ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێواس ئەحمەد بانیخێڵانی

بەشی دوو

لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازی گەورەدا، بازاڕێکی ناوخۆیی بۆ کار دروست بوو کە بگونجێت لەگەڵ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا. ئەم پرۆسێسە مێژووییەش، بە داماڵینی جووتیارانی دێهاتەکان لە کەرەسەی کارەکانیان و سەرچاوەکانی بژێویان و تەنانەت پیشەسازی ماڵەوەیش کە زیاتر ژنان پێیەوە خەریک بوون؛ پیاوو ژن و مناڵی بەزۆر، کردە پرۆلیتاریایەکی ئازاد لە بازاڕی کاری ئازاددا. وە هێشتا ژنان لە ستەمی دەرەبەگایەتی ڕزگاریان نەبووبوو، کەوتنە ژێر ستەمی سیستمە مۆدێرنەکەی سەرمایەداریەوەو بوونە دەستی کاری سەرمایە. وە ئیتر لە بری کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێو کردن و چنین و دوورینی بەڕەو چۆغەو پێڵاوو قوماش و ڕێسانی لۆکەو خوری، ژن بووە هێزێکی کاری هەرزان بۆ ڕکابەری پیاو. مارکس واتەنی، پیشەسازی گەورە، دەستی کاری هەردوو ڕەگەزەکەی پێویستە لە هەموو تەمەنەکاندا. وە دەڵێت: ئەمانە سەرچاوەی ڕزقیان لە دەستچوو، وە ئیتر دەبوایە بەهای بژێویان لە بازاڕدا بکڕنەوە، ئەمەیش بە کارکردن لە لای سەروەرێکی نوێ، کە ئەویش سەرمایەداری پیشەسازیەو کرێیەکیان دەداتێ پێداویستیەکانی ژیانیانی پێ بکڕنەوەو بەس.

ستەمی سەرمایەداریی، هەر بە زوویی ژنانی لەم چەساندنەوە چینایەتیە بە ئاگا هێنایەوەو ڕایکێشانە بواری خەباتەوە. خەباتی ژنان بۆ یەکسانی مافەکەنیان شێوەیەکی نوێی گرتە خۆی، جیاواز لە خەباتی ژنان لە سەردەمی فیۆدالیزمدا. هۆشیاری ژنان گەیشتە ئاستێکی بەرز، خەباتیان مۆرکێکی تری وەخۆگرت، مۆرکی چینایەتی.

خودی چوونە دەرەوەی ژن و کارکردن شان بەشانی پیاو، سەرچاوەی پێشکەوتنێکی نوێی کۆمەڵگایە، بنچینەیەکی ئابووریی نوێ بۆ شێوەیەکی بەرزتری خێزان و پەیوەندی هەردوو ڕەگەزەکە دەخولقێنێت. دەرگایەکی تازە بە ڕووی ژناندا دەکاتەوە بۆ خۆڕێکخستن و خەبات لە پێناو کۆمەڵگەیەکی بێ چین و یەکسانی ژەندەری. لەم ڕووەیشەوە، ژنە سۆسیالیست و مارکسیستەکان، بەشداریەکی گەورەیان لە ستراتیژییەکی نوێی خەباتی ژنان کردووە کە خەباتی کۆمەڵایەتیە لە پێناوی رزگاری مرۆڤدا. جگە لە خەباتی ژنان لە پێناو بەدیهاتنی مافەکانی یەکسانی و گەیشتن بە سۆسیالیزم، ژنانی سۆشیالیست دەرکی ئەو ڕاستییە دەکەن کە کلیلی بنچینەیی ماتریالیستی بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تازە کە ئازادی ژنانی تێدا دەستبەر دەکرێت، لەناوبردنی چەوساندنەوەو یەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتیە.

