ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەفتەی ڕابوردو کۆمەڵە کەسانێکی ڕاسپێردراو و ئامادەکراو. هەڵیان کوتایە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردوستان لە بەغداد پێشەکی ئاڵای کوردوستان/ یان داگرت و سوتاندیان و ئەوسا بارەگاکەشیان وێران کرد و سوتاندیان!!

بیانوەکەیش ئەوەبو کە هۆشیار زێباری هێرشی کردۆتە سەر (حەشدی شەعبی).

دوابەدوای گوتارەکەی (زێباری) ژمارەیەک لە کاربەدەستان و لایەنگرانی ـ حەشد ـ زۆر بە توندو تیژی و پڕ بە هەمو توانایان هێرشیان کردە سەر (زێباری) و تاوانباریان کرد و داوایان کرد بدرێ بە دادگا, لەهەمان کات دابە گەرمی داکۆکیان لەو هێرشەکرد و بەیەکێک لەو پایە پۆڵاییەیان دایە قەڵەم کە دەوڵەتی عێراق/ ی لەسەر ڕاگیراوە. هەرچەندە زۆر کەسی تر بە خراپی لەسەر حەشد دواون!!

ئەگەر لە تێڕوانێنێکی سیاسیانەوە لەم کێشەیە بکۆڵینەوە. ئەوا لایەنگرانی (حەشد) دو قات و سێ قات تۆڵەیان کردەوە ئەبوایە کێشەکە لێرەدا کۆتایی پێ بهاتایە.

بەڵام وا دەرکەوت کە مەسەلەکە تەنها گوتارەکەی ـ زێباری ـ نیە بەڵکو ئەو کرا بەبیانو بۆ دەربڕینی کینەی نەتەوایەتی دژی کورد (سوتاندنە ئاڵای کوردوستان).

ئەوەی شایانی وتنە, زێباری بەناوی پارتی/ یەوە ئەو چاوپێکەوتنەی نەکردوە. واتە پارتی ڕاستەوخۆ لەم کێشەیە بەر پرس نیە تا بارەگاکەی بسوتێنرێ. هەرچەندە کەسانێک کەلەم مەسەلەیە کۆڵینەوە. ڕایان وایە کە نابێ شێوازی نەتەوایەتی بدرێتێ چونکە ئەمڕۆ عێراق لە پێش هەمو شتێکی ترەوە پێویستی بەتەبایی و ئارامی ناوخۆ هەیە... بەڵام ئەم بۆچونە دوای ڕوداوەکەیە.

لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ (٢٠/١٠) بەر پرسی یەکەمی ـ حەشد ـ نەئینکاری ئەوەی کرد کە ئەو ڕوداوە بە دەست و تەگبیری ئەوان بو. نە ناڕەزایی دەرهەق بە ڕوداوەکە پیشان دا و تێکەڵی کرد لەگەڵ زۆر شتی تردا!!

بەڵام بۆ ئەوەی بیسەلمێنین و نەی شارینەوە کە ئەو ڕوداوە ڕەنگدانەوەی ڕق و کینەیەکی پەنگ خورادوە. با بگەڕێینەوە بۆ هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق (نوری مالیکی) کە ساڵی ٢٠١٤ موچەی کارمەندانی هەرێمی بڕی بەو نیازەی کە حکومەتی هەرێم هەرەس پێ بێنێ!! ئەوەبو لە لێدوانێکی دا وتی: "ئەو پەنجەیە ئەبڕم موچەی هەرێم ئیمزا بکات"!!

ئەی هەر لەو سەردەمەدا نەبو کە بە ئاشکرا لە بەغداد سوکایەتی بەو کوردانە ئەکرا کە بەرگی کوردیان لەبەردا بو؟!

ئەی لە سەردەمی (عەبادی) دابە پشتی (حەشدی شەعبی) لە چەند قۆڵێکەوە پاش ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ هێرشی نەهێنا بۆ هەرێم بە نیازی ڕوخاندنی حکومەت؟!

جگە لەمانەیش کاتی خۆی وا بڵاوکرایەوە کە (نوری مالیکی) (هێزی دجلە) ی بۆیە پێک هێنا کە پەلاماری هەولێر بدات بەڵام ئەوەبو داعش موسڵی داگیر کرد.

من دڵنیام ئەم (زامە کۆنە) لەگەڵ ئەوەش دا جاروبار (قەتماغە) ئەکات بەڵام ئەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان نەک هەر هەڵبداتەوە, بەڵکو ئەتەقێتەوە بەڵام ئەویش ڕۆژگار و هەل و مەرجی خۆی هەیە!!

 

 

  • 1