ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بە هەماهەنگی و متمانەی هاوبەشی خەڵكی كوردستان لە گەڵ حكوومەت و دەزگاكانی ئاسایشدا ئەمنی نیشتمانی كوردستانی ئەپارێزرێت.

لە پاش ڕاپەڕینی ئاداری 1991وە تا ئێستا، واتە لە كاتی حوكمی دیكتاتۆری سەدام حوسێن و پاشانیش حوكم و دەسەڵاتی بە ناو عێراقی نوێ، بەردەوام كار بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە و ناردنی ئۆئۆمبێل و كەسانی تیرۆریستی مینرێژكراو، و تەقاندنەوەی بارەگاكان، و لەم دوواییەش ڕۆكیتباران كردن بۆ شاری هەولێر كراوە. هەموو جارێكیش تاوانباران ئاشكرا بوونە، و ئەگەرچی جاران كەسان و گروپی سەر بە دەزگا سیخورییەكانی رژێمی پێشوو بوونە، و دوای ڕوخاندنی رژێمیش لایەن و گرووپە تیرۆریستەكانی قاعیدە و كۆنە بەعسییەكان و داعش بوونە، ئێستا ڕووكیتبارانەكان لە لایەن ئەو گرووپانە دەكرێ كە خودی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق قانوونی حەشدی شەعبییانی بۆ دەركرد، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی یاسایی لە "عێراقی نوێدا" كاربكەن، و بە شێوەیەكی فەرمی لە ژێر فەرمانی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێڕاقدا بێت كە سەرۆك وەزیرانە، و كەچی زۆر بە ئاشكرا و بەوپەڕی شانازییەوە روكیتبارانی كوێرانەی هەولێر دەكەن، و بێ سڵكردنەوەش بەیاننامەی كارە تیرۆریستەكەیان بە چالاكی جیهادی ناوزەند دەكەن.

جگە لە هەڕەشەكانی كاتی حوكمی مالكی كە دەیوت چاوەڕیی فڕۆكەی ئێف شازدە دەكەین و كوردەكان چەند ئەپارتمانی بەرز و گەورە درووست بكەن ئەوا بە یەك بۆردومان هەموویان دەڕوخێت، و پاشانیش هەڕەشە بەردەوامەكان و بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی هەولێر ساڵی پار كە لەلایەن لوایەكی حەشدی شەعبی لە موسڵ ئەنجام دراو، و ئێستاش دزەكردنی گروپێكی حەشد بە ناوی (ئەولیای دم) كە بە چواردە ڕوكێتی كاتیۆشا هەولیری بۆردومان كرد، زنجیرەی هەڕەشەكان و هەوڵدانی كاری تیرۆریستی كۆتایی نایەت و پێویستە حكومەتی هەرێم و دەزگاكانی بەرپرسی ئاسایش نیاز و نیەتی ئەم گروپە تیرۆریستییانە كە لە عێڕاقدا شەرعییەتیان وەرگرتوە هەردەم بە هەند وەرگرن، و لێژنەی لێكۆلێنەوەی هاوبەش كە گوایە لە نێوان حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەولێر درووست كراوە، دادی ئەم ڕەوشە نادات و ناگاتە هیچ ئەنجامێك كە تیرۆریستان بە دادگا و لێپرسینەوە و سزا، بگەیەنێت.

ئەگەر تەماشای سەرجەم كارە تیرۆریستییەكان پێشوو بكەین ئەوا دەبینین هەرهەموویان بە مەبەست و ئامانجێكی سیاسی دیاریكراو، ئەنجام دراون، و دووا روكێبارانكردنی هەولیریش لە كۆمەلێك ئامانج و مەبستی سیاسی نەیارانی گەلی كوردستان كۆدەبێتەوە.

سەبارەت بە دووا كردەوە تیرۆریستییەكی "ئەولیای دم" ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو دەكرێت:

ـ ئەم گروپەی كە بەم ناوەوە بۆردومانی هولێری كرد، چاوەڕێ دەكرێت هەمان گروپ بە ناوێكی دیكەوە یان گروپی دیكە بە دووای فرسەت و هەلی گونجاو بگەرێت كە لە كارە تیرۆریستەكانیان بەردەوام بن. سەرجەم گروپە تیرۆریستەییەكان وەك ئەمیبا تەشەنە دەكەن و زەمینەی ئەو بڵاوبونەیە و تەشەنەكردن و بەرفراوانبوونە بۆ نەك تەنها گرفتی سیستمی سیاسی لە عێراقدا دەگەرێتەوە، بەڵكو بۆ قەیرانی دەوڵەتی عێڕاق كە لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە و تا ئێستا بەردەوامە.

ـ ئەو گروپانەی كە كاری تیرۆریستی لە كوردستان دەكەن و ئێستا رێگای روكیتبارانی هەولیریان هەڵبژاردوە، هەمان لە چەشنی ئەو گروپانەن كە ڕۆژانە تیرۆری سیاسی و كوشتن بە دەمانچەی بێ دەنگ و ڕفاندن و سەرنوگمكردنی چالاكەوانی مەدەنی و خۆپیشاندەران لە شارەكانی عێڕاقدا دەكەن، و سەرەڕای درووستكردنی لێژنەی لێكۆلینەوە و بەردەوام گۆڕانكاریكردن لە بەرپرسی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان لە عێڕاقدا، بەڵام تاوانباران كاری خۆیان دەكەن، و زۆر بە ئاشكرا هەندێكیان كە دەزگای فەرمی حكومەتن بە سەرۆك وەزیرانی عێڕاق دەلێن: كاری تۆ كاتییە و خۆت مەخەرە ناو بابەتكانەوە و سنووری خۆت بزانە!

