ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

 بڕیاردانی یاسای وەرگرتنی قەرز بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجەی عێراق بۆ سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2020 لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ پەیامی سەرەکی لەخۆگرتووە.

یەکەمیان: پەیامێکی ئابوورییە بۆ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی لیبراڵی نوێ کە هەڵبژاردنی ڕێگای ئەو ئاراستەیەن لە بواری سیاسەتی ئابووری، و پەنابردنە بەر قەرز وەرگرتن بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران و هێزە چەکدارەکان و میلشیا جۆراجۆرەکان، کە بەشێکیان تەنیا پڕکردنەوەی لیستی ناوە و خەڵکی عێراق و خودی ڕاگەیاندنەکانی عێراق بە نەبوو دایاندەنێت و ناوی ناون "فەزائی" بەو مانایەی ئەو ناوانە لە بۆشایی ئاسماندان. بێگومان هەڵبژاردنی ڕێگای قەرز مانای پتەوکردنی وابەستەیی دەوڵەتی عێراقە بەو ناوەندانەی قەرز دەدەن، و بەم جۆرەش قەرزەکان لە سەر عیراق ساڵ لە دووای ساڵ زیاد دەکات.

دووەمیان: پەیامێکە بۆ خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق و فەرمانبەرە کەمدەرامەتەکان کە پێیان بڵێت ڕەوشی زیادبوونی هەژاری و بێکاری و نەبوونی فرسەتی کارکردن و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان کە مرۆڤ بە کەرامەت بژی، بە هۆی سیاسەتە ئابوورییەکان و بەفیڕۆدانی سامان و گرێبەستی وەهمی و تاڵانکردنی سامانی گشتی و بەفریودانی بنەماکانی بنیاتنانی ئابووری نییە کە چەندین ساڵە پەیڕەوی دەکەین، بەڵکو ئەو ڕەوشە خراپەی ئێوە بەو هۆیەوەیە کە حکوومەتی عێراق مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، و ئەوان لە ڕەوشێکی باشدا دەژین و ئێوەش دووچاری قەیرانی ئابووری و خۆپیشاندان و ناسەقامگیری سیاسی و پێشتریش دووچاری شەڕی تایفەگەری بوونەتەوە!

بەم جۆرە گوتارێکی مەترسیدار لە سەر بنەمای ڕەتکردنەوەی بەرانبەر و گەوجاندنی هۆشمەندی جەمعی، و ناشتنی تۆوی ڕق و قایل نەبوون بە بەرانبەر دەچێنرێت، و هەر ئەمەش هێزی کۆمەڵایەتی بۆ لایەنە تایفەگەرییەکانی شیعە و سوننە بۆ بەردەوامبوون لە حوکمدا، دابین دەکات.

پەیامی سێیەمی یاساکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەریمی کوردستانە بە هەموو هێز و حزب و لایەنە سیاسییەکان، و بەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییانەشەوە کە خۆیان لە لایەنە سیاسییە شیعی و سوننییەکان زیاتر بە خەمخۆری عێراق و عێراقچێتی دەزانن.

پەیامی سێیەم کومەڵێک خاڵی گرتۆتە خۆی لەوانە:

1ــ باوەڕنەبوون بە دەوڵەتی فیدڕاڵی و تەنانەت ئەگەر لە چرکەیەکی مێژووییدا ئەو فیدڕاڵییە لە دەستور و لە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوا بە شێوەیەکی کردەیی عەقڵیەتی هێزی سیاسی نەتەوەیی و تایفەگەری عەرەبی، ناتوانێت لە بازنەی دەوڵەتی مەرکەزی ڕەها قورتاربێت، و هەر مادە و بەند و ڕێککەوتنێکی سیاسی کە بۆنی لامەرکەزیەت و فیدڕاڵی لێ بێت، ئەوا بە کردەیی جێبەجێ نابێت.

2ــ بڕیاردانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بەشێکە لە بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی پێشتر، لەو کاتەوەی کە حوکمی نوێ لە دووای 2003ەوە درووست بووە، و ئەمەش خۆی بینیوەتەوە لە نەناردنی فیشەکێک بۆ پێشمەرگە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، لە کاتێکدا پێشمەرگە لە دەستوری نوێدا هاتووە و شەڕی یەکلاکەرەوەی تیرۆری کرد، جگە لەوەی کە ئەم سیاسەتە بەردەوامبوونی سیاسەتی کشانەوەی ئیدارەکانە لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە دووای ڕاپەرینی ئاداری 1991، و بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم لە سەردەمی مالکی و عەبادی، لە کاتێکدا مووچەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دەنارد.

