ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشى شەشەم 

لەدواى زیاتر لە نیوسەدەى رابڕدوودا، گۆڕانکاری گەورە بەسەر پێگەى کرێکارو رۆڵى لە کەرتەکانى بەرهەمهێنان و ژینگەى کار لە خۆرئاوا دروستبووە، بەهۆى پاشەکشەى هەلى کار لە کەرتە گەورەکانى پیشەسازى و هاتنى تەکنەلۆژیاى تازە و دروستبونى قەیرانەکان و فەرزکردنى مۆدێلى نیولیبرالیزمى سەرمایەدارى، لە شکرى بێکارى و پەراوێزخراوەکان رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر هەڵدەکشێت، یا فراوانتر دەبێت. 

لە ئەوروپا و خۆرئاوا دەرئەنجامى قەیران و گۆڕانکارییەکانى سیستەمى سیاسى و مۆدێلى نیولیبرالیزم و لێکەوتەکانى، تێگەیشتنى تازە لە بوارى توێژەرانى سۆسیۆلۆژیا بۆ کرێکار و پەراوێزخراوەکان هاتۆتە کایەوە، یەکێک لەوانە (گاى ستاندنغ) مامۆستاى زانکۆ لە بەریتانیا لە ساڵى 2011 بە پریکاریا ناوى دەبات و یەکەم جار ئەم وشەیە دەچێتە فەرهەنگى زمانى ئینگلیزى بەشێوەیەکى فەرمى لە ساڵى 2004 دەبێت. یەکەم کتێبیش لە لایەن ( Guy Standing) گاى، توێژەرى بوارى سۆسیۆلۆژیا بە ناوى Precariat، The New Dangerous Class) The) بە دروستبوونى چینى کرێکارى تازەى مەترسیدار بە (پریکاریا) ناویان دەبات، بڵاو دەبێتەوە. پریکاریا، ئەوانەن کارى هەمیشەییان نییە و بە دۆخی سەختى هاوچەرخى کار و ناسەقامگیرى ئاسایشى ئابورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى گوزەر دەکەن، ئەمەش وایکردووە رووبەرووى نائومێدى و توڕەییەکى گەورە ببنەوە . 

لەو بارەییەوە تێگەیشتنى جیاواز هەیە، ئایە پریکاریا تاچەند چەمکێکى زانستییە؟ ئایا هەر چینى کرێکار نییە لەدۆخێکى خراپترى تازە وەک بەرهەمى سەردەمى نیولیبرالیزم و نەمانى هیچ سنورێک لەبەردەم هەرەشەکانى سەرمایەدارى بۆ سەر بەها مرۆییەکان؟ کە بۆتە هۆى دروستبوونى نائومێدى و جۆرێک لە تێکشکان و تورەیى لە غیابى رۆڵى چەپ و سەندیکاکان؟ لەکاتێکدا ئەمڕۆ چینى کرێکار و زۆرینەى دانیشتووانى گۆى زەوى بەهۆى لێکەوتەکانى ناکۆکییەکانى سیستەم و بەجیهانى بوون و نیولیبرالیزمى سەرمایەدارى، ڕووبەڕووى ئەوپەڕى پەراوێزخستن و نەبوونى کارى هەمیشەیى و ئاسایشى کار و ئابوورى دەبێتەوە. ئەمەش وایکردووە لەم ساڵانەى دوایى ناسەقامیگرى و غیابى هەموو دڵنیاییەکى ئابوورى و کۆمەڵایەتى بێتەکایەوە، بەدواى خۆیدا وەک وەڵامێک، دروستبوونى بزووتنەوەى ناڕەزایەتى کۆمەڵایەتى نێونەتەوەیى هاتۆتەکایەوە کە لە بەشەکانى ڕابردووى ئەم زنجیرە وتارە بە درێژى باسى ئەوە کراوە و درێژەشى دەبێت . 

