ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

مەبەست لەو بیست و حەوت شەهیدە، ئەو کەسە بێتاوانانەیە کە لە ساڵی 1959 لە یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی چواردەی تەمموز بە تاوانی خەڵک کوشتن لە ڕووداوەکانی شاری کەرکووک لەو ڕۆژەدا لە لایەن دەسەڵاتداری عەبدولکەریم قاسمەوە پێش لێکۆڵینەوەی ورد تۆمەتبارکران و حوکمی سێدارەدران و پاشان دووای دەرکەوتنی ڕاستییەکان و ئاماژەپێدانی خودی عەبدولکەریم قاسم کە ئەو تاوانە بە دەسیسەی خەڵکی دیکە ئەنجام دراوە، حوکمەکە جێبەجێ نەکرا، بەڵام ئەو کەسانە ئازادنەکران تا کۆدەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1963دا کە بەپەلە لە سێدارە دران.

کاتێک ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ڕووخا و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەستی پێکرد و دوواتر لە دەستوری ساڵی 2005 ئاماژە بۆ ئیعتبار گەڕانەوە بۆ شەهیدان کە بە دەستی بەعس شەهید بوون کرا و ئاماژە بۆ قەرەبووکردنەوەی شەهیدان و خێزانەکانیان و قوربانیانی دەستی دیکتاتۆری کرا، ئەم هەنگاوانە لە سەرجەم بەشەکانی عێراق جێبەجێ کرا و تەنانەت قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی لە ڕاپەڕینی 1991 لە باشوری عێراقەوە چوونە ڕفحا لە عەرەبستانی سعودیە تا ئێستا قورسایی لە سەر بودجەی عێراق پێکدەهێنێت و باس دەکرێ کە چۆن قانوونی تایبەت بۆ ئەم گرووپە دەرکراوە، بەڵام بیست و حەوت شەهیدی شاری کەرکووک کە هەموو بەڵگەنامەکان باس لە بێتاوانیان دەکات ئیعتباریان بۆ ناگەڕێنرێتەوە و بەفەرمی بە تاوانبار دادەنرێن، هەرچەندە دەمێکە گەلی کوردستان ئەو شەهیدانەی لە ئامێز گرتووە و لە مێژووی خۆیدا بە شەهیدی سەربەرز دایناوە.

لەم ماوەیەدا دکتۆر عەبدولفەتاح بۆتانی سەرۆکی ئەکادیمیای کورد بەرهەمێکی مێژوویی گرنگی بە زمانی عەرەبی چاپ کرد کە توێژینەوەیەکی مێژوویی سیاسی و بەڵگەنامەییە بە ناونیشانی (ڕووداوەکانی مووسڵ و کەرکووک و لێکەوتەکانی، 8ی ئاداری 1959 ــ 14ی تەمووزی 1958)، کە لە 800 لاپەڕە پێک هاتووە و تیایدا بە شێوەیەکی زانستی و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و ئەو توێژینەوانەی کە پێشتر لە لایەن حەنا بەتاتۆ و د. جەبار قادر و د. نوری تاڵەبانی و د. موکەرم تاڵەبانی نووسراوە، جگە لە وەڵامی د. مارف خەزنەدار و نووسینی مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی و چەندین کەسایەتی دیکە کە سەبارەت بەو بابەتە نووسینیان هەبووە.

لە خوێندنەوەی تێکڕای بەڵگەنامەکان کە بەشێکیان بە وردی باسی چۆنێتی ڕووداوی ڕۆژی 14ی تەمووزی 1959 لە کەرکووکدا دەکات، و بەشێکی دیکە لێکۆڵینەوەی پشتبەستوو بە وردەکارییەکانی ڕەوشی سیاسی ئەو کاتەیە، کۆمەڵێک دەرئەنجام دەردەکەوێت کە هەڵبەتە جێگای ئەوە ناگرێتەوە کە خوێنەر بە دووای کتێبەکەی د. عەبدولفەتاح بۆتانیدا بگەڕێت و بە وردی لاپەڕەکانی بخوێنێتەوە.

لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە تایبەتی ئەو بەشەی کە تایبەتە بە ڕووداوەکانی کەرکووک ئەم خاڵانە دەردەکەوێت:

یەکەم؛ ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا لە کەرکووک کە ئەم ڕۆڵە بە شێوازێکی دیکە لە پەلاماردانی کەرکووک لە لایەن عێراقەوە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دووبارە بۆوە.

لەگەڵ درووستکردنی دەوڵەتی عێراق بەریتانیا تا ساڵی 1958 بەهێز یارمەتی حکوومەتی پاشایی داوە و دژ بە تیکڕای شۆڕشەکانی کورد بووە.

