ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

بەشێکی زۆر لە نوسەران و پسپۆرانی بواری سۆسیۆلۆجا توێژینەوەیان سەبارەت بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کردوە، و لەم بوارەدا ئاماژەیان بۆ کۆمەڵێک بابەت کردوە، وەک پێناسەکردنی بزافە کۆمەلایەتییەکان، و تیۆرییەکانی لێکدانەوەی بزافی کۆمەڵایەتی، و توخم و ڕوواڵتە بەرچاو و دیارەکانی ئەو بزافانە، و چۆنێتی کارکردنی.

سەڕەڕای بوونی لێکدانەوە و بۆچونی جۆراجۆر سەبارەت بە ناونیشانی ئەو بابەتانەی سەرەوە کە سەرجەمیان لە بواری چەمکی بزافی کۆمەڵایەتییە، دەتوانین بلێن کە بزافی کۆمەڵایەتی بە هەموو پێداویستی و بنەماکانی بوونیەوە، دیاردەیەکی مێژووییە و واقیعی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بەرهەمی دەهێنێت، و لە چوارچێوەی یاساکانی پێداویستی و داهێناندا، گۆڕانکاری پێویستی بەسەردا دێت، و دیاردەیەکی هاوچەرخ نییە، و هەردەم بە میتۆدێکی داماڵڕاو لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی مێژوو، و ئاکامەکانی مۆدیرنایەتی، و پەرەسەندنە جۆراجۆرەکان و ناوەڕۆکی ململانێی چینایەتی لە ئاستێکی جیهانیدا، و دیاردەی گڵۆبالیزم، و لێکەوتەکانی کۆلۆنیالزم و ناکۆکییەکانی سیستمی سەرمایەداری، ناکرێ لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

بزافی جەماوەری هەوڵ و کۆششێکی ڕێکخراوەیی کۆمەڵێک لە بەشداربووانێتی کە ئامانج و رێبازی سیاسی، وداینەمۆی هزرییان هەیە و میکانیزمی کارکردنی گونجاو، و توانای هاندان و ئامادەکردنی جەماوەریان هەیە بە مەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە ڕەوشێکی دیاریکراو، و گەیشتن بە ئامانجێکی گونجاو تەبا کە لە گەڵ فەلسەفەی گشتی و باڵای بزافەکەدا بگونجێت.

سەرەڕای ئەم پێناسەیە بۆ بزافی کۆمەڵایەتی، لێکدانەوەی تیۆری جۆراجۆر بۆ ئەم دیاردەیە دەکرێت، جگە لە بوونی کۆمەڵێک گرفتی توێژینەوەیی کە پەیوەندییان بە ڕەوشی ئەم بزافانەوە هەیە، بەتایبەتی لە وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا لە سەردەمی هاوچەرخدا کە هۆکاری دەرەکی و نێودەوڵەتی و دەستێوەردان، هەژمونی بە سەر ململانییە ناوخۆیی و نیشتمانییەکاندا هەیە، دەکرێ پشت بەو بزافانە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و مەبەستی سیاسی نیشتمانی ببەسترێت؟ و ئایا بزافی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلان بەشێکە لە بزافە کۆمەڵایەتییەکان؟

هەڵبەتە تا ئێستا یەک دانە تیۆریی لە بواری سۆسیۆلۆجیادا بۆ لێکدانەوەی بزافە کۆمەڵایەتییەکان نییە و ناشبێت، بەڵام سەرجەم ئەو نوسەرانەی کە لەم بوارە توێژینەوەیان هەیە، و لەوانەش چارلز تلی خاوەنی کتێبی بەناوبانگ (بزافە کۆمەڵایەتییەکان 1768ـ 2004)، و زانای سۆسیۆلۆجیستی فەرنسا ئالان تورین، و جگە لە سەرجەم ئەو بابەتانەی دەرباری بەهاری عەرەبی نوسراوە و ئەو بابەتانەی کە ئێستا سەبارەت بە بزافی توێژە پەراوێزخراوەکان لە فەرنسا و لوبنان و عێڕاق دەنوسرێت، لەوانە کتێبە گرنگەکەی گای کە بە ناونیشانی (پریکاریایە) بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیان بە بزافی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلان وەک بزافیکی کۆمەڵایەتی نەکردوە وەک ئەوانەی لە کاتالۆنیا و ئۆسکۆتڵندا و فەلەستین، و بزافی رزگاریخوازی نیشتمانی لە باشور و باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان هەن.

لە ساڵەکانی چل و پەنجای سەدەی ڕابووردوودا تیۆری (ڕەفتاری بە کۆمەڵ) یەکێَک لە تیۆرییە باوەکانی سۆسیۆلۆجیا بوو کە تا ئێستا هەڵگرانی ئەم بۆچونە لێکدانەوەیان بۆ بزافی جەماوەری بەتایبەتی خۆپیشاندان و ڕاپەرینەکان لە چوارچێوەی کاردانەوە و هیستریای بە کۆمەڵ دەستنیشان دەکەن.

