ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
لەم ماوەیەدا تەواوی سەرانی دەسەڵات و هەندێكیش لەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن باس باسیان مەترسی سەر قەوارەی هەرێمی كوردستانە، بەو مەبەستەش ماشێنێكی گەورەی ڕاگەیاندنیان دەستپێكردووە. نیازی پشت ئەم گوتارە هاندانی خەڵك و ڕای گشتییە بە ئاراستەی بەغدا، كە ئەوان وەك ناوەندی مەترسییەكە پیشانی دەدەن بۆ پەردەپۆشكردنی مەترسییە جدییەكە، كە دەسەڵاتدارانی كوردستان خۆیانن .
لێرەدا دەبێت پرسیارەكە بە جۆرێكی تر بكەین، ئەویش ئەوەیە، مەترسیەكانی سەرهەرێمی كوردستان چین و سەرچاوەی ئەو مەترسیانە لە كوێوەیە ؟ . ئایە، زیادبوونی هەرەشەی دەرەكی ئەو مەترسییەی دروستكردووە یا لاواز بوون و داتەپینی قەوارەی هەرێمە لە ناوەوەدا لە ساییەی دەسەڵاتدارانی ناوەخۆ ؟ .
هەموو پێدراوەكان ئەوەمان بۆ پشت راست دەكەنەوە هەرێمی كوردستان لە ئاستی ناوەخۆیدا بەهۆی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی رووبەرووی قەیرانێكی گشتگیری سەرتاسەری دەبێتەوە، ئەم قەیرانە لە ئاستی سیاسی ئابوری و كۆمەڵایەتی هتد ... تەواو رۆچۆتە خوارەوە، هیچ مانایەك بۆ رۆڵی خەڵك و فەزای گشتیش نەماوەتەوە تابتوانێت هەست بە بونی خۆی بكات و رۆڵێك بگێریت بۆ گۆرانكاری و دەربازبوون لەم دۆخی چەقبەستنە .
ئەوان بەجۆرێك باسی قەوارەی هەرێم دەكەن وەك ئەوەی ئەم قەوارەیە دابڕاوبێت لە وەزعی ناوەخۆیی و شێوەی حكومرانییەكەی و دۆخی هاوڵاتیانی ؟ . قەوارەیەك لە ئاستی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی رووبەرووی قەیرانی گشتگیر ببێتەوە و كەمینەیەك وەك غەنیمەت مامڵەی پێوەبكەن و خەریكی تاڵانكردنی سامانی سەرزەوی ژێر زەوی ببن، زۆرینە بێ‌ بەش بكەن لە مافە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی، بێگومان پاڵپشتی ناوەخۆیی نامێنێت و دەكەوێتە بەردەم مەترسییەوە. هەرچەندە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەرهەمی تێكۆشانی گەلی كوردستانە و دەبێت بە جیاواز لە شكستی ئەم كەمینەیە بیبینین، بەڵام بۆ هەرێمێك هێشتا لە قۆناغی رزگاری نیشتمانیدا بێت و رووبەرووی پلانی داگیركاری ئیمپریالیزی جیهانی ببێتەوە و هێشتا خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆی نەبێت وەك دەوڵەت، لەو لاشەوە دەورە درابێت بە وڵاتانی داگیركەر، بێگومان تەواوكردنی ئەم ئەركە و چەسپاندنی دەكەوێتە بەردەم مەترسیەوە .
ئەوەی جێگای گاڵتە جارییە لە ئێستادا و لەسەرو بەندی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا ئەم كەمینەیەی بەرپرسی یەكەمی تێكدانی وەزعی ناوەخۆیی هەرێم و لاوازكردنیەتی لە ئاستی بەغداو وڵاتانی دراوسێ‌ و دەرەكی، سەردانی لاینەسیاسیەكان دەكەن لە ژێر ناونیشانی پاراستنی یەكریزی گەلی كوردستان و بەشداریكردنی بەیەكەوەیی لە هەڵبژاردنەكان .
پرسیارێكی جەوهەری تر رووبەروومان دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە، لە ساییەی ئەم جۆرە لە دەسەڵاتێكی بۆرژوازی مشەخۆری پاشكۆ بە ناوەندە سەرمایەدارەكان دەتوانرێت ئەم قۆناغە تەواو بكرێت، مەبەست لە قۆناغی رزگاری نیشتمانییە ؟. ئایە ئەمانە سیفەی نیشتمانیان ماوە ؟ . یان لەمرۆدا ئەم ئەركەش بۆ سەر ئەركەكانی چەپی كوردستانی دەبێت، ئەمەش پێویست بە روئیایەك دەكات زیاتر خۆی بەخاوەنی كوردستان بزانێت و بەفراوانی تەماشای ئەركەكانی بكات، بەجۆرێك ئەم ئەركانە لە دەرەوەی ویستی ئێمە خۆی فەرزدەكات .
لەم بارەیەوە هەڵوێست و رۆڵی چەپ خوێندنەوەیەكی رەخنەگرانەی پێویستە، بەجۆرێك تابە ئێستا چەپ سەرەرای مێژوویەكی دوورو درێژ و خاوەن هێزێكی فراوانی مرۆیی بەڵام نەی توانیوە لە دەرەوەی ئەم كەمینەیە خاوەنی روئیایەكی مستقبلی بێت و لە دەرەوەی هێزەكانی دەسەڵات پرۆژەی خاوەندارییەتی كۆمەڵگای هەبێت وەك بەدیل ! . ئەمەش وایلێكردووە رووبەرووی جۆرێك لە دابڕان لە كۆمەڵگاو پرسە زیندووەكان ببێتەوە و رۆڵی پەراوێزی و پاشكۆیەتی بۆبمێنێتەوە .
ئێستا خەمی زۆرینەی سەركردایەتی ئەو جۆرە لە چەپ بۆتە ئەوەی چۆن لیتسێكی هاوبەشی هەڵبژادن دروست بكەن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ژێر ناونیشانی پاراستنی پێگەی كوردستان لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق !ّ ، بەو تێگەیشتنە كورتبینەی قەزییەی كوردستانی لە بەغدا پەیوەندی بە زیاد بوون یا كەم بوونی چەند كورسییەك بێت لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، نەك گرێدراوبێت بە وەزعی ناوەخۆیی و داتەپینی لە ئاستی ناوەوەی .
  • 1