ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

    

مێژووی شاری ده‌ربه‌ندیخان

له‌ ساڵانی  1947 ـ 1949 بیری شیوعییه‌ت له‌ سه‌ر ده‌ستی { عه‌لی ئه‌فه‌نی  برین پێچ  و حسه‌ین عه‌ول } فه‌راش ودانشتووی ده‌ربه‌ندیخان( سه‌لیم پیرك و كانی توو) چه‌كه‌ره‌ی كردو هه‌ر له‌و كاتانه‌دا به‌ هاوكاری مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی { بابی سه‌رباز} و مه‌لا ئه‌سعه‌دی برای شانه‌یه‌كی حزبییان پێكهێناو مه‌ڵا ئه‌حمه‌دو مه‌لا ئه‌سعه‌د له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ هؤی ناوبانگی باوكیانه‌وه‌ مه‌ڵا قادری سۆفی ناودارو خۆشویست بوون و توانیان قۆناغ به‌ به‌ قۆناغ بیری شیوعییه‌ت بۆ دێهاتی ده‌وروپشتی بانیخێڵان و ئه‌و به‌ری سیروان واته‌ دێهاتی هۆرێن و شێخان بگوێزنه‌وه‌.

له‌ ساڵانی  په‌نجاكان چه‌ندین كۆمپانیایی بیانی گه‌وره‌و بچوك روویان كرده‌ ده‌ربه‌ندیخان و ژماره‌ی كرێكاران په‌ره‌ی سه‌ندو له‌ پاش شۆرشی 14 ته‌موزی  1958 سه‌ندیكا ( نقابه‌) دۆوست كراو، له‌ ده‌ربه‌ندیخان (2) جۆر سه‌ندیكا  هه‌بوو، كرێكاران ناوییان لێنابوو سه‌ندیكا بچكۆله‌كه‌ یان (زه‌رده‌كه‌) سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، نزیكه‌ی 300-350 ئه‌ندامیان هه‌بوو ، سه‌ندیكا گه‌وره‌كه‌ {سووره‌كه‌} سه‌ر به‌ حزبی شیوعی بوو زیاتر له‌ 3300 ئه‌ندامی هه‌بوو ئه‌م به‌رێزان به‌رێوه‌یان ئه‌برد :  1ـ ئیبراهیم كه‌ریم { ابراهیم باقر ـ بابی سه‌وره‌} 2 ـ دنخا بازی { ابو یعقوب}  3 ـ عمر ره‌شید 4 ـ میخاییل 5 ـ سیادور ئه‌رمه‌نی  سه‌ندیكاییه‌كی تری كرێكارانی ره‌ی هه‌بوو ئه‌ویش له‌ لایه‌ن شیوعی وپارتی به‌ریوه‌ ئه‌براو له‌ م به‌رێزانه‌ پێكهاتبوو( قادر ئه‌حمه‌د، حسه‌ێن فه‌تاح، نجم كاكه‌ سه‌عید، ابراهیم ئه‌لنه‌جارو عمر سریع).

له‌ ناو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی كرێكاران ده‌یان كادرو سه‌دان شیوعی هه‌بوون و توانیان ژماره‌یه‌ك كۆمیته‌ و شانه‌ دروست بكه‌ن و جێی ده‌ستیان دیار بوو.

شیوعییه‌كان له‌درۆستبوونی حزبه‌كه‌یان  وله‌ هه‌موو كاته‌كاندا ده‌ربری ئاوات و خواست و ئازاره‌كانی گه‌ل بوون و، سه‌ره‌رای سه‌ختی بارودۆخی  وڵات به‌ هۆی رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌رو خوێنرێژه‌كان و داموده‌زگا داپلۆسێنه‌ره‌كانێه‌وه‌ ‌ شیوعیه‌كان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ بوون بۆ به‌رگری كردن له‌ گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی  و به‌ گیانی ئازایه‌تی و خۆبه‌ختكردن و له‌ ناو جه‌رگه‌ی ئاگری دوژمنان تیكۆشاون بۆ له‌ ناو بردنی كۆنه‌په‌رستی و دیكتاتۆرییه‌ت و رژێمه‌ خوێنرێژه‌كان  و،  بۆ وه‌دیهێنان و جێبه‌جێ كردنی  ئه‌ركه‌كانی گه‌ل و نیشتمان  و ئازادی و سه‌ربه‌ستی، ‌ جه‌ماوه‌ریان هانداوه‌و  به‌ تایبه‌ت كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا.

