ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەرهەڵدانی قەیرانە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوریە جۆراوجۆرەكان و كەڵەكەبوونی توخمەكانی ئاژاوە لەنێو پێكهاتەی گشتی كۆمەڵگای عێراقدا بەدرێژای مێژوو یەكێكە لەو هۆكارانەی كە بەردەوام ئەو كۆمەڵگایە لەلێواری هەڵوەشانەوەو دارۆخاندا بێت و نەتوانێ‌ بەشێوەیەك لە شێوەكان لەنێو پانتاییەك لەسەقامگیریدا بژێت. بەحوكمی ئەوەی عێراق لە بنەڕەتدا كە دەوڵەتێكی پێكەوە لكێنراوە هەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە گیرۆدەی كۆمەڵێك ئاژاوەی ئەتنی و كلتوری و مەزهەبی بووەو لەو مێژووە بەدوا ئاژاوە ڕیتم و ئیقاعێكی تایبەتی وەرگرتووە و هەركەس هاتۆتە سەرسوڵتەی حوكمڕانی هەوڵیداوە وا پیشان بدا كە ئەم كۆمەڵگایە لەفەزایەكی یەجگار ئارام و بێدەنگدا دەژێت و هیچ جۆرە ململانێ‌ و كێشمەكێشێكی ئەوتۆی تیانیە كەمایەی مەترسی و كیماسیەكی وابێت كە دەوڵەتی عێراق لە نێوبەرێ ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچونە جگە لە رووئیایەكی سەتحی و خەیاڵێكی شاعیرانە وەك دەوترێ هیچی تر نیە و و بگرە پێچەوانە هەر لە سەرەتاوە كێشمەكێشە ئەتنی و تایفیەكان بۆتە بناغەو زەمینەیەكی وا كە نائارامی و ناسروشتی بوونی ژیان لەنێوكایەی گشتی كۆمەڵگای عێراقیدا ڕۆڵێكی نەگەتیڤی بگێڕێ لە ئاراستەكردنی ململانێ‌ و ناكۆكیەكاندا.

ئەقلیەتی خۆئەزموونكردنەوەی تایفەگەری كە لە ئیستادا ڕوبەرێكی زۆری هۆشیاری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای عێراقی داگیركردوە و ڕەوتی كاركردنی دەوڵەتداری گۆڕیوە بۆ ڕەوتێكی ئاژاوەگێڕی توند و مەترسیدار وایكردوە زۆر لە ڕۆشنبیرانی عێراقی و عەرەبی لەدیاری كردنی نیشتیمانی عەرەبیدا هیچ بۆ كلتور و كلتورزاكانی تری تێكەڵ بەو سنورە جوگرافیا دەستكردەی عێراق نەهێڵنەوەو پێیان وایە جگە لەوان كەسی تر مافی ژیانێكی شایستەی نیە لەو خاكەدا ، چۆن لە ڕابردودا (ساگع الحصری)كە ڕۆشنبیرێكی عەرەبی دیاربوو پێی وابوو سنوری جوگرافی ئەو نیشتیمانەی ئەوی لێ‌ خولقاوە لەچیاكانی زاگرۆسەوە دەست پێدەكات وتەنانەت بەشێكیشی تێكەڵە بە نیشتیمانی فارسەوە. ئێستاش زۆر لە سیاسی و بیرمەندانی عەرەبی عێراقی و بەشێكی زۆر لە شەقامی عەرەبی عێراقی بەتایبەت شیعە هەڵگری هەمان ئەو تێروانینە نالۆژیكیەن و پێیان وایە هەرئەوانن دەتوانن یاری بە چارەنووسی تایفە و ئەتنیە جیاوازەكانی ئێستای عێراقەوە بكەن و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان هەر هەنگاوێك بۆخۆی بڤەیە و دەست بۆ بردنی مەترسی گەورە بەرهەم دێنێ.

