ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەر لە گەڵ دەركەوتنی سەرەتاكانی تۆتالیتاریەت وسێستەمی زەبروزەنگ لە بەعسدا و پەلامارەكانی بۆ سەر شیوعیەكان ، كادیرو تێكۆشەرانی شیوعی بڕیاری كوژانەوەی دوا ترووسكەی ژیانی شاریان داو ڕێگەی تێكۆشانی چەكداریان گرتە بەر, گرتنەبەری خەباتی چەكداری و هەوڵدان بۆ رووبەرووبونەوەی بەعس و تێكۆشان بۆ بەرجەستەكردنی ئازادی و بەدەستهێنانی بەختەوەری وایی له شیوعیەكان كرد ئەو ڕۆژە ، وەك رۆژی خەبات ببینن و لاپەڕەیەكی نوێ‌ یان هەڵدایەوە و قۆڵ و باسكی شۆڕشگێڕییان لێ‌ هەڵماڵی و جوامێرانە كەوتنە مەیدان و لە ماوەیەكی كورت دا و بە ئەزمون و توانایەكی كەمەوە پەلوپۆی هێزی پێشمەرگەی شیوعی سەرانسەری كوردستانی داپۆشی و گەییشتە دوورترین ناوچە و بوونە دێوەزمە بەسەر دەسەڵاتی رەشی بەعسەوە .

 لە هەموو سەرلوتكە و پەنا بەردێكی ئەم نیشتمانەدا خوێنی پێشمەرگە شیوعیەكان بە بی جیاوازی نه ته وه و ئاین بوونە شایەت حاڵی تێكۆشانی جوامیرانە و نەپساوەی شیوعیەكان و وەك داستانەكانی خەج و سیامەند و خانۆی لەپزێرین لە نێو دانیشتوانی گوند و شاردا لە نێوان گەورەو پیرو جوان و جەحێڵاندا دەما و دەیان دەكرد ، دڵدارەكان لە جێژوانان و شوانەكان لە شەوەكەژ و كچانی لادێش لە سەركانی قوربانی دان و گیان فیدایی شیوعیەكانیان بۆ یەكتر دەگێرایەوە و ژیانی خۆیان بە وان دەچواند بەشداری لە سەدان نەبەردی و داستانی گەورە و زەبری گورچك بڕ و چالاكی پێشمەرگانە لە لایەن پێشمەرگە شیوعییەكانەوە هەر لە گەرمیانەوە تا كوێستان و بە بەخشینی خوێنی سەدان شەهید لەو پێناوەدا بەشدارییان لە هەڵمەتی ڕاپەڕینە مەزنەكەی 1991 ی گەلەكەمان و ڕاماڵینی دامودەزگاكانی بەعس دا كرد و ئەمەش وایی كرد شیوعیەكان ئێستا و ڕابردو داهاتووش خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی خەباتی نیشتمانی ئەم نیشتمانە بزانن و كۆڵنەدەن لە تێكۆشان لەو پێناوەدا و ئێستاشی پێوەبێ شیوعیەكان لە مەیدانی خەباتدان و هەوڵ و توانای خۆیان لە پێناوی بەرز ڕاگرتنی ئەو مێژووەی فەهد و سەلام عادل و جەمال حەیدەری و هاوڕێكانیان و هەزاران شیوعی كە بە خوێنی خۆیان نەخشاندبوویان دەخەنە گەڕ و لێناگەڕێن كوێربێتەوە ، بەڵام مەخابن وێڕای هەمووقوربانی دان و دڵسۆزیەكیش بۆ نیشتمان و دەسكەوتەكانی شۆڕش و تێكۆشانی گەلەكەمان ، دەسەڵات لە كوردستان بەهەڵسووكەوت و مامەڵەی ناتەندروستی خۆی وەك تێكۆشانێكی نامۆ لەو ڕابردوەی شیوعیەكان دەروانێ‌  و نایەوێ‌ دان بەو ڕاستیەدا بنێ كە هەیە و جیاكاریەكی یەكجار زۆر دەبینرێ لەو ئاستەدا ، هەرچەندە بۆ ئەمەش ئێمە بڕوامان وایە زۆرن ئە‌و هۆكارانەی كە بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخ لەپشت ئەنجامدانی تاوانكارین لەدژی شیوعیەكان ، دیارترینیان ، پانتایی فرەوانی خەباتی شیوعیەكان لەسەرتاسەری عێراق و كوردستان و كاریگەریان بەسەر پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و شكاندنی كۆت بەندەكان وتەكاندان بە رەوتی دادوەری كۆمەڵایەتی و هێنانە سەرشەقامی جەماوەرلەپێناو داخوازییە رەواكانیان و بەرەنگاربوونەوەی داگیركەران و رژێمە دیكتاتۆریەكانە.

