ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

 

كاوە مەلا رەسول

 

ڕۆشنبیرو نوسەرو ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکی ئەحمەد ئەڵتان، ئەمڕۆ لە تورکیای ئەردۆغاندا لە زیندان توند کراوە بە تۆمەتی دەربڕینی ناڕەوا دژ بە سەرۆکایەتی دەوڵەت. ئەڵتان ڕۆژنامەنووسە، پێی وایە کە مرۆڤ بە گشتی دەبێ سەربەست بێت لە دەربڕینی بیر و ڕایەکانیدا. گەر هەر دەوڵەتێك کاری ناڕەوا ئەنجام بدات ئەرکی هاوڵاتیانە بۆچوونی خۆیان لەو بارەیەو دەرببڕن گەر ئەمە ببێتە ناڕەزایی و خۆپیشاندانیش. هاوڵاتی نابێت ببێتە ملکەچی دەستەی دەسەڵات و وەکو کۆیلە ببێتە خزمەتکاریان.

ئەحمەد ئەڵتان لە ساڵی ١٩٥٠ دا لە تورکیا لە خێزانێکی ڕۆشینبیردا گەورە بووە و بە ووردی لە ڕاسیە بە ئازار و زەقەکانی سیاسەتمەداران و حوکمڕایانی پێشوو و ئێستای تورکیا تێگەیشتووە. بۆیە بە ئەرکی خۆی دەزانێت ئەو ڕاستیانە بگەێنێتە هەموو هاوڵاتیەکی تورکیا، تا تێبگەن کە سیاسەتی ووڵاتەکەیان لەسەر سیستەمێکی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بەند نەبووە، بەڵكە لەسەر توندوتیژی و چەوساندنەوەی میللەتە ژێردەستەکانی تورکیا بەندە، بۆیە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی تورکیا ئەحمەد ئەڵتان بە دوژمن دەبینن و هەموو هەوڵێك دەدەن کە دەنگی نەگاتە هیچ کەسێك.

لە ساڵی ١٩٩٥ دا ئەحمەد ئەڵتان بابەتێکی سەیر و سەرسوڕمێنەری لەسەر ڕۆژنامەی میللیەت نووسی و بڵاوی کردەوە.

ئەڵتان بۆ جوڵاندنی هەست و بیرکردنەوە و لەخەو هەڵسانی هاوڵاتیانی تورکیا لەو بابەتەیا بیری لەوە کردبۆ ئەگەر پرۆژەی دامەزراندنی ووڵاتی تورکیا بەشێوەیەکی تر بوایە ئایا ڕەنگدانەوەی چۆن دەبوو بۆ هاوڵاتیان.

لەو خەوەیا ئەڵتان دەڵێ؛

ئەگەر تورکیا ناوی کوردیا بوایە و تورکەکان چەوساوە و ژێردەستەی کوردەکان بوونایە و کوردەکان بەزۆر تورکەکانیان بکردایە بە کورد، هەروەها موستەفا کەمال تورك نەبوایە و لە شاری سالۆنئك لەدایك نەبوایە، بەڵکو کوردبوایە و لە شاری موسل لە دایك بوایە، پاش شەڕێ سەربەخۆیی لەجیاتی نازناوی ئەتا تورك (باوکی تورکان) نازناوی ئەتاکوردیان (باوکی کوردان) لە موستەفا کەمال بنایە، لەو خەوەیا ئەڵتان دەڵێ ئەگەر لەو ووڵاتەیا دەسەڵاتدارانی کورد پڕوپاگەندەی وا بکەن کە میللەتی تورك ووجودی نیە و بە زۆرو توندوتیژی تورکەکان بکەن بە کورد. ئایا ژیانی تورکەکان چۆن دەبوو؟

ئەحمەد ئەڵتان بەهۆی ئەو گەمە سایکۆلۆجیەوە ویستویەتی سەرنجی هاوڵاتیانی تورکیا ڕابکێشێت دەربارەی کێشەی میللەتی کورد لە تورکیا.

ئەحمەد ئەڵتان، لەسەر ئەم ووتارەی دەرگای زیندانی بۆ کرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ڕۆژنامەی تەرەف دادەمەزرێنێت و لە ساڵێ ٢٠٠٨ دا ووتارێك بە ناوی "ئای براکەم" دەنووسێت و بڵاویدەکاتەوە لەسەر جێنۆسایدی ئەرمەنیەکان کە لەساڵی ١٩١٥ دا تورکەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دژ بە میللەتی ئەرمەنی ئەنجامیان دا. لەسەر ئەم ووتارەشی ئەڵتان تووشی زۆر کێشەو بەرەی دەستی ڕژێـم و ڕەگەزپەرستە فاشیەکانی تورکیا بوو.

لە ساڵی ٢٠١٦ وە ئەڵتان بۆ دەساڵ خراوەتە زیندانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ جووڵانەوەکەی فێتوڵڵا گولێن. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا پێنج ساڵ و یانزە مانگی تریشی بۆ زیاد کراوە ئەمجارەیان بە تۆمەتی دەربڕینی ناڕەوا دژ بە سەرۆکایەتی تورکیا. واتە هەمو هەڵێك دەدرێت کە ئەڵتان لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی بێت وجارێکی دی چاوی بە ڕۆشنایی نەکەوێتەوە.

هەر ڕژێمێك لە دەربڕێنی هاوڵاتیانی بترسێت ئەوە ڕژێـمێكی کارتۆنیە و درەنگ یان زوو بەهۆی کەمێك ئاوەوە دەتوێتەوە.

 

 

 

  • 1