ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەر لە ئینشقاقی جەماعەتی –عەزیز ئەلحاج- لە رۆژی 17/9/1967 و راگەیاندنی حزبێکی شیوعی بەناوی (الحزب الشیوعی العراقی، القیادە المرکزیە) ئەوکات لە لێژنەی نەبەزی حزب ئەندام بووم، لە تەک هاوڕێیان (زاهیر کەریم و عەبدوڵڵا گۆران و مەلا عومەر) و بەرپرسی لێژنەکەمان هاوڕێ –م.خ کە کادیرێکی حزب بوو، تەنیا کاری حزبی دەکرد و کاری تایبەتی خۆی نەبوو حزب یارمەتی دەدا، بەڵام نەمدەزانی یارمەتییەکەی چەندە، ئەرک و کاروباری حزبمان لە لێژنەکە بە ئاسایی و بەبێ گیروگیرفت بەرێودەچوو، لێژنەکە بەرپرسێتی گەڕەکەکانی –سێتاقان و سەیداوە و ئیسکان و جمهوری مەنتکاوە-ی لە ئەستۆ بوو، ئێمە وەکو ئەندامانی لێژنەی نەبەز ئاگاداری ململانێی سەرکردایەتی حزب نەبووین، لەبەر ئەوەی ئاستی حزبیمان بواری ئەوەی نەدەدا، بەڵام شتێکمان دەربارەی –خەتی ئابی 1964 و بەیانەکەی دەزانی و ، ئاگاداری ئەوە بووین کە زۆربەی زۆری ئەندام و رێکخراوەکانی حزبمان ئەو-خەتە راسترەوەیان- رەتکردبۆوە و، دژی وەستابوونەوە، هەروا ئاگاداری ئەوەبووین کە سەرکردایەتی حزبمان پشتیوانی لە حزبی دەسەڵاتی ئەوکات کردبوو، حزبەکە بەناوی- ئیتیحادی ئیشتراکی عەرەبی- بوو، هەروا باسی ئینشیقاقمان لە ریزی حزب بیستبوو لە سەردەمی هاوڕێ –فەهدی مەزن- و دوای ئەویش، ئەوەشمان دەزانی کە ئێنشقاق لە حزب کارێکی خراپە و لەبەر رۆشنایی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، لەسەر ئەندامانی حزب پێویستە یەکێتی حزب بپارێزن و، دژی دەستەبەندی و کوتلە و کوتلەکاری بن و ریسوای بکەن، ئەو جۆرە بابەتانەمان دەزانی، لەرۆژێکی گەرمی مانگی ئەیلول 1967 لە ماڵی هاوڕێ –مەلا عومەر- کە کرێکار بوو، ماڵەکەی لەگەڕەکی سێتاقانی (حاجی برایم) لەجێگای بازاری باڵندە فرۆشەکانی ئێستاکە بوو، ئەم گەڕەکە ژمارەیەک خێزانی هەژار و کاسبکار و کرێکاری لێدەژیا و، خانووەکانی هەموو لەخشت و قوڕ دروستکرابوون و ئاو و کارەباش لەگەڕەکەکە نەبوو، کۆبوونەوەیەکمان گرێدا و، ئەم کۆبوونەوەیە لەدوای رۆژی 17/9/1967 بەچەند رۆژێکی کەم بوو، کەسمان ئاگاداری مەسەلەی ئینشقاقی نەبووین، هاوڕێی بەرپرسی وتی لەم کۆبوونەوەیەدا، تەنیا یەک خاڵمان هەیە، ئەویش بریتییە لە ئینشیقایی حزبمان و دروستبوونی حزبێک بەناوی – الحزب الشیوعی العراقی - القیادە المرکزیە- بەیانێکیان هەیە و دەیخوێنینەوە و، پاشان هەرکەس بۆ خۆی بزانێ چیدەکات، بەرپرسەکەمان هیچ رای نەدا و، دیاربوو مەسەلەکەی بەباشی نەدەزانی و دیراسەی بەیانەکەی نەکردبوو دوودڵیش بوو، لەلایەک بەیانەکەی جەماعەتی –رمزی- وەلید-ی بەگرنگ دەزانی و، لەلایەکی تر دەیزانی ئەوە لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی حزب نەدەگونجا و کارێکی نابەجێیە و، وەکو ئەندامی حزب دەبێت دژی بێت، بۆیە بێ هەڵوێستی هەڵبژارد، بەیانەکەی دایە هاوڕێ –عەبدوڵڵا گۆران- کە هاوڕێیەکی بەتوانا و رۆژنامەنووس بوو، داوای لێکرد بەیانەکە بخوێنێتەوە، هاوڕێ لەسەرخۆ و بەدەنگێی بیستراو بەیانەکەی دەخوێندەوە، بەیانەکە درێژ بوو، هەستم کرد هاوڕێ –عەبدوڵڵا گۆران- بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێبکات دەنگی بەرز دەبۆوە و، وەکو بڵێت بەیانی بەرپابوونی شۆڕش دەخوێنێتەوە، بە کورتی بەیانەکە لەدژی –خەتی ئابی 1964 – و ڕەوتی راسترەوەی ناو سەرکردایەتی حزب بوو، هەروا