ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تازەترین پێناسەی پەروەردە ،کەئەمڕۆ زۆربەی پەروەردە ناسان لەسەری کۆک بن ، ئەوەیە ،پەروەردە تەنیا پەیوەست نییە بە خێزانەوە ،یان پەیوەست نییە بە ناوەندێکی پەروەردەییەوە کە خۆی لە ناوەندەکانی خوێندن دا دەبینێتەوە ، بەڵکو ڕاست ترین پێناسەی پەروەردە ئەوەیە کەهەموو کۆمەڵگە لێ بەرپرسیارە ،واتە کاتێک ئاکامی پەروەردەیەکی ساخلەم دەردەکەوێت ،کە کۆمەڵگە ئامادەکاری کردبێت بۆ ئەوەی تاکه کان بەشێوەیەک ئاراستە بکات،

لەکوێ پێویست بوو خۆشەویستی و سۆز ببەخشێتەوە ! لەکوێ پیویست بوو  مافی توڕەبوون بدات بە بەرانبەر ! لەکوێ پیویست بوو گوێ بگرێت و بوەستێت بزانێت بەرانبەر چی دەڵێت و داوای چی دەکات ؟ لەکوێ پیویست بوو سنوور دابنێت بۆ ئەوەی تەنیا فردەێک یا ناوەندێک ، پانتاییەکانی ژیان و دەوروبەر قۆرخ نەکات بۆخۆی،بەڵکو وەک هەر یەکێک یان ناوەندێک سنوورێکی دیاری کراوی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی پیادەی  مافەکانی خۆی بکات  ،لەکوێ پیویست بوو کات تەرخان بکرێت .

تەرخانکردنی کات زۆر جار بەکوژانەوەی ئەو ئامێرانە دەبێت کە پێ دەڵێن (کات خۆر یان کات کوژ  ) واتە تەنیا کاتەکانمان لێ دەخۆن یا  لێدەکوژن ، بێ ئەوەی سوودو ئامانجێکی تایبەتی هەبێت ..

بۆیە پێویستە خێزان بەتایبەت دایک و باوک یان بڵێم کەسانی دەست رۆیشتوو لە ناو خێزان ڕێک بکەون لەسەر ئەوەی کات تەرخان بکەن بۆ مناڵەکانیان جا بە چونە دەرەوەبێت ،یان لەماڵ و باخچەی ماڵەوە بێت، بۆئەوەی لەو کاتە دیاری کراوەدا ،چیرۆکی سوود بەخشی پەروەردەیی بۆ مناڵان بگێڕنەوە چونکە دایک و باوک خاڵی سەرەتان بۆ ئاراستەکردنی پەروەردە بەمانافراوانەکەی ،دواتر ناوەندەکانی پەروەردە . هەموو ئەمانە ، پەیوەندی بە فەلسەفەی دەوڵەت دارییەوە هەیە ،واتە هەریەکیان کاری ئەوەی تر تەواو دەکات .گەر بنەماکانی دەوڵەت لەسەر فەلسەفەیەکی یەکتر قەبوڵکردن بێت و هاتبێتە دامەزراندن ،ناوەندی هەموو ململانیەکان مرۆڤ بێت ،ئەوە خێزانیش چیرۆکەکانی لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون دادەڕێژێت ،بەم ڕوانینە نەوەکانی گۆش و پەروەردە دەکات ،بەپێچەوانەوە فەلسەفەی دەوڵەت لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی زمان و ئایین و نەژادو ئایدیای تر بێت ،ئەمیش شۆڕدەبێتەوە بۆ بەشێکی ئێجگار زۆر لە خێزانەکان هەر لەباوەشی دایکیانەوە گوێیان لەم جۆرە ئاوەز (نەمەتە)  پەروەردەیە دەبێت ،دواجار کۆمەڵگەیەکی پڕ لەغەڵبە غەڵب دەدەن بەدەستەوە ،گیانی یەکتر قەبوڵکردن رەتدکرێتەوەو بەئاسانی درووست نابێت ، نموونەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵگەی ڕوونن لەسەر ئەم جۆرە پەروەردەیە ،کەچۆن گیرۆدە کراون بەیەک جۆر لە ڕوانین ( لە ئایین ولە نەژاد ولە بیرو باوەڕ و ئایدیا  ، ئەمە هەرلەخۆوە نیە ،بەڵکو درێژکراوەی فەلسەفەی دەوڵەت و دەوڵەت سالاری کلاسیکە ،  خێزانەکان دووبارە بەرجەستەیان کردۆتەوە لەڕوح و لە مێشکی منداڵەکانیان ،چونکە لەڕوانگەی ئەم جۆرە فەلسەفەوە ،کەشۆڕکراوەتەوە بۆ ناوەندەکانی پەروەردە و دواجار کۆمەڵگەیەکی داوە بەدەستەوە ،خۆیان بە ڕەها ( موتڵەق ) دەزانن لەڕاستی ،ئەمیش سەردەکێشێ بۆ دەسەڵاتێکی تۆتالیتارو وەستاو ،کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەی ئەم جۆرە لەپەروەردەیە .لەم ڕوانگەیەوە دەڵێم پەروەردەو ئاراستەکردنی پەروەردە کورت ناکرێتەوە تەنیا لە باوەشی خێزانەوە ،چونکە دواجار عەقڵ و لۆژیکی خێزانیش درێژکراوەی ڕوانین و فەلسەفەی سەروی خۆیەتی جا دەوڵەت بێت ،یان لەدەوڵەت بچوکتر خێڵ و ئایینێکی دیاری کراو بێت .بەشێوەیەکی ستوونی(  دەوڵەت ،ئایین خێڵ ،حیزب ،ئایدیا ) کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرهەم هێنانی جۆرێک لەپەروەردە .بەشێوەیەکی ئاسۆییش خێزان لەنێوان خۆیاندا ئەم جۆرە لە پەروەردەیە ئاڵوگۆڕدەکەن و پەرەی پێ دەدەن ،ئینجا جەوهەری دەسەڵات کەخۆی لەدەوڵەت  یان بچوکتر لە دەوڵەت وەک  دەسەڵاتی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی و خۆسەری دەبینێتەوە ،دەکەوێتە بەردەم ئەو جۆرە لە بەرپرسیاریەتی کە تواناکانی خۆی لەسەر چ جۆرە پەروەردەیەک چڕکردۆتەوە ،نەوەکانی بە چ جۆرە زمانێک گۆشکردوە ،ئایە تواناکانی بەرەو نیشتیمان سازی و مرۆڤسازی تاوداوە  وەک ئەوەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەبینرێت ، یان بەرەو ئامانجێکی تر کە تەنیا خۆی و مانەوەی دەسەڵاتی خۆی لا مەبەستە هیچی تر ..

 

مامۆستا لە قوتابخانەی هەکاری - کەرکوک

  • 1