3ــ هەڵوێستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕێگای ئەو یاسایەوە ئاماژەیەکە کە ئەم دەوڵەتە تەنیا فەرمانبەرەکانی پارێزگاکانی دەرەوی هەرێم بە فەرمانبەری خۆی دەژمێرێت، لە کاتێکدا ئەم هەڵوێستە و ئەم یاسایە بە پێچەوانەی مادەی "30"یە لە دەستوری عێراق کە ئاماژە بۆ دابینکردنی داهات بۆ تێکڕای فەرمانبەران دەکات.

بێگومان بەشێکی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم ڕاستییە دەزانن کە یاساکەیان بە پێچەوانەی دەستورە، بۆیە لە سەرەتاوە باس لەوە دەکەن کە سەرۆک کۆمار مافی ڕەتکردنەوە و گەڕانەوەی یاساکەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نییە، و لێرەشدا نازانین ئەگەر سەرۆک کۆمار ئەم مافەی نەبێت چۆن پارێزەر و حامی دەستورە!

4ـ یاساکە پەیامێکی نوێیە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان و  ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن، و ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشیان هەبێت، ئەوە ئەوان هەر چۆنێک بێت توانای ئەوەیان هەیە کە بە عەقڵیەتی زۆرینە بڕیار و قانوون داسەپێنن، و بە داخەوە ئەم لۆجیکە لە لایەن هەندێ سیاسەتمەداری کوردستانی بەئاسایی دەزانن بەو بیانوویەی لە پەرلەمانی کوردستانیش زۆرینە و کەمایەتی هەیە. لە کاتێکدا زۆرینە و کەمینە لە هەرێمدا لە سەر بنەمای نەتەوەیی و تایفەگەری نییە، بەڵکو لە سەر بنەمای بەرنامە و ئایدیۆلۆژییە، و بەم شێوەیەش هەردەم لەگۆڕانکاریدایە، لە کاتێکدا میکانیزمی زۆرینە و کەمایەتی لە سیستەمی سیاسی عێراق بەو جۆرەی لایەنە نەتەوەیی و تایفەگەرییە عەرەبەکان بیری لێدەکەنەوە لە حاڵەتی نەگۆڕدایە.

5ــ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستان دەڵێت تەوافق و هاوسەنگی و شەراکەت دەمێکە کۆتایی هاتووە و بۆ حاڵی نابن؟ بەشێکی سیاسەتمەدارانی کوردستانیش بانگەشەی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم ڕەوشە دەکەن.

شرۆڤەکردنی پەیامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هێزە سیاسییە ناکوردستانییەکان تیایدا، و خاڵە وردەکارییەکانی ئەو پەیامە ناکرێ بە شێوازی کاردانەوەی نەگەتیڤانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان بۆ گوتاری ڕق و بوخز ڕاکێشن. بە هەمان شێوە ناکرێ کاردانەوەی بەپەلە گەڕانەوەی نوێنەرانی کوردستان و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی سیاسی عێراق ڕابگەیەنین نەک لەبەرئەوەی ئەم بابەتە ڕەوا و ڕاست نییە، بەڵکو بە هۆی نەبوونی کۆدەنگی کوردستانی لە سەر ئەم ئاراستەیە. بۆیە سەرلەنوێ کاروانی نوێ دانوستان لەگەڵ بەغدا دێتە کایەوە، کە ناکرێ بە گوتاری پاڕانەوە و بیکەن بە خاتری ڕیشی سپی من کە هەڵوێستی کوردستانی لاواز دەکات، بەڕێوە بچێت.

هەڵبژاردنی ڕێگای دانوستان پێویستی بە درووستکردنی هاوپەیمانی دەرەکی و نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە، و لە هەمان کاتدا پێویستی بە پێداچونەوەیە لە سیاسەتی ئابووری کوردستان، چونکە ئەم سیاسەتە پەیڕەکراوە سەربەخۆیی ئابووری درووست ناکات، و کوردستان لە ئابووری بەرخۆر قورتار ناکات. هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە گرنگە متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات لە کوردستاندا سەرلەنوێ درووست بکرێتەوە، کە ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت و ڕوونییە لە هەنگاوە سیاسی و ئابوورییەکاندا لە سەر ڕێگای گەشەسەندنی مرۆیی بەردەوام نەک تەنیا بیرکردنەوە لە وەرگرتنی قەرز کە باری ئابووری کوردستان قورس دەکات.

  • 1