ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئامادەکردن؛ م. مەغدید حاجی

 رەوانشاد: ساڵح قادر رواندزی ١٩٤١-٢٠١٢

  مامۆستا ساڵح ،خاوەن مێژوێکی دەوڵەمەندوگەشە، لە بوارەکانی پەروەردەو سیاسی و پیشەیی وکۆمەڵایەتیدا..کەسایەتییەکی بەڕێزو هێمن و خۆشەویست بوو،خاوەن بیروباوەڕو هەڵوێستی نیشتمانی نەگۆڕ بوو،کوڕی قادر بەگی رواندزی و بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری  شاری ڕواندزە..

 لە بواری کاروچالاکی سیاسی و حیزبیدا،چ ئەو کاتانەی ئەندام و کادیری پێشکەوتووی حیزبی شیوعی عێراق بوو لە پەنجاکان و شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا،چ لەو کاتانەی پەیوەندی تاکە کەسی بە ڕێکخستنەکانی حزب هەبووە  لە هەشتاکان و نەوەتەکان و تاکو کۆچی دوایی،هەمیشە موکوڕبوو لەسەر بیڕوباوەڕی، جێگای ڕێزی هاوڕێیانی بوو،بە تایبەتی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان.

 کە لەمێژووی ژیانی وورد دەبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت، لە هەمو تەمەنی حزبی و سیاسیدا،دڵسۆزانە،مەبدەئییانە،ئەرکەکانی سەرشانی بە جێگەیاندووە، هەمیشە شەیدای خوێندنەوەی ئەدەبیاتی حزب بوو..هەروەها لە کاروانی خەباتی پیشەیی مامۆستایاندا،لە شەستەکان و حەفتاکان و لە خولی دووەمینیش لە دوای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ جێگای تایبەتی هەبوو لە هەڵبژاردن و کۆنگرەکاندا،لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی مامۆستایاندا.

 لە بواری پەروەردەو فێرکردندا،هەر لە یەکەم دامەزراندنییەوە وەکو مامۆستای سەرەتایی لە سیدەکان ساڵی ۱۹٦۲ تاکو دوا خانەنشین بوونی لە ساڵی ۲۰۰۷ کە مامۆستا بوو لە قوابخانەی کۆدۆ لە شاری هەولێر،نموونەی مامۆستاو پەروەردەکارێکی دڵسۆزو لە خۆبوردوو سەرکەوتو بوو.

  چەند بڕگەیەک لە ژیان و خەباتی:

   ـ لە ساڵی۱۹٤۱ لە شاری رواندز لە دایک بووە.

  ـ لە ساڵی ۱۹٥٤ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە.

  ـ هەر لە پەنجاکان خوێندنی ناوەندی لە ڕواندز تەواوکردووە.

 ـ لە ۱۹٦۲ خانەی مامۆستایانی هەولێری تەواوکردووە.

  ـ لە ساڵی ۱۹٥٦ بۆتە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیان لە ناوەندی ڕواندز.

 ـ لە قوتابخانەکانی:( سیدەکان،باپشتیان،باڵەکیان،چۆمان،ئاکۆیان  تاکو ساڵی ۱۹۷۳ خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە. لە دوای ۱۹۷۳ گوازراوەتەوە بۆ شاری هەولێر)

 ـ لە ساڵی ۱۹٦٦ هاوسەرگیری لەگەل خاتو نەسرینی ئامۆزای، کچی وەسمان بەگ کرد،پێنج منداڵیان بووە.هاوژینە بەڕێزەکەشی لە ساڵانی رابردو کۆچی دوایی کرد.

  ـ لە ساڵی ۱۹۸۸ بۆ خۆ ڕزگارکردن لە بەڵای جەیشی شەعبی خۆی خانەنشین کرد..لە ساڵی ۱۹۹٤ گەڕایەوە بۆ پیشەی مامۆستایەتی و بەردەوام بوو تاکو ساڵی ۲۰۰۷ .

  ـ لە سێ کۆنگرەی مامۆستایان لە هەولێرو بەغدا وەکو نوێنەری لیستی پیشەیی بەشداربووە.

