ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كه‌له‌پوری فیكری مرۆڤایه‌تى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌كاركردن له‌باره‌ى مرۆڤ و ئیمانه‌وه‌‌، به‌تایبه‌ت ده‌رونشیكار و دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و مه‌نهه‌جیه‌ته‌ى هزر كه‌ دیارترینیان "فرۆید" و "یۆنگ" و "ئه‌ریك فرۆم"ـه‌ بایه‌خێكی ئێجگار گه‌وره‌یان به‌ ئیمان و ڕۆڵێ و كاریگه‌ری ئیمان له‌سه‌ر ئینساندا داوه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ندین كتێبیان له‌باره‌ى ئیمان و ئه‌و دیارده‌ دێرینه‌ى هاوژیان له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تى نوسیوه‌‌.

-به‌بڕواى فرۆید ئاین و ئیمان هیچ نییه‌، جگه‌ له‌ وه‌همێكی ڕۆشنبیری گشتى و كه‌ ئینسان هه‌ندێ جار یاخود زۆر جار پێویستى به‌په‌نابردنه‌ به‌ر ئه‌و وه‌همه‌، فرۆید پێی وایه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها زانسته‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پرسیارو كێشه‌كانى ئینسانه‌ نه‌وه‌ك شتى تر، دیدى فرۆید دواتر هه‌ر له‌ نێو ده‌رونشیكاری له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م و دواتر، ده‌بێته‌ جێگاى مشتوومڕی له‌ نێو بیریارانى ده‌رونشیكاری و به‌جۆرێك هه‌ندێكیان واز له‌و ئاراسته‌ فیكریه‌ دێنن و بیری فرۆید ده‌ده‌نه‌ به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌.

- له‌وه‌ته‌ى مرۆڤ هه‌یه‌ ئیمانیش هه‌یه‌، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چی له‌ ئیمان بكه‌ین، چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ین؟ رنگه‌ له‌ زۆركه‌س زیاتر ئیبراهیم ئه‌صلان، نوسه‌ری به‌ناوبانگی میسر، له‌ كتێبی "شی‌و من هژا القبیل" وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ى دابێته‌وه‌ كه‌ ده‌نوسێ: به‌لای منه‌وه‌ گرنگ نییه‌، تۆ هه‌ڵگری چ ئیمانێكی، ئه‌وه‌م به‌لاوه‌ گرنگه‌ تۆ به‌و‌ ئیمانه‌ چی ده‌كه‌ی؟ چۆن هه‌ڵسوكه‌وتى پێده‌كه‌ی؟ پێی دروست ده‌كه‌ى یاخود وێران ده‌كه‌ی؟ پێی ئازاد ده‌بی یاخود ده‌بی به‌ كۆیله‌؟ سته‌م پێده‌كه‌ى یا دادوه‌ری؟ خۆشه‌ویستى پێده‌كه‌ى یا ڕق؟

- له‌مێژووى هاوچه‌رخدا مه‌ترسی گه‌وره‌ برتییه‌ له‌ به‌كارهێنانى ئیمان بۆ مه‌به‌ستى سیاسیی، هه‌ر كاتێك سیاسه‌ت به‌ناوی پیرۆزی ئیمانه‌وه‌ قسه‌ى كردبێت، ئه‌وا قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ى ئینسان و وێران شاره‌كان و ژیان و خه‌ونى ئینسانى به‌دواى خۆیدا به‌جێهێشتووه‌، ڕه‌نگه‌ داعش دواین نمونه‌ بێت كه‌ ئه‌زموونمان كرد.

- كه‌س ناتوانێت مرۆڤ له‌ ئیمان دوور بخاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێویسته‌ لێكی دوور بخه‌ینه‌وه‌ به‌كارهێنانى ئیمانی ئینسان و ئیاینه‌كه‌یه‌تی بۆ مه‌به‌ستى سیاسیی.

 

  • 1