باسی لەشۆڕشگیری شیوعییەکان و ئازایەتی و خۆراگرتنییانی دەکرد و، مژدەی دەدایە شیوعییەکان و گەلی عێراق کە تواندرا سەکردایەتی حزب لە جەماعەتی –خەتی ئابی 1964- پاکبکرێتەوە، سەرکردایەتییەکی کاتی شۆڕشگێڕ پێکبێنن و، ئامادەکاری دەکەن بۆ شۆڕشی چەکداری لە عێراق و وەرگرتنی دەسەڵات، بەکارهێنانی چەک و هێز لەبەرامبەر هەر لایەنێک و کەسیک کە دەستدرێژی بکەنە سەر هاوڕێیان و دۆستانی حزب، هاوڕێ –عەبدوڵڵا گۆران- لەخوێندنەوەی بەیانەکە بۆوە، هاوڕێی بەرپرس وتی لەحزبەوە هیچم پێنەگەیشتووە، جا ئێوە هەر کەسە و رای خۆی بڵێ و بینووسن، دوای هەندێ وتووێژ و ئاڵوگۆرکردنی بیروڕا هەرزوو هاوڕێ (عەبدوڵڵا گۆران و زاهیر کەریم) وتیان ئێمە لەگەڵ ئەو بەیانەداین و پەیوەندی بە حزبی جەماعەتی –عەزیز ئەلحاج- دەکەین و، ئامادەین لە مڕۆوە بچینە ناو ئەم حزبە شۆڕشگێڕە، هاوڕێ –مەلا عومەر- وتی من نازانم چ بڵێم و قسەکانی ئەو بەیانە زۆر باشە بەڵام هەتاکو ئێستاکە ئەوانە لە کوێ بوون، جارێ لەمن گەڕێن و، با بزانم وەزعەکە چۆن دەبێت؟ بەندەش وتم ئەوە ئینشیقاقە لە حزبدا و لە دژی حزبە، بەپێی پەیڕەوی ناخۆی حزب، ئێمە کە ئەندامی حزبین ئەرکمانە لە دژی ئەم کردەوەیە بین، بۆیە من هەر لەگەڵ حزبم و، داواش دەکەم ئێوەش پەلە نەکەن و، با دەنگ و باس و رێنماییمان لە حزبەوە بۆ بێت، هەر لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوو هاوڕێ (عەبدوڵڵا گۆران و زاهیر) زۆر توندبوون و توورەبوون و نێوانمان گرژی تێکەوت و پەیوەندیمان پچڕا و، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەگەر لەبەر هاوڕێ مەلا عومەر نەبووایە لەوانەبوو ئازارم بدەن، ئەوان بەتوورەیی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت و لە ماڵەکە دەرچوون هەتاکو ساڵی 1974 بەهیچ جۆرێک نەمتوانی پەیوەندیم لەگەڵیان هەبێت، بەڵام لە بەهاری 1974 پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵا گۆران ئاسایی بۆوە و، پێشنیارم کرد کە بەباشی دەزانم بچێتە بەغدا و لە رۆژنامەی بیری نوێ کار بکات، ئەویش پێشیارەکەی پەسەندکرد و بەرەو شاری بەغدا رۆیشت و، لەکاری رۆژنامەنووسی لەبیری نوێ بەردەوام بوو، تا داخستنی بیری نوێ، دوای ئەم کۆبوونەوەیە چەند جارێک بۆلای بەرپرسەکەی چووم، لەماڵەکەی خۆی کە لەنزیک مزگەوتی حاجی بەکری زێرنگەر بوو، داوای راوبۆچوونی لێدەکرد، بەڵام هاوڕێکە دیاربوو توانای یەکلاکردنەوەی خۆی نەبوو، لەماڵەوە مانی گرتبوو، بەندەش ناچاربووم بیرم لە پەیداکردنی پەیوەندییەک بکەمەوە و، هەوڵبدەم دەنگ و باسی حزب و راو بۆچوونەکانی بزانم، ناچاربووم بۆ لای هاوڕێ محەمەد شێروانی لە کۆگاکەی کە لە شەقامی سەلام بوو بچم، ئەم هاوڕێیەم دەناسی و لە رێگای ئەوەی کە جارێک بە ئیشراف هاتبووە لێژنەی نەبەز کە من تێیدا ئەندام بووم، بەرووێکی خۆش و بەبایەخەوە پێشوازی لێکردم و وتی، کارێکی باشتکردووە کە هاتی، ئێوارەی رۆژی هەینی وەرە و کۆبوونەوەیەک هەیە بەیەکەوە دەچین و بەشداری دەکەین، کاتی دیاریکراو بۆ لای هاوڕێ (محەمەد شێروانی) چووم، دوای ئەوەی هەندێ قسەی بۆ کردم، وتی هاوڕێ کۆبوونەوەکە ناکرێ و، جارجار سەرم لێبدە و هەتاکو کاری حزبی رێکدەخەین، گەلێک بەم پەیوەندییە و بایەخ پێدانی هاوڕێ محەمەد شێروانی شاد و ئاسوودەبووم، پاشان زانیم ئەو کۆبوونەوەی بڕیاربوو لەگەڵ هاوڕێ (محەمەد شێروانی) بچین و