧ دا کۆریای باشوور توشی کێشەیەکی دارایی بەهێزبوو. ووڵاتەکە کەوتبووە بەر لافاوی شکستهێنانێکی  گشتیەوە. بۆ ئەم مەبەستە، حوکمەتی کۆریا داوای قەرزی لە Fund Monetary lnterntional بەڵام ئەبوایە ئاڵتونێکی زۆر وەك بارمتە دابنێن. ٣.٥ ملیۆن کەسی کۆری ئاڵتونەکانی خۆیان ڕادەستی حوکمەتەکەیان کرد کە بەهۆیەوە بتوانن قەرزەکە وەربگرن و کێشەی سەرجەم ووڵاتەکایانی پێ چارەسەربکەن. بێگومان هاوڵاتیانی کۆریا دڵنیابوون لە دڵسۆزی سیاسەتمەدارەکانیان و شکیان لە دەست پاکیان نەبوو. گەلی کۆریا بەو شیوەیە کێشەی ئابووری خۆی چارەسەرکرد و ئەمڕۆش یەکێکە لە ووڵاتە گەشەدارەکانی ئاسیا.

گەر سیاسەتمەدار ببێت بە بەڵا بەسەر گەلێکەوە، تەنها دواڕۆژێکی نادڵنیا و دواکەوتن و هەژاری چاوەڕێیان دەکات. ئازادی و سەرفرازی هەر گەلێك دەستکەوتێکی ئۆتۆماتیکی و ئاسان نیە. ئەو دەستکەوتانە پێویستیان بە تێکۆشانێکی زۆر و دەردەوامە.

ڕابەر و دەستەی بەڕێوەبەری گەلێك، دەبێ بەرژەوەندی گەل بخاتە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوە.

ئەم سەردەمە زۆر جار ئەم شێعرەی شێخ ڕەزای تالەبانیم دێتە یاد؛

لە بیرم دێ سولەیمانی کەدار و موڵکی بابان بوو

نە مەحکومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو

١٥/١٠/٢٠٢٠

کاوە مەلا ڕەسوڵ

 

    

  • 1