ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئۆباما، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ وە بۆ دووجار سەرۆکایەتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای گرتە دەست. هەموو میللەتە چەوساوە و هەژارەکانی جیهان چاوەڕوانی ئاشتی و بووژانەوەیان لە ئۆباما دەکرد. پێش ئەوەی دەستیش بکات بەکار، هەرزوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیخوازیان پێ بەخشی! جا ئیتر ئەمەیان زیاتر لە شوشتنەوەی ویژدانی ووڵاتە سەرمایەداریەکانی ڕۆژئاوا دەچوو کە بە سەدان ساڵ مرۆڤە پێست ڕەشەکانیان ڕاپێچ دەکرد و وەکو کۆیلە بەکاریان دەهێنان لە ماڵو کێڵگە و کارگەکانیاندا، بێگومان بەبێ مووچە و ماف.

لەجیاتی ئەوەی ئاوڕێك لە مێژوو بداتەوە و چاوێك بە بارودۆخی میللەتە چەوساوەکان بداتەوە، ئۆباما هەر زوو کەوتە خۆ ڕێك خستن لە سەر ڕێڕەوی سیاسی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا، ئەمیش وەك ئەوان و بە زیاترەوە ویستی بیسلەمێنێت کە لەوان کەمتر نیە لە بواری فرشتنی چەك و تەقەمەنیدا، ئۆبامای خەڵاتکراوی نۆبڵ و پاڵەوانی ئاشتی خوازان و چەوساوەکان.

No description available.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا، کۆی فرۆشتنی چەك و تەقەمەنە بە ووڵاتەکانی جیهانی سێهەم لە سەردەمی ئۆبامەدا دەگاتە لە ٪٨٠ ی هەموو بازاڕەکانی چەك فرۆشتنی جیهان. بڵاوبوونەوەی چەکێكی زۆر لەو ووڵاتانەدا، ئەنجامەکەی لەناو بردن و کوشتن و بێ هێزکردنی هەموویانە بە گشتی. ئەمەش بێگومان دۆخی ئاشتی لە جیهاندا ئەوەندەی تر دەخاتە مەترسیەوە و چەندەها دەستە و کۆمەڵی تێرۆریست دروست دەکات. گەر بڕوانینە ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی پێشوو، بە تایبەت لە ساڵی ١٩٧٨ەوە، لە ئەفغانستانەوە بۆ ووڵاتە عەرەبیەکانی سەرووی ئەفریقا و زۆری تریش، هەموویان لە تاریکیدا ئەژین و کەوتوونەتە ماڵ کاولکردنی یەکتری، ئەمەش تەنها لە بەرژەوەندی چەك فرۆشە.

No description available.

  لە ساڵی ٢٠١٦ دا ئۆبامای ئاشتیخواز بایی ١١٥ میلمار دۆلار چەکی فرۆشت بە ووڵاتی عەرەبی سعودی، ئەمیش هیچ کەم تەرخەمی ناکات لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە دژ بە ڕەشوڕووتەکانی یەمەن.

ئەم هەموو شەڕ و کاولی و ئاڵۆزیانەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێهەم هەژاری و دواکەوتنی ئابووری زۆری لێ دەکەوێتەوە، ئەوەش دەبێتە ڕێگر لە دامەزراندن و سەقامگیری و هەوڵی پێشکەوتنی هاووڵاتی و ووڵاتەکانیان، ئەمەش بەرژەوەندی و خواستی ووڵاتە چەك فرۆشەکانە.

ئابووری ئێران داڕزاوە و ترووسکەی پێشکەوتن لەو ووڵاتەدا نەماوە، کەچی هەموو هەوڵێك دەدات کە ئەویش ببێتە خاوەنی ووزەی ئەتۆمی، هەرچەندە ڕاستەوخۆ دانی پیا نانێت، بەڵام ئەشێ نیازی دروست کردنی بۆمبیشی هەبێت. ئەوەی سەیرە کە سیاسەتمەدارانی ئێران بیر لەوە ناکەنەوە کە هەرگیز ناگەنە ئەو ڕادەیەی کە چەکەکانیان ئەوەندە بەهێز بێت کە بتوانێت مەترسی دروست بکات بۆ ووڵاتانی خاوەن چەکی پێشکەوتوو.

دەبوایە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیخوازی پاش کردارەکانی بدرایە بە ئۆبامە، نەك لە پێشەوە.

گەر میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕێی ئەوە بن کە زلهێزێك بێت و بیانپارێزێ و مافەکانیان بسەپێنێت، ئەوە بە هەڵەداچوون. 

 

  • 1