ڕەنگە هەر ئەمەشە وایكردوە كە لە زۆربۆنە و كاتی جیاجیاشدا كەسایەتی شەهید هێنراوەتە گۆڕێ‌ و وەك جەمسەرێكی دژ و پێچەوانەی واقعی كایە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكە كاری لەسەر كراوەو بوەتە رەمزی پاكی و بێگەردی سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدارو ئەوانەی پەیوەندیان بە یاساو رێساكانی دەزگای حكومەتەوەیە. زۆرجاربەرپرسانی حكومەت و هێزە دەسەڵاتدارەكان شەرمنانە قسە لەسەر دۆسیەیی بەدەنگەوەچوونی داخوازیە رەواكانی خێزان و خانەوادەی شەهیدان دەكەن وئەوە دەخەنە روو كە ئەوان قەرزداری شەهیدانن و هەرچیان لە توانادابێ درێغی ناكەن ، بەلام ئەفسوس بە هەستێكی زۆر نابەرپرسیارانەو نانیشتیمان پەروەرانە مامەلە لەگەل شەهیدانی لایەنە سیاسیەكانی تری دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكاندا دەكرێ و پەراوێزخراوون ، هەرچەندە بۆ وڵامدانەوەی ئەو ڕاستیەش حكومەت و سوڵتەی سیاسی پەنا دەباتە بەر رازی كردنی حیزبە سیاسییەكان و دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە و بە یاسا ئەوە ڕاستبكاتەوە بەڵام لەوەشیاندا سەركەوتوو نەبوە و نەیتوانیوە سوونەتەكانی رێز گرتن لە ئیرادەو خواستی جەماوەری خاوەن قوربانی لە بەر چاو بگرێت و چیتر نەیانخاتە پەراوێزی بەرژەوەندییە حیزبییەكانەوە و وەك ڕابردوو نەرواننە خەبات و قوربانی دانی شەهیدان , چونكە رابردوو لای تاكی ئێمە رابردووی شۆڕش و قوربانی دانەو شەهیدیش فۆرم و ناوێكی پیرۆزی لەونێوانەدا وەرگرتوە و لەروحێكی مردوەوە بوەتە سیمبوڵی رزگاری و گەشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و ئەونرخ و بەها جوانانەی كە لە شۆڕشدا بونیان هەبوە ، هەرچەندە لە راستیدا ئەمە لە لەلای حزبی دەسەڵاتدارمەسەلەیەكی یەجگار بێ‌ نرخ و بەهایەو لە دۆخە ئاسایەكاندا شەهید لە پیرۆزی و پاكێتیەوە بوەتە كۆمەڵە دروشمێكی بەكاربەرو لە هەڵوێست و جوامێریەوە كراونەتە كەرەستەی گوتاری سیاسی و لەرێگەیەوە مامەڵەو سەودا بەئایندەو رابردویانەوە كراوە و دواجاریش هیچیان پێ نەبەخشراوە ., پاداشت و سزا , چاك و خراپ , ئازا و ترسنۆك , جاش وجاسوس و شۆڕشگێڕ بە دڵڕاگرتن و گوێڕایەڵی تێكەڵ كراون و هیچ پێوەرێك نەماوە بۆ پاراستنی ڕابردووی خەبات و تێكۆشانی شەهیدان .  