ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تۆماس سانکارا، شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگی ووڵاتی بورکینە فازۆ بوو، هەروەها بە چێگێڤارای ئەفریقاش ناسراوە. لە ڕۆژی ٢١/١٢/١٩٤٩ دا لە دایك بوو. سانکارا کەسایەتیەکی لێهاتوو و ئازا و ڕاست و دادوەر بوو، پیاوێکی بە پرینسیپ بوو، بەرژەوەندی گەلەکەی دەخستە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە. هەتا دوا ساتی ژیانی هەوڵی چاکسازی و پێشکەوتنی ووڵاتەکەی دا و هەروەها ڕزگارکردنی گەلەکەی لە چنگی کۆلۆنیالیزمی نوێی فەرەنسی و ڕۆژئاوایی. هەر بۆیە ئەو ئامانجەی سانکارا لە دژی کۆلۆنیالیزم بووە هۆی کوژرانی بە دەستی کۆمەڵێك خۆفرۆش و گەندەڵ و دز و کۆیلەی کۆلۆنیالیستە نوێیە ڕۆژئاواییەکان.

سانکارا هەر لەو کاتەوە کە بووە سەرۆکی بورکینە فازۆو حوکمەتی پێکهێنا، دەستی کرد بە ئەنجامدانی ئەو پلانانەی کە دەمێك بوو بیری لێ کردبۆوە بۆ گەشەپێدانی ووڵاتەکەی. یەکەم ئامانجی سەرەکی لەناوبردنی هەژاری گەلەکەی بوو، هەروەها هەوڵی لەناوبردنی  دزی کردن و گەندەڵی و خزم و هاوڕێ خوازی لە بەڕێوەبەرایەتی حوکمەت و دەزگا دەوڵەتیەکاندا ، پارەیەکی زۆری تەرخان کرد بۆ دروست کردنی فێرگا و خەستەخانە و هەروەها خانوو بۆ چینە هەژارەکانی کۆمەڵ، لەهەمان کاتدا سیاسەتێکی نوێی ئەنجامدا دژ بە ووشاکایەتی ژینگە، بۆ ئەم مەبەستە، چەند ملیۆن داریان ڕواند لە ناوچە ووشکەکاندا، هەروەها لەڕووی کارەوە،  پشتگیری  لە هەر هاوڵاتیەك دەکرد کە هەوڵ بدات کارێک بۆ خۆی پێكبهێنێت. زۆر چاکسازی تر لە بەرنامەی سانکارادا بوو.

بە گشتی سانکارا ووڵات و گەلەکەی خۆی خۆشدەویست و هەموو هەوڵێکی دەدا کە ووڵاتەکەی لە هەژاری ڕزگار بکات و بەرەو پێشکەوتنی ببات. ئەمەش بۆچوونی کەسانی شۆڕشگێڕ و دڵسۆز و گەل خوازە. لەهەمان کاتدا سانکارا دژ بە کۆلۆنیالیزمی نوێی فەرەنسی ڕاپەری و پێی ڕاگەیاندن کە ووڵاتەکەی ئامادە نیە ئەو قەرزانە بداتەوە بە فەرەنسا کەلەکاتی کۆلۆنیاکیزمی پێشوودا فەرەنسا وەك ئەڵقە کردبوویە ملی بورکینە فازۆ.

لە ساڵی ١٨٩٦ وە، فەرەنسا هەندێك لە ووڵاتەکانی ئەفریقای داگیرکردبوو لەوانە بورکینە فازۆ، ئەو ووڵاتانەیان کردبوو بە بازاڕ و شوێن پێی خۆیان، سامانی ئەو ووڵاتانەیان دەدزی و دوژمنایەتی هەر هاوڵاتیەکەی ئەو ناوچانەیان دەکرد کە ناڕەزایی هەبوایە بەرامبەر بەو بارودۆخە.

