ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئازادی ڕادەربڕین و گەیشتن بە بابەتە بڤە و قەدەغە كراوەكان سەرەتایترین مافی داواكردن و رەخنە گرتن و دەربرینە بۆ هەبون و وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی كەمرۆڤ دەبێت هەی بێت لەهەركۆمەڵگایەكدا، بەتایبەت لەو كۆمەڵگایانەی كە بانگەشەی دیموكراسیەت و كرانەوە و بە هێزكردنی پایەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەكەن چونكە بوونی چەمكی ئازادی لەناو هەر سیستەمێكی دەسەڵات و بەرێوەبردندا واتایەكی گرنگی هەیە و دەشێ سەرەتایەكی باشبێت بۆ دوركەوتنەوە لە ستەمكاری .

بەڵام مەخابن مێژوی ستەم ودژایەتی كردنی ئەم چەمكە لە كۆمەڵگای كوردیدا هەرلە سەرەتاكانی دروستبونی حیزبە سیاسیەكان و سەرهەڵدانی شۆڕشەوە بە روونی دەركەوت، هەموو ئەوشەرە خوێناویانەی سەردەمی شاخ و راپەرین و قبوڵ نەكردنی یەكتری و بروانەبونیان بە چەمكی ئازادی هەمیشە دژایەتی و سەركوتی یەكتریان كردوە، خوێنی یەكتریان ڕەشتووە ، ئێستاشی لە گەڵبێ ئەم دەسەڵاتە بڕوای بە بنەماكانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی كاری سیاسی نیە و بە هەمووشێوەیەك لە هەوڵی قۆرخكردنی كایەی سیاسی و مەدەنی و حوكمڕانیدان و دەیانەوێ‌ جگە لە خۆیان كەس هاوبەش نەبێ لە بەشكردنی كورسی دەسەڵات و سەروەت و سامانی كوردستاندا و هەركەسێكیش پێچەوانە بەم خواستە هاتە مەیدان دەمكوت دەكرێت و فزەی لێدەبڕن چونكە لە بنەڕەتدا پێیان وایە بەكرداریكردنی ئەم چەمكەو بەدیهینانی خواستەكانی خەڵك پایەكانی حیزب دەخاتە مەترسیەوە و هەرەس دێنن. یەكەمین هەنگاوی پراكتیزە كردنی ئەم خواستەش لە بەرتەسك كردنەوەی مافی رێكخراوبون و مومارەسەی سیاسی و شەرعیەت دان بە سەركوت و زیندانیكردن و كوشتن دەستی پێكرد و ئێستاش لە ڕێگەی دادگا و تۆمەتی جیاجیاوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆسەركوتكردنی ئازادی رادەربرین و كاری میدیای و دوا نموونەش سزادانی (5 ) چالاكوانە میدیای و مەدەنیەكانە كە بە بیانووی نالۆژیكی و سزادانێكی قەرەقوشیانە سزادران.

ئەم فۆبیایە بەشێكە لە ترسی‌ لەناچون، ترسی‌ لەدەستدانی‌ هەژمون‌و ئۆتەریتەیان، ترسی‌ كاڵبونەوەی‌ دروشمە سواوەكان هەر هەوڵێكی بابەتیانەش بۆ پێشاندانی ڕاستی سیستەمی حوكمڕانیان بە دەستی دەرەكی و جاسوس وێنا دەكەن و دەیانەوێ‌ بەوە كار لە سەر پینەكردنی‌ ماڵە لیكترازاوەكانیان بكەن بۆ پەردەپۆشینی‌ وەزعە ناوخۆو دەرەكیە نالەبارەكانیان، راكردنە لە بەرپرسیارێتی‌ حوكمڕانیان لە ئاست خزمەتگوزارییە بناغەییەكانی‌ خەڵك.

ئەم فۆبیایەی حزبە دەسەڵاتدارەكان ویڕای ئەوەی هەنگاوێكی جدیە بە ئاراستەی دیكتاتۆریەت و ستەمكاری ڕاستی ترسێكی مەترسیدار و سەرەتای دەستپێكردنی قۆناخێكی ترسناكە لە پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕین, قوناخێك دەشێت هەموو ئەو ئومێدانەمان وێران بكات كە بۆدروستكردنی وڵاتَێكی دیموكراسی‌و ئازاد هەمان بوو. ئەم هەڵمەتە ترسناكە كەش‌و هەوایەكی وا دروست دەكات لەكوردستاندا كە ئیتر هیچ ڕۆژنامەنوس‌و میدیاكار و رووناكبیرێكی ئازاد نەتوانێت لەئاسودەیی‌و هێمنیدا بژی, ئەوەی رۆژێك لەرۆژان شتێكی لەسەر گەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی كوردی‌و بەرپرسەكانی نوسیبێت چاوەڕێ بێت شەوێك لەبەر دەرگاكەی خۆیدا بیكوژن, یان بە تۆمەتێكی ئاوا ناشایستە بە مرۆڤ دادگای بكرێت و لە كوشتن خراپتر بۆ چەندین ساڵ لە زیندان بئاخێنرێ، بەمەش كۆی ئەو دروشمانەی وەك مافی مرۆڤ, دیموكراسی, عەدالەت, ئازادی بیروڕا و ..هتد , كە ڕۆژانە دەسڵاتدارانی ئەم وڵاتە دوبارەی دەكەنەوە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە و لە خۆیدا پوچەڵدەبێتەوە ، چونكە ئەوەی دەكرێ و دەگوزرێ پێچەوانەی سەرەتای ترین سەرەتاكانی دروشمەكانە و ڕاستەوخۆ پێمان دەڵێ دیكتاتۆریەت و سەركوتكردن هێشتا لە شۆێنی خۆیەتی و هەرچیمان كرد لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و چەسپاندنی دیموكراسی بووە بڵقی سەر ئاوو دواجار مایەپووچ دەرچوین .

  • 1