ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
لە جوغزی سەربەخۆییدا
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان وەک هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی لە جیهاندا، لە ماوەی کاروانی خەباتدا بە قۆناغی وەدەسهێنانی دەستکەوت و ئەنجامدانی سەرکەوتندا تێپەڕیوە، و لە هەمان کاتدا دووچاری نوشتی و شکستی کاتی هاتووە، و ئەم ڕەوشە بە هەردوو ڕەهەندییەوە تا بە ئەنجامگەیاندنی پەیامی مێژوویی ئەم بزووتنەوەیە کە خۆی لە گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووس و سەربەخۆیی دەبینێتەوە، بەردەوام دەبێت.
 
 
لە ئەزموونی تێکڕای بزاڤەکانی ڕزگاریخوازی گەلان سەلمێنراوە کە هەردەم ڕێگای تێکۆشان بە گوڵ دانەپۆشراوە و خاڵی سەرەکی کە بووەتە مایەی بەردەوامبوون لە تێکۆشاندا قایل نەبوون بە ئەمری واقیع و ڕەوشی داسەپاو بووە، و نهێنی بەردەوامبوونیش لە ڕێبازی ڕەتکردنەوەی خۆگونجاندن و خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤ و پەیڕەوکردنی بەرەنگاری و دانانی بەرنامە و میکانیزمی گونجاوی تێکۆشانی بەردەوام بووە.
مێژووی سی ساڵی ڕابردووی ئەم بزووتنەوەیەمان لاپەڕەی مەزنی سەرکەوتنی تێدایە کە بۆ نموونە بریتییە لە ڕاپەرینی ئاداری 1991 و بنیاتنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و داننان بە مافەکانی گەلەکەمان لە دەستوری عێراقدا، لە هەمان کاتدا شەڕی ناوخۆ و خراپی ئیدارەدانی ئەم ئەزموونە لە بواری سیاسی و ئیداری و ئابورییەوە، و پێشێلکردنی مافەکانی گەلەکەمان لە دەستوری عێراق و تێکچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق لە گرێبەستی سیاسی دامەزراندنی عێراقی نوێ و خزانی ئەم پرۆسەیە نێو تونێلێکی داخراوەوە کە ڕەنگدانەوەی قەیرانی مێژوویی دەوڵەتی عێراقە، خاڵە بابەتی و زاتییە نێگەتیڤەکانی کاروانی ئەم سی ساڵەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارە لە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکاری نێودەوڵەتی و دانانی سیاسەتی دەرەکی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئابووری و دانانی میکانیزمەکانی ئیدارەدانی هەرێم و دابینکردنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاراستەی شێوازی سەرەکی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم پەڕاو و دۆسیەی گرنگانە کە بابەتێکی ژیانییە بە نیسبەت گەلی کوردستانەوە، بەرەو مامەڵەکردنە لە گەڵیاندا بە میتۆدی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم ڕەوشەی دروست بووە، و بیانووی واقیعبینیش بۆ ڕەوابوون بەم ئاراستەیە دەنێرێتەوە.
هەڵبەتە خوێندنەوەی واقیع یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی کاری سیاسی، بەڵام مەبەست لە خوێندنەوەی واقیع دەستنیشانکردنی هیزەکانی گۆڕانکاری و هێزەکانی دژ بە گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی بەرنامە و دەستنیشانکردنی ئەرکەکان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری، نەک خۆگونجاندن و قایل بوون بەو واقیعەی کە هەیە.