سانکارا دەیزانی کە ئەو قەرزانە هەر لە سامانی ووڵاتەکەی دابڕێنرابوون، بۆیە دانەوەی بە فەرەنسا وەك سەرانە و کۆیلەیەتی وابوو. هەرچەندە بورکینە فازۆ بە ڕووکەش لە سالی ١٩٦٠ دا سەربەخۆیی پێدرابوو، بەڵام لە ڕاستیدا فەرەنسا هێشتا کاریگەربوو لەسەریان.

سیاسەتەکانی سانکارا فەرەنسا و هەندێ ووڵاتی تری ڕۆژئاوای ترساندبوو، بۆیە ئەمانە کەوتنە ڕێکخستنی پلانێك بۆ کوشتنی سانکارا. جێگری سەرۆك سانکارا بلازی کۆمپەۆرێ و چەند کەسێکی تر بە هاوکاری فەرنسا و ئەمەریکا توانیان لە بۆسەیەکدا سانکارا و کەسە نزیکەکانی بکوژن.

بلازی کۆمپەۆرێ گەندەڵ وجاش و کۆیلەی فەرەنسا  لە ساڵی ١٩٨٧وە (ساڵی کوشتنی سانکارا) هەتا ساڵی ١٩١٤ بە یارمەتی فەرەنسا حوکمڕانی کرد. ئەوە بیر نەکەین کە بورکینە فازۆ چەند کانزایەکی گرنگی ژێر زەوی بەرهەم دەهێنێت، وەکو زێڕ.

فەرەنسا هێشتا  هەندێك ووڵاتی ئەفریقایی چاودێری دەکات و کاریگەرە لەسەریان، ئەو ووڵاتانە پارەیەک بەکاردەهێنن کە بە  cfa ناسراوە (فرانکی فەرەنسی ووڵاتە داگیرکراوەکان)  سامانێکی زۆری ئەو ووڵاتانە ئەچێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی فەرەنسا لە پاریس. بۆیە کەسانی شۆڕشگێڕ دەبنە ڕێگر لە کۆلۆنیالیزمی چەوسێنەری  فەرەنسا و ووڵاتانی تری ڕۆژئاوا.

هەر لەبەر هەندێك هۆکاری لەوشێوەیە ناتۆ بە دەسپێشخەری فەرەنسا و ئینگلتەرا پەلاماری سەرۆکی لیبیا قەزافیان داو کوشتیان.

بە داخەوە لە زۆربەی ووڵاتە دواکەوتوەکاندا سوپای گەندەڵ و جاش وخۆفرۆشان لە گەشەدایە و بەهێزن، ئەمانە پشت بە  یارمەتی و هاوکاری  ووڵاتە کۆلۆنیالیستە نوێیە چەوسێنەرە کان دەبەستن. ئەوەی ووڵاتە کۆلۆنیستەکان کردوویانە لە ڕابووردودا و هێشتا لە زۆر شوێن بەردەوامن لێی، نابێت بە سیاسەت بژمێردرێت، چونکە ئەوە تەنها چەتە گەرێتی و دزین و ڕووتاندنەوەی سامانی گەلانی ترە.

ئایا ووڵاتە کۆلۆنیالیستە نوێیەکان واز لە چەتەگەرێتی دێنن؟ نەخێر، چونکە ئەو سیاسەتی ئابووری ئەو ووڵاتانە شکستی هێناوە و ڕۆژبەڕۆژ سەربەرەو خوار دەڕوات! وەکو دەبینرێت، ئەمڕۆ بە ئاشکرا ئەو ووڵاتانە پەلاماری گەلانی تر ئەدەن، چاویان بڕیوەتە سامانی ژێر زەوی ووڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت. جا بۆ گەیشتنە ئامانجەکانیان ئامدەن هاوکاری سوپای گەندەڵان و جاشەکان بکەن، هەروەها پشتگیری یارمەتیدانی جوڵانەوەی ئایینی تێکدەر و توندڕەو دەدەن دژ بە کەسانی شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیر. ئێمەی کوردیش بێ بەش نین لەو چەتەگەرێتیە.   

  

تۆماس سانکارا

 کاوە مەلا ڕەسوڵ

٢٦/١٠/٢٠٢٠

 

  • 1