ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەڤەری مەخمور ناوچەیەکی فراوانە، لەڕووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بوونی سامانی ژێرزەوی وەک نەوت و گەچ و چیمەنتۆوە ناوچەیەکی بەپیت و بەرەکەتە، ئەم ناوچەیە تائێستاش بەپێی بڕیاری ڕژێمی لەناوچووی بەعس لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بەپارێزگای موسڵە، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، لەدوای هێرشەکانی داعش و تێکشکاندنی ئەم گرووپە تیرۆرستییە و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەم ناوچەیە بەسەنتەری قەزاکەشەوە بووە بە سەربازگە و لەلایەن جۆرەها پێکهاتەی سەربازی و حەشد کۆنتڕۆڵ کراوە، جووتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە دووچاری چەندین کێشە و گیروگرفت دەبنەوە بەتایبەتی کێشەی هاتووچۆ و دەربازبوون بە بازگەکاندا کە ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت و دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ دەبنەوە و هاوکات ناتوانن بەرهەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانیان بە ئاسانی ساغ بکەنەوە و پێداویستی ژیان و گوزەرانی ژیان و زەوی و زار و مەڕدارییان دابین بکەن، هەوەها هەرچەندە ناوچەی کەندێناوە و ناحیەی گوێر لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەوە بەڕێوەدەبردرێت، بەڵام ئەم دوو ناوچەیەش هەر پەراوێزخراون .

ناوچەی کەندێناو و دیبەگەش بەگشتی، ڕووبەڕووی چەندین کێشەی پڕ مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتوانەکەی و ژینگەی ناوچەکە دەبنەوە، بەهۆی بوونی بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی نەوت و کوورەی گەچ و کارگەی چیمەنتۆ و بوونی ژمارەیەکی زۆر پاڵاوتگەی نەوت لەم دەڤەرەدا، بوونی ئەم کارگە و پاڵاوتگانە، سەرەڕای سوودەکانی لەسەرێکەوە، بەڵام ئەگەر لەلایەنی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار بە پاراستنی ژینگە و مافی خەڵک و بەرژەوەندی گشتییەوە بەدواداچوونی وردی بۆ نەکرێت و لە زیانەکانی نەکۆڵدرێتەوە، ئەوا ئەو دووکەڵ و تۆزەی ئاسمانی ناوچەکە دەتەنێ، بێگومان ژینگەی ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەسات دەکاتەوە، لە ئایندەشدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین دەرد و پەتا و نەخۆشی کوشندە، بۆیە پێویستە ئەم کارگە و سەرمایەدارانە پابەند بکرێن بە پاراستنی ژینگە و جێبەجێکردنی ڕێنمایی تەندروستی و بەرژەوەندی جووتیاران و تەندروستی هاووڵاتییان لەسەرووی بەرژەوەندی و چاوچنۆکی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دابنرێت.

  • 1