بۆ ئه‌وه‌ی ره‌نج و تیكۆشانی شیوعییه‌كان ون نه‌بێت هه‌وڵ ئه‌ده‌م ناوه‌ ناوه‌ باسیان بكه‌م به‌تایبت شه‌هیده‌كان و كۆچكردووه‌كان و، لێره‌دا باسی دوو شیوعی قاره‌مانی شاری ده‌ربه‌ندیخان ئه‌كه‌م :

ــ*هاورێ عه‌لی ئه‌حمه‌د سه‌عید له‌ خێزانێكی هه‌ژار له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌  1/7/1930 چاوی به‌ دنیا هه‌ڵهیناو، له‌ به‌ر ده‌ست كورتی خێزانه‌كه‌یان و بۆ یارمه‌تێدانی براو كه‌سوكاری له‌ پۆلی شه‌شی  سه‌ره‌تایی ده‌ستی له‌ خوێندن هه‌ڵگرت و، شان به‌ شان له‌ گه‌ڵ براكانی تری : حه‌مه‌ ره‌شیدو عمرو مسته‌فا كه‌وته ‌كاركردن و،  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ربه‌ندیخان و له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ( ره‌ێ) دامه‌زراوه‌.

*ــ هاورێ عه‌لی مرۆڤێكی دڵپاك و ده‌ستپاك و مرۆڤدۆست بوو، له‌ كاروباری حزبایه‌تی نموونه‌ی ئازایه‌تی و خۆراگری ولێهاتوویی بوو، رووخۆش و قسه‌خۆش و، به‌ شاهیدی خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری شار سه‌نگ و قورسایی گه‌وره‌و زۆری له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌بوو، كه‌سێكی به‌ هه‌ڵوێست ونیشتمان په‌روه‌رو تێكۆشه‌رو دڵسۆز بوو بۆ گه‌ل ونیشتمان و حزبه‌كه‌ی و،  ئه‌و كارانه‌ی پێی سپێردراوه‌ زۆر به‌ دڵسۆزی و له‌ ناخی دڵه‌وه‌ جێبه‌جێی كردوون

هاورێ عه‌ڵی له‌ گه‌ڵ  هاوسه‌ره‌كه‌ی ئایشه‌ عه‌بدولقادر ئه‌حمه‌د خاونی كچێك به‌ناوی پرشنگ 6 كور به‌ ناوه‌كانی : ئه‌حمه‌د، محه‌مه‌د، یاسین، ته‌حسین، به‌هێز و به‌رێز. ( جێیداخه‌  ته‌حسینی جوانه‌مه‌رگ زوو هه‌موومانی به‌جێهێشت و كۆجی كرد).

هاورێ عه‌ڵی تێكۆشه‌ر له‌ به‌ر ئازایه‌تی و راپه‌ره‌ندنی كاروباری حزبی دووچاری گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌ بووه‌وه‌و  بۆ ماوه‌ی (2 ساڵ و 9 مانگ) له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان  له‌ رانیه‌ و تاقمی ئه‌لنور*&* ( جه‌لالییه‌كان) له‌ سلێمانی  ‌و 3 جار له‌لایه‌ن رژێمه‌كانی عێراق بۆ 4 مانگ و 5 مانگ و 9 مانگ گیراوه‌و نموونه‌ی خوراگری بووه‌و نهێنییه‌كانی حزب و هاورێیانی پاراستووه‌و سه‌ربه‌رزانه‌ دوژمن به‌زێن بووه‌و، له‌ 23/12/1973 كۆچی دوای كرد.

*ــ  نه‌جیب شیخ محه‌مه‌د مه‌لا قادر : له‌ ساڵی 1952 له‌ خێزانێكی هه‌ژار له‌  گوندی بانیخێڵانی ده‌ربه‌ندیخان چاوی بۆ ژیان هه‌ڵهێنا،  به‌ هۆی نه‌داری و بۆ یارمه‌تیدانی خێزانه‌ گه‌وره‌كه‌یان له‌ پۆلی 3 ی ناوه‌ندی ده‌ستی له‌ خوێندن هه‌ڵگرت و بۆ به‌ كرێكارو هێشتا مێرمنداڵ بوو چووه‌ شاری به‌غداو كرێكاری ئه‌كردو دیسانه‌و گه‌رایه‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخان و له‌و ساڵانه‌دا په‌یوه‌ندی به‌ حزبی شیوعی عێراقه‌وه‌ كرد. له‌ گه‌ڵ هاورێ له‌تیفی شیوعی برای یه‌كیان گرت، هاورێ نه‌جیب  مرۆڤێكی بێگه‌ردو خاوێن و رووخۆش و ده‌م به‌ پێكه‌نین و نه‌ترس، هێشتا مناڵ بوو چالاكانه‌ ئیشوكاری حزبی  ئه‌نجام ئه‌دا و، له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ بۆ به‌ پردێك له‌ نێوان شارو دێهاته‌كان ، له‌ نیوان ( رێكخراوی شاری ده‌ربه‌ندیخان و لێژنه‌ی جوتیاران) و نامه‌و پیتاكی و شتومه‌كی سه‌ربازی بۆ لقی 10 تێكوشه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار  ئه‌گوێزایه‌وه‌ و له‌  ده‌ره‌وه‌ش نامه‌و به‌ڵگه‌نامه‌كانی حزبی بۆ رێكخراوی شار ئه‌هێنا.

