ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

پاش ئاڵۆزییەكی فیكری زۆر پێچاوپێچ و لێك ئاڵسكاو لەسەر ئاستی جیهانی‌و گۆڕانكاری بنەڕەتیی بەسەر بۆچوونەكانداو هەرەسهێنانی سیستمی سۆشیالیستی ئەوروپای رۆژهەڵات‌و سۆڤێتی كۆن، هەموو لایەنەكان پێداچوونەوەی زۆریان بەخۆداكرد، بیری نوێ هاتەكایەوە كەبریتیی بوو بەبڕوابوون بەدیموكراسی‌و قبوڵكردنی لایەنی بەرامبەر، مافی مرۆڤ‌و یەكسانی‌و ئازادیی، ئەمەش وایكرد حزبی شیوعی كوردستان لەكۆنگرەی یەكەمیدا لەساڵی (1993) بە پشتبەستن بە فیكری ماركسیزم ، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مەسەلەی دیموكراسیەت وەك بنەمای فیكری سیاسی خۆی دیاری كرد، بەڵام بەهۆی بارودۆخی تایبەتی كوردستان، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، ترس لەڕژێمی دیكتاتۆری بەعس و مەسەلەی گرانی باروگوزەرانی خەڵك ، نەتوانرا وەك پێویست گەشە بە دیدوتێڕوانینی بابەتیانە و لێتێگەیشتنی گشتی كۆمەڵگا بدرێت . لەلایەكی تریشەوە لای زۆركەس ماركسیزم و بزووتنەوەی چەپ بوە شتێكی نەویستراو وادەبینرا بڕوایەكی وا بەرجەستە كرابوو ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە سۆسیالیزم وەك بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی چینایەتی سەری هەڵدا و گەشەی كرد و وەك بلۆكێكی خاوەن سەنگ لەگۆڕەپانی خەباتدا بوو لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و ئەو نادادپەروەری و نایەكسانیەی كە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئێستاشی لە گەڵ بێ پێوەدەناڵێنێ ، لای زۆر كەسیش جیاوازییەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی نەزانراوە، بۆیەشە سروشتییە گەر تائێستاش كەسانێك هەبن  لەناوەرۆكی ئەم بیرە نەگەن‌و تەنانەت بەهەڵە باسبكرێت،

چونكە لە بنەڕەتدا ئەو واتێنەگەیەنراوەكە حزبی سیاسی وەك یەكیك لەپێویستیەكانی ژیانی مرۆڤایەتی لەهەناوی واقعی سیاسی وەك پێویستییەكی بابەتی لەمێژوودا هاتۆتەبوون وكۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەتائەمرۆش نەیتوانیوە دەست بەرداری بیت ، هەرچەندە لێرەولەوێ گەشەكردنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەرەو پێشچونی  داهینراوە تەكنۆلۆجیەكانی  بواری پەیوەندی كردن وگەیاندنەوە لەهەندێك شوێنی دونیا حزب خراوەتە ناوبازنەی سێكچەكانی

 پرسیارەوەو بە جۆرێكی كەمبایەختر تەماشادەكرێت ، بەڵام هەر نەتوانراوە دەست بەرداری حزبی سیاسی ببن . چونكە حزب جۆرێكە لە ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان تاك وكۆمەل و كۆمەڵگاو دەوڵەت و لێرەشەوەیە دەبینین چەندین دەستەوچینی كۆمەڵایەتی دیاریكراویش لەدووتوێی حزبێكی سیاسیدا تێدەكۆشن بۆ بەدەستهێنانی داواوداخوازیەكانی ئەوچینە ، بەم پێوەدانگەش حزبی شیوعی كوردستان پێی وایە پارتی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی گوزارشت لە هیزی كۆمەڵایەتی و تەیاری فكری دەكات ، تەیاری فكریش  بواری كۆمەڵایەتی دەبەزێنێ و سەپەرشتی بزوتنەوەی سیاسی ونیشتمانی كۆمەڵگادەكات ،