تەفسیر و شرۆڤەكردنی ئەم تێڕوانینانەش دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوا كۆنكرێتیەی كە فاكتەری پلە یەك لەبەرهەم هێنانی ئەو جۆرە بیركردنەوەیە ئێستاشی پێوەبێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سترۆكتۆرە ڕیشەیانەی كەلە كلتوری عەرەبی و دواتریش ئیسلامەوە سەرچاوەیان گرتووەو ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان هەبوە لەپەروەردەكردنی ئەو جۆرە ئەقڵیەتەدا، بە كورتی ئەمە تارمایی مێژووی ئاژاوە گێڕییە بەسەر كۆی كایەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری كۆمەڵگای عەرەبیەوە و دەرەچەی رزگار بوونیش لێی دەرچوونە لەسنورەكانی ئەو تێفكرینە مەترسیدارەی كە لە ئیستای دنیای حوكمڕانی و دەسەڵاتدارێتی عێراقدا دیبینین . واتا بیری سیاسی و كۆمەڵایەتی شیعە لە رابردوەوە تا ئێستا لەبەردەم رەواج پێدانی ئیمام و مەرجەعدان و كار لەسەر راگرتنی ئەو پایەو مەیلە ئاژاوەگێڕی یە دەكەن و لەبەرانبەریشدا ئاژاوەگێری مەزهەبی سوننەش لەوان كەمترنیە و هەڵقوڵاوی هەمان مۆدیلەیەو پەیڕەوی لە هەمان رێڕەوی ڕابردوو رێدەكەن و بڕواشیان بە یەكترنییە . شیعە لە خاڵی بڕیاردا پشت بە ئیمام و مەرجەع دەبەستێ‌ و فتوایەك دەتوانێ‌ كار لەسەر بەرزترین ناوەندی بڕیاربكات و ئەفسانەیەك بكاتە پێوەر لە مامەڵەكردندا. سوننەش لە تەوزیف كردنی مەزهەبی خۆیدا بۆ سەركۆی پێكهاتەی گشتی كۆمەڵگا دابەش دەكات بەسەر دوو مەیلی لە یەكگرێ‌ دراوو پێی وایە هەرچی لەدەرەوەی بازنەی سوننە بژێت جاهیل و نەفامە.

بێگومان ئەم دوو لێكدانەوە مەترسیدارە ش لە ئیستا و ڕابردودا هۆكاری پلەیەكن لە گەشەكردنی مەیلی ئاژاوەگێڕی و قەیرانەكانداو بە درێژای مێژووش ناكۆك و ناتەبا بونە بەیەك و هەمیشە ئەو خۆی بە ئەلتەرناتیڤی ئەوی تر داناوەو لە ژێركاریگەری ڕێچكە مێژویەكەدا درێژەیان بە ڕەوتی گەشەی حوكمڕانی و دەسەڵاتدارێتی خۆیان داوە . ئەو كوشت وبڕو ئاڵۆزیەش ئەمرۆدەیبینین لە عێراق و دنیای ئیسلامی وعەرەبی دا ڕەنگدانەوەی هەمان مێژوە بەسەر كێشمەكیش و ململانێكانەوە و ساڵانە سەدان كەس دەكوژرێن ودەبنە قوربانی ئەو تێڕوانینە مەزهەبیە .