قەیرانی ئابووری کوردستان و دابیننەکردنی مووچە و سیستی بازاڕ و کارتێکردنە دەروونییەکانی ئەم بابەتە کە هاوکاتە لەگەڵ شەڕێکی دەروونی لەگەڵ تاکی کوردستانی کە لەلایەن دەوڵەتی پەڕەلیل (الدولە العمیقە) لە عێراقدا و خودی حکوومەتی عێراق و ئێران و تورکیا ئەنجام دەدرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی و نەبوونی دیدی هاوبەشی ئیتلافی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستاندا، سروشتی سەرەکیی ڕەوشی هەرێمی کوردستانە. ئەم ڕەوشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەی کە لە هەرێمدا هەیە پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوە و دانانی بەرنامەی کارکردن هەیە نەک قایل بوون بەم ڕەوشەی کە ئێستا هەیە و بۆتە مایەی نیگەرانی ناوەندێکی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان باش بۆی دەرکەوتووە کە بەغدا شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان نانێرێت نەک لەبەرئەوەی کە ئێستا لە قەیرانی داراییە، چونکە پێشتر لە قەیرانیش نەبوو و شایستەی دارایی نەدەنارد، کەچی حکوومەتی هەرێم تا ئێستا ڕێگای چارەسەری ئەم کێشەیە تەنیا بە بەردەوامبوونی گفتوگۆی نەزۆک لەگەڵ بەغدا و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی کە بە داهاتی ناوخۆی و ئەو داراییە پچر پچڕی کە لە بەغداوە دێت، دەزانێت، و ئەم سیاسەتەش بە خۆگونجاندن دادەنێت، بێ ئەوەی بیر لە گۆڕینی سیاسەتی ئابووری بکاتەوە و کار بۆ سەربەخۆیی ئابووری بکات، و خۆ ئەگەر پەلاماردانی بەغدا بە پشتگیری ئێران و ڕەزامەندی تورکیا و دژایەتی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ڕیفراندۆمی 2017 نەبووایە، دەوڵەتی سەربەخۆ دروست دەکرا و باشە ئەوکاتە چۆن بواری ئابووری بەڕێوە دەبرا؟
گومان لە وەدا نییە کە گەلی کوردستان چۆن لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 موقاوەمەتی کرد و بێمووچە کاری دامودەزگاکان ڕانەوەستا، بە هەمان شێوە لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەمان هەڵوێستی دەبوو، بەڵام ئەگەر ئەم دەستکەوتە بەدەست بهاتایە نەدەکرا حکوومەتی کوردستان بیبەرنامە کار بکات و بیر لە سەرچاوەی داهاتی نوێ نەکاتەوە، و تەنیا خۆی لەگەڵ ئەو بڕە بودجەیەی کە هەیەتی بگونجێنێت.
تابلۆی ڕەوشی ئێستای کوردستان بریتییە لە مانەوەی دیاردەکانی گەندەڵی و زەقبوونەوەی دیاردەی دوو ئیدارەیی و مانەوەی دوو هێزی ئاسایش و دژە تیرۆر و هێزی ناوخۆ و پێشمەرگە، و قاجاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان، و مانەوەی گرێبستە خراپەکانی بواری نەوت، و بەردەوامبوونی سیاسەتی بەتایبەتکردنی کارەبا و بواری تەندروستی و تەنانەت خوێندن.
حکوومەتی هەرێم بەردەوامبوون لەم سیاسەتانە بە خۆگونجاندنی واقیعبینانە دادەنێت بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکات کە جەماوەری زەحمەتکێشی گەلەکەمان باجی ئەم سیاسەتانە دەدات، و لە ئاکامیشدا زیان بە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی دەگەیەنێت.
سەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان!
لەگەڵ حکوومەتێکی ناوەند کە بە بەرچاویەوە ئاڵای کوردستان لە بەغدا و پێشتریش لە کەرکووک بسوتێنرێت، و لە ناردنی شایستەی دارایی گەمە بە قووتی خەڵکی کوردستان بکات، و بە ئاشکرا بڵێت من دەستوری دەوڵەت کە بەندە بە چارەنووسی ناوچە دابڕاوەکان جێبەجێ ناکەم، و لە هەلومەرجی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیشدا بۆ هەر هەنگاوێکی چاکسازی بگوترێ ناکرێ، چونکە لەوانەیە شەڕی ناوخۆیی لێ دروست بێت، ئەوا سیاسەتی خۆگونجاندن پاشگەزبوونەوەکان کەڵەکە دەکات و جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە و موقاوەمەت و کارکردن بۆ گۆڕانکاری ڕێگای دیکە لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان نییە.
  • 1