 بڵاوبوونەوەو چەسپاندنی ئەم تێڕوانینەش لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا پێویستی بەگۆڕانی ڕیشەیی  عەقڵییەتی مرۆڤەكان‌و زەمینە خۆشكردن هەیە ، بەبێ لێكدانەوەی جیاوازی لەڕووی كەلتووری، كۆمەڵایەتی، دابونەریت‌و تەنانەت جۆری خەبات‌و پەیوەندییەكانی ناو كۆمەڵ، شێوەی ململانێكان هەڵوێستی هێزەكانی ناو عیراق‌و وڵاتانی دراوسێ لەكێشەی كوردو، تەنانەت جیاوازی سروشت‌و كەشوهەوای ئێستای خەباتی دیموكراسی سیاسی‌و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم‌و عەقڵییەتی شۆفێنیزم لەعیراق و، هەندێك دەوڵەتی دراوسێداو پەیوەندی سیاسی ناو خودی كۆمەڵگەی كوردەواری ئەولەویەتی تایبەتی هەیە ، لەگەڵ ئەوەش حزبی شیوعی بڕوایی وایە پێویستە ئەمانە لەبەرچاو بگیرێت‌و دیموكراسی ببێتە بناغەی هەڵسوكەوتی حیزبەكان لەگەڵ یەك‌و لەگەڵ جەماوەر، كردنی دیموكراسی بەكەلتوور لەناو كۆمەڵدا، زمانی تووندوتیژی‌و چەك‌و عەسكەرتاریی‌و خۆسەپاندن بگۆڕدرێت بۆ زمانی دیالۆگ‌و گفتوگۆو ئاخاوتن بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، چونكە بەبێ سەقامگیربوونی دیموكراسی دادپەروەری كۆمەڵایەتی  مسۆگەر ناكرێت.

ئەگەر وەك هەرخاڵێكی تری گرنگ وبەبایەخ تێینەڕوانین ، هاوكات ناشتوانرێ گۆراِنكاری‌و تەعدیل‌و پێداچوونەوەی پێویست لەسەر ئەوپرس و بابەتانە بكرێت، كە كۆمەڵگا وەك یەكەیەكی گشتی لە هەناوی خۆیدا پێویستی پێیەتی و ئەمەش دواجار ئەركی ئێستاو داهاتووی حزبی شیوعی قورستر و لەبەرتردەكات و  وادەخوازێ  حزب بابەتیانەتر ئەو تێروانینە راڤەبكات كە پێی وایە دیموكراسیەت و بوونی دیدوتێروانینی جیاواز یەكیكە لە ستراكتۆرە ڕیشەیەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وئامرازی ململانێ و هۆی گەشەكردنی كۆمەڵگای مەدەنی یە و لەكات و ساتی بەهێزبوونی ئەو سیجالەشدا كۆمەڵگا وەك هەر پێكهاتەیەكی تری سروشتی پێویستی بەكرانەوەو فرەیی سیاسی و شیكاری تێڕوانینەوە هەیە تا ئەو ئاستەی بواری تاكەكان بدرێت ئاراستەی تایبەتی خۆیان وەك بوونەوەرێكی ئازاد لە كۆت و بەندە دەستكردەكان  هەڵبژێرن و ئەمەش ببێتە هۆكارو فاكتەرێكی وا كە گەشەكردنی كۆمەڵگا بەشێوازێكی دیموكراسی وئاشتیانە ، لە نێوان پێكهاتەو گروپە راستگۆكاندا دەستاو دەستی پێبكرێ و تەداولی دەسەڵات و سێستەمی سیاسی وەك هەرپرۆسەیەكی تری كۆمەڵگا بە شێوەسروشتیەكەی وەربگیرێت و مەسەلەی ململانێ و كێشمەكێشی سیاسی هەنگاوبێت بە ئاراستەی بەروپێشبردنی كۆمەڵگا و ئەو ستراكتۆرانەی كە كۆی خودی كۆمەڵگای پێوەبەندە و بوونی جۆرێك لە شەفافیەت لە سەرئاستی گشتی  دەسەلمێنێ ..

 

 

 

 

  • 1