ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە جوغزی سەربەخۆییدا

لە ڕەوشی نێودەوڵەتییدا

کاتێک قەیرانەکان دەگەنە بن بەست، دەرفەتەکان واڵا دەبێت

ئاکامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ناکرێ تەنها وەک بابەتێکی ناوخۆیی تایبەت بەو وڵاتە تەماشا بکرێت، بەتایبەتی ئەم هەڵبژاردنە ڕاستەوخۆ بەندە بە کۆمەڵیک دیاردە و هەڵوەستە کردنی دەنگدەرانی ئەمەریکا لێی، و پێشوازی کردنی ئەرێنی ناوەندێکی بەرفراوانی ڕای گشتی جیهان و حکومەتەکانی دونیا لە ئاکامەکەی، و پێم وایە ئەمەش بەندە بە هەڵوێست وەرگرتن لە دیاردەی "ترامپیزم".

دیاردەی "ترامپیزم" لە دەرەوەی بازنەی چەمکی لیبراڵی نوێ و سەروەری ڕەهای بازاڕدا نییە. هاوکات لە گەڵ ئەمەشدا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵتەییەکان کۆمەلێک دیاردەی زەق کردەوە کە نەک تەنها بوو بە سیاسەتی فەرمی ئەمریکا و ڕەفتار و داڕشتنی سیاسەت لە لایەن ترامپەوە، پەیڕەو دەکرا، بەڵکو ئەو دیاردانە بەشێک لە سەرۆکانی وڵاتان و حزبی سیاسی لە وڵاتی جۆراجۆردا، گرتەوە. 

خاڵەکانی "ترامپیزم" خۆی لە نەهێشتنی بەها و پرەنسیپ لە سیاسەت و لە پەیوەندی نێودەوڵەتی و زەقکردنی گوتاری ڕق و قینە و بوخز، و بەرفراوانکردنی پۆپۆلیستی، و بەکارهێَنانی ناوونەتۆرکی سوک لە ئاخافتنی سیاسی و وەڵامدانەوەی بەرامبەر و سوکایەتیکردن پێی، دەبینێتەوە. ئەمە جگە لە ئاراستەی بایەخنەدان و بەکەم تەماشاکردنی ژینگە و سیستمی تەندروستی کە لە مامەڵەکردنی لە گەڵ کۆڕِۆنا دەرکەوت، و فەرامۆشکرنی ڕۆڵی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خۆکشانەوە لە رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، و تاکڕەوی لە بریار و ... هتد.

سیاسەتی "ترامپیزم" کە لە سەرەتاوە بە دژایەتیکردنی گڵوبالیزم و خۆپارێزی و دروشمی ئەمەریکا لە پێشەوە دەستیپێکرد، و خۆی وەک فریادڕەسی سیستمی سەرمایەداری خستەڕوو، بە شێوەیەکی کردەیی قەیرانی سەرمایەداری قوڵتر کردەوە، و بەنیسبەت ئەمریکاشەوە هاوسەنگی بۆ سیاسەت و لۆجیک و بەرنامەرێژی نەهێشت. 

بەم جۆرە قەیرانەکانی سەرمایەداری بە تەرزی لیبراڵی نوێ و پیادەکردنی "ترامپیزم" نەک تەنها لە ئەمەریکا بەرەو بن بەست دەڕویشت، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا ئەو سیاسەتە کە ئەمەریکا نوێنەرایەتی دەکرد، قەیرانێکی جیهانی درووست کرد، و ئەمەش وای کرد خودی سەرمایەداری و ناوەندنەکانی لیبراڵی نوێ بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە خۆی بکات و بە دوای چارەسەری قەیرانەکانی بگەرێت، بە ترامپ بلێ ڕاوەستە، ستۆپ!

بەم جۆرە ئاڵۆزبوون و بنبەست بوونی قەیرانی سەرمایەداری بە شێوەیەکی کردەیی دەرفەتی نوێ واڵا دەکات.

لیرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو دەرفەتانە ئەلتەرناتیفی سوشیالیستانەی بۆ سەرمایەداری واڵا کردە؟

پێم وایە گۆڕانکارییەکانی ئەمریکا و دەرنەچونی ترامپ و ئاڵۆزبوونی قەیرانی سەرمایەداری جیهانی، بەتایبەتی لە گرنگترین و بەهێزترین ناوەندی کە ئەمەریکایە، مانای هاتنەکایەوەی ڕاستەوخۆ و هەنووکەیی سۆشیالستی نییە، بەڵکو کارکردنی سەرمایەدارییە بۆ پەیداکردنی دەرفەتێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناهاوسەنگییەی کە ترامپیزم درووستی کردبوو، و ئەمەش لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هێورکردنی گوتاری بوخز و قینەی ڕاستڕەوەکان و خولیای پارێزەران و گەڕانەوەی شکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیوەندی هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی جیهانی سەرمایەداری، خۆی دەبینێتەوە.

