ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەسەر سیستەمی دیموکراسی زۆر نوسراوە و زۆر ووتراوە، هەموو کەسێك ووشەی دیموکراسی بیستووە و لە دانیشتن و کۆڕەکاندا زۆر کەس دەمی خۆی پڕ دەکات لەو ووشەیە. زۆر کەسانی سیاسی وا خۆیان پیشاندەدەن کە دیموکراسین و هەرگیز هەڵس و کەوتی زۆرداریانە بەلای گوێشیاندا ناچێت. بەڵام ئایا تا چ ڕادەیەك واتەی تەواوی دیموکراسیەت ئاشکرایە و بەرەی گشتی چەند لە بنچینە سەرەکیەکانی تێگەیشتووە؟

سیستەمی دیموکراسی زۆر کۆنە، ئەمڕۆ مێژوونوسان بۆیان ئاشکرا بووە کە لەسەردەمی سۆمەریەکانەوە هەندێ لە بنچینەکانی دیموکراسیەت ڕەچاوکراوە، هەروەها ئیمپراتۆریەتی فارسی، بەو شێوەیە هەتا ئەو کاتەی یۆنانیەکان ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر چوارچێوەیەکی دیاریکراویان بۆ ڕەچاوکرد.

بە درێژایی مێژوو مرۆڤی نادیموکراسی هەوڵی داوە ئەو سیستەمە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت، زۆر جاریش سەرکەوتوبوون! مێژووی سەدەی پێشوو لەو جۆرە کەسانەی تیا تۆمارکراوە، بۆ نموونە، هیتلەرو موسۆلۆنی بە هەڵبژاردنی گشتی گەیشتنە دەسەڵات و پاشان سیستەمی دیکتاتۆریان پێکهێنا.

دیموکراسیەت چەند بنچینەیەکی هەیە کە بەبێ ئەوانە ناژی و دەمرێت، زۆر جار دەستەیەك بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، کلك و گوێی دیموکراسیەت دەکەن و دەیکەن بە ئۆتۆکراسی.

بەهەرحاڵ، یەکێک لە بنچینە سەرەکیەکانی دیموکراسیەت ئازادیە لە دەربڕیندا، هەموو هاوڵاتیەك ئەبێت سەربەست بێت لە دەربڕین و رەخنەگرتندا. هەروەها هاوڵاتیان دەبێ سەربەست بن لە پێکهێنانی ڕێکخراو و پارتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ..

هەروەها، یەکسانی لەبەردەم یاسادا، ئەم بنچینەیەیان تەنها لەکەم ووڵاتی جیهانی دیموکراسیدا ڕەچاو دەکرێت، لە ووڵاتە عەرەبیەکان و زۆربەی ووڵاتە ئیسلامیەکان و دواکەوتووەکانی تردا بە تەواوی پێشێل کراوە، تەنانەت لە هەندێ ووڵاتانی ئەوروپایشدا هەوڵی شاردنەوەی دەدرێت. لە سیستەمی دیموکراسیدا نابێت هیچ کەسێک مل کەچی کەسێکی تر بێت، مرۆڤ دەبێت تەنها ملکەچی یاسا بێت.

فەیلەسوفی بەناوبانگی فەرەنسی لە نزیکی ساڵانی ١٧٣٠ دا دەسەڵاتە سەرەکیەکانی دەوڵەتی (دانانی یاسا، سەپاندنی و چاودێری کردنی) جیاکردۆتەوە و ڕەچاوی کردبوو.

 وەکو ئاشکرایە لە جیهانی "دیموکراسی" نوێدا، پەرلەمان یاسا ڕەچاودەکات و دەنوسێت، حوکمەتیش ئەیسەپێنێت، دادگاش چاودێری لە سەپاندنی دەکات. لە سیستەمی دیموکراسیدا ئەو سێ دەسەڵاتە سەرەکیەی دەوڵەت (پەرلەمان، حوکمەت،دادگا) دەبێت مل کەچی یاسا بن و لەناو خۆیانیشدا سەربەست بن، واتە نابێت هیچیان ملکەچی ئەوتریان بێت.زۆر کەسان حوکمەت بە یاسا دادەنێن، ئەوە هەڵەیە، حوکمەتیش دەبێ مل کەچی یاسا بێت.

یۆنانیەکان پێیان وابوو کە یەکسانی نابێت تەنها بەشیوەیەکی ڕووکەشی بێت، حوکمەت دەبێ هەموو دەرفەتێک بڕەخسێنێ بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن بەهۆی پێشکەوتنیانەوە زیاتر یەکسان بن، تەنانەت لە ڕووی ئابووریشەوە.

لەم بارەیەوە سۆکراتی فەیلەسوف دەڵێ: ڕژێمێک ناتوانێت بەخۆی بڵێ دیموکراسی گەر یەکسانی لە نێوان هاوڵاتیانیدا پێکنەهێنێ. لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا تەنها سیستەمی کۆمونیستی هەوڵێکی زۆری دا بۆ یەکسانی کردنی هاوڵاتیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.

ئەوەی کە زیاتر لە سیستەمی دیموکراسیدا ڕەچاوکراوە، دەنگدان و هەڵبژاردنە لە کاتی نوێ کردنەوەی پەرلەماندا، هەرچەندە ئەمەش بێ کەموکورتی نیە و فڕوفێڵی زۆری تیا دەکرێت. ڕووداوەکانی ئەمڕۆی جیهان پڕن لە نموونە لەو بارەیەوە.

ئەمڕۆ تەنها چەند ووڵاتێکی کەم هەوڵی سەپاندنی ڕاستەقینەی سیستەمی دیموکراسی و هەوڵی یەکسانی نێوان هاوڵاتیان دەدەن.

ئۆکسفام oxfam، کۆنفێدێراسیۆنێکی جیهانیە کەهەوڵی کەمکردنەوەی هەژاری دەدات لە جیهاندا، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ دا دەنووسێ: لە ٪١ی مرۆڤایەتی لە ٪٩٩ دەوڵەمەندی جیهانی بەدەستەوەیە. تەنها کەسانێکی زۆر کەمی جیهان بە بێ سنوور دەوڵەمەند بوون و ئەوانی تر لە هەژاری و نیمچە هەژاریدا دەژین. بۆیە پێویستە پرسیارێک ئاراستەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بکرێت کە هەمیشە خۆیان بە پاڵەوانی دیموکراسی پیشان دەدەن، ئایا ئەو سیستەمەی کە پێکیان هێناوە دیموکراسیە یان سیستەمێکی دیموکراسی کلك و گوێ کراوە؟

  • 1