ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
1
 
تێگەیشتن لە یاسای قەرز
یاسای پاڵپشتی كورتهێنانی دارایی كە لەم رۆژانە لە پەرلەمانی عێراق لە ژێر ناونیشانی پاڵپشتی بۆ مووچەخۆران و پركردنەوەی كورتهێنان و پێداویستی ناوەخۆ دەركرا، لە جەوهەردا ئەم یاسایە بە شێكە لە رەچەتەكانی سندوق و بانكی نێودەوڵەتی بۆ گۆرینی زیاتری پەیكەری ئابوری دەوڵەتی عێراق. زۆر زیرەكانە دابینكردنی مووچە پەیوەستكرا بە قەرزكردن بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی باشتری مەرجەكانی بانكی نێودەوڵەتی.
بەهۆی شكستی حكومرانی و جێ‌ بەجێ‌ كردنی سیاساتی نیولیبرالیزم رۆژ لەدوای رۆژ قەرزی ناوەخۆ و دەرەكی عێراق زیاتر هەڵدەكشێت كە لە ئێستادا نزیك دەبێتەوە لە 150 ملیار دۆلار لە هەرێمیش نزیك دەبێتەوە لە 30ملیار دۆلار.
قەرزكردنی زیاتر یەكسانە بە ملكەچكردنی زیاتر و وێرانكردنی زیاتری ژیانی ئابوری و كۆمەڵایەتی، كەچی هەرێم و بەغدا شەریانە لەسەر ئەوەی كامیان زیاتری بەردەكەوێت؟ ئەوان لە ژێر ناونیشانی بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا خەریكی چەواشەكردنی ڕای گشتین بۆ ئەوەی نەپرژینە سەر ئەوەی بڵێن بۆچی دۆخەكە لێرەولەوێ‌ بەمرۆ گەیشت، ئەمرۆیەك هەردووحكومەت تەنانەت ناتوانن مووچەش دابین بكەن. بۆچی سەرانی حكومەت و حزبەكانیان رۆژانە دەوڵەمەندترو خەڵكیش هەژارتر دەبێت، حكومەتێك نەتوانێت مووچەش دابین بكات و رۆژ لە دوای رۆژ وڵات توشی قەیران و قەرزی زیاتر بكات، واتای چی دەگەیەنێت، چ دوارۆژێك چاوەروانی دەكات ؟ .
2-
سیاسەتی كڕوزانەوە و تەسلیمبوون
لە ئێستادا لە هەمووكات زیاتر سەرانی دەسەڵاتداران لە هەرێم سیاسەتی كڕوزانەوە و تەسلیمبوون بە بەغدایان لە جێگای بەهێزكردنی روحی بەرەنگاری و دابینكردنی بژێوی خەڵكی كوردستانیان گرتۆتەبەر. سیاسەتی كڕوزانەوە و تەسلیمبون بۆتە ئەو بژاردەییەی لەیەككاتدا لەبەرامبەر وڵاتانی داگیركەری عێراق و توركیا و ئێران و ئیمپریالیزمی جیهانی پەیرەودەكرێت. ئەم جۆرە مامڵەیە لەگەڵ پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەرامبەر بەغداو وڵاتانی دراوسێ‌ ئەنجامە، هۆكارەكەی كەوتنی مۆدێلی حكومرانییە لە ئاستی ناوە و لە پەیوەند بە متمانەی نێوان خەڵك و دەسەڵات، كەوتنی مۆدێلێكە لە دەسەڵاتی ئۆلیگاریشی كە جگە لە خۆدەوڵەمەندكردن ،گەندەڵی ، تاڵان ، ئیحتیكاركردنی دەسەڵات ناتوانێت هیچ ئەركێكی تر لە ئاستی تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی و دابینكردنی لانی كەمی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ هاوڵاتیانی دابین بكات.
گوتاری تەسلیمبون بە وڵاتانی داگیركەر كە عێراق یەكێكە لەوانە تەنیا لە ئاستی هێزە دەسەڵاتدارەكان نەماوەتەوە بەڵكو پریوەتەوە بۆناو بەشێك لەو هێزانەش كە بەرگی ئۆپۆزسیۆن بونیان لەبەردایە بەڵام گوتاری تەسلیمبونیان لە چوارچێوەی عقلیەتی پۆپۆلیستی لە دەسەڵات زیاتر بەرزكردۆتەوە.
تەرویجكردن بۆ رادەستكردنی كوردستان و دەسەڵاتەكانی لە ژێر بیانوی پاراستنی لە دەست گەندەڵی و سیاسیە بازرگانەكانی ئێرە، لە لایەك نیشاندانی غیابی روئیای بەدیلە بۆ ئەمانە لە لاكەی تر جگە لە رازیبوون بە مانەوە لەژێر هەژموونی داگیركاری، تەسلیمیكردنیەتی بە سیاسیە بازرگانەكانی ئەوێ‌، ئەوێیەك رێژەی بێكاری و هەژاری و ژیانی خەڵك لەوپەری خراپیدایە. ئەوە بەمانای ڕازیبون بە شكستی سیاسەتی نەوتی و یاسای نەوت و گاز و ناشەفافیەت وگەندەڵیەكانی هەرێم و گرێبەستی پەنجا ساڵەی لەگەڵ توركیا نایەت، كەئەمەشیان دیوێكی تری سیاسەتی تەسلیمبونە بە وڵاتانی داگیركەر .
3-
ئەركی هەنوكەیيمان
لە سەروبەندی قەیران و ئەو نائومێدییەی بەدوای خۆیدا دروستی كردووە، بۆ بنیاتانی دوارۆژێكی جیاوازتر پێویستی پرۆژەی كاری هاوبەشی چەپ و ئازادیخوازان لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە واقعی ئێستا و ناكۆكی و دژیەكەكان لە هەناوی خۆیدا دێنێتەكایەوە،. هاوكات لە كاتێكا لە بەردەم دووەمین كۆربەندی چەپی كوردستانیداین كە فراوانكردن و پەرەپێدانی پێویستە.
لە بەشەكانی كوردستا بە رەچاوكردنی هەلومەرجی ئەمرۆ، ئەمرۆیەك لە دەرەوەی ئارەزووی ئێمە دروستكراوە، لەسەر هێزە چەپ و ئازادیخوازان فەرزدەكات لە رێگای بەرنامەیەكی هاوبەشی بەدیل، چالاكی جەماوەری و جڤاكی هاوبەش ئەنجام بدەن دژ بە بیری شۆڤینی نەتەوەیی ئاینی و پرۆژەی مێژوویی داگیركاری، لە چوارچێوەی داكۆكیكردن لە بەرژەوەندی كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان و مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی وەك ئەركێكی هەنوكەیی گرێدراو بە ئەركە چینایەتییەكان.
  • 1