بەشداری بکەین، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە جەماعەتی القیادە المرکزیە و لەماڵی(مام ئۆمەری) چایچی بوو لەگەڕەکی سەعدوناوە لە بەرامبەر گلکەند بەسەرپەرشتی هاوڕێی شەهید ئەحمەد حەلاق بوو، جەماعەتی عزیز ئەلحاج ئاگاداری هاوڕێ (محەمەد شێروانی)یان کردبوو کە بەباشی دەزانن بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، بەڵام دوای ئەوەی هاوڕێ (محەمەد شێروانی) ئاگاداری حزب دەکات بۆ ئەوەی رێگای بدەن بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، رێگای پێنادەن و ئێمە، واتە من و هاوڕێ (محەمەد شێروانی) نەچووینە کۆبوونەوەکە، لەدوای کەرتبوونی حزبمان کاری حزبیمان زۆر گران و نالەبار و سەخت بوو، جارێ باشە ئەوە بزانین کە زۆربەی زۆری ئەندامان و دۆستانی حزبمان لەشاری هەولێر ڕەگەڵ جەماعەتی (رمزی- وەلید) کەوتن و، کاریگەری زۆرییان لەسەر هاوڕێیانی حزبمان هەبوو، گرفتی دووەم کە چارە نەدەکرا بریتی بوو لە تێکەڵ بوونی رێکخراوەکان و زۆربەیان هاوڕێیانی حزبی ئێمەیان دەناسی و، بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ دەکردن، بۆیە گەلێ جار هاوڕێیانی ئێمە دەکەوتنە ژێر کاریگەری جەماعەتی (القیادە المرکزیە) بیروراکانیان بۆ ناو رێکخراوەکانی حزب دەگواستەوە، وتووێژ و موناقەشەی نێوان هاوڕێیانی دەهێنایە ئاراوە و، دوودڵی و رارایی لەناو ئەندامانی حزبمان دروست دەکرد، ئەم بارودۆخە لەناو ریزەکانی حزبمان و، رێکخراوەکان بەردەوامی هەبوو، بەڵام لەدوای گرێدانی کۆنفرانسی سێیەمینی حزبمان لەگوندی داربەسەر لەنزیک کۆیە و، بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی کاریگەری باشی لەسەر هاوڕێیانی حزبمان هەبوو، بەڵام بە یەکجارەکی کۆتایی بە دوو دڵی و رارایی نەهێنا، تا ئەوکاتەی (عەزیز ئەلحاج) لە ساڵی 1969 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکرا و، دانی بە هەموو شتێک هێنا و، لە تەلەفیزیۆنی بەغدا دەرکەوت و، بەدژی رابردووی خۆی و حزبەکەی قسەی کرد و، ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردایەتی و کادیری (القیادە المرکزیە) گیران و، بەشێکیان پاڵەوانانە شەهیدبوون، لەدوای ئەم رووداوە کارەساتبارە، بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی جەماعەتی عەزیز ئەلحاج نائومێدبوون و وازییان هێنا و ژماریەکیش بۆ ریزی حزب گەڕانەوە و، رێکخستنەکانی حزبیشمان لە هەولێر هێوربوونەوە و ئارامی بەخۆیەوە بینی، جێگای خۆیەتی لە بارودۆخەکەدا ئاماژە بە دەوری هاوڕێ (جەبار حەسەن) بکەم لەبەرامبەر ئینشقاقی جەماعەتی (عەزیز ئەلحاج)، هاوڕێ جەبار حەسەن بەهیچ جۆرێک دوودڵی و رارایی پێوەدیارنەبوو، بیرورای چەسپابوو، بەهێمنی دروستی و رایەکانی دەردەبڕی، (هاوڕێ جەبار حەسەن) کادیرێکی دێرینی حزب بوو، خوێنەرێکی باش بوو، ئەزموونی باشی لەکاری حزبی هەبوو، کاتی خۆی کە (داود ئەلسائغ) مۆڵەتی دروستکردنی (حزبی شیوعی عێراقی) لە حکوومەتی عەبدولکریم قاسم وەرگرتبوو، هاوڕێ جەبار حەسەن-ی رەوانەی ناو حزبەکەی –داود السائغ – کردبوو، بۆ ئەوەی هەواڵ و دەنگ و باسی ناو حزبەکە بۆ حزب بێنێ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکە بوو، ئەم کارەی هاوڕێ -جەبار حەسەن- لەبەر رۆشنایی بڕیاری سەرکردایەتی حزب بوو.

هاوڕێ (محەمەد شێروانی و جەبار حەسەن) یادتان بەخێرو رۆحتان شاد.

  • 1