له‌ سالی 1970 به‌ بۆنه‌ی یادی { 100 ساڵه‌ی له‌ دایكبوونی زاناو بلیمه‌تی مرۆڤایه‌تی فلادیمیر ئیلیتچ لینین} به‌ هاوكاری هاورێیان و به‌ ئاشكه‌را دارو دیواری شاری به‌ دروشمه‌كانی حزب رازانده‌وه‌ به‌ جۆرێك دوژمنانی شیوعییه‌ت تۆقینه‌وه‌ و، هه‌ر له‌و رۆژه‌داو به‌ فیتی ناحه‌زان كاتێك له‌ چایخانه‌كه‌ی  كه‌مپی خواره‌وه‌ دانیشتبوو معاونی پۆلیس كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا معاونی ئه‌من بوو ( نه‌سره‌ندین عه‌لی)  هاتوو زلله‌یه‌كی كێشا به‌ بنا گوێی  هاورێ نه‌جیب و، هاورێش به‌ تووره‌ییه‌وه‌ وه‌لامی  دایه‌وه‌و  معاون تووشی ترس و له‌رز بوویه‌وه‌ پاشه‌كشێ كردو زانی كار له‌ كار ترازاوه‌ه‌و شیوعییه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان و وارماوه‌ نیازی  توڵه‌سه‌ندوه‌یان هه‌یه‌  معاون كه‌وته‌ په‌له‌ قاژه‌و كرنووشی بۆ حزب  و هاورێیان بردو داوای لێبوورنی كرد.

به‌ڵێ ، له‌ به‌ر زیته‌ڵی و كاركردن و ئه‌نجامدانی چالاكی دۆژمنان و  پیاوه‌كانی رژێم كه‌وتنه‌ چاودێرێكردن و راونان و گرتنی و ، پاشان هه‌لی بۆ ره‌خساو حزب ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كردو چووه‌ مۆسكو له‌ {  په‌یمانگه‌ی زانستی كؤمه‌ڵایه‌تی} وه‌ك كادیرێك ده‌ستی به‌خوێندن كردوو، له‌ ساڵی 1979 رژێمی به‌عس ده‌ستیكرد به‌ شاڵاوێكی پۆلیسی و خوێنرشتن دژ به‌ شیوعییه‌كان و له‌و كاته‌نادا هاورێ نه‌جیب گه‌رایه‌وه‌و رووی كرده‌ شاخ و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌و كادیرو ‌ لێپرسراو كه‌ دوژمنان زانیان هاورێیه‌كی  به‌ تواناو لێهاتووه‌و چالاكه‌و له‌ رۆژانی قه‌سابخانه‌كه‌ی پشتاشان‌ بۆسه‌یه‌كی ترسنۆكانیان بۆ  خۆی و هاورێیانی داناو له‌ 2/5/1983 به‌ ده‌ستی ناپاك و  چه‌په‌ڵی  ناپیاوان له‌ گه‌ڵ كاملی ئه‌حمه‌د سه‌مینی كانی ساردی  شه‌هید كران.

هاورێ نه‌جیب له‌ گه‌ڵ  هاوسه‌ره‌كه‌ی حه‌میده‌ حه‌سه‌ن خاوه‌نی كورێكن به‌ناوی ( ساریژ).

18/11/2020

*&* تاقمی النور به‌ جه‌لالییه‌كان ئه‌وترا كه‌ له‌ ساڵی 1966 چوونه‌ پاڵ حكومه‌ت و، رۆژنامه‌یه‌كیان به‌ ناوی النور ده‌ركرد بۆیه‌ به‌و  ناوه‌ش ئه‌ناسران.

 

ية

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

  • 1