ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەپایزی ساڵی 1990 لەناوچەی ورمێ وێنەی کاک سامی عەبدولڕەحمان سکرتێری پارتی گەل لەسەر کاغەز چاپ کرابوو، وێنەی دۆلاریش لەتەنیشت وێنەکەی دانرابوو، بڵاودەکرایەوە و دەگوترا کاک سامی چووەتە سعودیە و دۆلاری بەناوی گەلی کورد وەرگرتووە، سەرچاوەی ئەم کارە لای من نادیار و نەزاندراو بوو، هیچ پرسیار و بەدواداچوونێکم لەم بابەتە لەگەڵ کاک هۆشەنگ کە نوێنەری پارتی گەل بوو لەبەرەی کوردستانی نەکرد، تا ڕۆژێک من و کاک هۆشەنگ لەبارەگای بەرەی کوردستانی بووین و کاک فەرنسۆ هەریری هاتە بارەگا و لەگەڵماندا بەشداری وتووێژی کرد، پاشان ڕووی لە کاک هۆشەنگ کرد و گوتی: مەکتەبی سیاسی پارتیمان نامەکەتانی دراسە کرد کە داواتان کردووە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی بکەن، مەکتەبی سیاسی بڕیاری سازدانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێوە نەدا و داواکەتانی ڕەت کردەوە. کاک هۆشەنگ وەڵامەکەی بەلاوە نەگونجاو بە نادروست زانی و گوتی: ئێمە لە سەرکردایەتی پارتی گەل ماوەیەکە هەست دەکەین پەیوەندی پارتی لەگەڵ ئێمە ساردە و لێکترازاوین، ئێمە لەگەڵ پارتی لەبەرەی کوردستانی داین و بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەوەدانین کە پەیوەندی نێوانمان ساردی تێبکەوێت، هەر بۆ ئەم مەبەستەش داوای کۆبوونەوەمان کردووە و دەمانەوێ ئەگەر هەر گیروگرفتێک هەبێت لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی چارەی بکەین، بەڵام ئەگەر ئەوان نەیانەوێت لەگەڵ ئێمە دانیشن بڕیارێکە لەگەڵ بوونی هەردوولامان لەبەرەی کوردستانی ناگونجێت، ئێمە لەپارتی گەل داوا و دەستپێشخەری خۆمان کرد و ئێوەش ئازادن چۆن بڕیار دەدەن، کاک هۆشەنگ بەردەوام بوو، گوتی: باشە هۆی ڕەتکردنەوەی داوای ئێمە بۆ دانیشتن لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی چییە؟ کاک فەرەنسۆ هەریری گوتی مەکتەبی سیاسی ڕای وایە کە ئێوە بەرپرسی یەکەمتان و هیچ کام لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی گەل لەکوردستان نین و بۆیە بڕیاری نەدا لەگەڵ ئێوە کۆبوونەوە بکەن، وتووێژی نێوان کاک فەرەنسۆ هەریری و هۆشەنگ کۆتایی هات، لەم کاتەدا من هاتمە گۆ و گوتم ئەگەر من هەوڵێک بدەم بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک لەنێوانتان گرێ بدرێت، هەردوولاتان پەسەندی پێشنیارەکەم دەکەن؟ کاک هۆشەنگ و فەرنسۆ هەریری گوتیان کارێکی باشە و ئێمە پشتگیری پیشنیارەکەت دەکەین، کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. ڕۆژی دووایی چوومە سەردانی کاک مەسعوود بارزانی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە گوندی ڕاژان، دووای ئەوەی کاک مەسعوود بارزانی لەهەواڵی هاوڕێیان بەتایبەت هاوڕێ عەزیز محەمەد و کەریم ئەحمەدی پرسی، دوای چاخواردنەوە گوتم: کاک مەسعوود بۆ کارێک هاتوومە و دەمەوێت بۆ ئێوەی باس بکەم و ، پێشنیارێکیشم هەیە بۆ بەردیدی ئێوە، گوتی باشە بڵێ، گوتم: ساردییەک لەنێوان پارتی و پارتی گەل هەیە و لێکترازان بە پەیوەندییانەوە دیارە، نازانم هۆیەکەی چییە، بەڵام برادەرانی پارتی گەل دەیانەوێت ئەو ساردی و لێک دوورکەوتنەوەیە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی چارەسەر بکەن، بۆ ئەو مەبەستە نامەیان بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی ناردووە و داوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دەکەن،  مەکتەبی سیاسی داواکەی ڕەت کردۆتەوە بەبیانووی ئەوەی سکرتێری پارتی گەل و ئەندامانی مەکتەبی سیاسییان لەدەرەوەن و ئامادەییان لەکوردستان نییە، پەیوەندییەکە بەبێ چارەکردن مایەوە، بۆ چارەی ئەم پرسە پێشنیار دەکەم ئێوە وەکوو برا گەورەی هەموو حزبەکانی بەرەی کوردستانی کە سکرتێریان لەکوردستان نییە و ئەگەر گیروگرفت لەنێوانیان هەبێت داوا لەئێوە دەکرێت هەوڵی چارەکردنی بدەن، بۆیە بەباشی دەزانم هەوڵێک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی بدەن بۆ ئەوەی  بڕیاری گرێدانی کۆبوونەوە لەگەڵ برادەرانی پارتی گەل بدات، ئەوان واتە برادەرانی پارتی گەل ژمارەیەک ئەندامانی سەرکردایەتیان لێرەن، با مەکتەبی سیاسی پارتیش وەفدێک لەئەندامانی سەرکردایەتی پارتی بۆ کۆبوونەوەکە ئامادە بکات، ئەگەر لەکۆبوونەوەکە ڕێککەوتن ئەوە کارێکی باش و کاریگەر دەبێت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی هەردوو حزب، هیچ لایەنێکیش لەسەرکردایەتی بەرەی کوردستانی گلەیی لە ئێوە ناکەن، ئەگەر پێکنەهاتن دیسان کەس گلەیی لەئێوە ناکات، چونکە ئێوە کۆبوونەوەتان ڕێکخستووە، بەڵام پارتی و پارتی گەل ڕێکنەکەوتوون، وتەکانم کۆتایی پێهێنا و بێدەنگ بووم.