هەردەم ئەو خوولیایەی لەگەڵدا بووە کە کورد لە عێراقدا جیاخوازە و هەڕەشەیە بۆ ئەو دەوڵەتەی کە بە ناوی عێراقەوە درووستی کردووە، و بۆیە تەنانەت خودی ئەو خاڵانەی کە لە ڕێککەوتنامەی لۆزان بۆ بەشداری کورد لە ئیدارەدانی کوردستانی باشور، بۆ ڕازیکردنی عەقڵیەتی ناوەندێتی و عرووبەیی عێراق لە لایەن بەریتانییەکانەوە باس نەکرا. بەڵام کاتێک شۆڕشی 14ی تەمووز بەرپا بوو، بەریتانییەکان لەو باوەڕەدابوون کە بە فووکردن بە بەشێک لە خاڵە لاوازەکانی لۆزان دەتوانن هانی کورد دژ بە عەبدولکەریم قاسم بدەن، بەڵام هەر وەکوو بۆتانی لە کتێبەکەیدا باس دەکات سەرکردایەتی کورد لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە شۆڕش کرد، کە ئەمەش بە دڵی بەریتانییەکان نەبوو کە دەرکەوت شیوعییەکان و کورد پشتگیری شۆڕش دەکەن.

لە کتێبەکەدا دەردەکەوێت چۆن باڵێوزی بەریتانیا و کۆمپانیای نەوتی کەرکووک پشتگیری کەسانی کۆنەپەرستی ئەو شارەی کردووە و یەکێک لە شێوازەکانی ئەو پشتگیرییەش ئەنجامدانی گرێبەستی بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێلی کەسانی بە ناو خانەدانی ئەو شارە بوو کە پارەکەیان دەدانێ بەبێ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بەکاربهێنن یان ناردنی پارە و خەڵات بۆ کەسانی کۆنەپەرست لە بۆنەکاندا.

بەم جۆرە بەریتانییەکان کورد و شیوعییان بە دوژمنی خۆیان و بە مەترسی لە سەر پیلانەکانیان لە ناوچەکە و ڕێککەوتنامەی سەعد ئاباد دادەنا و دەبووایە تۆڵەیەکیان لێ بکرێتەوە کە بۆ سەدەیەک لێکەوتەکانی بمێنێت و ڕووداوەکانی کەرکووک و تۆمەتبارکردنی کورد و شیوعی بەو تاوانە بەرجەستەی ئەو پیلانە بوو.

دووەم؛ باڵوێزخانەی تورکیا لە عێراقدا ڕۆڵێکی ئێجگار نەرێنی بینی بۆ ڕێگا خۆشکردن و هاندانی تاقمی شۆڤینستی لە ناو نەتەوەی تورکماندا ئەوە بوو کۆمەڵەی تۆڕانی لە لایەن باڵوێزخانەی تورکیاوە پشتگیری دەکرا و توانیان کەلێن بخەنە پەیوەندی برایانەی نێوان کورد و تورکمان لە شاری کەرکووک و ئەمەش بەشێک بوو لە جەختکردنەوەی تورکیا لە سەر ویلایەتی مووسڵ و دانانی سەرجەم شارەکانی بە کەرکووکەوە بە بەشیک لە خاکی دەوڵەتی عوسمانی.

سێیەم؛ لە وردەکاری کتێبەکەدا ڕۆڵی کەسایەتی عەرەبی شۆڤینی و بەعسییەکان و یەکێک لەوانە عەبدولوەهاب غەریری دەردەکەوێت کە چۆن سوودیان لە پلەوپایەی وەزیفی وەرگرتووە بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی نێوان کورد و تورکمان.

چوارەم؛ لە بەڵگەنامەکانی کتێبەکە دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی لە سێدارە دران و تەنانەت کەسێکی تورکمانیشیان لەگەڵدا بوو، کەسانی بێتاوانن و بەشێکیان لە گوڵبژێری ڕۆشنبیرانی شاری کەرکووک بوون و هەردەم بانگەشەی برایەتی نێوان گەلانیان دەکرد.

وا شەست و یەک ساڵ بە سەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕیوە، و لەم ماوەیەشدا گەلی کوردستان جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان و بارزانییەکانی دەرهەق کرا و ئێستاش ڕووبەڕووی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەبێتەوە، بەڵام تیکڕای ئەم ڕووداوانە ڕق و قینەی لە ناو گەلی کوردستان دژ بە عەرەب یان تورکمان درووست نەکرد و تا ئێستاش چاوەڕێی عەدالەتی ئینتقالی دەکات بۆ جۆرە تاوانێک کە سەدەیەکی بەسەردا چووە.

یەکێک لە خاڵەکانی عەدالەتی ئینتقالی گەڕانەوەی شکۆ و ئیعتبارە بۆ ئەو بیست و حەوت شەهیدەی کەرکووک کە حزبمان لە کاتی سەرۆکایەتی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال بە شێوەیەکی فەرمی داوای کرد و وەڵام نەبوو، و ئێستاش هەمان داوا لە بەردەمی سەرۆک بەرهەم ساڵحە کە دەتوانێ ئەم کارە بات.

سەرەڕای گەشبینی ئێمە هەندێک پێمان دەڵێن ئەم دەوڵەتە کە ئیعتبار بۆ ئەو شەهیدە بێتاوانانە نەگێڕێتەوە، چاوەڕێی لێ مەکەن مادەی 140 جێبەجێ بکات.

  • 1