یەکێک لە تیۆرییەکانی دیکە کە لە ساڵانی شەستەکاندا دەرکەوت بێی وابوو ئەو بزافانە ڕەنگدانەوەیەکی لۆجیکی هەڵوێست و توانای نوێیە کە لە کۆمەڵگادا پەیدا دەبێت، و سەرچاوە و گەنجینەی خۆی هەیە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابووردوودا لە ئۆروپا تیۆری بزافی کۆمەڵایەتی نوێ پەیدا بوو کە زیاتر پێی وابوو چینی مام ناوەندی گۆڕانکاری دەکات، و لە پاش ئەمەشدا ئاماژە بۆ تیۆری کار و شوناس کرا کە پێی وایە بزافی کۆمەڵایەتی رێگا لە سیستی کۆمەڵایەتی دەگرێت، و شێوازی کۆنی سەرمایەداری پیشەسازی بە قۆناغی کۆمەڵگای دووای پیشەسازی کە پشت بە پرۆگرامگیری دەبەستێت، دەگۆڕێت.

بنەمای سۆسیۆلوجیای مارکسیزم کە بێگومان ئێستا قوتابخانەی جۆراجۆری تیایدا دەردەکەوێت کە نیشانەی دەوڵەمەندی مارکسیزمە، بۆ هەڵسەنگاندنی شوناسی بزافی کۆمەڵایەتی بەندە بە تێکۆشان لە قۆناغێکی دیاریکراودا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی. بابەتەکانی گۆڕانکاریکردن لە ڕەوشی سیاسی هەردەم پەیوەست بە چەمکی ناکۆکی و ململانێی لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا بووە، و ئەو ناکۆکییانەش بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە دەستنیشان نەکراوە، بەڵکو ڕەوشێکی بابەتی بووە، و بە پێی قۆناغی پەرەسەندن ڕۆلی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ریزبەندییان و هۆشمەندی شۆرشگیری، و پرۆژەی گۆڕانکاری، دەستنیشان کراوە.

لە بابەتە گرنگەکانی ماتریالزمی مێژووی کە بنەمای سۆسیۆلۆجی مارکسیزمە، جەخت لە سەر رێکخستنی جەماوەر و گرنگی هۆشمەندی کراوە بۆ ئەوەی بزافی جەماوەری لە خۆرسکی و هۆشمەندی چەواشە، قورتار بێت.

مەبەست لە بزافی جەماوەری لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە کارکردنی جەماوەری و بە کۆمەڵی سەرجەم ئەو چین و توێژانەیە کە بەرژەوەندییان لە قۆناغیکی دیاریکراودا، بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراو لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری دایە. 

بۆیە دەبینین بزافی جەماوەری کۆمەڵێک توخم بە خۆیەوە دەگرێت لەوانە: چالاکییە بۆ داکۆکیکردن لە پرنسپ و پەیڕەوێک کە خوازیاری گۆرانکاری کۆمەڵایەتییە و ڕووبەڕووی رژێمی سیاسی دەسەڵاتدار دەبێتەوە، و بەشداربووانی بزافەکە پرنسیپ و ئامانجی سیاسی هاوبەشیان هەیە.

بە پێچەوانەی قوتابخانە کلاسیکییەکانی لێکدانەوەی بزافی کۆمەڵایەتی کە تەنها چالاکییەکان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی دەستنیشانی ئەم چەمکە دەکەن، و تەنانەت تیۆرییە نوێکانی بزافی جەماوەری کە شیکردنەوەیان بۆ بزافی لۆکاڵی و جیهانی کردوە، وەک بزافەکانی دژبە بە ئاپارتاید، و دژ بە فاشیزمی نوێ، و بزوتنەوەکانی ژینگەپارێزی، یان ئەنتی گەڵەبالیزم.. هتد، بزافی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلان بۆ سەربەخۆیی و وەدەسهێنانی ماف و دژ بە کۆلۆنیالزم لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە بەشیکە لە بزافی کۆمەڵایەتی کە هەردەم پێویستی بە کەمپین و گەنجینەی مرۆیی و پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوە وەک یەکبوون، و لێهاتووی و ئامادەباشی و ئیلتزام هەیە.

بزافی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلان مەرج نییە شێوازی تێکۆشانی چەکداری وەرگرێت، و تەنانەت ئەگەر بە ناچاری پەنای بردە بەر تێکۆشانی چەکداری ئەوا شوناسە کۆمەڵایەتییەکەی وون نابێت.

هەر لەم ڕوانگەیەوە کە بزافی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلان بەشێکە لە بزافی کۆمەڵایەتی، و تایبەتمەندی خۆی لەم بوارەدا هەیە، گرنگە هەموو شێوازەکانی تێکۆشانی جەماوەری بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و شاڵاوی شوناس سڕینەوە، و گەیشتن بە ئامانجی نیشتمانی بەکار بهێنێت و مانگرتن و خۆپیشاندان و لۆبی درووستکردن و کاراکردنی ڕاگەیاندن و هوڵدان بۆ وەرگرتنی پشتگیری ڕای گشتی و دۆست پەیداکردن، و تەنانەت ڕاپرسی و ریفراندۆم، ئامراز و وێستگەی هەمەجۆری تێکۆشان بێت.

بەم جۆرە ڕەهەندی دیموکراتیزەکردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان جێگیر دەبێت، و ئەم بزافە لە چوارچێوەی چالاکی و هەڵوێستی سیاسی کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسی نامێنێتەوە، و لە رێگای جەماوەرەوە دەکرێ ڕووبەڕووی شۆڕشی چەواشە، و خۆتەسلیم کردنەوە ببینەوە.

  • 1