ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

-     بەشى یەکەم

لەم ڕۆژانە مرۆڤایەتى یادى تێپەڕبوونى سەد و سێ ساڵ بەسەر شۆڕشى ئۆکتۆبەر،  لە 7ی نۆڤەمبەری  ساڵى 1917 بە سەرۆکایەتى فلادیمیر لینین و حزبى بەلشەفى دەکاتەوە .

شۆڕشى ئۆکتۆبەر، ڕووداوێک بوو لە ناوخۆى ڕووسیا ڕوویدا، بەڵام کاریگەرییەکانى لەسەر هەموو دنیا و مێژووى مرۆڤایەتى جێهێشت، لە سەدەى بیستەوە و تا بە ئێستاش. واتە کاتێک بیر لە ئۆکتۆبەر دەکەینەوە وەک ڕووداوێکى جیهانى دەبێت مامەڵەى لەتەکدا بکەین، ڕووداوێک ئاسۆیەکى تازەى بەڕووى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى کردووە، ئاسۆیەک تا بە ئێستاش بە ڕووناکى و بەهێزەوە لە دڵى ملیۆنان مرۆڤى چەوساوە دێت و دەچێت .

ئەمڕۆ باس لە مێژوویەک دەکەین کە لە مێژوودا وێنەى نەبووە لە بەئامانجکردنى و چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنى لە لایەن سەرمایەدارانەوە، بەتایبەتى لە ناوەندەکانى زانکۆوە بیگرە بۆ ناو ڕۆژنامەنووس و مێژوونووس و نووسەران و خەڵکى ئاسایى، کە ئەمانە خۆیانیش بە نەتیجە بەشێکن لە قوربانیانى سیستەم. ئەمانە بەشێکن لەو گشتەى (عقڵ)کە کەوتوونەتە بەردەم هەڕەشەیەکى گەورە.

بۆ باسکردن یا جۆرێک لە هەڵسەنگاندن لە مێژوودا زۆر لەو بارەیەوە نووسراوە و دەنووسرێت و دەگوترێت لە بارەى شۆڕشى ئۆکتۆبەر، بەڵام لێرەدا دەبێت مەنهەجیەتێک بەکاربهێنین بۆ ئەوەى تووشى ڕیزکردنى کۆمەڵێک خاڵ نەبین بە ئیجابى بۆ خاڵیکردنەوەى ئەو مێژووە لە هەر کەموکوڕییەک یا بە پێچەوانەکەى، ئەوەندە بە ڕەشى بیبینین و دواتر دایببڕین لە فیکرى سۆسیالیستى و بڵێین مارکسیەت بێبەرییە لەم ئەزموونە، لە چوارچێوەى هەڵسەنگاندنى دۆگمایى یان ئایدیالیستی، کە بەشى زۆرى هەڵسەنگاندنەکان دەچنە ناو ئەو دوو خانەیە .

بەخۆ دوورگرتن لەو جۆرە باسکردن و بیرکردنەوەیەى باسمان کرد، ئەزموونى یەکێتى سۆڤیەت لە سەدەى بیستەمدا تاقیکردنەوەیەکى گرنگى پەیوەندى نێوان (تیۆر و واقیع)ە، لە هەلومەرجێکى مێژوویى دیاریکراوى ماتریاڵیدا، کە تەواو جیاواز بووە لە مێژووەکانى پێش خۆى، بە پێوەرى لە پێناو مرۆڤایەتى و دادپەروەرى و یەکسانیدا.  هاوکات هەر بەم تێگەیشتنە دیالەکتیکییە دەتوانین خاڵە لاواز و بەهێزەکانى و چۆنیەتى سود لێ وەرگرتنى لە تێکۆشانى ئەمڕۆ دەستنیشان بکەین .

