ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پرۆسەی خوێندن کە لە پەروەردە و فێرکردن پێکهاتووە، بەشێکی گرنگ و سەرەکی تێگەیشتنە لەزانستە جۆراوجۆرەکانی ژیان و سەرچاوەیەکی هەمەلایەنی بەکەڵکە بۆ زانینی مێژوو و جوگرافیای گەردوون و مرۆڤایەتی و تێگەیشتنی ڕووداوەکانی سروشت.

هاوکات فێرگەی پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوومانە، داینەمۆی جوڵان و هۆشیارکردنەوەی هزر و بیر و ئەندێشەکانی مرۆڤایەتییە، دیارە ئەم باسە بۆ کۆمەڵکە تازەپێگەیشتووەکان زۆر گرنگە تا ژیان سەرلەنوێ ڕێکبخرێتەوە لەسەر بنەمای شارستانیەتێکی هاوچەرخ کە تیایدا مرۆڤ ئارام و ئاسودە و پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بێ، پوختەکەی خوێندن سەرچاوەیە بۆ وەبەرهەمهێنانی توانا و هێزێکی گەورە کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەناوچەقی ژیان و ململانێکانی ناو کۆمەڵگە، ئەویش مرۆڤە، پرۆسەی خوێندن دەبێتە هۆی دروستبوونی سەرمایە، بەڵام سەرمایەی مەعنەوی و مەعریفی نەک سەرمایەی مادیی. 

پێویستە بزانین ئایا لەهەرێمی کوردستان تاچەند ئەم پرۆسەیە چووەتە خزمەتی مرۆڤ و بەهێزکرنی تواناکانی و بووتە وەبەرهێنێکی مرۆیی و وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی سوودی لێ وەرگیراوە و هەموو هاونیشتمانییەک فرسەتی تەواوی بۆ ڕەخساوە درێژە بەخوێندن بدات بەتایبەتی لەئاستە باڵاکاندا و لەناو گوندنشینان و ئافرەتاندا. 

کاتێک پرۆسەی خوێندن سەر بە کەرتی گشتی بووە و لەلایەن حکوومەتەوە بەڕێوەبراوە و بودجەی بۆ دیاری کراوە، خەڵکی بەگشتی بەژمارەیەکی زۆر سوودمەند بوون لێ و هیچ بارگرانییەکی نەخستۆتە سەرشانی هاووڵاتییان، بەڵام چەندین ساڵە حکوومەی هەرێم لەچوارچێوەی سیاسەتی بەتایبەتی کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بە بەرنامە گرنگی داوە بە کەرتی تایبەت لەپرۆسەی خوێندندا و بە هەزاران دۆنم زەوی بۆ تەرخان کردووە و بەملیارەها دۆلاری بەخشیوە بۆ زانکۆکانی ئەمریکی لە دهۆک و سلێمانی و چەندین زانکۆ و پەیمانگای ئەهلی تر لەشارەکاندا کە زۆربەی هەرەزۆری هی بەرپرسە باڵاکانی حزبی دەسەڵاتە یان شەریکی دەسەڵاتن و خاوەنی ئەم ناوەندانەش بەنرخێکی گران و بەرز موڵەتی خوێندن دەدەن بە خوێندکاران تا بەردەوام بن لەپرۆسەی خوێندن.

دیارە لەپێناو قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەدا بەم کارە هەڵدەستن نەک لەپێناو پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی نیشتمان نەک بۆ ئامانجی ڕاستەقینەی پرۆسەی خوێندن کە لە سەرەتادا باسمان کرد ئەوەیش پێگەیاندن و فێرکردنی نەوەکانی دواڕۆژی ئەم گەلەیە و خوێندن ببێتە سەرمایەی مەعریفی و مەعنەوی و مرۆیی نەک پەیداکردنی پارە و دۆلار، بەتایبەت لەهەلومەرجێکی وەک ئەمڕۆدا کە دەسەڵات تووشی قەیرانی ئابووری بووە و ناتوانێت هەلی کار برەخسێنێت بۆ بێکاران و مووچە و خانەنشنی خەڵکی بدات دەرگای قوتابخانەکانی کەرتی گشتی داخستووە بە بیانووی نەخۆشی کۆرۆناوە، بەڵام لەکەرتی تایبەتدا ئەم پرۆسەی بەردەوامە وەک بڵێی نەخۆشی هەر لە قوتابخانە گشتییەکاندا کار بکات.

لێرەدا پرسیارێک گرنگە لەدەسەڵات بکرێت خوێندکاران چۆن بتوانن بەردەوامی بدەن بە خوێندن کە سەرچاوەیەکی داراییان نەبێت بەتایبەتی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت و مووچەخۆران، بێگومان وەڵامەکەی بەبەرژەوەندی گشتی نییە کە بتوانێ دەرفەتی تەواو هەبێت بۆ هەمووان، ئەم کار و سیاسەتەی حکوومەت تەنیا بۆ بەرژەوەندی چەند سەرمایەدارێکە و ناچێتە خزمەتی گشتییەوە، بۆیە هەر حزب و گرووپ و لایەنێک دەیەوێ خوێنکاران سوودمەندبن لەپرۆسەی خوێندن و ناڕازین لەم دەسەڵاتە دەبێت بەشێک لەبەرنامە دروشم و داواکارییەکانیان گرنکیدان بێت بەکەرتی گشتی لەپرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا و لەقۆناغی یەکەمدا سنووردارکردنی ئەم پرۆسەیە بێت لەکەرتی تایبەتدا تا لەقۆناغی دوومدا خوێندن لەهەموو بوارەکان و ئاستەکاندا بەخۆڕایی بێت هەمووان بێ جیاوازی چینایەتی سوودمەندبن وەک مافێکی سەرەتایی و بنەڕەتی مرۆڤ.

  • 1