ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تەمەنی دەوڵەتی عێراق، لەمساڵدا دەبێتە 100 ساڵ، ئەم دەوڵەتە نوێیە، کە لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە دروستکراوە، بەشێوەیەی ناسروشتی لەدایک بووە، لەدەرەوەی ئیرادەی گەلانی عێراق، بەهەموو پێکهاتەکانیەوە، پرس و رایان وەرنەگیراوە، ئەوەی روویداوە، ئیرادەی وڵاتانی سەرکەوتووی شەڕە جیهانییەکەیە، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان وەها داڕشتوە، کە لەگەڵ بەرژەوەندی دوای شەڕەکە و تائێستا مسۆگەر بکات.

لەنێو دەوڵەتی عێراق، گەلی کوردستان و خاکی کوردستان، گەمارۆدرا، مافی گەلەکەی پشت گوێ خرا، ئەم قسەیە بۆ گەلی کوردستان لەپارچەکانی دیکەش راستە. بەڵام ئەگەر باسی عێراقە، چونکە، لەدوای 100ساڵدا، هەر نەبوە دەوڵەتێک پێناسی نیشتمانی و چەمکی هاووڵاتییبوون، لەخۆیدا مسۆگەر بکات، لەتێکڕای ئەم مێژووەدا، لەگەڵ گۆڕانکاری لەنیزامە سیاسییەکەی لەمەلەکیەوە بۆ کۆماریء لە دەسەڵاتی سوونەی حاکم بۆ ئێستای شیعەی دەسەڵات، چ جیاوازییەک لە عەقڵیەتی نوخبەی سەر دەسەڵاتدا نەبووە، هەموویان تێکڕا، لەسەرەتای هاتنە حوکمیان دروشم و پەیمان و سۆزی زۆریان بە تەواوی پێکهاتەکان و هاووڵاتییان داوە، لەدوای خۆچەسپاندن و دەستڕۆیشتووییان، هەموو شتەکانیان پێچەوانە کردۆتەوە و بەناوی زۆرینە و کەمینە، بەناوی سەروەری دەوڵەت و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق ، هەر بیانووێکی دیکەیان، دەستییان بۆ شەڕ و کوشتار و هەموو جۆرە رەفتارێکی فاشیانە و عەسکەرتاریانە بردووە تاوەکو پشت لەمافی مێژووی و رەوایەتی کێشەکە و تاڕادەی وازهێنان و خۆدزینەوە لە پابەندە یاسایی و رێککەتنە سیاسییەکان بەرانبەر بەگەلی کوردستان ، پەیڕەو کردوە.

ئەم قسانە هەمووی لەوتاری سیاسی و بابەتی رۆژانە باس دەکرێن، بەڵام ئەوەی کەمتر باسی لێدەکرێت، چەند ناونیشانێکی دیکەیە، لەوانە، فاکتەر دەولی و هەرێمایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتەکانی پەیڕەوکراوی ناوخۆییی و دەرەکی عێراقە، واتە لێرەدا، چ سەروەری و چ یەکپارچەییەکی خاکی دەوڵەتۆکەی عێراقە باسی لێدەکرێت، ئەوەتا ئێستا هەر خودی سیاسییەکانی عێراق قسە لەسەر دەستێوەردان و یان (رێگە نادەین عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی) کە دیارە عێراق دەستێوەردانی دەرەکی لەسەرە، بابەتێکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت، پێناسی نیشتمانی هاووڵاتییبوونە، ئێستا لەهەر کەسێک پرسیار بکەی لەتەواوی عێراق، هەرست بە چ دەکات، ئەگەر پرسی تایفەگەری لێدەربهێنیت، هەموو خەڵکی دەیەوێ ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵێت، یان لەژیانێکی کۆڵەمەرگی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری دەژێت، ئەی چییە ئەم دروشمەی باسی عێراقیبوون دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەکردن بەدەستوری ساڵی 2005، و کە زۆربەی سیاسیەکان و هەتا نوخبەی حاکمی بەغدا بەوەی لەحکوومەتە و بەوەی خۆی بە موعارەزە دەزانێت، ئەوەی لەشیعەیە و ئەوەی لەسوونەیە، باسیان لەپابەندی دەستورە، کەچی، بەئاشکرا، کار دەکرێت، بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی ئەم دەستورە وەک گرێبەستی هەموو پێکهاتەکانی عێراق، کە گەلی کوردستان لایەنێکی سەرەکی ئەم گرێبەستەیە، ناو بەتاڵ بکرێتەوە، ئەوانەی بەغدا دەیانەوێ، شەراکەت بەچاویلکەی تەسکی خۆیان ببینن، لە فیدرالیەت پەشیمان بوونەتەوە و هەموو هەوڵێک دەدەن، بۆئەوەی بەرتەسکی بکەنەوە و گەلی کوردستان بە هەموو رێگاکانی بەردەستیان ناچاری سیاسەتی شۆڤینییانەی خۆیان بکەن.

تەمەنی وڵاتۆکەی عێراق، 100 ساڵە بەڵام کەمترین، حالەتی سروشتی دەوڵەتبوونی بەخۆی نەبەخشیوە، ئەم دەوڵەتە ناتوانێت سیاسەتە ناوخۆیی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکانی خۆی بەبەردەوامی و بەسەربەخۆیی جێبەجێ بکات. ئەی باشە ئەم دەوڵەتە کەی لەم بارە ناسروشتیە تێپەڕ دەکات، ئایا هیچ ئاسۆیەک دەبینرێت کە ئەم دەوڵەتە بتوانێت پێناسی نیشتمانی بۆ هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر بکات؟ لەم بارودۆخەی ئێستا، ئەم دەوڵەتە، پێویستی بەوەیە لەسەر نەخشەی سیاسی جیهاندا، چوارچێویەکی دەوڵەتبوون، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە، ئەگەرنا هەر لەناسەقامگیری و نادادی بەرانبەر بە هاووڵاتیان دەژیێت!.

  • 1