هەرچەندە ناکرێت بەپێى واقیع و بارودۆخ و ژیانى ماتریالیى ئەمڕۆ تەماشاى ڕووداوەکانى شۆڕشێکى بەر لە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر بکەین، بەڵام تۆ بێنە بەرچاوى خۆت، ئەگەر شۆڕشى ئۆکتۆبەر  بە سەرۆکایەتى حزبى بەلشەفى و لینین ئەنجام نەدرابایە و کۆتایى بە دەسەڵاتى سێ سەد ساڵەى قەیسەر و بنەماڵەیى و بۆرژوازییەت  نەهاتبایە، ئەو وزەیەى ناو خەڵکى چەوساوە بە چ ئاراستەیەک دەبرا و لەچى بەتاڵ دەکرایەوە بەسەرۆکایەتى دەسەڵاتى ئۆلیگاریشى بنەماڵەیى و چینى بۆرژوازى .

دۆخى ڕووسیاى ئەوکات پێشتریش چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینى بەخۆییەوە بینى بوو، پێش بیست ساڵ لە شۆڕشى ئۆکتۆبەر حزبى سۆسیال دیموکراتى ڕووسیا لە یەکەمین کۆنگرەى خۆیدا بەرنامەى ڕووخانى قەیسەر و ئەرکیان وەک حزب بۆ گۆڕانکارى چلۆنایەتى دیارى دەکەن، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش جیاوازى و کێشەکانى نێوانیان درووست دەبێت و بەلشەفیک و مەنشەفیک دێتە کایەوە و جیادەبنەوە لە ساڵى 1903، لە ساڵى 1912 باڵى بەلشەفى دەبێتە پارتێکى سەربەخۆ.

لەگەڵ بەشداریکردنى ڕووسیا لەشەڕى یەکەمى جیهانى، وەک شەڕێکى پاوانخوازى ناسیۆنالیستى، ڕۆژ لە دوواى ڕۆژ لێکەوتەکانى لەسەر برسیکردن و قوڵکردنەوەى قەیرانە ناوخۆییەکان زیاتر دەبێت، بەهۆى شەڕەوە ملیۆنێک و نیو لە خەڵکى ڕووسیا دەمرن زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیش بریندار دەبن .

پێش چەند مانگێگ لە شوباتدا شۆڕشێکى بۆرژوازى دیموکراتى درووست دەبێت، بەڵام ناتوانێت بەردەوام بێت، پێشتر بەلشەفیک بە باشى واقیعەکەى دەست نیشانکردبوو بە خستنەڕووى چارەسەرییش، لەسەر ئەو بنەمایە حزبێکى خاوەن فیکر و پرەنسیپ و پێشڕەو ئامادەیە، لەگەڵ پاڵپشتى لە درووستکردنى شورا و ڕێکخستنى جووتیاران و کرێکاران، ئەم جۆرە لە ڕێکخستن بەشێکە لە بیرى لینینیزم لە چوارچێوەى شیکارییەکى تیۆرى لە (تیۆر و پراکتیک)ى شۆڕشى سۆسیالیستى. ئەزموونى کۆمۆنەى پاریس و غیابى خۆڕێکخستن و حزبى پێشڕەو، ئەزموونێکى باش دەبێت بۆ لینین کە جیاوازى کات کەمتر لە پەنجا ساڵێک دەبێت لەگەڵ شۆڕشى ئۆکتۆبەر. بۆ خودى مارکسیش کۆمۆنە ئەزموونێکى زۆر گرنگ بوو، کارڵ مارکس بەجۆش و خرۆشەوە پشتیوانى لە کۆمۆنە کرد کە سەرەتا لەگەڵیدا نەبوو، لە پاش شکستى کۆمۆنە، هەڵسەنگاندنێکى زانستى لە بارەى بایەخ و وانەکانییەوە خستە ڕوو. ئەوەى خستە ڕوو کە کۆمۆنە نەخشەیەکى ئەرێنى هێنایە کایەوە بۆ دەوڵەتێکى نوێی پرۆلیتاریا.

لێرەدا لەم بەشە دەوەستین، لە بەشى داهاتوو، لە بارەى ئەنجامى شۆڕشى ئۆکتۆبەر و دەرس و ئەزموونەکانى و چیمان لەمڕۆى (پوچگەرایى)، پێ دەبەخشێت، دەخەینە ڕوو.

 

-     سەرچاوەکان :

-     جورج لوكاش، تاريخ الوعي الطبقي .

-     مێژووى ڕاستەقینەى کۆمۆنیزم، وەرگێڕانى وەلید عومەر و زەردەشت نورەدین.

  • 1