کاک مەسعوود بارزانی بەڕوویەکی خۆشەوە سەیرێکی کردم و گوتی باشە بیری لێ دەکەمەوە و پاشان ئاگادارت دەکەمەوە.

دووای دوو ڕۆژ کاک فەرنسۆ هەریری لەبارەگای بەرەی کوردستانی هاتە لام و گوتی: مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا لەگەڵ برادەرانی پارتی گەل کۆبوونەوە بکرێت و کاک مەسعوودیش داوای کردووە کە تۆش لەکۆبوونەوەکە بەشداری بکەیت، ڕەزامەندیم نیشاندا و، ڕۆژی کۆبوونەوەکە دیاری کرا و بڕیاردرا کۆبوونەوەکە لەبارەگای بەرەی کوردستانی بەڕێوەبچێت، لەکاتی دیاریکراو وەفدی پارتی گەل ئامادەبوو، کە لە بەڕێزان؛ (مەجید وابزانم بە مەجید دڵسۆز ناسراوە، پاڵە و هۆشەنگ) پێکهاتبوو، وەفدی پارتیش لە کاک (ئازاد قەرەداغی و نادر هەورامی و قادر قادر و فەرنسۆ هەریری) پێکهاتبوو، سەرەتا من بەخێرهاتنی هەردوولام کرد و سوپاسی کاک مەسعوود بارزانیم کرد کە هەوڵی ڕێکخستنی ئەو کۆبوونەوەی داوە، هیوام خواست کە هەردوولا برایانە و دۆستانە چارەی گیروگرفتەکان بکەن. ئەنجا داوام لە کاک مەجید کرد قسە بکات لەبەرئەوەی ئەوان داوای کۆبونەوەیان کردبوو، کاک مەجید گوتی سوپاس بۆ کاک مەسعوود بارزانی کە هەوڵی سازدانی کۆبوونەوەکەی داوە، بەردەوام بوو گوتی: ئێمە لە پارتی گەل لەگەڵ پتەوکردنی پەیوەندی هەردوو حزب داین و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دروستکردنی گیروگرفت نین و لێرەش هیچ پروپاگەندەیەکمان لەدژی پارتی نەکردووە، ئێمە دەمانەوێت بەرەی کوردستانی پتەو و بەهێز بێت، داواکارین برادەرانی پارتی لەچوارچێوەی بەرەی کوردستانی چارەی گیروگرفتەکان لەگەڵ ئێمەدا بکەن، پاشان کاک ئازاد قەرەداغی هاتە ئاخاوتن و گوتی سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی کە لەگەڵ سازدانی ئەو کۆبوونەوەیە بوو، ئێمە لەپارتی دیموکراتی کوردستان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ساردی و گرژی پەیوەندی نێوان حزبەکاندانین، و هەوڵی دڵسۆزانە دەدەین بۆ پتەوکردنی بەرە و چەسپاندنی، بەڵام ئەوەی لەنێوان ئێمە و برادەرانی پارتی گەل ڕوویداوە و ساردی لە پەیوەندییمان دروستکردووە، برادەرانی پارتی گەل بەرپرسیارن و ئەوان لەدەرەوە قسەیان کردووە لەگەڵ ئەوەشدا با نەگەڕێینەوە بۆ دوواوە، با لەمڕۆوە ڕێکبکەوین و هەموو گیروگرفتێک لە ڕێگای دانیشتن و وتووێژەوە چارە بکەین و لەسەرم ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:

1-   ڕاگرتنی هەموو جۆرە قسەوقسەلۆک و پڕوپاگەندەیەک لەدژی یەکتری.

2-   لەکاتی هاتنە کایەوەی هەر گیروگرفتێک پێویستە لەڕێگای وتووێژ و لێک تێگەیشتن چارە بکرێت.

3-   لەکاتی پێویست دیدار و کۆبوونەوە لەنێوان سەرکردایەتی هەردوولا ساز بدرێت.

 

لەکۆتایدا کاک فەرنسۆ هەریری گوتی سوپاس بۆ هاوڕێ رەوەند کە هەوڵی دڵسۆزانەی دا بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە.

  • 1