هۆشیاری چینایەتی ژنان بە ڕوونی بە خەباتی ڕۆژانەیانەوە دەردەکەوێت. یەکێک لەو ئاستە بەرزەی هۆشیاری چینایەتی، کە لە هەمانکاتدا ستەمی سەرمایە نیشان دەدات، ئەو ڕۆژە بوو لە مێژوودا کە ١٥ هەزار ئافرەت لە نیۆرکدا، لە ٨ ئازاری ١٩٠٨ دا، لە پێناوی زیاد کردنی کرێی کاردا، کەوتنە مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەو ڕۆژەی بەتایبەت بە خوێنی ژنان سوورکرا لە مێژوودا. یەکێک لە سەرمایەدارانی پیشەسازیی چنین لەو ڕۆژەدا، دەرگای کارگەکەی لە ژمارەیەک ئافرەتی مانگرتوو دادەخات و ئاگر بەردەداتە کارگەکەو ١٢٩ کرێکاری ژن لە نەتەوەی ئەمریکی و ئیتالی، دەکاتە خەڵووز.

شارۆن سمیپ رۆڵی ژێردەستەیی ژنی لە خێزاندا دەبەستەوە بە چەوساندنەوەی ژن لە بوارەکانی ئابووری و سیاسیدا. چونکە چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ژن بێ مانادەبێت بێ شیکردنەوەی تێڕوانینی مارکسی بۆ خێزان. کاری ژنان بە گەشەپێدانێکی پێشکەوتووانە دادەنرێت، مەرجێکی پێشوەختە لە پێناو ئازادی ژنان لە چوارچێوەی تەسکی ماڵ و یارمەتیدەرە تا وەک بوونەوەرێکی مرۆیی و ئەندامی کۆمەڵگە، ئازادانەو بە تەواوی گەشەبکەن. هەرچەندە ڕژێمی سەرمایەداری وەک سوپای کار تەماشای ژنان دەکات، وەک سەرچاوەی هێزی کاری هەرزان. وە تەنانەت لە ماوەی هەردوو جەنگی جیهانیدا، ژنان خرانە بواری کارەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی پیاوان ڕاکێشی گۆڕەپانەکانی جەنگ کرابوون. هەروا لە ساڵانی پەنجاو شەستەکانی سەدەی بیستدا لە کاتی بوژاندنەوەی سەرمایەداریدا، جارێکی تر ژنانیان ڕاکێشی مەیدانی کار کرد. لەگەڵ ئەوەی سیستەمی سەرمایەداری باس لە یەکسانی ژنان دەکات و هەندێ یاسا دەهێنێتە کایەوە بۆ ئاسانکردنی بەشداری ژن لە بوارەکاندا.

