ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

هەر لە کاتی لکاندنی کوردستانی باشور لە چوارچێوەی ولایەتی مووسڵ بە دەوڵەتی عێراقەوە بەبێ ڕەزامەندی گەلی کوردستانی باشور، و بەپێی بڕیاری کۆمەڵەی نەتەوەکان لە 16ی دیسەمبەری 1925، کێشەی دەستنیشانکردنی سنووری کوردستان لە نێو عێراقدا هەبووە، و پێشتریش عەقڵیەتی فراوانخوازی نەتەوەیی عەرەب لە هەڵسوکەوتی یەکەمین پاشای عێراق فەیسەڵ لە ئارادا بووە، و ئەمەش وای کردووە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا چەرچڵ کە هەرچەندە بە گشتی دژ بە کورد بووە، لە نامەیەکدا بۆ وەڵامدانەوەی پاشای عێراق پێش لکاندنی کوردستانی باشور بە عێراقەوە بڵێت:  ئێمە ئیمپراتۆریەتمان بە تۆ دروست نەکردووە بۆ ئەوەی حوکمڕانی بکەیت بەڵکو دەوڵەتێکی عەرەبی کە سنووری شاخەکانی حەمرینە و پشت ئەو شاخانەش وڵاتێکی دیکەیە ناوی کوردستانە.

 دەستنیشانکردنی سنووری کوردستانی باشور لەگەڵ عێراقدا هەردەم بابەتی ناکۆکی و ململانێی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان و حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق بووە، و ئەم بابەتەش لە سەرجەم دانوستانەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراقدا جێگای مشتومڕ بووە، و هەردەم حوکمڕانانی عێراق پەنایان بردۆتە بەر سیاسەتی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و ڕاگواستنی دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانە و تەعریبکردنی بە کەسانی هاوردە لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە.

مانەوەی دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانەی دووچاری تەعریب بوونەتەوە بە درێژایی مێژوو بۆتە بابەتی شوناس و بوون و لە ئاکامدا گەلی کوردستان بە گشتی و دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دووچاری گۆڕانکاری دیمۆگرافی بوونەتەوە لەوانە کەرکووک و مەخموور و شنگال و خانەقین و دوز و داقووق و چەندین شوێنی دیکە بە شێوەیەکی تایبەت بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق قوربانییەکی زۆریان داوە، و تا گەیشتە قۆناغی ڕووخاندنی رژێمی بەعس و دانانی مادەی 58 لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق و دواتر مادەی 140 لە دەستوری عێراق ساڵی 2005 کە زیاتر لە پانزە ساڵ بە سەریدا تێپەڕیوە و نەک تەنیا لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو زۆر لە چاوپێکەوتنی بەرپرسە عێراقییەکان و ناوەندەکانی بڕیار بە ئاشکرا پێیان وایە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستور دابەشبوونی عێراقە و کەسانێکی زۆریش لەو  بەرپرسانە باسی ئێکسپایەربوونی ئەو مادەیە دەکەن.

میکانیزمی مادەی 140ی دەستوری عێراق بریتییە لە یەکەم ئاساییکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەی لە سەر پێکهاتەی دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان لە سەردەمی سەدام حوسێن هاتووە، و هەنگاوی دووەم ئەنجامدانی سەرژمێرییە و هەنگاوی سێیەم ڕاپرسییە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە ئایا دەیانەوێ سەر بە حکوومەتی ناوەند بن یان سەر بە هەرێمی کوردستان.

هەر لە کاتی دانانی ئەو مادەیە لە دەستوری عێراقدا لایەنی کوردستانی بە دڵپاکییەکی زۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتێک کرد کە هەموو بەڵگەنامە مێژوویی و جوگرافییەکان گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن کە ئەو ناوچانە کوردستانین، و لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی کوردستانی بە مەسەلەی ئاسییکردنەوە و سەرژمێر و ڕاپرسی وەک پرەنسپی عەدالەتی ڕاگوزاری قایل بوون، بەڵام حکوومەتی عێراق قوناغی یەکەمی مادەی 140ی بە تەواوی جێبەجێ نەکرد و بە پێچەوانەوە زۆر بە ئاشکرا کەسانی خاوەن بریاری ئەو حکوومەتە باسی تەگەرە خستنی خۆیانیان دەکرد بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو مادەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ڕێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 2470 کە دەربارەی عێراقە، بە مین چێنراوە و ئەجیندەی شاراوەیان دژ بە عێراق دانا.

لە دوای ئۆکتۆبەری 2017 و پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک و بوونی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هەنگاوەکانی تەعریبکردن بە جۆرێک زیادی کرد کە لە کاتی رژێمی بەعس نەبووە، و تەنانەت لە کاتێکدا بڕیاری وەزارەتی داد دەردەکرێت بۆ نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی زەوی کشتوکاڵی کە لە سەردەمی سەدام حوسێندا ئەنجام دراوە، پارێزگای کەرکووک بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە فرمان بۆ دەستبەسەراگرتنی زەوی جووتیارانی کوردی ئەو ناوچانە کە تاپۆ ڕەشیان هەیە، دەردەکات.

حکوومەتی عێراق لە لایەکەوە دەسی بە دەسی لە جێبەجێکردنی مادەی 140 دەکات و هاوکات لە تەعریبکردن بەردەوامە و هەموو کارەکانی بۆ ئەوەیە کە تابلۆیەکی دیمۆگرافی دیکە لەو شارە کوردستانییانە بەتایبەتی کەرکووک دروست بکات، و لە هەلومەرجی ئەمڕۆشدا کۆمەڵە خێزانێکی کورد بە ناچاری زەوی و خانوبەرەی خۆیانیان لە دوز بە نەتەوەی دیکە فرۆشت و بە ناچاری و بەهۆی نەبوونی ئاسایش بۆیان شاری باوباپیرانیان جێهێشت، و ئەم دیاردەیەش لە مەخموور ڕووی دا، و بە هۆی فشاری جۆراجۆریش کوردی کەرکووک بە ناچاری ئەم شارە جێدەهێڵن و حکوومەتی هەرێمیش دەستەوەستان ڕاوەستاوە.

لەم هەلومەرجە نوێیەدا کە فشاری لایەنی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 لە ئارادا نییە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان گرنگی ڕەوشی کەرکووک بە هەند وەرگرن و بە تەواوی زەنگی مەترسی لێبدەن و کارەکانیان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەش کۆبکەنەوە و بیر لە هەڵبژاردەی دیکە بکەنەوە و چاوەڕێی ئەوە نەکەن کە ئەم حکوومەتە یان هەر حکوومەتێکی دیکە کە جڵەوی حوکمی عێراق وەرگرێت، مادەی 140 جێبەجێ بکات.

جگە لە جەماوەر و هێزی گەلی خۆمان ڕێگایەکی دیکەمان لە بەردەمدا نییە بۆ وەدەسهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان.

  • 1