ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی سەدەی بیستەم بەتایبەتی کە لە ناوەڕاستەکانی ئەو سەدەیەدا، بوون و گەشەسەندنی تەواوی هەبووە، بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلانە کە دژ بە داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی نیشتمانەکانیان خەباتیان کردووە.

 

تێکۆشانی گەلان لە پێناوی ڕزگاری نیشتمانی و سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، بابەتێکی هەڵقوڵاوی ئارەزوومەندانەی کەسایەتییەک و تاقمێکی سیاسی یان مەسەلەیەکی خۆڕسک نەبووە، بەڵکو بە ئاستی جیاواز ڕەنگدانەوەی هۆشمەندی سیاسی و ڕادەی پەرەسەندنی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بووە، و ئەمەش لە چوارچێوەی بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە شێوازی جۆراجۆر ڕێکخراوە، و هۆکاری سەرەکی بوونی ئەو بزووتنەوانە بوونی ئیرادەی گەلان و قایل نەبوون بە کۆیلایەتی و داگیرکردن، و بەشێک لە جەنگێکی شۆڕشگێڕی و کاردانەوەیەکی دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی بووە.

ئەم ڕێگای تێکۆشانە لە ئاکامی بوونی ڕەوشێکی بابەتی لە قۆناغێکی مێژوویی تایبەت بە گەلێکی دیاریکراو، هاتۆتە کایەوە کە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانییە.

قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی حاڵەتێکی ئارەزوومەندانە نییە کە بە مزاجی سیاسی گومان لە بوونی بکرێت، چونکە ئەم قۆناغە بەندە بە کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی پەیوەندیدار بە شوناسی نەتەوەیی و بوونی نیشتمانێکی داگیرکراو یان لکێنراو دوور لە ئارەزوو و بڕیاری چارەنووسسازی گەلەکەی، و بوونی چەوساندنەوەی ئەو گەلە کە زۆر جار گەیشتۆتە جینۆساید و ئەنجامدانی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و قەدەغەکردنی شوناس لە لایەن هێزێک کە شوناسێکی دیکەی هەیە.

لەم ڕەوشەدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلان بریتییە لە سەرجەم ئەو لایەن و ڕێکخراوە جەماوەرییانەی کە ڕەوتی فیکری و سیاسی و سەربازی جۆراجۆریان هەیە، و دەیەوێت کۆتایی بە داگیرکردن و شەڕی جینۆساید دژ بە گەلەکەی بهێنێت، و لە پێناوی ڕزگارکردنی خاک و سەروەری و سەربەخۆیی تێدەکۆشێت، و پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتی نیشتمانیی سەربەخۆی هەیە.

قورسایی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی جیهانی و کارتێکردنیان لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاراستەی ڕووداوەکان، دوور لە گومان خستنە سەر ڕەوابوونی هەر هەموویان، لە یەک ئاستدا نەبووە. بەشێک لە پێوەرەکانی کارتێکردنی ئەو بزووتنەوانە بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە: گرنگی جیۆسیاسی و جیۆپۆلۆتیکی بواری چالاکی و بیر و و هزری سیاسی و ئایدیۆلۆجی بزووتنەوەکە، و قەوارەی دانیشتووان، و قورسایی ئەو بزووتنەوەیە لە ڕیزی ئەو گەلەی نوێنەرایەتی دەکات، و شێوازی ئەو نوێنەرایەتی کردنە، جگە لە هێزی ڕێکخستنی بزووتنەوەکە و پێکهاتەی سەرکردایەتی و کادیرەکانی، و ئاستی ڕێکخستنی ڕیزەکانی و چۆنێتی بەڕێوەبردنی کاروباری جەماوەری خۆی، و توانای چالاکی سیاسی و جەماوەری و سەربازی، و پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی و توانای لۆبیکردن و کارتێکردنی لە سەر ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا.

سەرچاوەی ڕەوابوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلان بە پلەی یەکەم بۆ ئامانج و مەبەستی بزووتنەوەکە دەگەڕێتەوە، و فراوانبوونی ئەم بزووتنەوەیەش بەتایبەتی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتیندا، و کارتێکردنی لە سەر ڕای گشتی جیهان، وای کرد ئەو بزووتنەوانە ڕەوابوون لە یاسای نێودەوڵەتی وەدەست بێنێت، و مۆرکێکی جیهانی وەرگرێت، و جگە لە بوونی بوارێکی ناوخۆیی بۆ جموجۆڵ و چالاکی ئەنجامدان، بنکە لە وڵاتی دراوسێ دابنێت.

لە ئاکامی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلان، ڕەوابوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلان گەیشتە ئاستی وەرگرتنی کەسایەتی قانوونی لە یاسای نێودەوڵەتیدا، بەتایبەتی دووای بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 1514 لە ساڵی 1960 کە لە چوارچێوەی بڕیاری پاکتاوکردنی کۆلۆنیالیزم بوو بەهۆی سەربەخۆیی چەندین گەلان لە جیهاندا.