ژنی کرێکار ئەو بەشەی کرێکارانن کە زیاتر دەچەوسێنرێنەوە. بۆیە برجوازیەکان و ڕۆشنبیرانیان، بەردەوام هەوڵیان داوە ژنان دووربخەنەوە لە سیاسەت و خۆڕێکخستن، بەڵکو بەو شێوەیە ژنان بکەنە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستی. بۆ ئەمەیش بۆرژوازیەت پشت بە چەندان دامەزراوە دەبەستێت بۆ بەهێز کردنی دەستەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگادا، دامەزراوە ئاینییەکان، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، مێدیاو تۆڕە کۆمەلایەتیەکان. بەڵام ئەم بارە درێژە ناکێشێت. لەگەڵ گۆڕانی ڕۆڵی ژن و هۆشیاریاندا، ژنان هەرگیز بەمە ڕازی نەبوون ببنە قوربانی بیروباوەڕی چەقبەستووی ئاینی و کۆیلەی چێشتخانە و ماڵەوە. قەیرانی سەرمایەداری و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ژنان پاڵپێوەنەرێکی گەورە دەبێت کە ژنان بەرەو رەوتێکی شۆڕشگێڕی ببەن. بۆیە زۆر گرنگە مارکسیەکان لە هێزی شۆڕشگێڕی شاراوەی ژنان و ئەو وزەیە بگەن و ڕێکیبخەن. زۆر ڕووداوی جیهانی هەیە سەلمێنەری ئەو هێزە شاراوەی ژنانن کە بە ئاسانی ڕێ لە گەشەی ناگیرێت. هەر کەسێ خۆپیشاندانەکانی ژنانی بینیبێت دەزانێت ژنان یەکدڵن لە خەبات و بەوپەڕی دڵگەرمی و ئازایەتیەوە، بەشداری ئەو خۆپیشاندانانە دەکەن لە باروزروفی سەرمایەداریدا. لەمەیشدا پەیوەندیی خەباتگێڕانەی ژن و پیاو، بنەمای مادی خۆی دەپێکێ لە بەرهەمهێناوەی ژیانی مادی و کۆمەڵایەتیدا، لە سیاسەت و یاسا و عەقڵدا گوزارە لە بوونی خێزانی تاکە ژن و مێردایەتی دەکات بەو پێیەی کە یەکەی بنچینەیی کۆمەڵگە و دەوڵەتە. هەموو یاساکان سەبارەت بە خێزان و ڕۆڵی ژن لە پێناو پاراستنی ئەو یەکەیە دەخرێتە کار. بۆیە زۆر جاریش هەوڵی چەسپاندی یەکسانی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خێزانی تاکە ژن و پیاو کاریگەری نابێت، لەبەر نەبوونی یەکسانی لە شێوەی بەرهەمهێنانەوە، کە کاریگەری لەسەر تەواوی ژنان و پیاوان هەیە، ئەمەش هەروا دەبێت تا ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە بەردەوام بێت. "گۆڕینی ڕیشەیی باری ژن مومکین نییە، تا هەموو مەرجەکانی کۆمەڵایەتی و خێزانی و ژیانی ماڵەوە نەگۆڕرێ" ترۆتسکی لە کتێبی ژنان و خێزاندا. ئێستاش سەرمایەداری گەیشتووەتە خاڵیکی بن بەست و قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە، قورسایی سەرەکی دەکەوێتە سەرشانی ژن وگەنجەکان. هەروەک مارکس دەیووت کە سەرمایەداری دەیەوێت لە ڕێگەی چەوساندنەوەی ژن و منداڵانەوە قازانجێکی لە ڕادەبەدەری دەست بکەوێت. لە ئەنجامدا سەرمایەدار کۆنترۆڵی هەموو ئەندامانی خێزانی کرێکاران دەکات بێ جیاوازی کردنی ڕەگەز و تەمەن. لە وڵاتانی سەرمایەداری پێشکەوتوودا، گۆڕینی شێوەی بەرهەمهێنان و هەوڵی سەرمایەداران بۆ بەرزکردنەوەی سەرجەمی قازانج بووە هۆی بەرزبوونەوەی وەکارخستنی ژنان و گەنجان، کە بە خراپترین شێوە دەیانچەسێننەوە و کرێیەکی کەمیان دەدەنێ لە ژێر هەلومەرجی زۆر خراپدا کاردەکەن. ئەو هەژاریەیشی ئەمڕۆ بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە، بەلێشاو نێوەندی ئافرەت و مناڵی گرتۆتەوە. لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا نزیکە ٤٠ ملێون ژن بوونە هێزی کار بەڵام لە ئەوروپا نزیکەی ٣٠ ملیۆن بوونە کرێکار. بەلاشیەفەکانی ڕووس بە دروستی گرنگیان دا بە کاری شۆڕشگێڕی ناو ژنە کرێکارەکان، بە تایبەتی لێنین لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩١٢ـ ١٩١٤هەروا لە ماوەی شەڕی جیهانی یەکەمدا. لەو ماوەیەدا ژمارەی کرێکارانی ژن سێ یەکی ژمارەی کرێکاران بوون بە تایبەتی لە پیشەسازی قوماش و چنین. ئەم ژمارەیە تا دەهات زیاتر دەبوو، ئەرکی پەیداکردنی بژێوی خێزان کەوتە سەرشانی ژنەکان. ژنان لە زۆربەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو ئامادەبوون دژی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەهۆی بەشداری ڕووسیا لە جەنگدا دروستبوون. هەروا لە ساڵی ١٩١٤ بەلشەفیەکیەکان کۆبونەوەیەکیان ڕێکخست بۆ رۆژی هەشتی ئادار و ڕۆژنامەیەکیان دەرکرد بە ناوی ڕەبۆتنیتسە واتە ژنانی کرێکار. لە ڕووی مادییەوە لەلایەن ژنە کرێکارەکانەوە بەڕێوە دەچوون، هەر خۆشیان لە شوێنە جیاوازەکاندا دابەشیان دەکرد. لەم ڕۆژنامەیەدا باس لە زروفی ژنانی کرێکار و خەباتی دەکرد لە ڕووسیا و دەرەوە، ژنانیان هاندەدا کە بچنە رێزی خەباتی کرێکارانەوە ئەم ڕۆژنامەیە لەگەڵ چەندان ڕۆژنامەی تردا لە مانگی شەشی هەمان ساڵ قەدەغەکران. باری کاری کرێکارە ژنەکان زیاتر و زیاتر سەخت بوو، لە کارگەکاندا بۆ بەرژەوەندی خاوەکار کاری دەکرد و دەچووە ماڵەوە بۆ بەرژەوەندی خێزان کاری دەکرد. بۆیە هەزاران ژن ڕەنجیان دەدا لە کاری بەکرێ و سەدان هەزار ژن بەدەست چەوساندنەوەی خێزانی و کۆمەڵایەتیەوە دەچەسێنرانەوە. نێونەتەوەیی شیوعی گرنگی زۆری بە کاری ژنان دا، داواشیان لەهەموو حزبە شیوعییەکانی تر کرد کە گرنگی بدەن بە ژنانی کرێکاران بە ئامانجی ڕزگاری لە کاریگەری بۆچوونی بۆرژوازی. داوا دەکەن کە ژنانی کرێکار خەبات بکەن بۆلەناوبردنی هەموو جۆرەکانی چەساندنەوە و گرانی ژیان و نەبوونی خانوو و بێ ئیشی. زۆرجار ژنان ناچاردەبن کە نیوەکار بکەن، یان ئەو کاتە بۆ کار بانگ دەکرێن کە خاوەن ئیش پێویستی پێێانە. زۆر ژنیش لەبەر ئەرکی ماڵەوە،بەمە ڕازی دەبن. ئەمەش گونجاوە بوو بۆ خاوەن کارەکان. چونکە ناچارییان دەکەن کە قبووڵی هەموو جۆرە کارێک بکەن. زۆر لەم کارانەش بیمەی تەندروستی و بێکاری، پارەی خانەنشینی نایان گرێتەوە، سێ یەکی ئەو ژنانەی کە کاردەکەن، ژمارەی کاتژمێری کاریان کەمترە لە ٣٥، ٤٠ کاتژمێر. لە کاتێکدا تەنیا لە ٥٪ پیاوان نیوەکار دەکەن. ڕێژەی بێکاری لەناو ژناندا تا دێت بەرەو سەرەوە دەکشێت، بۆیە زۆرجار ناچار دەبن بە هەموو کارێک ڕازی ببن. لە ژێر هەلومەرجی سەختدا کاربکەن. بەتایبەتی دایکە تەنیاکان.