 ـ لە ساڵی ۱۹۷۳ لە لێژنەی یەکێتی مامۆستایان بوو، بەشی ژمێریاری لە قەزای رواندز،لەگەل مامۆستا دلاوەر محەمەد عەلی و ئیحسان ساڵح.

 چەند بڕگەیەکی تر لە خەباتی حیزبی هاوڕێ مامۆستا ساڵح:

  ـ هەر لە تەمەنی زووی گەنجییەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی بیڕوباوەڕی حیزبی شیوعی عێراق، تێکۆشەری شەهید زرار تۆفیق ئاغا رواندزی یەکەم کەس بووە کە لە ڕووی هزری و سیاسی کاریگەری لەسەر هاوڕێ ساڵح هەبووە.

  ـ لە ۱۹٥۷ پاڵێوراوە بۆ ریزەکانی حیزبی شیوعی، لە ساڵی ۱۹٥۸ شەڕەفی ئەندامێتی لە حزب وەرگرتووە.

  ـ لە هەردوساڵی ۱۹٦۲و۱۹٦۳ئەندامی رێکخستنی جوتیارانی ناوچەی حەوزی سۆران بوو، لەگەل هاوڕێیان:(فاخر قادرو فەرەنسۆ هەریری).

  ـ لە ۱۹٦۳ تاکو ۱۹۷۳ سکرتێری لێژنەی شاری رواندزو ئەندامی لێژنەی قەزای رواندزی حزبی شیوعی عێراق بوو.. ئەندامانی لێژنەی قەزای ڕواندز جگە لە هاوڕێ ساڵح،ئەم هاوڕێیانە بوون:( مەلا غەفور رایەتی، ئەکرەم رەشید ئاکرەیی، زرار سلێمان بەگ،

مام ئەلیاس رواندزی)...هەردو هاوڕێ مەلا بەکرو نەجمەددین مامۆ هەریری سەرپەرشتی لێژنەی قەزای رواندزیان دەکرد.

  ـ لە سێ کۆنفرانسی حزب بەشدار بووە،یەک لە داربەسەری نزیک کۆیەو دوانیش لە دەرگەڵە

  ـ لە دوای کودەتا ڕەشەکەی هەشتی شوباتی ۱۹٦۳ هاوڕێ مامۆستا ساڵح بەشداربووە لە بەستنەوەی هێلەکانی مەرکەزی حزب لە بەغداو باشوری عێراق،بە قەزای رواندزو دەرگەڵە.. لەو بارو دۆخە هەستیارەدا لە تەک هاوڕێیانیدا رۆڵی بینی لە ژیاندنەوەی رێکخراوەکانی حزب لە رواندزو دەوروبەری.. هەروا رۆڵی دەبینی لە کاتی شۆڕشی ئەیلولدا بە تایبەتی لە ۱۹٦۳ بە دواوە،لە بەستنی پەیوەندی لە نێوان ئەفسەرە شیوعییەکانی عەرەب بە کەس و کاریان...هەروا لە ساڵی ۱۹٦۳ ڕوڵی بینی لە کۆکردنەوەو ناردنی خواردن و کۆمەک بۆ بنکەکانی پێشمەرگە لە لۆغان و بەرسرین.

 رۆڵی بینی لە بەستنەوەی هێڵی عەسکەری حزب لە حامییەی رواندز بە ڕێکخراوە نهێنییەکانی حزب.

  ـ پاراستنی ئەو هاوڕێیانەی کە لە هەولێر بۆ ئیشراف و کاری حیزبی چوونەتە قەزای رواندز ،هەروەها ئەوانەی لە ڕێگای حزب دەگەیشتنە رواندز بۆ ئەوەی پەیوەندی بەڕیزەکانی پێشمەرگە بکەن مامۆستا ساڵح و هاوڕێیانی ڕواندز رەوانەی بنکەکانی پێشمەرگەکانیان دەکردن...

 لە ساڵی ۱۹۷۸ لە هەولێر ماڵی خۆی تەرخانکردووە وەکو ماڵێکی نهێنی حزب..

 ئەم مامۆستا تێکۆشەرە، لە بەرەبەیانی ۱۲-٦-۲۰۱۲ لە تەمەنی ۷۱ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی گیانی سپاردو چووە ڕیزی تێکۆشەرە نەمرەکان..یادی بەخێر..

  • 1