بەڵام بوونی ئەم بڕیارە و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی کۆتایی تەنیا بە بەشێک لە شێوازێکی کۆنی کۆلۆنیالیزم هێنا، و شێوازەکانی دیکە کە خۆی لە کۆلۆنیالیزمی ناڕاستەوخۆ، و لکاندنی زۆرەملێی و خولیای تێکۆشانی جیابوونەوەی گەلێکی دیاریکراو تا ئێستا بەردەوامە، و سەرجەم ئەم حاڵەتانەی کە باسمان کرد بە شێوازی جۆراجۆر لە ڕەوشی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمانەکەی و گەلی فەلەستین و کەتەلۆنیا و گەلی بیابانی ڕۆژئاوا لە ئەفریقیا، و چەندین حاڵەتی دیکە بەدی دەکرێن.

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان لە باشوردا لە لایەنی جیاوازی ناوخۆیی و دەرەکی دووچاری فشار و شاڵاوی جیاواز بە مەبەستی گومان خستنە سەر بوون و دوواتر ڕەوابوونی کراوە.

هەر لە سەرەتای بوونی ئەم بزووتنەوەیە ئینگلیزەکان کە دەوڵەتی هاوچەرخی عێراقیان درووست کرد، سەرجەم شۆڕش و جموجۆڵی جەماوەریی گەلی کورد لە پێناوی سادەترین مافی ئیداری و ڕۆشنبیری خۆی بە چالاکی تێکدەرانە و دژ بە بوونی دەوڵەتی عێراقیان دانا، و بۆیە بە فڕۆکەی سەربازی و پشتگیری سوپای عێراق هێرشەکانیان دژ بە کوردستان لە سەردەمی حوکمی پاشایەتی لە عێراقدا بەردەوام بوو.

لە ساڵی 1961 کە حکوومەتی شۆڕشی 14ی تەمووز نەیتوانی دەستوری عێراق و چەمکی شەراکەت جێبەجێ بکات، گوتاری سیاسی ئەوانەی تێکۆشانی گەلی کوردستانیان بە عەقڵدا نەدەچوو شۆڕشی کوردستانیان بە یاخیبوونی دەرەبەگەکان دژ بە ڕیفۆرمی کشتوکاڵی لە قەڵەم دا. لە ساڵانی دوواییشدا هەردەم ئەم بزووتنەوەیە بە وابەستی دەرەکی تۆمەتبار کراوە.

ئەمڕۆ لەگەڵ ئاڵۆزی و قوڵبونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا کە هۆکاری سەرەکی بۆ سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو و بەردەوامبوونی لە ڕەوشی ئێستادا دەگەڕێتەوە، پێویستە فشاری هزری و جەماوەری و ڕاگەیاندن بە ئاراستەی جەختکردن لە سەر جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی جەماوەر لە ڕێگای سەپاندنی چاکسازی ڕاستەقینە و گۆڕینی سیاسەتی ئابووری حکوومەتی هەرێم بێت و گرتنەبەری بنەماکانی حوکمڕانی باش و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی و دابینکردنی ژیانی پڕ کەرامەتی خەڵکی زەحمەتکێش دروشم بزاڤی جەماوەری بێت، کە هەموو ئەم هەنگاوانە یارمەتی تەواوکردنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بۆ تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی دەدات لە هەلومەرجێکدا کە سیاسەتی تەعریب و زەوتکردنی مافەکان و شەڕی بوون لەگەڵ گەلەکەماندا دەکرێت، کەچی لەم ڕەوشەدا شاڵاوی تێکدەرانە و گومان خستە سەر بوونی مێژووی قۆناغی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و ڕەوابوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان دەکرێت و ئەم شاڵاوەش لە لایەن هەندێکەوە بە بیانووی پشتگیری بزاڤی جەماوەری و داکۆکیکردن لە داواکاری خەڵکی کوردستان دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا کەلێن و بۆشاییەک لە نێوان ئەرکی نیشتمانی و ئەرکی چینایەتی درووست دەکات و لە کۆتایشدا بە بەرژەوەندی تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی تەواو نابێت و بزاڤی جەماوەری بەلاڕێدا دەبات.

پێویستە سەرجەم خەمخۆرانی تێکۆشان لە پێناوی سەربەخۆیی و مافی چارەنووس، هاوکێشەی ئەرکی نیشتمانی و ئەرکی چینایەتی لە تەرازوویەکی هاوسەنگی تێکۆشان دابنێن، و ئەمەش ڕێگای پاراستنی شکۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانییە لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی کە لە کوردستاندا بوونی هەیە.

  • 1