لە وڵاتانى خۆرهەڵات و جیهانى سێیەم، بەتایبەتى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەراست و عێراق و کوردستان دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و فرە قەیرانترە بۆ چینى کرێکار و زۆرینەى هاووڵاتییان. بەو مانایە ئاڵۆزترە ئەگەر لە خۆرئاوا جۆرێک لە ژیانى دامەزاروەیى و ئیستقرار مابێت و مافەکانى کرێکاران بەشێکى جێگیرکرابێت بەهۆى تێکۆشانى چەپ و سەندیکاکان، ئەوا لەم ناوچەیە هیچ یەک لەمانە بوونى نییە، کرێکار لە کەرتى تایبەت رووبەرووى هەموو پێشێلکارییەک دەبێتەوە، کە لەجەوهەردا شتێک نییە بەناوى کەرتى تایبەتى رێکخراو، ئەوەى هەیە دەتوانین ناوى بنێن کەرتى کەسییە، واتە سەرمایەدار و خاوەنکارەکان خۆیان یاساکانى کار دادەنێن، وەک کاڵایەک پر بە باڵاى خۆیان داى دەتاشن، ڕەوشى کرێکارانى کەرتى تایبەت لەم دۆخەدا، جۆرێکە لە کۆیلایەتى تازە، یا کۆیلایەتى کارى سەردەمى، بەرهەمهێناوە. ئەمە بۆ کرێکارانى مێینە چەند بار دۆخەکە سەختتر و خراپترە، بەجۆرێک جگە لە هەڵاواردن لەسەر بنەماى جێندەرى بەپێى راپۆرتەکان زۆرینەیان رووبەرووى دەستدرێژى سێکسى و هەراسانکردنیش دەبنەوە. بۆ کرێکارانى هاوردە قوڕەکە زۆر خستتر دەبێتەوە، ئێمە رۆژانە دەبینین چۆن وەک کۆیلە مامڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەماڵ و شوێنەکانى کار پاسەپۆرتەکانیان دەستى بەسەردا دەگیرێت و لە نێوان کۆمپانیان بە چەندین دەست دەفرۆشرێنەوە . لە کوردستان پەراوێزخراوەکان لەمرۆدا هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە هیچ کارێکیان نییە یان ئەگەر هەشیان بێت رۆژانە بەناچارى هێزى کاریان هەرزانتر دەبێت و لە دۆخێکى ناسەقامگیرى ئاسایشى ئابوری گوزەردەکەن، دۆخێک هیچ کام لە زەمانەتە کۆمەڵایەتییەکان بوونى نییە. لێرەدا جگە لە کرێکارانى کەرتى تایبەت، کرێکارانى کەرتى گشتیش (فەرمانبەران) و خانەنشینان و پیرو پەککەوتوان و خاوەن پێداویستى تایبەتیش دەچنە خانەى پەراوێزخراوەکان، بەجۆرێک ئەمرۆ جگە لە لێبڕینى مووچە و دواخستنى تەنانەت مافى پلە بەرزکردنەوەشیان ڕاگیراوە. هێزى کارى ژنان و کرێکارانى بیانى لە خراپترین ئەوانەن کە سیستەمى نیولیبرالیزم وەک ماشێنێک دەیان قلیشێنێتەوە و بەشێکن لە پەراوێزخراوەکانى کۆمەڵگاى سەرمایەدارى ئۆلیگاریشى هەرێمى کوردستان . 

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە سەرشەقام و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دیاریترین میکانزمەکانى تەعبیرکردنن ئەمرۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان یان پەراوێزخراوەکان پەناى بۆ دەبەن، خۆپیشاندان و نارەزایەتى لە سەرشەقام و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە بنەڕەتدا تەنیا میکانزمێکە بەڵام هەندێک جار ئەو رۆڵە ئاڵوگۆرى بەسەردا دێت، لە میکانزمەوە دەگۆرێت بۆ ئامانج، ئەمەش پەیوەندى بە بارودۆخى ئەمڕۆى کوردستان و هۆکارگەلێک هەیە . مەبەستمان لە بارودۆخى ئەمرۆ پەیوندى بە سروشتى دەسەڵات و رۆڵى دەوڵەت یا حکومەتە، کە هیچ رایەڵەو پەیوندییەکى بە ژیانى زۆرینەى خەڵک و پەراوێزخراوەکان نییە، بەڵکو بۆتە ئەداتێک بەدەست کۆمەڵێک سەرمایەدارى مشەخۆرى وابەستە و پاشکۆ بە ناوەندە سەرمایەدارەکانى جیهان بۆ کەڵەکەکرنى سامان و چرکردنەوەى دەسەڵات لە چەنگى کەمینەیەکى تاڵانکەر. لە کاتێکا تورەیى و نائومێدى سیماى گشتى ئەو بزووتنەوەى کۆمەڵایەتییە پێکدەهێنێت و بەردەوام لە هەوڵى دۆزینەوى رێگاى تازەى بەشدارى سیاسیدایە لە دەرەوەى سەندیکا تەقلیدییەکان و ژیانى سیاسى پارتە چەپەکانیش . پرسیارێک بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکانى کوردستان دێتەکایەوە، بەتایبەتى بۆ حزبى شیوعى کوردستان کە بەرەو کۆنگرەى حەوت هەنگاودەنێت، ئەویش ئەوەیە، تاچەند توانیومانە لە تایبەتمەندى ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تێبگەین، بۆچى تابە ئێستا نەمان توانیوە دەربازیان بکەین لە حالەتى خۆرسکى و خستنەوەى بەدیلێکى جیاوازتر، ئەم دۆخە تازیە، پێویستى ئایدیا و بیرکردنەوە و میکانزمى تازە فەرزناکات بۆ دەربازکردنى هەموولایەک لە حالەتى پەراوێزى؟. 

ئەم زنجیرە وتارە لە ژێر ناوو نیشانى (تێگەیشتن لە قەیرانی سیستەم و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی) بەردەوام دەبێت بەڵام چیتر بەشێوەى ژمارەى یەک لەدواى یەک نابێت .

  • 1