ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تا ئەمرۆ 18ی نۆڤەمبەر پەنجا و پێنج ملیۆن و 64 هەزار و 128 توشبووی کۆرۆنا هەیە لە نێوانیاندا ملیۆنێک و 328 هەزار و 15 کەس گیانیان لە دەستداوە .

ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە کۆمەڵگای جیهانیی رێکخستەوە بە شێوازێک کە تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی سنوردار کرد، قەیرانی گەورەیی ئابوری و داخستنی سنوری ئاسمانی و زەمینی لە نێوان شار و وڵاتان بەشێک بوو لە دەرئەنجامەکانی ئەو ڤایرۆسە.ئەو گۆڕانکارییە و ژینگەتازەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژ بە رۆژ بینیمان و تێیدا دەژین هەرگیز لەمەوبەر بە بیری هیج کەسێک لە ئێمەدا نەهاتبوو. ئێمە هەموومان لەم پەتایە و قەیرانە جیهانییە دەژین و کاریگەری لە سەر ژیانی رۆژانەی ئێمە و هەر تاکێکی سەر ئەم گۆی زەوییە کردووە.

 ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی شۆکێک بوو بۆ جیهان کە لە وێنەی نەبوو و بووە هۆی سەپاندنی ئالنگارییەکی قورس بۆ ساسەتمەدار وئابوریناسان و توێژەرەوان لە جیهاندا کە نەتوانن بە ئاسانی شیکاری کاریگەرییە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی ڤایرۆسە لەسەر ئابوری جیهان بکەن.

 لە دوایین راپۆرتی ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمی کە لە 28 ی ئۆکتۆبەر بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەدات کە هێشتا مەکسیک ئابورییەکی لاوازی هەیە و زۆرترین زیانی ئابوری بەهۆی کۆڤیدەوە بەرکەوتووە. ئیتاڵیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو لە ریزبەندیی ئابوری زۆر لاوازدان. لە هەمان کاتدا وڵاتانی وەک نەرویج، ئوستورالیا و مەنگۆلیا کەمترین روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ مەترسییەکاندا هەیە. ئەفریقا، فلیپین، نەرویج و چیللی بارودۆخیان زۆر باش بووە بە پێچەوانەوە کە شانشینی یەکگرتوو، بەلجیکا و فەرەنسا داڕمانی ئابوریی بەشێوەیەکی خێراتر لە مانگی ئۆکتۆبەردا بینی.

 ئەوەی کە تا ئێستە ئەبینرێت ئەوەیە کە داڕوخانەکە جیهانییە و بۆ مەودایەکی دوریش بەردەوام دەبێت کە هیج وڵاتیک لێی دەرباز نابێت لەگەڵ ئەوەش کە هەندێک لە وڵاتان ستراتیژی کەمکردنەوەی داڕمانیان پەیرەو کردووە. بەڵام ئەم دۆخەی کە ئێستە هەمووجیهان تێیدایە داوای وەڵامدانەوەیەکی یەکخراوی هەمەلایەنەی وڵاتان ئەکات بەرامبەر ئەم پەتا جیهانییە.

 پەتای کۆرۆنا لە یەک کاتدا گرفتی گەورەی بۆ خواست و خستنە روو لە ئابوری جیهانی پەیوەندیدار بەیەکەوە، دروست کردووە. لە لایەنی خستنەروەوە پەتاکە ژمارەی کرێکار و بەرهەمهێنەرانی لە بازاردا کەمکردەوە لە کاتێکدا کە هەنگاوی داخستنی کارگەکان، پابەند بوون بەپاراستنی مەودای کۆمەڵایەتی بووە هۆی دروست بوونی ئەم کێشەیە.

 لە لایەنی داخوازی و خواست، کەمکردنەوە و دەرکردنی کرێکار و کارمەند لەسەر کارەکەی-تەقلیسات، لەدەستدانی کار بە هۆی توش بوون بەکۆرۆنا و کەرەنتین، بووە هۆی کەم بوونەوەی خواستی خەلک و دابەزینی خواست و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی شمەک و خزمەتگوزارییەکان. هەر بۆیە ئاستی بەرهەمهینانی کۆمپانیاکان زۆر کەمی کرد یان نەما.

 ئەم دۆخەی کە ئیستە ئێمەی تێدا دەژین دۆخێکە کە بەهیج شیوەیەک ناتوانین پیشبینی ریرەو، ماوە و قەبارەکەی بکەین و کاریگەرییەکانی لەسەر متمانەی کار و بەکارهێنەر کە دۆخی دارایی بەرتەسک تر ئەکاتەوە دەرئەنجامەکەشی لە دەستدانی کار و بەرهەمهێنانە.

