ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

میتۆلۆژیای ئایینی چیرۆكی دروستبوون و پێكهێنانی زەویمان بۆ دەگیڕێتەوە، چیرۆكی دروستكردنی ئینسان و هاتنە سەر زەوی. ئەوە چیرۆكێكی خەیاڵ ئامێزە. ئەفسانەیەكە ئینسان زۆر حەزلێیەتی.

ئینسان ئامادەیە لە پێناوی چیرۆكێكدا كە لە ڕووی زمان و ڕووداوەوە لەزەتبەخشە سەدان ڕاستی زانستی فەرامۆشكات.

ئەو دكتۆرەی توێژینەوە لەسەر جینات دەكات و ئەوە دەسەلمێنی كە مرۆ لە گەشەكردنی خانەوە پەیدابووە، ئەو دكتۆرە هەر ئەوەندەی هاتەوە لای دۆست و هاوڕێیانی و گەیشتەوە ناو كۆڕی خێزانی، لە زەت لەوە دەكات، گوێ لە هەستانی لافاوی نوح و ڕزگار بوونی لە هەر ڕەگەزە و نێرو مێیەك بگرێ. كە دەبێ ڕەگەزی زیندەوەرانی سەر زەوی ئەو كاتە چەند بووبێ؟

مەبەست لەو وتارە:

بەپێی میتۆلۆژیای ئایینی زەوی و هەرچی لەسەریەتی لە پێناوی مرۆڤ دروستكراون. ئایا ئەوە مافی ئەوە دەداتە مرۆ دەسەڵاتی لە ناو بردنی هەموو زیندەوەرەكانی دیكەی سەر زەوی هەبێ؟

- ئایا زەوی ڕەمزی ژیانە و دەبێ هەموو زیندەوەران بە یەكسانی لەسەر بژین؟ 

(زیاتر لە ٩٩٪ ئەو ئاژەڵ و بوونەوەرانەی لەسەر زەوی ژیاون بەتەواوی لە ناوچوون، ئەوەش بە پێنج ملیار جۆر دادەنرێ. ژمارەی گشتی ئەو گیانەوەر و بوونەوەرانەی ئێستا لەسەر زەوی دەژین بە ١٠ ملیۆن تا ١٤ ملیۆن (جۆر) دەخەمڵێنرێن. ئەوانەی بە دۆكیۆمێنتیش كراون تەنها یەك ملیۆن و دوو سەد هەزار دەبن. ٨٦٪ ژمارەی گیانەوەرەكانی سەر زەوی هێشتا تۆمار نەكراون. لە ساڵی ٢٠١٦دا كۆمەڵك زانا ڕاپۆرتێكیان بڵاوكردەوە، تەئكیدیان لەسەر ئەوە كردوە، كە ژمارەی ئەو جۆرە بوونەوەرانەی لەسەر زەوی ژیاون لەو كاتەوەی ژیان لەسەری دەستی پێكردوە، لە یەك ترلیۆن جۆر زیاترن، ژمارەی ئەو جۆرانەی تۆماركراون یەك لە سەد هەزار زیاتر نییە.)

تەنها ئەوەندە كارم بە ژمارەیە كە ژمارەی ئەو جۆرە گیانەوەر و زیندەوەرانەی لەسەر زەوی ژیاون هێجگار زۆر بووە.

تاكە یەك گیانەوەریان، سەرەتا لە ریزی جۆرەكانی دیكەدا بووە، هیچ لەوان زیاتر نەبووە، پێویستی بە خواردن و ئاو و حەوانەوە هەبووە، سێكسیش بۆ مانەوەی. ئەو جۆرەیان بەڵایەكی هەبووە، بەڵایەك كە ژیانی بەتەواوی خستوەتە مەترسییەوە ئەویش ئینسان بووە بەڵایەكەش (عەقڵ) بووە. ئەو گیانەوەرە یەك جیاوازی هەبووە لەگەڵ تەواوی گیانەوەرەكانی دیكەدا، ئەویش ئەوە بووە كە كەمێك هەروا كەمێك عەقڵی هەبووە. مەبەستم عەقڵی غەریزی نییە، كە ژیان ڕێكدەخات و تەواوی گیانەوەران هەیانە.