لەم نێوانەشدا و بە تایبەت دوای رۆخانی بەعس لاوازی هوشیاری كۆمەڵایەتی و سیاسی لەئەدا كردنی بابەتە هەستیارەكانی دەوڵەتدریدا بۆخۆی هێندەی تر ڕێخۆشكەربووە لە گەشەكردنی ئەم مەیلی یەكتر قبوڵنەكردنە و لەكەمترین ئاستی بیركردنەوەشدا ئەم پێكهاتانەی كە هەم لەمنداڵدانی كلتوری عەرەبی و هەم لە مەقفەسی بیری شۆڤێنیەتی عەرەبیدا سەریان هەڵداوە خاوەنی هیچ تێڕوانینێكی ئەقڵانی و مەعریفی نین و ناتوانن ئاراستەی بیركردنەوەیان بگۆڕن بە ئاراستەیەكی باشتری وا كە ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئاژاوەو كێشمەكێشەكان كە پرسی مەترسیەكی گەورەن لەعێراقی ئێستاو داهاتوودا. ئەوانەشی لە ئێستادا گەمارۆی دید و تێڕوانینە ئەقڵانی و مەعریفیەكانیان داوە و لەهەوڵی دروست كردنەوەی پێكهاتە شێواوەكەی ڕابردوودان و دەیانەوێ‌ خۆیان و لێكدانەوە مەزهەبی و تایفیەكانیان تەوزیف بكەنەوە سەر كۆی جومگەكانی حوكمڕانیدا هەر ئەوانەن كە مەزهەبی خۆیان وەك تێزێكی گرنگ دەناسێنن و كاری لەسەر دەكەن. هەڵگرانی ئەم تێفكرینە (مەیلی پاراستنی مەزهەب و تایفە) كە لە بنەڕەتدا تەواو پێچەوانەن بەسیستەمی دیموكراسی و ئەو هەوڵانەی كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لە عێراقدا مەترسیەكی گەورەن و بەردەوام لە بۆسەدان بۆ سڕینەوەی ئەوی تر، واتا گەر كەمێك بابەتیانە چاو لەو ڕابردوە بكەین ئەوە لەكەمترین ئاستدا ئەگەرێك نابینرێ بۆ جارێكی تر پێكەوە ژیانی كلتوری و بەهێزكردنی پایەكانی سیستەمی دیموكراسی و كۆمەڵگای مەدەنی هەرچەندە بەفیعلیش ئەم پرسە لە عێراقدا رۆژ بە رۆژ بەرەو پاشە كشێ دەروات، ئینتمای تاك بۆ مەزهەب و نەتەوە جێگرەوەی ئینتمای عێراقی بونی گرتۆتەوە و ململانێكان هەموو رەگەزەكانی پێكەوە ژیان و هاوبەشی هێزی لەناو بردوە و تا دێ توندتریش دەبێتەوە. دواجار بەلەبەرچاو گرتنی ئەم راستیە دەگەینە ئەو بڕوایەی كە بێژین مانەوەی عێراق لەو دۆخەی ئیستا كە دەرگیری چەندین قەیران و تەنگوچەڵەمەی سیاسی و ئابوری قورس و مەترسیداربوەتەوە و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی وڵاتانی دراوسێ و ئامادەگی هێزو هەژموونی وڵاتانی هەرێمایەتی و جیهانیش لەولاوە بوەستێ كە كاریگەری نیگەتیڤی هەیە لە سەر تابڵۆ سیاسیەكە و گەیاندوێتیە كەناری دارۆخان، پاڵنەرێكی بەهێزە بۆ توند بوونەوەی ململانێی میلیشیا شیعە و سونەكان لە زۆر ناوچەی عێراق وخۆپیشاندانە بەردەوامەكانی گۆڕەپانی تەحریریش كە سەرچاوەكەی هەمان ئەقڵیەتە دژی حكومەت و پایەكانی سێستەمی حوكمڕانی زیاتر دۆخەكەی ئاڵۆزتركردوە و وا پێدەچێ جارێكی تر قەیران و مەیلی ئاژاوە گێڕی كە مەیلێكی تەواو داگیركاریە لە سەر كۆی جومگەكانی بەڕێوەبردن ببێتە هۆی ئەگەرێكی بە هێزی وا كە بڵێین لەهەردوو بارەكەدا گریمانەی دروست بوونی ئەگەری دارۆخان گریمانەیەكی زیاتركراوەیە و ڕەنگە بەراستی هەڵوەشاندنەوەی عێراق بكاتە حاڵەتێكی دیفاكتۆ و چیتر عێراقی ئێستا نەبینرێ كە سەردەمانێكە هەوڵ بۆ دوبارە دروستكردنەوەی دەدرێ لە لایەن زۆر لە هێزە ناوخۆی و هەرێمایەتی و جیهانیەكانەوە .

تێبینی .. ناوەرۆكی ئەم وتارە بەشێكە لە لێكۆلینەوەیەكی درێژتر تایبەت بە مێژووی ئاژاوەگێڕی لە عێراق

 

  • 1