 بێ کاری و کۆرۆنا

لە دوایین راپۆرتی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، باس لەوە دەکات کە لە ساڵی 2021 پەتای کرۆنا دەبێتە هۆی ئەوەی کە96 ملیۆن کەس کارەکانیان لە دەست بدەن روبەڕوی دۆخی هەژاری قورس ببنەوە و کە 47 ملیۆنی ئەو داتایە ژنان و کچانی گەنج پێکدەهێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ژنان و کچان کە بە یەک دۆلار و نەوە سەنت یان کەمتر دەژین لە رۆژێکدا، بگاتە 425 ملیۆن.

 هەروەها بەرزبوونەوەی ئاماری هەژاری لە بەرئەنجامی پەتاکە دەبێتە هۆی فراوانکردنی بۆشایی هەژاری لە نێوان هەر دوو رەگەزەکە. بەمانایەکی دیکە ژنان زیاتر هەژارتر دەبن بە بەراورد بە پیاوان. ئەم داتایە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان 25-34 ساڵیدایە، لەکاتێکدا کە ئەو تەمەنە بە تەمەنی پڕ چالاکی، بەرهەمهێنان و پێکهێنانی خێزان دادەنرێت.

  ئابورى جیهان زلەیەکى گەورەى بەرکەوت

لە ئەنجامی خێرا دابەزین و کەم بونەوە یان وەستانی چالاکی ئابوری لەو وڵاتانەی کە ڕێوشوێنی توندیان گرتەبەر بۆ رێگریکردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە. لە هاویندا کاتێک رێوشوێنی بەرگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵگیران دووەم شەپۆلی بڵاوبونەوە وتەشەنەسەندنی کۆرۆنا دەستی پێکرد کە بووە هۆی بەهێزترین داڕوخانی ئابوری جیهانی کە لە سالی 1930 ەوە تا ئێستا جیهان رووبەڕووی نەبۆتەوە. واتە لێکەوتە ئابورییەکانی کۆرۆنا لە قەیرانی داڕمانی جیهانی ساڵی 1930 گەورەتر و مەترسیدارترە.

 دارمانی نرخی کاڵا سەرەکییەکان وەک نەوت و کانزاکان، داخستنی سێکتەری خزمەتگوزاری و سیکتەری گەشت و گوزار. بە تایبەت گەشتو گوزار لە مانگی سێ و چواری ئەمساڵ بەخراپترین شێوە زیانی بەرکەوت. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی گەشت و گوزاری جیهانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، بە گشتی ژمارەی گەشتیاران لە سەدا 58 بو لە سەدا 78 کەمی کردووە لە سەر ئاستی 2020.

 ریکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە 100 ملیۆن بۆ 120 ملیۆن کار لە سێکتەری گەشت و گوزار بە شێوەیەکی راستەوخۆ رووبەڕووی ریسک بۆتەوە و ئەگەری لە دەستدانی هەیە.

سەرەراى لێکەوتە مەترسی دارەکانى بەڵام هەمیشە ساتی قەیران ئەو دەرفەتەی هەیە کە دەکرێت دیویکی دیکەی ببینرێت کە لە دۆخی کرۆنادا زیاتر ئەندامانی خێزانی لە یەک نزیککردەوە و دەرفەتێکی دروست کرد تا خەڵک زیاتر بگەڕێنەوە بۆ سروشت و لە هەوای ئازاد و سروشتدا وەرزش بکەن. یاخود رەنگە لە کاتی کەرەنتین دانانی کات بۆ خوێندنەوە و گەشەپێدانی خود باشترین دەرفەت بوبێت بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی کارەو و سەرقاڵی ئەو هەلەیان نەبووە.

 بەشێکى شارەزایانى ئابورى سیاسى دیوى شاراوەى قەیرانەکە بۆکورتهێنانى سیستەمى سەرمایەدارى تازە دەگێرنەوە کە بۆتە هۆى ئەوەى کەرتى تەندروستى گشتى لاوازبێت و هەمووشتێک بخرێتە گیلفانى کەرتى تایبەت، ئەمەش وامان لێدەکات لەیەک گۆشەیەکەوە تەماساى تابلۆکە نەکەین بەڵکو بەجۆرێک دەبێت هەمووى ببینین. لەمرۆدا ئەگەر پاڵپشتی و وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتی گشتگیر دروست نەبێت ئەوا قوڵی ئەم شۆکە و بەردەوامییەکەی دەستکەوت ئەوەى بەدەستیش هاتووە دەخاتە مەترسییەوە و بەگشتیش لە سەرئاستی جیهان دەرئەنجام لیکەوتەکان قەیرانی گەورەتر و ناسەقامگیرى و ململانیی توندی لێ دەکەویتەوە.

  • 1