عەقڵی ڕێكخستن و بیركردنەوە و بەرنامەدانان كە هەمووشی بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی و كەمكردنەوە و بەرتەسككردنەوەی ژیانی گیانەوەرەكانی دیكەی بەكارهێناوە.

ئایا ئینسان مافی ئەوەی هەیە خۆی بەتاقانەی گیانداران بزانێ؟

- میتۆلۆژیا ڕاستەوخۆ دەڵێ:

- بەڵێ ئینسان تاقانەی گیانلەبەر و بوونەوەرانی هەموو سەرزەوییە، ئەوەی تێیدایە و ئەوەی لەسەری دەژیت. میتۆلۆژیا ڕێگای داوە هەرچی لەسەر زەوییە ئینسان لە پێناو مانەوەی خۆیدا بەكاریبێنێت، بەڵام لە هیچ دەقێكدا ڕێگای ئەوە نەدراوە ئینسان قەلاچۆی گیاندار و گیانەوەران بكات. قەلاچۆ بەمانای چی دێت؟

قەلاچۆكردن، الانقراض,Extinction.

(لە زانستی زیندەزانیدا قەلاچۆ بە مانای لەناوبردنی تەواوەتی بوونەوەرێك یان كۆمەڵە زیندەوەرێكی زیندوو دێت. ساتی لە ناوبردنی دوا ئەندامی ئەو جۆرە بە مانای لە ناوبردن یان لەناو چوونی تەواوەتی زیندەوەرەكە دێت.) 

- زانستیش بە شێوەی میتۆلۆژیا ڕێگای ئەوەی داوە ئینسان لە پێناو مانەوە و ئاسوودەیی خۆیدا تەواوی تواناكانی سەر زەوی بەكاربهێنێ. سەرەڕای ئەوە هەر دووكیان بە تووندی ڕێگای ئەوەیان لە ئینسان گرتووە كە ببێتە هۆی زیانگەیاندن و قەلاچۆكردنی زیندەوەرانی دیكە.

ئاڵا و سلۆگانی ئینسانییەت:�- زەوی موڵكی هەموو بوونەوەرێكە.

- ئایا ئەو ئاڵایە براوەتە سەر؟ ئایا ئینسان كاری پێكردوە؟

- دنیا و سروشت لە ژێر دەستی سیستەمە زاڵەكاندان، سیستەمی زاڵی دنیاش لە ژێر هەژموونی سەرمایەو پارەدایە، بەڕادەیەك ژمارەیەك لە زانایان پێیانوایە سەدەی بیست و یەك سەدەی پارەیە، ئەو سەدەیەی كە پارە جێگا خودا دەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی بانگەشی فەرمی بۆ بكرێت، ئەو ڕاستییە سەلما و پارە هەموو شتێكی داگیركرد.

یەكێك لە زیانە هەرە گەورەكانی ئەو خودا تازەیە كە ناوی سەرمایە یان پارە بوو، هەمووشتێك بە پارە بەراورد دەكرا. دەتوانین ناویشی بنێین سەدەی ژمارە، چوونەكە هەر شتێك نەكرێتە ژمارە ناشكرێتە پارە. واتا شانۆنامەیەك هەر چەند بەرز و گرینگ بێت، كە نەبێتە ژمارە پارە ناكات. دەبێ ئەو شانۆنامەیە ببێتە كتێب یان بخرێتە سەر شانۆ، كە خرایە سەر شانۆ دەبێتە كورسی و تیكت، تكیتی هەر كورسییەك بۆ سەیركردنی شانۆكە بە پارەیەكی دیاریكراوە، نایابترین شانۆنامە ئەوە نییە كە جوانترین و گرینگترین بابەتی لێكداوەتەوە، بەڵكو ئەو شانۆیەیە كە زۆرترین بلیتی فرۆشراوە و زۆرترین پارەی پەیداكردوە.

دەكرێ ئێستا بپرسین سروشت و بوونەوەرەكانی سەر زەوی چۆن بوونە ژمارە و چۆن بوونە پارە؟ تۆش وەك من هەوڵێكبدە شێوازێك بۆ گۆڕینی سروشت و بوونەوەرەكانی بۆ ژمارە و پارە لای خۆت یاداشت بكە. لە وتارێكی دیكەدا من ئەو شێوازەت بۆ دەنووسم كە سروشت چۆن دەبێتە ژمارە و ئەو ژماریەش چۆن وێرانی دەكات.

  • 1