ـ پەیوەندی نەك ئایدیۆلۆجی بەڵكو پەیوەندی ڕاستەخۆی ئەو گروپانە بە دەوڵەتی دراوسێی عێڕاقەوە نەشاردراوەتەوە، زۆر بە ڕوونی ئەو گروپانە خۆیان بە بەشێك لە سیاسەتی ئەو دەوڵەتە دەزانن.

لە ئاكامی ئەم حاڵەتەدا خاكی دەوڵەتی عێڕاق بۆتە گۆڕەپانی ململانێی ئەمەریكا و ئێران، هەر وەكو چون ئەو ململانییە لوبنان و یەمەن و سوریای گرتۆتەوە. ئەجیندەكانی ناكۆكی و ئەو ململانێیە لە هەڵوێست و ڕەفتار و كردەوەی ئەو گروپانە ڕەنگی داوەتەوە. مەسەلەی گۆڕانكاری لە ئیدارەی ئەمەریكا و هاتنی بایدن، و بابەتی سزاكان لە سەر ئێران، و هەوڵی ئێران بۆ درووستكردنی چەكی ئەتۆمی، و فرسەتەكانی دانوستان نێوان ئەو دوو دەوڵەتە و گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێكەوتننامەی پێشوو و قایلبوونی ئێران و كاركردنی بۆ نەهێشتنی هێزی ئەمەریكا لە عێڕاق و بڕیاری پەرلەمانی بەغدا بۆ دەركردنی هێزی ئەمەریكا كە بریاری لایەنی ئیسلامی سیاسی شیعە بوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقدا و تێكڕای ئەم بابەتانە لە لایەن بریاری سیاسی ئێرانەوە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە زیندووكانی خۆی ئاراستی كاری ئەو گروپانە دەكات، و ئاكامەكەشی تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.

ـ مەبەست لە روكیتبارانكردنی هەولیر و ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی تیایدا، تەنها ئاژاوەنانەوە و مەترسی درووستكردن لە سەر هەولێر نییە وەك شار. مەبەست لەو كارانە كەمكردنەوەی هەیبەتی هەرێمی كوردستانە لە رێگای سوكایەتیكردن و هەڕەشەكردن لە پایتەختەكەی. مەبست هەڕەشەكردنە لەو ئاوەدانەییەی كە سەرەڕای كەموكوڕییەكانی چاوی نەیارانی گەلی كوردستانی پێهەڵنایەت.

ـ هەڕەشەكردن لە هەولیر و لە هەرێمی كوردستان و روكیتبارانكردنی بازنەیەكە لە زنجیرەی سیاسەتەكانی دیكەی دەوڵەتی عێڕاق كە دژ بە كوردستانی باشور بە گشتی ئەنجام دەدرێت. ناكرێ ئەم هەڕەشانە لە سیاسەتی تەعریب و گۆڕانكاری دیموگرافی لە كەركوك و ڕەوشی مەخمور و شەنگال و جێبەجێنەكردنی ماددەی 140، و فشارخستنە سەر شاندی كوردستان لە دانوستانەكانی بودجە كە مافێكی خەڵكی كوردستانە، جیابكرێتەوە.

روكیتبارانكردنی هەولێر هەڕەشەكردنە لە سلیمانی و گەرمیان و دهۆك و هەڵبجە و .. هتد.

ـ لەم هەلومەرجە سیاسییە كە لە ناوچەكەدا بە گشتی دەگوزەرێت، هەڵوێستی ئەمەریكا كە هەندی روكیت ئاراستەی باڵوزیخانە و بنكەیەكی كرا، و هەڵوێستی هەندێ وڵاتی یەكێتی ئۆروپا لەوانە فەرەنسا و ئەلمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا، و بە هەمان شێوە هەڵوێستی چین، ریسواكردنی ئەو بۆردەمانكردنە بوو.

وەزیری دەرەوی ئەمەریكا لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێستایان كاردانەوەكەیان لە چوارچێوەی ئەوە بوو كە دوواتر بە مافی خۆیان دەزانن چۆن وەڵام دەدەنەوە.

هەڵوێستی سیاسی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی كوردستان دژ بەو دەستدرێژییە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم هەڵوێستە مانای كۆتایهێنان بە مەترسییەكان و ئەگەری چەندبارە بوونەوی ئەو بۆردەمانكردنە نییە، بۆیە جگە لە چالاككردنی كاری ئاسیش و هەماهەنگی و متمانەی هاوبەشی خەڵكی كوردستان لە گەڵ حكومەت و دەزگاكانی ئاسایش، سەلامەتی كوردستان و ئاسایشی نیشتمانی كوردستانی ناپارێزرێت.

22ی شوباتی 2021

 

 

  • 1