لە هەمان کاتدا ئەم دەرفەتە بوارێکی بۆ هێزی چەپ لە سەر ئاستی جیهانی کە پێداچونەوەیەکی لۆجیکی و واقیعبینانە بە پرۆژەی خۆی لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بکات لە رێگای فشارخستن و داکۆکردن لە تەندروستی گشتی و پاراستنی ژینگە و نەهێشتنی بێکاری و دژایەتیکردنی هەژاری و پاراستنی ماف و ژیانی چین و ناوەندە پەراوێزخراوەکان.

لە هەمان کاتدا دەرفەتێکی نوێ بۆ نەتەوە و گەڵانی چەوساوە لە ئارادا دەبێت بۆ توێژینەوەی گۆڕانکارییە نوێکانی وەزعی نێودەوڵەتی کە بە لۆجیکی دیالکتیک هەردەم لە گۆڕانکاریدایە، و کارتێکردنی لە سەر مەسەلەی نیشتمانی ئەو گەلانە هەیە، بەڵام ئەم ئاراستەیە بێ بەردەوامبوونی تێَکۆشان و دابینکردنی پێداویستی زاتی تێکۆشانی نیشتمانی و خەبات بۆ سەربەخۆیی، ئەنجام نادرێت. 

بە نیسبەت کوردستانی باشور و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی بە گرنگی دەزانم کە ڕچاوکردنی دەرفەتە نوێکانی بواری نێودەوڵەتی و سودوەرگرتن لێی، پێویستی بە پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەکییە لە هەرێمی کوردستاندا کە گرنگە ئەم بوارانە بگرێتەوە: 

ـ دابینکردنی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی کە ئەمەش لە ڕەوشی ئابوری و دەرونی و کۆمەلایەتی کۆمەڵانی خەڵک جیاناکرێتەوە. لەم هەلومەرجەدا بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانی کوردستانی پێویستە کە ڕەهەندی گۆڕانکارییە نوێکان بە شێَوەیکی زانستی دراسەت بکرێت، و تێکڕای لایەنە سیاسییەکان و پسپۆر و کەسایەتی شارەزای کۆمەڵگای مەدەنی تیایدا بەشدار بێت. گرنگە نەخشە رێگا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دابنرێت و زەمینە بۆ داڕشتنی دەستوری هەرێم ساز بکرێت، کە یەکێکە لە ئەرکەکانی ئەم قۆناغە و قورسایی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بتەو دەکات.

ـ دراسەتکردنی چارەنوسی پرۆسەی سیاسی لە عێراق کە وەک گرێبەستێکی سیاسی لە نێوان لاینە سیاسییەکانی ئەو پرۆسەیە کە لە سەر بنەمای شەراکەت و هاوسەنگی وتوافق ساڵی 2003 بریار درابوو، لە بن بەستدایە.

ـ دانانی سیاسەتێکی دەرەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ پەیوەندییە دەرەکییەکان و وڵاتە هەرێمایەتییەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان.

ـ کارکردن لە ڕوانگەی بەرژەوەندی باڵای کوردستانەوە لە بواری ئەو پەیوەندییانە، و تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە وڵاتە زلهێزەکان لە ڕوانگەی پرەنسیپ و ئایدیای سیاسییەوە مامەڵەمان لە گەڵ ناکەن، و پێوەری مامەڵەکردنەکە بەرژەوەندی سیاسی خۆیانە لە کاتێکی دیاریکراودا.

ـ هاوسەنگی لە مامەڵەکردن لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کارتێکردنی ئەرێنی و نەرێنیان لە سەر دۆخی ڕەوای گەلەکەمان هەیە، و کارکردن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی دیارکراودا سوود لەو پەیوەندییانە وەرگرین بۆ جێبەجێکردن و گەیشتن بە دۆسێیەکی دیاریکراو لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دابینکردنی مافی گەلی کوردستانەوە هەیە. 

ـ کاربکرێت کە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی زلهێز تەنها لە بواری بابەتی سەربازییەوە نەبێت، ئەو رێکەوتن و پەیوەندییانە بواری سیاسی و ئابوری و بەشدارییان لە گەشەکردن لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بگرێتەوە.

ـ بابەخدان بە کاری لۆبیکردن لە دەرەوەی وڵات و دانانی نەخشەی پێویست دوور لە خۆرسکی و عەقلیەتی حزبایەتی.

  • 1