خەباتی ژنان و نەقابەی کرێکاران بەرەو کۆمەڵگای سۆسیالیزم پێویستی بە خەباتی ڕۆژانەی بەردەوام هەیە لە پێناو چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا. زۆر گرنگە ژنانی هۆشیار و ڕۆشنفیکر بێنە ڕیزی ئەو خەباتە و لە ناو نەقابە و حزبە مارکسییەکاندا کاربکەن. هەوڵبدەین ڕادەی ڕۆشبیرییان بەرزبکەینەوە، هۆشمەندی چینایەتیان قوڵبکەینەوە. مەسەلەی ژن لە مەسەلە چنایەتیەکە جیانەکەنەوە. زۆر لەو بزووتنەوانەی کە ژنەکانی چینی بۆرژوازی بەڕێوەی دەبەن، هەوڵدەدەن کە مەسەلەی یەکسانی مافەکانی ژن ببەستن بە تەنیا ژنانەوە لە کاتێکدا یەکسانی ژن لە کۆمەڵگە و مافە مرۆییەکانی خەباتی تەواوی کۆمەڵگایە. خەبات لە پێناو بەرژەوەندی ژناندا دەبێت لە شوێنی کاردا دەست پێبکات، ڕاکێشانی ژنان بۆ ناو خەباتی نەقابە وحزبی، لە پێناو چاککردنی هەلومەرجی کار و یەکسانی لەهەموو بوارەکاندا ئەرکی چینی کرێکار و مارکسییەکانە بە ژن و پیاوەوە. لە بەشێکی تردا باس لە دەستکەوتەکانی خەباتی نەقابە و حزبە مارکسییەکان دەکەین.

  • 1