زۆرجاریش دەیانەوێ لە ڕێگەی كەناڵ و فۆرمی جیاجیاو فشاری جۆراوجۆرەوە سەروەریەكانی شیوعیەكان و بە تایبەت قوربانی دان و گیان فیداییان پەراوێزخەن ، ئەمەش ڕاستەوخۆ لە جیاكاری ئیمتیازە مادی و مەعنەویەكانی شەهیداندا دیارە و هەستی پێدەكرێ و نایانەوێ هاوبەشێك لە نێوان خێزان و خانەوادەی شەهیداندا بەرجەستەبێ و هەموولایەك وەك یەك لە سایەی دەسكەوتە مادی ومەعنەوییەكان دا بحەسێنەوە ، بەلاتانەوە سەیرنەبێ كە تائێستاش بەشێكی بەرچاو لەخێزان و خانەوادەی  شەهیدانی شیوعی بە تەواوی ماف و ئیمتیازی خۆیان پێنەدراوە ، كەچی بە داخەوە ئیمتیاز و مووچەی جاسوس و مەلەفدار و جاشەكان كە ئێستا وەك شەهیدی سەركردە ناودەبرێ زۆر لەوە زیاترە كە شەهیدانی سەنگەر و تێكۆشەرانی شیوعی وەری دەگرن ، هەمووشمان ئە‌و هەقیقەتە باش دەزانین كە ئە‌وەی ئەمڕۆ ‌وەكو دەستكە‌وت بەدەستمان هێنا‌وە‌و لەسایە‌و سێبەریدا دەژین بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، نەك دەسكەوتی جاش و خۆفرۆشان كە سەرلەشكری پەلامارەكانی ئەنفال بوون و بەشێكی زۆری گەلەكەی خۆیان بەبێ جیاوازی زیندە بەچاڵ كرد .

ئەم جۆرە ڕەفتاركردنەی حكومەتی هەرێم و كارەكتەرەكانی ناو سوڵتەی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەوەمان پێدەڵێ كە ئەوان بڕوایان بەپاداشت و خزمەتی خانەوادەی شەهیدان نییە و پێدەچێ بە هەمان ئەقڵیەتی حزبی حاكم لە شەهیدانیش بڕوانن ، لەم حاڵەتەشدا زۆر بەروونی ئەوە دەردەكەوێ‌ كە دەسەڵاتی كوردی دەیەوێ‌ لەیەك كاتدا بیسەلمێنێ‌ كەئەو رابردوو پەراوێز دەخات وهاوكات وەك حزبی دەسەڵاتداریش ئایندە دەبینێ ، بەڵام لە راستیدا ئەم لێكدانەوەو تێروانینە بۆخۆی  مەترسییەكی كوشندەیەو بەئەگەری هەڕەشەیەكی پێگیر دەزانرێ لە سەر كۆی ژیان وپاشەرۆژی خانەوادەی شەهیدان و تەواوی ئەوانەی قوربانیان بەخشیوەتە كۆمەڵگای كوردی وئەو بزاوتە نیشتمانیەی كە ئێستا دەیەوێ لە سەر نەخشەی پاداشت وقەرەبووكردنەوە بیانسڕێتەوەو چیتر شانازیان پێوە نەكرێ، ئەمەش ئەوەمان لێدەخوازێ تەواوی لایەنە سیاسی ورێكخراوە مەدەنیەكان لە سەر ئەم جۆرە بیركردنەوەیە بەدەنگ بێن ورێگە نەدەین ئاوا جیاوازی بكرێ لە نێوان شەهیدان وخانەوادەی قوربانیاندا و  پەراوێزخرێن چونكە لە پەراوێز خستنیان دەسەڵاتی كوردی وتەواوی بزاوتی نیشتمانیمان دەكەوێتە بەر لۆمەو تانەو تەشەری توندو ناشرین و دواجارناشتوانین بێژین ئەوە ڕاست نیە  ...